یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی رێکخراوێکی مۆدێرن ئه‌وه‌یه که ئامانجێکی روون و دیاریکراوی هه‌بێ. واته بزانێ چی ده‌وێ و له پێناو چیدا خه‌بات ده‌کا.
به‌ر له دامه‌زرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، راپه‌ڕینه‌کانی کورد، که له لایه‌ن مه‌لا و شێخ و ئاغاکانه‌وه به‌ڕێوه ده‌بران، خاوه‌ن پێکهاته‌یه‌کی رێکخراو و ئامانجێکی دیاریکراو و پێناسه‌کراو نه‌بوون. ئه‌و قۆناغه به قۆناغی به‌ر له مۆدێرنی بزاڤی کورد ده‌ناسرێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان وه‌رچه‌رخانێکی گرینگ بوو له بزووتنه‌وه‌ی کورد دا و، فۆڕم و نێوه‌رۆکێکی مۆدێرنی به‌و بزووتنه‌وه‌یه به‌خشی.
حیزبی دێموکرات دوای دامه‌زرانی، خودموختاری ده‌کاته ئامانجی ستراتیژیکی خۆی. ئه‌و ئامانجه له چوارچێوه‌ی کۆماری کوردستان دا ده‌چه‌سپێ. چۆنیه‌تیی باس کردنی ئه‌و کۆماره و پێناسه کردنی له رۆژنامه‌ی «کوردستان»ی ئه‌و کات دا، ئه‌و پرسیاره‌ی لای هه‌ندێک لێکۆڵه‌ر دروست کردووه که ئایا ئامانجی حیزب له‌و سه‌رده‌مه‌دا زیاتر له خودموختاری نه‌بووه؟ ئیستدلالێکی پرسیارئامێزی ئه‌و لێکۆڵه‌رانه ئه‌وه‌یه که ئایا پێکهێنانی کۆماری کوردستان له چوارچێوه‌ی وڵاتێک دا که خاوه‌نی سیستمێکی پاشایه‌تییه، کرده‌ییه؟ مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره تاووتوێ کردنی ئه‌و گریمانه‌یه نییه، ته‌نیا ده‌مانه‌وێ بڵێین که له سه‌رده‌می کۆماری کوردستان دا، هه‌رچه‌ند ئامانجی حیزب خودموختاری بووه و کۆماره‌که‌ش، له راستیدا کۆمارێکی خودموختار بووه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌و ئامانجه به شێوه‌یه‌کی وردی حقووقی-سیاسی پێناسه نه‌کراوه، ئه‌و گریمانه‌ی سه‌ره‌وه دێته ئارا و خوێندنه‌وه‌ی جیاوازیش خۆده‌نوێنن.
له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی 50ی هه‌تاوی دا، پێکهاته‌ی حیزب له لایه‌ن د.قاسملووه داده‌ڕێژرێته‌وه و ئامانجی حیزبیش به شێوه‌یه‌کی وردی حقووقی پێناسه ده‌کرێ که ده‌ره‌تانی هیچ چه‌شنه شیکردنه‌وه و خوێندنه‌وه‌یه‌کی جیاواز له ئامانجی ستراتیژیکی حیزب ناهێڵێته‌وه.
دوای گۆڕانی دروشمی ستراتیژیک له خودموختارییه‌وه بۆ فیدرالیزم، دروشمی دواییش به شێوه‌یه‌ک له به‌رنامه‌ی حیزب دا هاتووه و پێناسه ده‌کرێ که هیچ ناڕوونییه‌ک هه‌ڵناگرێ. ئه‌مه خاڵێکی ئه‌رێنی و تایبه‌تمه‌ندییه‌کی مۆدێرنی حیزبی دێموکراته که ده‌زانێ چی ده‌وێ و تابلۆی داخوازییه‌کانیشی بۆ به‌رامبه‌ره‌که‌ی روون و دیاریکراوه(به بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که ئه‌و ئامانجه چه‌نده کرده‌ییه و به‌ستێنی پراکتیزه‌بوونی له ئێران‌دا چه‌نده له‌باره).
پرسیارێک که لێره‌دا دێته ئارا ئه‌وه‌یه که ئایا حیزبی دێموکرات پێ به پێی هه‌بوونی ئامانجێکی ستراتیژیکی روون، خاوه‌نی به‌رنامه‌یه‌کی بیرلێکراوه‌ی خه‌باتگێڕیی بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه بووه؟ ئایا حیزبی دێموکرات ستراتیژێکی روونی له پرۆسه‌ی خه‌باتی دا هه‌بووه؟ یان زیاتر هه‌لومه‌رجه‌کان رێکارێکی دیاریکراویان به سه‌ردا سه‌پاندووه و حیزبی دێموکرات زیاتر به سه‌ردا که‌وتووه؟ ئایا دۆخی هه‌نووکه‌یی حیزب تا راده‌یه‌ک به‌رهه‌می ئه‌و به سه‌ردا سه‌پان و به سه‌رداکه‌وتنه نییه؟ ئه‌گه‌ر حیزبی دێموکرات له به‌رنامه‌ی خه‌باتگێڕانه‌ی دا و له ره‌چاو کردنی تاکتیکه‌کانی گه‌یشتن به ئامانجی دا، دووربینی و داهاتووبینییه‌کی پلانمه‌ندتری هه‌با، دۆخی له هی ئێستای، جیاواز نه‌ده‌بوو؟
هه‌رچه‌ند شۆڕشگێڕیی خۆی له خۆیدا ئیراده‌گه‌راییه، به‌ڵام ئه‌مه به‌و واتایه نییه که فاکته‌ری ئیراده، ته‌نیا فاکته‌ری یه‌کلاکه‌ره‌وه و دیاریکه‌ره. پێکهاته‌ی ئیراده و هه‌لومه‌رج سه‌نتێزێک به ناوی پلان و سیناریۆی جۆراوجۆر دێنێته ئارا که حیزبێکی شۆڕشگێڕ به گوێره‌ی پێشهاته‌کان، یه‌کێک له‌و پلان و سیناریۆیانه ده‌خاته بواری کردارییه‌وه.
بێگومان له سیاسه‌ت دا و له پرۆسه‌ی خه‌باتێکی سه‌خت دا، زۆر شتی پێش بینی نه‌کراو دێنه‌ئارا. مه‌به‌ست ئه‌وه نییه که رووداو و پێشهاته‌کان خۆیان به باڵای پلان و سیناریۆ بیرلێکراوه‌کانی ئێمه ده‌گرن؛ به‌ڵکوو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه که دانه‌مێنین و بۆ هه‌ر هه‌لومه‌رجێک رێکاری گونجاو و کاریگه‌ر بدۆزرێته‌وه. بێجگه له‌وه‌ش له ره‌وتی خه‌بات دا هه‌ندێک جار هه‌لی چاوه‌ڕواننه‌کراو دێنه پێش، که ئه‌رکی حیزبی خه‌باتگێڕه که بیانقۆزێته‌وه و به گوێره‌ی توانا که‌ڵکیان لێ وه‌رگرێ. پرسیار ئه‌وه‌یه که حیزبی دێموکرات چه‌نده توانیویه‌تی به‌و شێوه‌یه بێ؟
بۆ تێگه‌یاندنی زیاتری بابه‌ته‌که نموونه‌یه‌ک دێنمه‌وه. دوای شۆڕشی ئێران له ساڵی 1357ی هه‌تاوی دا، شه‌ڕێکی چه‌کداری به سه‌ر حیزب دا سه‌پا. حیزبی دێموکرات به‌رگرییه‌کی قاره‌مانانه‌ی کرد و زۆر جار ته‌نگی به کۆماری ئیسلامی هه‌ڵچنی و سه‌رئێشه‌ی جیددی بۆ دروست کرد. پرسیار ئه‌وه‌یه که ئایا ئه‌و به‌رگرییه چه‌کدارییه له چوارچێوه‌ی کۆنتێکستێکی بیرلێکراوه دا، که به شێوه‌یه‌کی گشتی دووره‌دیمه‌نی ئه‌و میتۆده گه‌نگه‌شه کرابێ، به‌ڕێوه‌چوو؟ ئایا له ره‌وتی ئه‌و به‌رگرییه‌دا بیر له‌وه کرایه‌وه که ئه‌گه‌ر له کورت ماوه‌دا، ئه‌و رێکاره ئه‌نجامی لێ نه‌که‌وته‌وه و بۆ ماوه‌یه‌کی به‌ردرێژ کۆماری ئیسلامی له ژێر زه‌ختی چه‌کداری دا نه‌هاته سه‌ر مێزی وتووێژ و، دانی به مافه‌کانی کورد دا نه‌نا، حیزبی دێموکرات چۆن رووبه‌ڕووی ئاڵوگۆڕ و دۆخه نه‌خوازراوه‌کان ده‌بێته‌وه؟ ئایا ئه‌و رێکاره له چوارچێوه‌ی کۆنتێکستێکی فره‌ره‌هه‌ند دا به‌ڕێوه‌چوو که ئه‌گه‌ر رێکاری چه‌کداری مه‌جالی لێ ته‌سک کرایه‌وه، ره‌هه‌نده‌کانی دیکه‌ی خه‌بات چالاک بکرێن؟ ئایا ئه‌و میتۆده به هه‌ڵسه‌نگاندنی وردی هه‌لومه‌رج و توانا و ئیمکاناتی خۆیی و دوژمن ره‌چاو کرا؟ ئه‌و پرسیارانه و چه‌ندین پرسیاری دیکه‌ش له‌وانه‌یه دژواز له‌گه‌ڵ ئه‌و پێناسه‌یه بێ، که بۆ ئه‌و به‌رگرییه چه‌کدارانه‌یه ده‌کرێ. چونکه ئه‌گه‌ر میتۆدێکی خه‌بات به سه‌رت دا سه‌پا و له راستیدا به سه‌ردا که‌وتی و له هه‌ڵبژاردنی دا ده‌خیل نه‌بووی(وه‌ک پێناسه ده‌کرێ)، به تایبه‌ت له سه‌ره‌تاکانی دا ناچێته چوارچێوه‌یه‌کی بیرلێکراوه و پێشوه‌خت ئاماده‌کاری بۆکراو. به‌ڵام ده‌کرا له ره‌وتی درێژه‌کێشانی دا دووره‌دیمه‌نی بۆ وێنا بکرێ و بیر له ده‌ره‌نجام و پلانی جێگره‌وه‌ش بکرێته‌وه.
فه‌لسه‌فه و ئه‌رکێکی حیزبی دێموکرات خۆئاماده‌کردنه بۆ قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی له‌وانه‌یه له داهاتوودا بێنه پێشه‌وه. ئه‌مه‌ش ته‌نیا به کارکردن له سه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی چڕوپڕی خه‌باتگێڕیی و له ژێر تیشکی ستراتیژێکی روونی خه‌بات دا ده‌کرێ. له نه‌بوونی وه‌ها ستراتیژێک دا، هه‌وڵه‌کان له پێناو مانه‌وه‌ی قه‌واره‌یی دا قه‌تیس ده‌بن.
پێویستیی هه‌نووکه‌یی حیزبی دێموکراتی کورستان ئه‌وه‌یه که به قبووڵی ریسک و به ئازایه‌تیی شۆڕشگێڕییه‌وه، بیر له ئاسۆی خه‌باتی بکاته‌وه و به بێ سڵه‌مینه‌وه له شانتاژی ئه‌م لایه‌ن و ئه‌و لایه‌ن، رێکارگه‌لی تازه گه‌نگه‌شه بکا و تاقیان بکاته‌وه. به تایبه‌ت که کۆنگره‌ی 16ی حیزب به‌ڕێوه‌یه و ده‌کرێ ببێته ده‌رفه‌تێک بۆ باس و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و دواجار ساغبوونه‌وه له سه‌ر به‌رنامه‌ی خه‌باتی پێشه‌رۆژ.
دوا قسه ئه‌وه‌یه که وه‌دیهاتنی ئامانجی ستراتیژیکی حیزب یان گه‌یشتن به لانیکه‌می داخوازییه‌کانیش، پێویستی به ستراتیژێکی روونی خه‌بات هه‌یه و له راستیدا ئه‌و دووانه یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن.
لە ژماره ٦٦١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه