دوای رێککه‌وتنی ناو‌کی باسێک که به تایبه‌ت له لایه‌ن ریفۆرمخوازان و گۆڕانخوازانی ئێرانه‌وه دێته‌ئارا و دنه‌ی پێده‌درێ ئه‌وه‌یه که ده‌وڵه‌ت دوای چاره‌سه‌ری پرسی ناو‌کی، ده‌بێ کار بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی گیروگرفته ئابوورییه‌کانی خه‌ڵک بکا و ئاوڕێکی جیددی له مه‌یدانی سیاسه‌تی نێوخۆیی بداته‌وه. مه‌یدانێک که له لایه‌ن به‌شێکی به‌هێزی ئوسوولگهراکانهوه رووی خۆشی پێ نیشان نادرێ و وه‌ک پرسێکی لاوه‌کی سه‌یری ده‌که‌ن.
روحانی به دروشمی باش کردنی ره‌وشی ئابووری له ژێر سێبه‌ری ئاسایی کردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه ده‌ره‌کییه‌کانی ئێران هاته سه‌ر کار. ئاوڕدانه‌وه له لایه‌نه سیاسییه‌کانی داخوازییه‌کانی خه‌ڵک له ئه‌وله‌وییه‌ته‌کانی دواتری روحانی دا جێی ده‌گرت. بۆیه له‌مه‌وبه‌دوا خه‌ڵک چاوه‌ڕێی باش بوونی دۆخی ئابووری و کرانه‌وه له فه‌زای نێوخۆیی دان. ئه‌مه‌ش داخوازێکی گشتیی خه‌ڵکه و به راشکاوی ده‌ڵێن که پشتگوێ خرانی ئه‌و بوارانه له‌مه‌وبه‌دوا پاساوهه‌ڵنه‌گره.
رێککه‌وتنی ناو‌کی به بێ کۆده‌نگیی پێکهاتوو له نێو سیستم دا مومکین نه‌بوو. پێده‌چێ له بواری ئابووریش دا به‌رژه‌وه‌ندیی کۆی سیستم بخوازێ که فشاره ئابوورییه‌کانی سه‌ر خه‌ڵک که‌م بێته‌وه. چونکه ئه‌گه‌ری ته‌قینه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵک له ئه‌نجامی ئه‌و فشارانه دا، هۆشدارێکه بۆ مانه‌وه‌ی رێژیم.
یه‌کێک له فووت و فه‌ننه‌کانی به‌شێک له ئوسوولگه‌راکان بۆ دژایه‌تی کردنی ده‌وڵه‌تی روحانی ئه‌وه‌یه که هه‌وڵیان داوه بۆ قۆناغی دوای رێککه‌وتن، چاوه‌ڕوانییه‌کی زۆر له خه‌ڵک دا بۆ چاره‌سه‌ریی گیروگرفته ئابوورییه‌کانیان پێک بێنن. به ئاگادار بوون له‌وه‌ی که ده‌ره‌نجامه ئابوورییه‌کانی رێککه‌وتنی ناو‌کی دره‌نگ ده‌رده‌که‌ون و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به‌شێکی گه‌وره‌ی کێشه ئابوورییه‌کانی ئێران پێکهاته‌یین و له خراپیی سیستمی به‌ڕێوه‌به‌ریی ئێرانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن، هه‌وڵ ده‌ده‌ن فۆرمۆلی «دروست کردنی چاوه‌ڕوانی درۆیین و بێ هیوا کردنی خه‌ڵک» پێڕه‌و بکه‌ن.
هه‌موو هه‌وڵی ئوسوولگه‌راکان پێداگرتنه‌وه له سه‌ر ئه‌وه‌یه که ئه‌و رێککه‌وتنه ته‌نیا ناوکییه و نیگه‌رانن له‌وه‌ی که ئه‌و رێککه‌وتنه ببێته هۆی که‌مڕه‌نگ بوونه‌وه‌ی دژایهتیخوازیی ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و له لایه‌کی دیکه‌ش ببێته هۆی به‌هێزتر بوونی ره‌وتی میانه‌ڕۆ و پڕژانه سه‌ر پرسه‌کانی تایبه‌ت به مه‌یدانی سیاسه‌تی نێوخۆیی له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه. راستی توندئاژۆ به که‌ڵک وه‌رگرتن له ئامرازه‌کانی هێزی، کار بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌کانیان ده‌که‌ن و وا دێته به‌رچاو که سیستمیش تا هه‌نووکه پێویستییه‌ک بۆ پێداچوونه‌وه‌یه‌کی جیددی له ئاکاری سیاسه‌تی نێوخۆیی دا نابینێ. له لایه‌کی دیکه فشارێکی رێکخراو له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه بۆ سه‌ر رێژیم بوونی نییه که ناچار به پێداچوونه‌وه و پاشه‌کشه‌ی بکا له‌و بواره‌دا. ئه‌گه‌ر روحانی بیهه‌وێ که دوای چاره‌سه‌ریی پرسی ناو‌کی، ئاوڕ له داخوازییه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خه‌ڵک بداته‌وه، رێگه‌یه‌کی سه‌ختی له به‌رده‌م دایه. ئه‌مه له حاڵیک دایه که زۆر شرۆڤه‌کار جیددیه‌تی روحانی له‌و بواره‌دا ده‌به‌نه ژێر پرسیار و ده‌ڵێن ناوبراو به‌رنامه‌یه‌کی کۆنکرێتی بۆ مه‌یدانی سیاسه‌تی نێوخۆیی نییه و دروشمه‌کانی له کۆمه‌ڵێک سیناریۆی نهخهمڵیندراوی زه‌ینی واوه‌تر ناچێ.
خامنه‌یی و باڵی ئوسوولگه‌را دوای رێککه‌وتنی ڤییه‌ن ئه‌و وریاکردنه‌وه‌یان دا که نه‌کا ئه‌و رێککه‌وتنه ببێته هۆی دروست بوونی دووجه‌مسه‌ریی له کۆمه‌ڵگه دا. به‌و واتایه که به‌شێک به سه‌رکه‌وتنێکی بێوێنه‌ی له قه‌ڵه‌م بده‌ن و به‌شێکی دیکه به «تورکه‌مه‌نچای» بشووبهێنن. نیگه‌رانی ئوسوولگه‌راکان ئه‌وه‌یه که به‌ره‌ی ده‌وڵه‌ت و ریفۆرمخواز ئه‌و رێککه‌وتنه به سه‌رکه‌وتنی روانین و میتۆدی کاریی خۆیان بزانن و به ناوی خۆیان تۆماری بکه‌ن و له نێو به‌شێکی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵگه‌ش دا هه‌روا وه‌ربگیرێ. ترسیان له‌وه‌یه که ئه‌مه‌ش کاریگه‌ریی ئه‌رینی له سه‌ر پێگه‌ی جڤاکیی به‌ره‌ی ده‌وڵه‌ت و رێفۆرمخواز دانێ و ده‌ره‌نجامه‌کانیشی له دوو هه‌ڵبژرادنی هاوکاتی مه‌جلیس و مه‌جلیسی بژارده‌کانی رێبه‌ریی، که له ره‌شه‌مه‌ی ئه‌مساڵ دا به‌ڕێوه ده‌چن، خۆی ده‌رخا. به‌م هۆیه که باڵی ئوسوولگه‌را به‌رده‌وام ئه‌وه دووپات ده‌که‌نه‌وه که په‌روه‌نده‌ی ناو‌کی، په‌روه‌نده‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییه و نابێ له لایه‌ن هیچ ره‌وتێکه‌وه بۆ ئیمتیازگیریی سیاسی که‌ڵکی لێ وه‌رگیرێ.
رێککه‌وتنی ناو‌کی ده‌توانی ده‌رفه‌تێک بێ بۆ که‌م بوونه‌وه‌ی کێشه ئابوورییه‌کانی ئێران، به مه‌رجێک که له‌گه‌ڵ پێداچوونه‌وه‌یه‌کی پێکهاته‌یی و به‌ڕێوه‌به‌ریی دا ئاوێته بکرێ. باش بوونی ره‌وشی ئابووری کۆمه‌ڵێک ئاسه‌واریی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی لێ ده‌که‌وێته‌وه که ره‌وتی دێموکراسیخواز ده‌توانێ که‌ڵکی لێ وه‌ربگرێ.
ره‌وتی میانه‌ڕۆ هیوادارتر له پێشوو چاوی بڕیوه‌ته پێشه‌رۆژ. خه‌ڵکیش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه که ده‌وڵه‌ت کار بۆ به‌کرده‌یی کردنی دروشمه‌کانی له بواری سیاسه‌تی نێوخۆیی دا بکا. پێوانه‌یه‌کی گرینگ بۆ نرخاندنی کرده‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌و مه‌یدانه دا ئه‌وه‌یه که چه‌نده هه‌وڵ ده‌دا که به‌ڕێوه‌به‌رێکی باشی هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی ره‌شه‌مه بێ و چه‌نده هیوا و چاوه‌ڕوانی خه‌ڵک ده‌کاته فاکته‌رێکی پشتیوانی بۆ لێبڕاویی خۆی له‌و بڕگه هه‌ستیاره‌دا.
هه‌روه‌ک ئاماژه کرا به تایبه‌ت ره‌وتی توندئاژۆی ئوسوولگه‌را هه‌وڵ ده‌دا مه‌یدانی سیاسه‌تی نێوخۆیی هه‌روا به به‌ستراوه‌یی بهێڵێته‌وه. له لایه‌کی دیکه ده‌وڵه‌تیش گرینگیی پێویستی به‌و مه‌یدانه نه‌داوه. ئێستا که سیستم له ژێر فشاری گه‌مارۆکان ناچار به پێداچوونه‌وه‌یه‌کی ناو‌کی بوو، خه‌ڵکی ئێران به هیوایه‌کی زیاتر له جاران ده‌توانن له رێگه‌ی خۆرێکخستن و زه‌ختی رێکخراوه‌وه ده‌وڵه‌ت و سیستم ناچار به ته‌عامول له مه‌یدانی سیاسه‌تی نێوخۆیی دا بکه‌ن. هیوا و چاوه‌ڕوانی پاسیڤ هیچ گرێیه‌ک له گیروگرفته‌کانی خه‌ڵک ناکاته‌وه؛ به‌ڵکوو پێویسته ئه‌و هیوا و چاوه‌ڕوانییه ره‌هه‌ندێکی ماددی و کرداری به خۆیه‌وه بگرێ که بتوانێ له‌و هه‌لومه‌رج و ده‌رفه‌ت و به‌ستێنه جۆراوجۆره سیاسیانه‌ی که رێککه‌وتنی ناو‌کی به دوای خۆیدا دێنێ، که‌ڵک وه‌ربگرێ.
لە ژماره ٦٦١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه