لە درێژەی کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان بۆ پێداگری لە سەر ویست و داخوازییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و زیندووڕاگرتنی کلتوور و داب و نەریتی نەتەوەیی، رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەستێنی نێوخۆیی خەباتی مافخوازانەدا کۆمەڵێک ئەزموونی باش و دەوڵەمەندی پاشەکەوت کردوە. یەکێک لەم دەرفەتانە کە بۆ ماوەی چەند ساڵێکە خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی تایبەت، لە پێناو پرسە گەورە نەتەوەییەکەدا کەڵکی لێ وەردەگرێت، هاتنی سەری سالی نوێ و نەورۆزی کوردەوارییە.
ئەگەر ٢٠ ساڵ پێش ئێستا خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی بنەماڵە و گرووپی چووک و لە بازنەیەکی زۆر بەرتەسکدا رێوڕەسمە نەورۆزییەکانیان بەڕێوە دەبرد، ئێستا نەورۆز و ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز و سەری ساڵی نوێ، مانا و چوارچێوەیەکی بەررینتری لەخۆ گرتووە. ئێستا ئیدی نەورۆز لە کوردستان تەنیا بۆنەیەکی کلتووری نیە، بەڵکوو وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی سەیر دەکرێ و لە ئاستێکی گشتی و جەماوەریدا، دەکرێتە دەرفەتێک بۆ گەیاندنی کۆمەڵێک پەیامی تایبەتی نەتەوەیی و شوناسخوازانە.
ئەم بۆنە نەتەوەییە وێڕای گەشە و پەرەسەندنی کۆمەڵگەی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵ بەساڵ رێکخراوتر، پڕنێوەرتر و جەماوەریتر بەڕێوە دەچن. رێکخراوە مەدەنییەکان و چالاکان و تێکۆشەرانی بوارە جۆراوجۆرەکانی نێوخۆی وڵات کە لە وەڕێکخستنی رێوڕەسمە نەورۆزییەکاندا ڕۆڵی سەرەکی و بەرچاویان گێڕاوە، هەوڵیاندا بە بانگهێشتکردنی کەسایەتییەکانی کۆمەڵی کوردەواری، سپاردنی بەشی هونەریی ڕێوڕەسمەکان بە کۆڕ و گرووپە لێهاتووەکان و دەوڵەمەندکردنی نێوئاخنی رێوڕەسمەکان بە بەشداریکردنی هونەرمەندان و ئەدیبانی بەناوبانگ و هەروەها بە پێشکەشکردنی وتاری هەڵگری پەیامی نەتەوەیی وتاربێژانی دەروەست بە خاک و خەڵکی کوردستان، ئێعتبارێکی دیکە بەم رێوڕەسمانە بدەن. نێوەڕۆکی ئەو باس و بابەت و بەرهەمانەی کە لەم رێوڕەسمانەدا بڵاو دەبنەوە، هەر هەموویان دەکرێ لە چوارچێوەی ڕەوتی شوناسخوازانەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستاندا خوێندنەوەی بۆ بکرێت کە بەشێکی دانەبڕاوە لە بزووتنەوە گەورە و بەربڵاوە نەتەوەییەکە.
گەورەترین و پڕماناترینی پەیامەکانی ئەم ڕێوڕەسمانە جیا لە هەڵوێست و بەگژداچوونەوەی ئەو فکر و سیاسەتە دژیگەلیانەی کە سیستماتێک و لە لایەن نیزامێکی دژ بە کوردی وەک کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەڕێوە دەچن، “یەکڕیزی” و “یەکگرتوویی”ی نێو ماڵی خۆمان بووە. لەم ڕێوڕەسمانەدا پەیامی “پێکەوەبوون” و “یەکڕیزی” و وەلانانی دووبەرەکی و ناکۆکییەکان لە هەموو بەستێنەکاندا سەرەکیترین و زەرووریترین پەیام بووە. بۆیە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە پایامێکی تایبەتدا بە بۆنەی نەورۆزی ئەمساڵەوە، داوای لە خەڵکی کوردستان کردوە کە بە بەرزکردنەوەی درووشمی؛ “یەکڕیزی و هاوکاریمان، رەمزی سەرکەوتنمانە”، پێشوازیی لە نەورۆزی ئەمساڵ بکەن و رێوڕەسمەکانی ئەم بۆنە نەتەوەییە لە ژێر ئەم درووشم و پایامەدا بەڕێوە بەرن.
هەر لەم پێوەندییەدا لە پایامەکەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هاتوو کە؛ “ئەمساڵیش پێویستە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە ئاستێکی بەرینتردا، بە ناو و دروشم و هێمای تایبەتەوە، یەکگرتووانە بەڕیوە بچن و بکرێنەوە بە دەرفەتێک بۆ گەیاندنی کۆمەڵێک مانا و پەیامی نەتەوەیی و شوناسخوازانە. بۆیە “ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران” هەر وەک لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە چاوەڕوانی لێ دەکرا، لەم پێوەندییەدا یەکگرتووانە و لە سۆنگەی گرینگیدان بە زەروورەتی “یەکریزی” و “پێکەوەبوون” لە هەموو ئاست و بەستێنەکاندا، داوا لە خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانییەوە دەکات:
١- رێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ لە ژێر ناوی “نەورۆزی سەمای ئازادی”دا بەڕێوە بچن.
٢- با درووشمی سەرەکیی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵمان، “یەکریزی و هاوکاریمان، ڕەمزی سەرکەوتنمانە” بێت.
٣- لە ڕێوڕەسمەکان دا لە “جامانە، هەوری و گوڵی سوور”، کەڵک وەربگرین”.
کەوابوو لە هەر وەک لە پەیامی هاوبەشی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیشدا هاتووە: با لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵدا بە لەملکردنی “جامانە و هەوری” و بەدەستەوەگرتنی “گوڵی سوور” و بەرزکردنەوەی درووشمی “یەکڕیزی و هاوکاریمان، رەمزی سەرکەوتنمانە”، “سەمای ئازادی” بکەین و بیسەلمێنین کە لە وەدستهێنانی ماف و ئازادییەکانی خۆمان وەک نەتەوەیەک بەردەوام و شێلگیرین.