سبەی ساڵڕۆژی تیرۆری فەرماندەی ئازای دێموکرات شەهیدی فەرماندە قادر قادرییە لەگەڵ ئەوەی کە ئاوات دەخوازم کۆتا کۆستی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەکەی بێ، و ئیتر چی دیکە خەمی وا ڕوو لە حیزبەکەمان و بنەماڵەی حێزبی نەکا.
دیمەنێکم لە بێوێنەترین دیمەنەکانی کە تا ئێستا بینیومە کردووە بە وشە و ڕەستە و پێشکەش بە ڕووحی پاکی ئەو شەهیدە مەزنە و ورەی بەرزی بنەماڵەی خۆڕاگری دەکەم:
بێدەنگییەک باڵی بەسەر گۆڕستاندا کێشابوو. ئه‌مجاره‌یان بابه‌ڕۆ بابهڕۆیەک لەگۆڕێدا نەبوو. ئه‌مجاره‌یان دوو کچی سه‌ربەرز ، شان به‌شانی هاوسه‌نگه‌ره دڵ پڕماتهمینهکانیتر، ته‌رمی پیرۆزی بابیان له‌سه‌ر شانیان دانابوو و هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌ڕۆیشتن. ئه‌وان به بێده‌نگی خۆیان پڕ به‌و جیهانە هاواریان کرد:
” ئێمه سه‌رمان وه‌ک سه‌ری بابمان پێشمه‌رگانه به‌رزه، ئێمه دەنگی هاواری خه‌ڵک و خاکین. بابمان فێری کردین پێشمه‌رگانه بژین و هاوار بکه‌ین. هاواری ئه‌و ئازارانه‌ی که له دڵی میله‌تێکدا کپ کراون. ئێمە بە بێدەنگیمان ئەو هاوارە دەڵێینەوە. ئێمه پێشمه‌رگه‌ی ئەو فهرماندهرەین که هه‌ر له سه‌ر بێشکهڕا بانگی ئه‌ی ڕه‌قیبی به گوێ داداین و پێی گوتین ئێوە ڕۆڵه‌ی ڕه‌نگی سوور و شۆڕشن.”
کیژۆڵەکان بەدەم هەنگاونان، بە نیگا و بێدەنگی پڕ لە مانا، ئەوکات گوتیان:
“که‌س نه‌ڵێ کورد مردووه، کورد زیندووه، زیندووه تا ئه‌و کاته‌ی به خوێن تاجی ژیان نەخشین بکا. ئێمه ڕۆڵه‌ی فه‌رمانده قادر قادرین. به نه‌وایه‌کی پڕ له غه‌م، بەڵام نەشمیلانه، بە غروورێکی بەرزی پێشمەرگانە، ئەوەی میراتی باب و باپیرمانە، ئەمڕۆ هه‌نگاو دەنێین و بە نیگاکانمان پێتاندهڵێین: تا نووری چاو و هێزی پێمان بمینێ، بەرەو ئاسۆ بەڕێوەدەبین و دێین و دێین و دێین.”
ئه‌وه لەو کاتدا دڵهه‌ژێنترین دیمه‌نی ژیانم بوو که بە دیتنی هێندەیتر فه‌خرم به خۆم و ڕێبازه‌که‌مه‌وه کرد. له‌وانه‌یه مرۆڤ دیمه‌نی له‌وه خەفەتبارتر بینیبێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من دیتم تابۆیەک بوو کە کێژۆڵه نه‌رم و نیانه‌کانی قادر قادری، فه‌رمانده به هێزه‌که‌ی حیزبی دێموکرات شکاندیان. ئەوان بەو تابۆشکێنییە به دنیایان سه‌لماند که خه‌م و مه‌ینه‌ت، زوڵم و تیرۆریش ته‌نانه‌ت، ناتوانێ چۆک به ڕۆڵه‌ی ئه‌و نیشتمانه دابدا.
ئەو ڕۆژە، نه‌شمیل و نه‌وا، دوو کیژی دڵ پڕ له ماته‌م بوون، به‌ڵام بۆ ئێمە به‌هێز و دڵنەوا. ئەوان ڕاوه‌ستاو وه‌ک قه‌ندیل و هه‌یبه‌تسوڵتان، سه‌ر به‌رزه به باوک و نیشتمان، ورەیان بە ئێمە بەخشی. ئاخر بابی ئەوان ڕۆڵه‌ی خاک بوو. پارێزگاری له خاک کرد و بۆ دڵی خاکیش گەڕایەوە. کیژۆڵەکان، نەشمیل و نەوا بە بێدەنگی فرمیسکیان ڕشت، کاتێک ڕوو لە خەڵک وێستان. نەشمیل گەلێک نیان داوای لە ئێمە کرد: “مەگرین! بابی ئێمە سەربەرزە، بابی ئێمە گریانی ناوێ، بابی ئێمە گریانی پێ خۆش نیە، مەگرین! با دوژمن بە گریانمان شادنەبێ. ”
بەڵێ، ئەوکات کیژۆڵەکان به سه‌ربه‌رزیه‌وه ته‌رمی بابیان له‌سه‌ر شانیان دانا و به‌ره‌و گۆڕستانی شه‌هیدان وەڕێکەوتن.
له یه‌که‌م ڕوانیندا هه‌ستم کرد که ده‌بێ شتێک له‌سەر ئه‌م تابۆشکێنییه بنووسم. له‌وانه‌یه مێژووی کورد لە داهاتوودا شاهیدی ده‌یان نه‌شمیل و نه‌وا بێ که به ده‌ستی خۆیان ناچاربن ته‌رمی خۆشه‌ویستانیان بنێژن.
ئه‌مڕۆش دووباره ئه‌و دوو کێژهم دێتەوە. ئەوان وەکوو ڕۆژی ناشتنی تەرمی باوکیان هه‌نگاو به هه‌نگاو بەرەو گۆڕستانی شەهیدان بەڕێوەبوون. نەشمیل و نەوا دیسان بوون بە چقڵ بۆ چاوی نه‌یارانی کورد. مستێکیان له دەمی ئه‌و که‌سانه دا، که پێیان وابوو ڕۆڵه‌ی کورد به‌و ئازارانه پشتی ده‌چه‌مێته‌وه. ئه‌وان ئەمڕۆش له دڵی خۆیاندا بەردەوام دەیانگوتەوە:
” ئێمه ڕۆڵه‌ی فه‌رمانده قادر قادرین. ڕۆڵەی ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی که ئەوەندەی ژیا، به دەیان ڕەوەزی سەختدا هەڵگەڕا و هیچ بەرزاییەک هه‌نگاوی پێ شل نه‌کرد، چونکە ئەو بەرەو ئەستێرەکان ڕێیدەپێوا.”