هەفتا ساڵ بە سەر تەمەنی حیزبی دێموکراتدا تێدەپەڕێ، حیزبێک کە تا هەنووکەش هیچ ڕێکخراوەیەکی سیاسی دیکه لە هەر چوار پارچەی کوردستان نەیتوانیوە دەسکەوت و شانازییەکانی دووپات کاتەوە، کە بێگومان دیارترینی ئەم دەسکەوتانە دامەزراندنی کۆماری کوردستان بوو لەسەر بنەمای گوتارێکی نەتەوەیی کە کلیلوشەکانی ئەم گوتارە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تا ئێستاش بە سەر گوتاری پارچەکانی تردا زاڵ و دیارە.
بێشک دەکرێ زۆر دەسکەوتی گرینگی تری حیزبی دێموکراتی کوردستان بەتایبەتی هی سەرەتای دامەزرانی دەسنیشان بکەین کە مەبەستی سەرەکی ئەم وتارە نییە. جگە لەم دەسکەوتانە، بە دڵنیاییشەوە هیچ حیزبێکی کوردی هێندەی حیزبی دێموکرات تووشی کارەسات نەبووە، لە هەرەسی کۆماری کوردستان و لە سێدارەدرانی پێشەوای نەمرڕا بگرە تا دابڕان و لەتبوون و شەهید بوونی سەرکردە کاریزماکانی و دواجار ئەم دۆخە کارەساتبارەی ئێستای خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بەدەر لەم دەسکەوتانەی وەدست هاتووە و بەدەر لەم کارەساتانەی بەسەریدا هاتووە، حیزبی دێموکرات «بەرپرسترین» حیزبی مێژووی نەتەوەی کوردە. ئهم حیزبه له زۆر بڕگهی مێژووی تێکۆشانی خۆی دا غەدری لە خۆی کردووە، بەڵام داڵدە و یارمەتیدەری شۆڕش لە پارچەکانی تر بووە، لە ڕێبازی نەتەوەیی لاینەداوە تەنانەت بۆ ساتێک، لە هەڵسوکەوت لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی وڵاتانی دراوسێی پارچەکانی تری کوردستان دا هەرگیز بەرژەوەندی براکانی فیدای بەرژەوەندی خۆی نەکردووە و… ئەم هەست بە بەرپرسیارییەت و مەسئوولییەتە بە تەعبیری شەهید دوکتور قاسملوو، گەورەترین سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە لای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ سازکردووە. خۆ ئەگەر ئەم خۆشەویستییە بێوێنەیەی لە لای خەڵکی ڕۆژهەڵات نەبوایە و پاڵپشتی ئەم گەلە نەبوایە دەمێک ساڵ بوو تێداچووبوو. پەیوەندی نێوان حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزانییەوە تا ئێستا جگە لە ڕەهەندە ڕزگاریخوازییەکەی وەک بزووتنەوەیەکی میللی دێموکراتیک، سۆز و عاتیفەیەکی کەموێنەی پێوەدیارە کە زۆر جاران خۆ لە قەرەی چیرۆک و ئەفسانە دەدا و ئەمە بۆتە ڕەمزی هەرمانی حیزبی دێموکرات لە ناو دڵ و گیانی خەڵکی کوردستاندا.
ئاوڕێکی خێرا بۆ سەر قۆناغەکانی خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەمان بۆدەردەخا کە ئێستاشی لەگەڵدابێ سەردەمی کۆماری کوردستان پڕشنگدارترین قۆناغی ئەم حیزبە بووە و لە پاش هەرەسی کۆمار، هەرگیز نەگەیوەتە داوێنی ئەم لووتکەیە. دیارە زۆر هۆکار هەیە کە ئاماژەی پێبکەین کە بۆچی حیزبی دێموکرات لەم قۆناغەی تێنەپەڕاندووە. بەڵام کە بێینە زەمانی حازر، لە ڕاستیدا ئەم حیزبە ئێستا لە دوو ڕەهەندی سیاسی و ڕێکخراوەییدا تووشی قەیران بووە. بەتایبەتی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران جگە لە دەیەی 80ی زایینی، ئەم قەیرانانە زیاتر خۆیان دەرخستووە، بەڵام ئەوەی هیوابەخشە دوو پتانسییەلی گەورەی ناوخۆی حیزب و ناوخۆی ڕۆژهەڵاتە کە دەتوانێ ببێتە هۆی ڕزگار بوونی لەم قەیرانانە و بووژانەوی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
یەکەمیان بریتییە لە توانایی و پتانسییەلی نێوخۆی حیزب بۆ بەخۆداچوونەوە و خوێندنەوەیەکی رەخنەگرانە بە تایبەتی لە دوو دەیەی ڕابردوو. وەک شەهید دوکتور قاسملوو دەڵێ: (پێشەنگیی و ئاوەڵناوی شۆڕشگێڕی حیزبێکی سیاسی لەمەوە سەرچاوە دەگرێ کە چۆناوچۆن بۆ هەڵەکانی ڕابردووی دەڕوانێ، حیزبێکی شۆڕشگێڕ نابێ ترسی ئەوەی هەبێ کە بە کوتنی هەڵەکانی دوژمن پێی شاد دەبێ یان لە ڕادەی باوەڕپێکراوییەکەی کەم دەبێتەوە، بەپێچەوانە دان بە هەڵەنان و ڕاست کردنەوەیان باوەڕپێکراوی حیزب لە ناو خەڵکدا دەباتە سەر و «جیددی» بوون و «بەرپرس» بوونی حیزب نیشان دەدا.) دووەم ئەم پێگە قورس و قایمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی حیزبی دێموکرات کە لە ناوخۆی کوردستان هەیەتی دەکرێ ئەم ئومێدەمان بداتێ که سەرکردایەتی سیاسی ئەم حیزبە لەم پتانسییەلانە کەڵک وەرگرێ بۆ نوێژەن کردنەوەی گوتار و خەبات، بە ڕەچاو کردنی واقێعبینانەی بارودۆخی ناوخۆیی، ناوچەیی و تەنانەت نێونەتەوەیی.
ئەگەر لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا شاخ و شار لە ناو هەناوی یەکتردا بوون و لە دەیەی 80دا شاخ و شار لێک گرێدرابوون، ئەوە لە ساتەوەختی ئێستادا شاخ و شار بە تەوای لێکدابڕاون. کەوابوو بە پێی ئەوەی کە حیزبی دێموکرات حیزبێکی جیددی و بەرپرس بووە، دەتوانێ بە ئاوڕدانەوەیەکی سەرلەنوێ بۆ دۆخی خۆی و وەرگرتنی ڕەخنە و گلەیی و گازەندەکانی ناوخۆ بە هەموو جیاوازییەکانەوە، دیسان ببێتەوە حیزبەکەی کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان، دێموکرات تەنیا حیزبی سکرتێر، دەفتەری سیاسی، کۆمیتەی ناوەندی، کادر و پێشمەرگە نییە… دێموکرات وەک چۆن لە سەرەتای دامەزرانیدا حیزبی تەواوی گەلی کورستان بوو، ئێستاش دەبێ دوکتورینە سەرەکییەکەی ئەوە بێ بە مکانیزمی گونجاو و کردەیی و پشتئەستوور بە تیۆری لە مەیدانی خەباتدا گەورەتر لە حیزبێک خۆی بنوێنێ!
لە ژماره ٦٦١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه