یه‌کێک له پرسه گرینگه‌کانی ژیانی مرۆڤایه‌تی ڕێکخستنی پێوه‌ندییه‌کان له نێوان تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگە له لایه‌ک و له لایه‌کی دیکه‌وه له نێوان کۆمه‌ڵگەیه‌ک لەگه‌ڵ کۆمه‌ڵگەیه‌کی دیکه، که ڕێکخستنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه پێویستی به کۆمه‌ڵێک قاعیده و قانوون و پێبه‌ندی هه‌یه.
پێ بەپێی بەرەوپێش چوونی کۆمەلگەی مرۆڤایەتی قانوون گەشەی کردووە و مرۆڤ دوای پێوانی رێگەیەکی پڕ لە هەوراز و نشێوگەیشتۆتە ئەو دەسکەوتەکە شێواوی و هەرج و مەرج و خیلەسەری وەلا بنێ و گوێرایەلی قانوون بێ. ئەو تەجروبەیە هەروا ئاسان وەدەست نەهاتووە. ئەگەر لە دالانی تەنگ و تاریکی میژوو بروانین و رۆچنەیەک بدۆزینەوە بۆ روانینی رابردوو، ئەوەی دەیبینین زیندانەکان، ئەزیت و ئازارەکان، کوشتارەکان، تالان و بڕۆکان و هەموو ئەو کوێرەوەرییانەی کە مرۆڤ بۆ وەدەست هێنانی کەسایەتی، بەختەوەری و ئازادی خۆی کێشاویەتی. هەموو ئەو ئەزیت و ئازار و خەبات و قوربانیدان و ئاوارەیی و دەربەدەرییانەی لەبەر دامەزراندنی حکوومەتی قانوون و نەهێشتنی زوڵم و زۆر لەبەین بردنی زاڵمان و دابینکردنی دادپەروەری و یەکسانی بووە.
ئه‌و کۆمه‌ڵه بنه‌مایه که ڕێکەوتنی کۆمه‌ڵگەی لەسەربێ، له سه‌رده‌می ئێستادا به قانوون ده‌ناسرێ و راده‌ی پێشکه‌وتوویی هه‌ر کۆمه‌ڵگەیه‌ک له بواری شارستانییه‌ته‌وه پێش هه‌موو بابه‌تێک بەڕادهی پابه‌ندبوونی تاکه‌کانه‌وه به قانوونه‌وه ده‌ستنیشان ده‌کرێ، بە کورتی بەختەوەری هەر کۆمەلگەیەک بەستراوەتەوە بە سیستمی قانوونیی ئەو وڵاتە.
واته نیزامی قانوونی ئەو وڵاتە چەندە دەرفەتی رەخساندوە کەسایەتی مرۆڤەکان بە قانوون پارێزراو بێت و لە هەمان کاتدا تاکی ئه‌و کۆمه‌ڵگەیه چه‌نده ئاماده‌یه له چوارچێوەی ئه‌و قانوونه‌دا ههڵسو که‌وتی خۆی ڕێکبخا. ئەوە روون و ئاشکرایە هه‌تا ڕاده‌ی پابه‌ندبوونی تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگە به قانوون ڕوو له زیاد بوون بێ بهوڕادیهش ئه‌و کۆمه‌ڵگایه به‌ره‌و ئارامی و ئاسایش و سه‌قامگیری ده‌ڕواو زۆر سروشتییە له کۆمه‌ڵگەیه‌کی ئارام و سه‌قامگیردا هه‌نگاوه‌کان به‌ره‌و پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردنی ئابووری و سیاسی خێراتر ده‌بێ.
کۆمه‌ڵگەی کورده‌واریش له‌و قانوونە به‌ده‌ر نییه، به‌ڵام هه‌موومان باش ده‌زانین که کورد هه‌تا ئێستاشی لەگه‌ڵ دابێ ئه‌و دەرفەتەی بۆ نه‌ڕه‌خساوه که خۆی حوکمی خۆی بکا « به‌خۆشییه‌وه ئێستا هه‌رێمی کوردستان (عێراق) ئه‌و قۆناغه‌ی هەتا رادەیەک تێپه‌ڕ کردوه”، به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش هه‌ر کاتێک ده‌رفه‌تێک ڕه‌خسابێ یه‌که‌م شت که بیری لێ کرابێته‌وه ڕێکخستنی کۆمه‌ڵگە بووه که دیاره ئه‌و بابه‌ته زۆرتر لەلایه‌ن حیزبه‌کانه‌وه جێبه‌جێ کراوه، چونکه حیزبه‌کان ڕێبه‌ری جووڵانهوەکانیان کردوه و ئه‌و ڕێبه‌ری کردنه ته‌نیا له به‌ره‌کانی شه‌ڕ لەگه‌ڵ دوژمن‌دا کورت نه‌بۆته‌وه، به‌ڵکوو لایه‌نی دیکه‌ی وه‌ک دروستکردنی فه‌رهه‌نگی پێشکه‌وتوو و سه‌رده‌میانه و له هه‌مان حاڵ‌دا ڕێکخستنی کۆمه‌ڵگە له بواری جۆراوجۆردا له ده‌ستوری کاریاندا بووه وه‌ک ئه‌رک بۆ خۆیان ده‌ستنیشان کردوه.
حیزبی دێموکراتی کوردستان یه‌کێک له‌و حیزبانه‌یه له ماوه‌ی 70ساڵی ڕابردوودا مێژوویه‌کی پڕ له هه‌ورازونشێوی له مه‌یدانی خه‌باتدا تێپه‌ڕ کردوه و گه‌لێک شانازی له مێژووی کورددا بۆخۆی تۆمار کردوه. له ماوه‌ی ئه‌و 70 ساڵه‌دا له چه‌ند قۆناغی جیاوازی مێژوویی‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری و ئیدارەکردنی خه‌ڵک و وڵاتی که‌وتۆته سه‌ر شانی (سه‌رده‌می کۆماری کوردستان، دوای ڕووخانی سیستمی پاشایه‌تی و هاتنه سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی) له هه‌رکام له‌و قۆناغانه‌دا حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمه‌ڵێک یاساوڕێسای بۆ ڕێکخستنی کۆمه‌ڵگە ته‌نزیم کردوه و له ڕێگەی داموده‌زگای به‌ڕێوه‌به‌ری خۆی ئیداره‌ی کۆمه‌ڵگەی کوردستانی پێکردوە
له قۆناغی کۆماری کوردستاندا حیزبی دێموکراتی کوردستان توانیویەتی داموده‌زگای کۆماری کوردستان بەڕێوەبەرێ و لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا لەرێگای ده‌زگای دادوه‌رییەوە کێشه و گرفتی خه‌ڵک چاره‌سه‌ر بکا. له حاڵێکدا کۆماری کوردستان هه‌ل و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ندەی له به‌رده‌ستدا نه‌بووه که بتوانێ له ڕێگەی هه‌ڵبژاردنێکی گشتی له نێو خه‌ڵکدا ناوه‌ندێکی قانووندانان پێک بێنێ و لە ڕێگەی ئه‌و ناوه‌ندەوە کە هه‌مان پارلمانه به په‌سندکردنی گه‌ڵاله و ته‌رح که بۆ پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگە پێویستن، کۆمه‌ڵێک قانوون له بواری جیاوازدا په‌سه‌ند بکا و له ڕێگەی ده‌زگای ئیجراییەوە له نێو کۆمه‌ڵگەدا به‌ڕێوه‌یان به‌رێ.
بەڵام به‌ڕێوبه‌رانی حیزبی دێموکراتی کوردستان که هه‌مان به‌ڕێوه‌به‌رانی کۆماری کوردستانن ده‌ستیان له سه‌ر ده‌ستدا نه‌ناوه‌و بۆ چرکهیەکیش نه‌یانهێشتوه کات به فیڕۆ بچێ به‌و مانایه له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا به پێێ گرنگی بابه‌ته‌که قانوون‌یان ده‌رکردوه و به ڕای گشتیی کۆمەڵگەیان راگه‌یاندوه. دوای ڕاگه‌یاندنی بابه‌ته‌که، داموده‌زگای پێوه‌ندیدار له حکوومه‌تی کۆماری کوردستاندا هه‌وڵیان داوه قانوونه‌که بخه‌نه بواری جێبه‌جێکردن واته کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌و بابه‌ته‌دا وه‌ک پارڵمان کاری کردوه و هه‌یئه‌تی، وه‌زیران وه‌ک ده‌زگای ئیجرایی قانوونه‌کان و پرۆژه و گه‌ڵاڵه‌کانی به‌ڕێوه بردووه. بۆ سەلماندنی ئه‌و قسه‌یه ده‌توانن ڕۆژنامه‌ی کوردستان که له سه‌رده‌می کۆماری کوردستاندا چاپ و بڵاو بۆته‌وه وه‌ک به‌ڵگه به نموونه بێنینه‌وه چونکه له هیچ لاپه‌ڕه‌یه‌کی ڕۆژنامه‌ی کوردستاندا نابیندرێ ئه‌و بابه‌تانه‌ی که پێوه‌ندیان به هه‌موو کۆمه‌ڵگەوه هه‌یه بێجگه له ئیمزای کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ئیمزای دیکەیان لەسەر بێ تەنیا ئەو بابەتانە نەبێ که تایبه‌ت و خاسن و یه‌ک بابه‌ت له ژیانی کۆمه‌ڵگەدا لەخۆ ده‌گرن، له ڕێگەی سه‌رۆکی ئیداره‌کان یا وه‌زیره‌کانه‌وه ده‌رچوون کە ئەوانیش لە ژێر رێنوێنییەکانی کومێتەی مەرکەزی و شەخسی پێشەوادا ئەو قەرارانەیان دەرکردوەو هەر لەو پێوەندیەدا باشە ئیشارە بە دەرکردنی قانوونی مجازاتی گشتی بکەین کە لە رۆژی ١/٢/١٣٢٥ لە ٩ مادەو دوو تێبینی دا لەلایەن کومیتەی مەرکەزی حیزبەوە دەرچووە کە باسی جاسووسی، مەستی و هەرزەیی، دزی و لە نێوبردنی ماڵی دەوڵەت، هەڕەشە بە چەک، زۆرهێنان بۆ هاوسەر یان کەسانی دیکە، تریاک کێشان، هەڵاتن لە شەڕ، خەیانەت بە میللەت یا دەوڵەت یان نیشتمان، دەستدرێژی بۆسەر نامووسی خەڵک، بەرتیل وەرگرتن، دەکا و هەر کام لەو تاوانانە سزای خۆیان بۆ دیاری کراوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستان له قۆناغێکی دیکه‌ی خه‌باتدا دیسان ئه‌رکی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتی که‌وته سه‌رشان به‌تایبه‌تی که کۆماری ئیسلامی شه‌ڕی به ناحه‌قی به‌سه‌ر گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا سه‌پاند و کوردستانی له هه‌موو بارێکه‌وه (ئابووری، فهرههنگیو په‌روه‌رده، ته‌نانه‌ت هاتوچۆو راگواستن) ئابلۆقه‌دا بوو و لەو قۆناغه هه‌ستیار و ناسکه‌دا حیزبی دێموکراتی کوردستان دوو ئه‌رکی گرینگی که‌وتبوو سه‌رشان، هه‌م ده‌بوایه له به‌رامبه‌ر هێرشی سوپای بێ ئه‌مانی کۆماری ئیسلامی‌دا له کوردستان و مافه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان دیفاع بکا و هه‌م ئیداره‌ی کاروباری رۆژانه‌ی خه‌ڵک بکا واته، به‌ڕێوه‌به‌ریی وڵاتی که‌وتبوو سه‌رشان، چونکه له کوردستان بۆشایی دهسهڵاتو حوکمڕانی ده‌وڵه‌ت به ته‌واوی دیار بوو و زۆربه‌ی ئیداره و شوێنه گشتییه‌کان که حکوومه‌ت ده‌بوایه ئیداره‌یان بکا یان به ته‌عتیل بوون یان وه‌ک له کۆڵ خۆکردنه‌وه کاریان ده‌کرد.
له قۆناغێکی وا هه‌ستیاردا حیزبی دێموکراتی کوردستان شانی وه‌به‌ر هه‌ر دوو مهسئولیهتدا و به پێی توانای خۆی هه‌ولێ دا به وه‌ڕێخستنه‌وه‌ی ئیدارات و قوتابخانه‌کان و نه‌خۆشخانه‌کان بۆشایی ده‌سه‌ڵات و حاکمیه‌ت پڕ بکاته‌وه.
دامه‌زراندنی نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕش، په‌ره‌وه‌رده و بارهێنانی مامۆستایانی شۆڕش و چاپی کتێبی ده‌رسی به زمانی کوردی و رێکخستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه له بواری پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه و چاره‌سه‌ری کێشه‌کان له رێگه‌ی رێکخراوه‌کانی حیزب ئه‌وانه و ده‌یان کاری دیکه له کاره به‌نرخه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌و قۆناغه‌دا بوون.
له هه‌لومه‌رجێکی ئاوادا که شه‌ڕێکی قورس له لایه‌ن کۆماری ئیسلامییەوە به سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا سه‌پابوو، ئه‌رکی قورسی دیفاع و به‌ربه‌ره‌کانی شهر لە لایەک و لەلایەکی دیکەوە رێکخستنی کاروباری نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان که‌وتبووه سه‌رشانی حیزبی دێموکرات، هەر بۆیه رۆژ به رۆژ ئه‌و حیزبه هه‌وڵی ده‌دا به به‌رنامه‌کانی خۆیدا بێته‌وه و باشتر و رێکوپێکتریان بکا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ خزمه‌تی زیاتر به کۆمه‌ڵگه بکا.
هەر وەکی پیش‌تر باسمان کرد ئەرکی بەڕێوەبەری وڵاتی کەوتبووە سەرشانی حیزبی دێموکرات و پێیبەپێی شەر و بەربەرەکانی لەگەڵ سیستمی کۆماری ئیسلامی دەبوایە لە مافی تاک و گشتی لە بەرامبەر تاوان و دەستدرێژیدا دیفاع بکا، کە ئەویش تەنیا لە رێگەی دامەزراندنی دامودەزگای قەزایی و بە قانوونکردنی کۆمەلگە دەستەبەر دەبوو. هه‌ر بۆیه له ره‌شه‌مه‌ی ساڵی 136٠ی هه‌تاوی 1980دا ده‌فته‌ری سیاسیی حیزب گه‌ڵاڵه‌ی کۆمیسیۆنی قه‌زایی و قانوونی سزادانی گشتی په‌سند کرد و لەو رێگەیەوە توانی هەتا ئەو کاتانەی پێشمەرگە حزووری چالاکی هەبوو لە ناوچە جۆراجۆرەکانی کوردستان، چارەسەری گیروگرفتی خەڵک بکا. له سه‌ره‌تای ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه به‌و شێوه‌یه باس له پێویستی دانانی قانوونێک ده‌کا که بتوانێ مافه‌کانی که‌سانی حه‌قیقی و حقوقی بپارێزێ:
«له کاتێکدا ته‌واوی مافی مرۆڤایه‌تی له رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا پێشێل کراوه و له هه‌لومه‌رجێکدا که بزووتنه‌وه‌ی نیشتمانی و دێموکراتیکی گه‌لی کورد به هه‌ست پێکردن به ئه‌رکی مێژوویی و شۆرشگێڕانه‌ی خۆی تێده‌کۆشێ که که‌ند و کۆسپه کۆمه‌ڵایه‌تییەکانی وه‌لا بندرێ و کۆمه‌ڵی کورده‌واری بەرەو ژیانێکی پێشکەوتوانە بەرێتە پێش، بۆ بەرگری لە پاراستنی مافەکانی «اشخاص حقیقی و حقوقی» پێویستی هەیە، بەم هۆیەوە قانوونی سزای گشتی لەلایەن کۆمیسیۆنی قەزایی کە بەرهەمی تێکۆشانی بزووتنەوەی نیشتمانی و دێموکراتیکی گەلی کوردە ئامادە کراوە، بەڕێوە دەچێ. ئەم قانوونە لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پەسند و تەئید کراوە و هێزی پێشمەرگە زامنی ئیجرایی ئەو قانوونەیە. لەو پێشەکییە کورتەدا بۆمان دەردەکەوێ کە حیزبی دێموکرات هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە وەک حیزبێک لە دایک بووە کە وەک دەوڵەت لەگەڵ رێکخستی کۆمەڵگە و رووداوەکان هەڵسوکەوتی کردوە و خۆی لە بەرامبەر قەدەرو چارەنووسی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە بەرپرسیار زانیوە.
ئەوەتا لەو پێشەکییەدا دەڵێ: « بە ئەرکی مێژوویی‌و شۆرشگێڕانەی خۆی تێدەکۆشی کە کەندو کۆسپەکانی کۆمەڵایەتی وەلا بنرێ‌و کۆمەڵی کوردەواری بەرەو ژیانێکی پێشکەوتووانە بەڕێتە پێش»و هەر لێرەدا باس لە پاراستنی مافەکانی «اشخاص حقیقی و حقوقی» دەکاو لە کۆتاییدا دەڵێ ئەو قانوونە لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە پەسەند گەیشتووە واتە حیزبی دێموکراتی وەک پارلمان و سیستمی بەڕێوەبەری وڵات هەڵسو کەوتی کردوەو لە هەمان حاڵ‌دا ئەرکی جێبەجێکردنی ئەو قانوونە دەخاتە ئەستۆی هێزی پیشمەرگە کە لەژێر سازمان و رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان دا هەن.
لە ژماره ٦٦١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه