حەفتا ساڵ وەکوو شەقامێکی قەرەباڵغ لە شارێکی نیشتمانێکی گەورەدا، دەنگە دەنگ و سرتەکردن بە گوێی شەوانی پڕکاروان و خرمەی پچرانی پشتوێنەکەی شاخ، بەجێمانی جامانە بە برینی ماچکراوی کانیاوەکان، لە دیوار هاتنە دەری قومێک خوێن بە ناونیشانی بێنیشان، لەگڵدا مانەوە و هێشتنەوەی ئەم هەموو نوسراوە بێ سنوورانە، پچران و لێکگرێدانەوە و یەکگرتنەوە و لەتەنیشت یەک بوون و هەتا دوا پێچەسەختەکانی ئەم گەردەنەیە لە حەفتا ساڵدا هەمووی لە گەرووی قەلەمێک و تفەنگێک لە تابڵۆی جامانەیەکدا بە ریز قەتارەیان بەستووە.
نووسینەوەی مێژووی نەتەوەیەک رەنگە زۆر سەرچاوەی جۆراجۆری بوێ و پێویستی بە زۆر لێکۆلەر هەبێ تا لە دەیان و بگرە سەدان قوژبنی ونبوودا بتوانن مێژوو بنووسن و بناسێنن.
حیزبی دیموکراتی کوردستان ئادرەسێک بۆ بوونی مێژووی نەتەوەیەک حیزبێک کە هەر لەیەکەم رۆژەکانی دامەزرانییهوه دەبێتە هۆی شکڵگرتن و بونیادنانی سیستمێکی کۆماری بۆ بەدەوڵەت کردنی گەلەکەی. بۆ ئەوەی ئەگەر هەر نەبێ ژێرخانێک بۆ پێناسەکردنی نەتەوەکەی و میراتێک بۆ بەهێز بوونی ئیرادەی نەتەوەیی تاکەکانی ئەم گەلە بنیات بنێ، یەکەمین کۆماری کوردستان دادەمەزرێنێ و بە خوڵیای کۆکردنەوەی هەموو کوردێک لە ژێر سایەی ئەو ئاڵایەی هەتاکوو ئێستاش بۆ ئەم نەتەوە بە میراتێکی پڕ بایەخ ماوەتەوە، ئەم یەکەم هەنگاو و شوێندانەره که تا ئاستێک مێژوو بۆ هەمیشە سەبتی کردوە و له ههمانکاتیشدا ئامۆژگاری و خهونی یهکهم سهرۆک کۆماری کوردان، پێشهوا قازی محهممهدی نهمره.
لە وڵاتێکی وەکوو ئێراندا کە ئازادی لەگەرووی تەنگی شەوانی تاریکیدا دهخنکێندرا و کەس بۆی نهبوو باس لە رای جیاواز و نەتەوەی جیاواز و مافی وەکوو یەک بکات، خەباتکارانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لهم باروودۆخهدا راسان و، دهنگی ئازادیخوازییان ههڵبڕی و له مێژووی ئهم سهرههڵدان و بهرخودانه، چ لە سەردەمی پاشایەتی و چ لە سەردەمی رێژیمی ئیسلامیدا نابینرێت کە زیندان، یان شاخ و دەربەدەری و گیانبازی نەسیبی تێکۆشەرانی ئەم حیزبە نەبووبێ. نموونەیەکی دیکە لە دوای کۆماری کوردستان هەستانەوەو دهسپێکردنی شۆرشی ٤٦- ٤٧ ه کە هاوشان لەگەڵ شۆرشی گەلانی ئازادیخواز لە سەرتاسەری دونیادا، ڕۆڵەکانی دیموکراتیش نەک هەر له کاروانی ئازادیخوازی و بهرهنگاری به جێ نهمان، بەڵکوو زۆر شوێندانەرتر هاتنە مەیدان، بەجۆرێک کە دەڵێن جەزیرەی ئارامی حەمەرەزا شایان ئاڵۆزاند و بەوکارەش لاپەرەیەکی زێرینیان لە خەبات بۆ ئازادی نەتەوەکەیان تۆمارکرد.
یەکێکی دیکە لەو قۆناغانەی لە حیزبی دیموکراتدا جێگای هەڵوێستە لەسەر کردنە، خواستی ئاشتیخوازانەی پرسی کورد لە دوای شۆرشی 1357ە لەگەڵ تازە بەدەسەڵات گەیشتووانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
پەیامی بەشداری کردنی وەکوو یەک لەدەسەڵات و رەخساندنی مەجاڵ بۆ خۆبەرێوەبەری لە شکڵی خودموختاری بۆ کوردستان یهکێک له سهرهکیترین پهیامهکانی حیزبی دێموکرات بوو.
هێنانە ئارای ئەم پرسە لەگەڵ نوێنەرانی دەسەڵاتی تازە لە تاران ئەو گرینگییەی هەیە کە کورد هیچکات دەستپێشخەر نهبووه بۆ هەڵگیرساندنی شەر، چونکە وەکوو دیارە و بەڵگەکانی لانی کەم لە رۆژنامەی «اطلاعات» و میدیا رەسمیهکانی ئێراندا بڵاو بوونەتەوە نیشان دەدات که نوێنەرانی کوردو لە نێویاندا حیزبی دیموکرات هەموو توانای خۆیان دهخەنە گەڕ بۆ ئەوەی به ههر شێوەیەک بێ، شهڕ ساز نهبێت. هەر لهم پێوهندییهدا شههید دوکتور قاسملوو دهلێ ئهگهر رۆژێک درهنگتر تووشی شهڕ بین ئهوه قازانجمان کروه و ههنگاوێک چوینهته پێش.
قۆناغەکانی ژیانی سیاسیی حیزبی دیموکرات بەرزیو نشێوەی جۆراجۆری بەخۆیەدیوە، ههر له دهورانی خۆبهرێوهبهریی کوردستانهوه بگره تا پاشهکشهو چۆڵکردنی شارهکان به مهبهستی پاراستی گیان و ماڵی هاونیشتمانان له ئاگری شهڕ.
سەرهەڵدانی خەباتی بەرگریکارانەی حیزبی دیموکرات لەبەرامبەر هێرشی هێزه سهرکوتکهرهکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سهر کوردستان، لە دۆخێکدا کە کورد بەگشتی و بەتایبەت حیزبی دیموکرات هەموو هەوڵی خۆی بۆ چارهسهری ئاشتیانە تەرخان کردبوو.
رێژیمی تازەبەدەسەڵاتگەیشتوو کە هەر لە سەرەتاوە هێزی بۆ سەرکوتکردن و بێدەنگکردنی هەموو دەنگە جیاوازەکان خستبووەگەر، بەبێ گوێدان بە مافی بەرحەقی گەلی کورد هێرش و پەلاماریان بۆ سەر کوردستان دەستپێکرد. ئەم شەرە تا ئاستێک بۆ رێژیم گرینگ بوو کە تەنانەت ئایهتووڵڵا خومهینی وهک رێبهری ئهم نیزام و سیستهمه فتوای جیهادی لەدژی گەلی کورد دەرکرد.
لە دۆخێکیوادا ئەوەی بۆ تێکۆشەرانی کورد و رێبەریی بزووتنەوەی کورد مابوەوە بەرگریکردن لە پێناو مانو مەوجوودیەتی نەتەوەکەیان بوو. حیزبی دێموکرات بەلەبەرچاوگرتنی رێزی پێکەوە ژیان و پێکەوەبوونی ئاشتیانەی گەلانی ئێران تەنانەت لەو قۆناغە دژوارەشدا توانا و ئیستعدادی خۆی خستەوە خزمەت ئەو دەنگەی کە رێگای دیاڵۆگ و چارەسەری ئاشتیانە و پێکەوەژیانی گەلانی ئێران رێگەو کۆتا چارهسهره بۆ ئەنجامی ئەم پرسە. بەڵام رێژیمی مەیلی پێکەوە ژیانی لەگەڵ هیچ چەشنە بۆچوون و رایەکی جیاوازتر لە خۆی نهبوو. لەو قۆناغەدا کە بە بەرگریی چەکداری نەتەوەی کورد پێناسە کراوه، ئەوە بەسە بڵێین سهروهرییهک بۆ خهباتی کورد له رۆژههڵاتی کوردستان دروست بوو کە هەتا بە ئەمرۆش خهڵکی کوردستان و خهباتکارانی ئهم میللهته شانازی پێوه دهکهن.
خۆ ئەگەر ئەم پرسیارە لێرەدا بێنینە ئاراوە و وەڵامێکی بۆ دابنێین کە ئەگەر بەرگری چەکدارانەی تێکۆشەرانی کورد و لەنێویاندا حیزبی دیموکرات نهبوایه، پرسی کورد لە رۆژهەڵات لە ئێستادا لەچ ئاست و قۆناغێک دا دەبوو؟ بڵێی ئەو رێژیمەی که رێبەرەکەی بریاری فتوای بەدژی گەلی کورد دەرکردبوو، شتێک بەناوی هۆوییهتی کوردبوون دەهێشتەوە؟
لایەنێکی دیکەی قۆناغی خهباتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لایهنی دیپلۆماسییە. ئەو بەشەی کە رەنگە بکرێت بە خەتێکی زێرین بنووسرێتەوە، لە ههلومهرجێکدا خەباتی کورد لەوپەری بێ پشتیوانیی خۆیدا رووبە جیهانی دەرەوە رۆژگاری دوژواری تێپەر دەکرد، رێبەر و دیپلۆماتی بەتوانای حیزبی دیموکرات شههید دوکتوو قاسملوو بەردی بناغەی پەیوەندییەک دادەرێژن کە تا بە ئێستاش جیهانی دەرەوە پابەند بەو دارشتنە دیپلۆماسیە لەگەڵ نەتەوەی کورد دا دەجوڵێتەوە. لەم بەشەدا پێویستە ئاماژە بەم فاکتە بکرێت کە لە زمان ئورووپاییەکانەوە زۆر گوتراوە کە دوکتوور قاسملوو ئهخلاقی هێنایه نێو سیاسەت. ئەو قۆناغە لە ژیانی سیاسی حیزبێکی وەکوو حیزبی دێموکرات و گەلەکەی نیشانەی سەداقەت لە سیاسەت دا تەنانەت دەکرێ ئەم نازناوە لێرەدا بدەینە پاڵ ئەو بەشە لەتەمەنی حیزبی دێموکرات کە تاکە کلیدی کرانەوەی پرسی کورد بە رووی دنیای دەرەوە لەو سەروبەندەدا بوو، دیپلۆماسییەک کە بە دارشتنی خەتەکەی لە لایەن شههید دوکتور قاسملوو و درێژەدانی لە لایەن دوکتور شەرەفکەندی و رێبەرانی دیکەوه، توانی ببێتە لاپەرهی ئەسڵی و تەنانەت لە بەشێکی مێژوویدا ببێتە هۆی پچرانی پەیوەندیەکانی ئێران لەگەڵ دنیای دەرەوە کە سەرەکی ترین بەڵگەش بۆ ئەو دیپلۆماسیە بەهێزەی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئەم قسەی حەسەن روحانیە کە لە کتێبی ئەمنیەتی هەستەییدا ئاماژەی پێداوەو دهڵی؛ لە دوای رووداوی میکۆنۆس وەزعی دیپلۆماسی ئێران گەیشتە زەعیفترین ئاستی خۆی.
کەواتە دەکرێ بڵێین قۆناغی دیپلۆماسیش هاوشێوەی قۆناغەکانی دیکە کارتێکەری و کاریگەری خۆی لەسەر پانتایی سیاسەت کردن هەم لە ئێران و هەمیش لە کوردستان هەبووە.
ئێستا دوای حەفتا ساڵ خەباتی بێپسانەوە، هێشتاش حیزبی دێموکراتە کە له سهر بنهمای زۆر خوێندنەوەی نوێ و سەردەمیانە لە خهبات و چالاکی دایه. گرینگیدان بە خەباتی مەدەنی و بەهێزکردنی هەموو ئەو دەنگانەی دەتوانن کاریگەری لەسەر بەهێز بوونی دەنگی نارەزایەتی دابنێ، ئاوردانەوە لە یەکگرتوویی و وەرێخستنی حەرەکەتگەلێک لە چەشنی نافەرمانی مەدەنی، هاوشێوەی ساڵەکانی ٨٤ و ٨٦، هەنگاونان بۆ هێنانە ئارای گوتاری نوێ و رەهەندی نوێی خەبات، خوێندنەوەی سەردەمیانە لە خەبات و گەڵاڵەکردنی پرۆژەی رۆژهەڵاتمیحوەری لەراستای بەرۆژەڤ بوونی پرسی کورد لە رۆژهەڵات هاوشان لەگەڵ پرسەکانی دیکەی پارچەکانی کوردستان، رێکخستن و نەزمدان بە هێزی ناوخۆیی و بهگژداچوونەوەی هەر چەشنە پەلامارێک که دهبێته هۆی ئاسمیلەکردنی نەتەوەیی لە رێگای «پارێزەرانی رۆژهەڵات»، گرینگیدان بە بەهێزبوونی زمان و پشتیوانی کردن له هەر هەنگاوێکی فەرهەنگی، ئەدەبی و ژینگهپارێزی و … ههتا دوایی به مهبهستی چالاککردنی چین و تویژه جۆراوجۆرهکانی کۆمهڵگاو کهڵک وهرگرتن له دهرفهتهکان به قازانجی بهرهوپێشبردنی خهباتی گشتیی خهڵکی کوردستان.
ههمووی ئهمانه بەرهەمی خەباتی حەفتاساڵەی حیزبی دیموکراتی کوردستانە. ئەوەی ماوە ئاماژەی پێبکەین ئەو خاڵەیە کە جموجۆڵەکانی ئەم قۆناغە لەخەبات گەیشتۆتە ئاستێک کە لە هەموو بوارە، فەرهەنگی، کلتووری، سیاسی، رۆشنبیری و بەهێز بوونی هەستی نەتەوەیی لە لوتکەی خۆیدایە کە بەشێکی ئەسڵی ئیبتکارەکان لە تواناکانی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا رەنگدەداتەوە.
لە ژماره ٦٦١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه