مەرگی سوقڕات‌ئاسای پێشەوا قازی محەممەد
(مەرگێکی جەستەیی کە دەبێتە لەدایکبوونەوەیەکی دیکە)
قازی محەممەد له 11ی بانه‌مه‌ڕی 1279ی هه‌تاوی، چاوی به دنیا هه‌ڵێنا. ئه‌و وه‌ک هه‌ر مرۆڤێکی ئاسایی له دایک بوو و له ته‌مه‌نی 47 ساڵیدا به شه‌هیدبوونی، وەک سەرکۆماری یەکەم دەسەڵاتی کوردی، ماڵئاوایی له ژیان کرد.
ئه‌وه‌ی که قازی محه‌ممه‌د له مرۆڤی ئاسایی جیا ده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه که ئه‌و له‌دایک‌بوونه، ده‌بێته سه‌ره‌تای شکڵ گرتنی قازی محه‌ممه‌دێک له منداڵدانی مێژوودا، که به ژانی سێداره، له دایک ده‌بێته‌وه و، وه‌ک ئه‌فلاتون ده‌ڵێ: ده‌چێته‌وه دنیای هه‌رمانی نموونه به‌رزه‌کان. ئه‌و نموونه به‌رزانه‌ی که ده‌بنه سه‌رمه‌شق و پێوانه بۆ له مه‌حه‌ک‌دانی مرۆڤگه‌لی ئاسایی. ئه‌و نموونه به‌رزانه‌ی که له که‌سایه‌تیی خۆیاندا، نوێنه‌رایه‌تیی مرۆڤی ئه‌سیل و راسته‌قینه ده‌که‌ن.
ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌کی رواڵه‌تی و، له چاویلکه‌ی وه‌همی دوژمنه‌وه، سه‌یری رووداوه‌که بکه‌ین، له‌دایکبوونی سروشتیی قازی محه‌ممه‌د، به مه‌رگی ئه‌و له ته‌مه‌نی 47 ساڵیدا کۆتایی دێ. روانینێک که له قوڵایی هزری و فه‌لسه‌فی به‌دووره و، تا ئاستێکی وه‌رسکه‌ر رووکه‌شیانه‌یه.
له سایه‌ی هه‌وڵدانێکی زۆر و، به ریازه‌تێکی زه‌ینی و رۆحی و، به خۆپه‌رورده کردنی هزری، توانا شاراوه‌کانی قازی محه‌ممه‌د لە درێژایی رەوتی ژیانیدا ده‌پشکوێ و ده‌بێته ئه‌و پێشه‌وایه‌ی، که به که‌ڵک وه‌رگرتن له هه‌لێکی مێژوویی، وه‌رچه‌رخانێک له مێژووی کورددا دروست ده‌کا و مۆرکی خۆی له مێژوو ده‌دا.
لێره‌دا نامانه‌وێ بچینه سه‌ر کارانه‌ی که قازی محه‌ممه‌د له ماوه‌ی ژیانیدا کردوونی و، ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ی که له ژێر ئاراسته‌ی هزری ستراتیژیکی ئه‌ودا، به ده‌ست هاتوون. به‌ڵکوو ده‌مانه‌وێ به‌راو‌ردێکی سوقرات‌ئاسای قازی محه‌ممه‌د له بێدادگای شادا بکه‌ین. ئه‌و رووداوه‌ی که ده‌بێته لوتکه‌ی کامڵ بوونی پرۆسه‌ی بیچم گرتن و دروست بوونی پێشه‌وا، به مانای راسته‌قینه‌ی وشه. ئه‌و رووداوه‌ی که ده‌بێته ژانی له‌دایک‌بوونێکی دیکه و، به‌م شێوه‌یه له دنیای رواڵه‌ت و سێبه‌ر و فانی یه‌وه، ده‌چێته نێو دنیای هه‌رمان و ئه‌سیله‌وه.
قازی محه‌ممه‌د دۆخی ئارایی که له سه‌ر بنه‌مای بیروباوه‌ڕی کۆن و هه‌ستی ناوشیاری کۆمه‌ڵگه بنیات نرابوو، به شێوه‌یه‌کی عه‌قڵانی ده‌برده ژێر پرسیار و ره‌خنه‌ی لێ ده‌گرت. ئه‌و مه‌رگی به هیچ داده‌نا و، هه‌ر بۆیه‌ش به‌و چه‌شنه دیفاعی ده‌کرد و رووبه‌ڕووی بێدادگای شا ده‌بۆوه. گرینگ بۆ ئه‌و حه‌قیقه‌ت و راستی بوو. ئه‌و له مه‌رگ نه‌ده‌ترسا و پرسی ئه‌و، مه‌رگ و ژیانی خۆی نه‌بوو.
قازی محه‌ممه‌د هه‌موو هه‌وڵ و تێکۆشانی خۆی له پێناو هه‌ستانه‌وه و ئیراده به‌خشین به که‌سایه‌تیی که‌وتووی مرۆڤی کورددا ته‌رخان کرد. ئه‌و مرۆڤه‌ی که حه‌قیقه‌تی بوونی خۆی، لێ شێوێندرابوو. قازی محه‌ممه‌د پێشه‌وای خۆناسین و رێنسانسی کورد بوو. له راستیدا ئه‌و، مرۆڤی کوردی به بیری پێشکه‌وتووی ئازادیخوازی گۆش کرد و خستییه‌وه سه‌ر لاق، تا له نه‌مانی فیزیکیی ئه‌ویشدا، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رامه‌تی له ده‌ست چووی، هه‌نگاو هه‌ڵگرێ. ده‌سه‌ڵاتدارانی سته‌مکار نه‌یانزانی که به له سێداره‌دانی، نه ته‌نیا ناتوانن پێش به‌م ره‌وته بگرن، به‌ڵکوو به‌و کاره‌یان، پێشه‌وایان کرده سه‌رمه‌شق و بزوێنه‌ری نه‌وه‌کانی داهاتوو.
قازی بۆ سه‌لماندنی حه‌قیقه‌ت خه‌باتی کرد و له بێدادگای شاشدا، له‌م پێناوه‌دا هه‌وڵی دا و هه‌رگیز حه‌قیقه‌تی فیدای مه‌سڵه‌حه‌ته شه‌خسییه‌کانی نه‌کرد. کارێک که سوقراتیش له یونانی کۆندا کردی و، هه‌ر به‌م هۆیه‌ش به “مامۆستای حه‌قیقه‌ت” ناسرا. نازناوێک که پڕ به باڵای پێشه‌وای کوردانیشه. مخابن ده‌سه‌ڵاتی زاڵ له هه‌ر دوو سه‌رده‌مدا، به روانینێکی کورتبینانه‌وه، سه‌لماندنی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی، وه‌ک مه‌ترسییه‌ک بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی بینی و یه‌کیان به قاپی ژه‌هر و ئه‌وی دیکه‌ش به سێداره، رۆحیان له جه‌سته‌یان جیا کردنه‌وه. ئه‌وان ویستیان چرای رۆح و زه‌ینی قازی و سوقرات، به هێزی سته‌م بکوژێننه‌وه، به‌ڵام به‌و ئاواته‌یان نه‌گه‌یشتن و ناگه‌ن. ئه‌و مشتومڕه زه‌ینی و هزرییه‌ی که سوقرات ده‌ستی پێ‌کرد و، ئه‌و رێچکه‌یه‌ی که قازی ره‌نگرێژی کرد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ستی به‌رپرسایه‌تی له مرۆڤدا دروست بکه‌ن، کۆتایی نایێ.
وێکچوونێکی دیکه که له نێوان سوقرات و قازی محه‌ممه‌د‌دا به ته‌واوه‌تی بوونی هه‌یه، ئه‌وه‌یه که کاتێک سوقرات ده‌گیرێ، دۆستانی سوقرات ناوبراو بۆ هه‌ڵاتن له زیندان هان ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و قبووڵی نه‌کرد. رێک به‌و شێوه‌یه، له شوێنێکی جیاواز و لە سەردەمێکی دیکەدا، پێش گه‌یشتنی سوپای شا، دۆستانی قازی، ئه‌ویان بۆ به‌جێ هێشتنی مهاباد هان دا، به‌ڵام ئه‌ویش سوقرات‌ئاسا قبووڵی نه‌کرد. ئه‌وان مانه‌وه بۆئه‌وه‌ی که بێدادگاکانیان محاکمه بکه‌ن. لێره‌دا سوقرات و قازین که مودده‌عین و له به‌رامبه‌ر دادگادا سکاڵای خۆیان ده‌خه‌نه‌روو. ئه‌وان له جیاتی پاڕانه‌وه بۆ داشکانی سزاکه‌یان، هێرش ده‌که‌ن. ئه‌وان به مه‌رگی خۆیان به‌رپرسیارێتی و ئه‌رکه‌که‌یان به ته‌واوی به جێ گه‌یاند. ئه‌وه‌یه ره‌مزی هه‌رمانیان و، به‌م جۆره مه‌رگی جه‌سته‌یی و رواڵه‌تییان، ده‌بێته لەدایک‌بوونه‌وه‌یه‌کی دیکە و به مه‌رگ دوایی نایێ.