سه‌فه‌ری روحانی بۆ پارێزگای سنه وهه‌ڵوێسته‌یه
ڕۆژی یه‌کشه‌ممه 4ی گه‌لاوێژ حه‌سه‌ن ڕووحانی سه‌رکۆماری ئێران له‌گه‌ڵ هه‌یئه‌تێکی پایەبەرزی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی به مه‌به‌ستی سه‌ردانێکی یه‌ک ڕۆژه گه‌یشته شاری سنه ناوه‌ندی پارێزگا. ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی ڕووحانی درێژه‌ی سه‌فه‌ره‌کانی بوو بۆ پارێزگاکانی دیکه‌ی ئێران‌و له هه‌ڵسەنگاندنی یه‌که‌م‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌و جۆره سه‌ردانانه به پێچه‌وانه‌ی پروپاگه‌نده‌ی ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی کۆماری ئیسلامی ته‌نیاوته‌نیا لایه‌نی ڕواڵه‌تیان هه‌یه‌و ناچنه خانه‌ی سه‌فه‌ری کاری و پلان بۆ دارێژراو به مه‌به‌ستی پاڵپشتی له گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنی ئه‌و پارێزگا و شارانەی که سه‌رۆک کۆمار سه‌فه‌ری بۆ ده‌کا. به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر سه‌فه‌ره‌کان، بۆ پارێزگای سنه و پارێزگاکانی دیکه‌ی کوردستان «ورمێ، کرمانشا، ئیلام» بێ. چونکه پێش ئه‌وه‌ی سه‌رکۆمار به چاو گه‌شه کردن و دابینکردنی خۆش‌بژێوی دانیشتوان بڕوانێته ئه‌و پارێزگایانه به چاوی ئه‌منی چاویان لێ ده‌کا و هه‌تا ئه‌و ڕوانگه‌یەی ده‌سه‌ڵاتداران له‌سه‌ر ئه‌و چوار پارێزگایەی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان لا نه‌چێ، هیچکام له‌و سه‌فه‌رانه لانیکه‌م ناتوانن ده‌سته‌به‌ری ئاوه‌دانی‌و خۆش‌بژێوی خه‌ڵکی کوردستان بن.
ڕوحانی له کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کان‌دا به واده و به‌ڵێنی زۆره‌وه هاته مه‌یدانی کێ‌به‌رکێی هه‌ڵبژاردن و، به‌تایبه‌تی زۆری هه‌وڵ دا که ده‌نگی که‌مینه نه‌ته‌وه‌کان و مه‌زهه‌بی و ئاینییه‌کان وه‌ده‌ست بێنێ، به‌ڵام دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له دوو ساڵ به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداریه‌تێکه‌ی و پاڵ‌دانه‌وه به کورسی سه‌رکۆماری ئێران، هه‌تا ئێستاش شتێکی هه‌ست پێ‌کراوی بۆ لابردنی زوڵم و زۆری له‌سه‌ر که‌مه نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌بی و ئایینیه‌کان نه‌کردووه و ئه‌وه‌ی بووه هه‌ر له چوارچێوەی دروشم و تێپه‌رکردنی کات دابووه. سه‌باره‌ت به سه‌فه‌ره‌که‌ی ڕوحانی بۆ پارێزگای سنه ده‌توانین له‌لایه‌نی جۆراوجۆر‌دا چه‌ندین خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکه‌ین. هه‌ر وه‌کی له‌پێشدا گوترا ده‌کرێ وه‌ک سه‌فه‌رێکی ڕواڵه‌تی بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ده‌ستوری کاری سه‌رکۆمار چاوی لێ بکرێ چونکه دوای 20 سه‌فه‌ری ئوستانی سه‌فه‌رێکی 1 ڕۆژه‌ی بۆ پارێزگای سنه ڕێک خستووه. له حالێک‌دا له قسه‌کانی خۆی‌دا ئیشاره به گرینگی ئه‌و پارێزگایه ده‌کا و قسه و لێدوانی ده‌سه‌ڵاتدارانی پێش خۆی سه‌باره‌ت به کوردستان و خه‌ڵکی کورد کاوێژ ده‌کاته‌وه و له‌و وشه و ره‌سته‌یه‌ی وه‌ک «دلاوران بزرگ» و «این سرزمین آباد و سرسبز و بیشه‌ی شیران کردی» که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و پێی وایه ده‌توانێ بەو شێوه‌ی ئاخاوتنه کڵاو له‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان بنێ.
ئه‌و سه‌فه‌ره ده‌کرێ هه‌ڵگرێ ئه‌و په‌یامه که رێکه‌وتننامه‌ی وه‌زەی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ رۆژئاوا ئیمزا کراوه و کۆماری ئیسلامی له جاران به هێزتره و خه‌ڵکی کوردستان نابێ چاوه‌روانی ئاڵوگۆری سیستمی کۆماری ئیسلامی بن، ئه‌گر ئه‌وه وه‌ک په‌یامێک وه‌ربگرین و سه‌رنج بده‌ینه قسه‌کانی روحانی ناوبراو له قسه‌کانی دا سنووره‌کانی ئێران ده‌برێ و باس له پاراستنی هه‌رێمی کوردستان له عێراقدا ده‌کا و ده‌ڵێ چۆن پارێزگاری له سنه ده‌که‌ین ئاواش پاراستنی هه‌ولێر و سولیمانیه و ده‌هوک ده‌کرێن! مانای ئه‌و قسه‌یه ئه‌وه‌یه که باشووری کوردستانیش به جۆریک له جۆره‌کان به حه‌وزه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی خۆیان ده‌زانن و جه‌نابی سه‌رکۆمار له‌و کاته‌دا له ئاست دوو شت، خۆی گێل ده‌کا و به لایان‌دا ناروا، یه‌که‌م پرسی کورد و مافه‌کانی له ئێران‌دا هیچ پێوه‌ندی به پرسی ئه‌تومی ئێران و دنیای ده‌ره‌وه نه‌بووه، چونکه پێش دروست بوونی قه‌یرانی ئه‌تۆمی ئێران که خۆی سه‌به‌ب‌کاری بووه، پرسی کورد و جووڵانه‌وه‌ی ماخوازانه‌ی کورد له روژهه‌ڵاتی کوردستان له ئارادا بووه و دوای راخستنی په‌روه‌نده‌ی ئه‌تۆمی ئێرانیش، پرسی کورد و مافه‌کانی و خه‌بات بۆ وه‌ده‌ست خستنه‌وه‌ی مافانه هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێ. دووهه‌م ئازایه‌تی و بوێری پێشمه‌رگه له باشووری کوردستان توانیویه‌تی خه‌تی به‌رگریه‌کی 1050 کیلومیتری له به‌رامبه‌ر هێرشی داعه‌ش‌دا بپاریزێ و هه‌موومان شاهیدی ئه‌وه‌ین که له ماوه‌ی یه‌ک ساڵی ڕابردوودا زیاتر له 1000 پێشمه‌رگه شه‌هید بوون و نزیک به 7000 پێشمه‌رگه‌ش بریندارن، ئه‌وەی سه‌لمینه‌ری ئه‌و راستییه‌ن که هه‌رێمی کوردستان به خوێنی رۆڵه‌کانی خوی هه‌ولێر و سولیمانیه و که‌رکووک و ده‌هۆکی پاراستووه نه‌ک کۆماری ئیسلامی به کرده‌وه سه‌لماندوویه‌تی هه‌موو کارێک ده‌کا بۆ تێک‌دانی ره‌وشی ئارامی هه‌رێمی کورستان و ناسه‌قامگیر بوونی سیاسی ناوچه‌که.
بێجگه له‌وانه روحانی له قسه‌کانی خۆی‌دا راوی کردنه‌وه‌ی به‌شی کوردی له زانکۆی کوردستانی دا که ئه‌و گوفتاره‌ش جێگەی تێ‌ڕامانه و ده‌بێ مه‌به‌ستی خۆی له پشت بێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ئاغای روحانی مه‌به‌ست‌دار ده‌یهه‌وێ بڵێ ئه‌وه تا زمانی کوردی له پارێزگای کوردستان له زانکۆی کوردستان ئیزنی خوێندنی پێ دراوه و به‌و شێوه‌یه جوغرافیای رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له پارێزگای کوردستاندا به‌رته‌سک بکاته‌وه. ئه‌گه‌ر وا نیه بۆ ته‌نیا له پارێزگای سنه و زانکۆی کوردستاندا ئه‌و ئیزن نه‌دا و له‌و سه‌فه‌ره‌ی بۆ «کرماشان و ئیلام و ورمێ» باس له خوێندنی زمانی کوردی ناکا، خۆ ئه‌و شارانه‌ش زانکۆیان لێ‌یه و ده‌توانن به‌شێک بکه‌نه‌وه بۆ خوێندنی زمانی کوردی. وا دیاره ئاغای روحانی هه‌مان ستراتیژی حکوومه‌تی پاشایه‌تی درحه‌ق به خه‌ڵکی کوردستان ره‌چاو ده‌کا و ته‌نیا پارێزگای سنه به کوردستان ده‌زانێ و ئه‌وه ته‌نیا به مه‌به‌ستی چووک‌کردنه‌وه‌ی جوغرافیایی کوردستانه له هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران درحه‌ق به کوردستان و خه‌ڵکی کورد بەڕێوه‌ی ده‌بن، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵاتداران له بیر و زه‌ینی هیچ تاکێکی کورددا ته‌نیا به‌و جوغرافیایه ناگوترێ که پارێزگای سنه‌ی پێ ده‌ناسێتەوه به‌ڵکو له روانگه‌ی تاک تاکی کورد، ما خاکی کوردستان هه‌ر چوار پارێزگای «ورمێ، سنه، کرماشان و ئیلام» ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئه‌وه‌ی بێجگه له هێندێک شوێن که‌له‌وتۆته سه‌ر پارێزگای هه‌مه‌دان.
سه‌باره‌ت به کردنه‌وه‌ی به‌شی زمانی کوردی له زانکۆی کوردستان «سنه» بێجگه له‌وه‌ی که له سه‌ره‌وه باسمان کرد خۆی هه‌ڵگرێ په‌یامێکی دیکه‌شه که یا سه‌رکۆمار نایهه‌وێ له راده‌ی سه‌لاحیه‌ت و توانایی خۆی له قانوونی بنه‌ره‌تی ئێران‌دا که‌ڵک وه‌ربگرێ و یا له راستیدا سه‌رکۆمار پۆستێکی ره‌واڵه‌تی‌یه‌و هیچ پێگه‌و ده‌سه‌ڵاتێکی نیه. به پێی قانوونی بنه‌ره‌تی ئێران ئه‌سڵی 113 سه‌رکۆمار له دوای رێبه‌ر که‌سی دووهه‌می کۆماری ئیسلامی و له هه‌مان حاڵ‌دا مه‌سئوولی بەڕێوه‌به‌ری قانوونی بنه‌ڕه‌تی ئێرانه. ئێستا ئه‌وەی جێگەی پرسیاره ئه‌وه‌یه بۆ له‌و سه‌فه‌ره‌ی که بۆ له‌و سه‌فه‌ره‌ی که بۆ پارێزگای سنیی کرد ته‌نیا باس له کردنه‌وه‌ی به‌شێک له زانکوی کوردستان ده‌کا بۆ خوێندنی زمانی کوردی له حاڵێک‌دا ئه‌سڵی 15 قانوونی بنه‌ڕه‌تی باس له ئازادبوونی خوێندنی زمانی که‌مه نه‌ته‌وه‌کان ده‌کا، هه‌رچه‌ند ئه‌و ئه‌سڵه له بنه‌ڕه‌ت دا گرفتی داڕشتنی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وه‌ک ئه‌سڵیک له قانوونیی بنەڕه‌تی‌دا هاتووه هه‌تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌کراوه. هه‌ر بۆیه روحانی یا باوه‌ری به‌ه ئه‌سله‌ی قانوونی بنه‌ڕه‌تی نییه یا ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ کردنی نییه، ده‌نا به جێگای مزگێنی کردنه‌وه‌ی به‌شێک بۆ زمانی کوردی له زانکۆی كوردستان که ئه‌وێش روون نییه چۆن جێبه‌جێ ده‌کرێ، ده‌بوایه به پێی قه‌ول و به‌ڵێنییه‌کانی خۆی لانیکه‌م ئه‌و ئه‌سڵه‌ی قانوونی ئه‌ساسی خستبایه بواری جێبه‌جێ کردن و بڕیاری‌دا با که خوێندنی زمانی زگماکی، له پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی له قوتابخانه‌که‌ن خوێندرابایه و بۆ دابین کردنی پێداویسته‌کانی خوێندن بۆدجه‌ی پێویستی دیاری کردبێ، ئه‌وه که‌مترین کاره‌که روحانی ده‌یتوانی بیکا چونکه هیچ هه‌زینه‌یه‌کی قانوونی بنه‌ڕه‌تی ئێرانیان دوای 36 ساڵ جێ به‌جێ ده‌کرد، به‌ڵام هه‌روه‌کی گوترا ته‌نیا مه‌به‌ستی روحانی وه‌ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئه‌وه‌یه که له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، وا پیشان بده‌ن که پیزیشک به ناوی پرسی کورد و مافه‌کانی له ئێران دا له ئاڕادا نییه، ئه‌وه‌تا کوردستان پارێزگایه‌کی سه‌ر به‌خۆیه و ته‌نانه‌ت له زانکوی ئه‌و پارێزگایه‌ش ده‌توانرێ زمانی کوردی بخوێندرێ.
له کۆتایی‌دا پێوێسته ئه‌وه وه‌بیر ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی که ئه‌و سیاسه‌ته زۆر له‌مێژه تاقی کراوه‌ته‌وه شکه‌ستی هێناوه پرسی کورد له رپژهه‌ڵاتی کوردستان پرسی دانیشتوانی چوار پارێزگای «ورمێ، سنه، کرماشان، ئیلام» وه بگره هێندێکیش زیاتره و، ته‌نیا له پارێزگایه‌ک‌دا خولاسه نابێته‌وه و حه‌تا کۆماری ئیسلامی پرسی کورده پرسێکی سیاسی نه‌بینێ رێگەچاره‌ی سیاسی نه‌گرێته پێش و له تێڕوانینی ئه‌منیه‌تی بۆ ئه‌و پرسه نه‌یه‌ته ده‌رێ ناتوانێ به‌و سه‌فه‌ر و سه‌ردان و قسه و به‌ڵێنانیه چاره‌سه‌ری پرسی کورد بکا
لە ژماره ٦٦١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه