ساختاری نیزامی سیاسیی لە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا تێکەڵاوێکە لە هێز و دەزگای جۆراوجۆر و هاوتەریب کە لە شکڵی ڕواڵەتی خۆیدا “دەوڵەت” و “حکوومەت”ی لێكەوتۆتەوە. دەوڵەت کە هەمان دەزگای بەڕێوەبەریی وڵات بێت، سەرۆکەکەی دوای پاڵاوتنی لە لایەن “شوورای نیگابان”ەوە کە لە ژێرچاودێریی ڕاستەوخۆی رێبەری نیزام(حکوومەت)دایە، بە دەنگی خەڵک! هەڵدەبژێردرێ.
لە ڕاستیدا “دەوڵەت” لە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، بە مانا سیاسی و گشتییەکەی “بەڕێوەبەر”ی وڵات نیە، بەڵکوو ئەرکی “کاربەرێکەری”ی لە ئەستۆیە و وەک کاتی خۆی سەید محەممەد خاتەمی، سەرکۆماری پێشووتری دەوڵەتی ئیسڵاحات! بە درووستی ئاماژەی پێکرد، سەرۆکۆمار و کابینەکەی جیا لە “تەداروکاتچی”، رۆڵێکی دیکەی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا نیە.
لەم نیزامەدا ئەوەی دەسەڵاتداری ڕەهایە؛ بەیتی رێبەری و کۆی ئەو دام و دەزگا ئەمنیەتی، سیاسی، ئابووری و فەرهەنگیانەیە کە ڕاستەوخۆ لە ژێر چاودێری رێبەری نیزام (وەلایەتی موتڵەقەی فەقیهی) دان کە “حکوومەت”ی پێ دەگوترێ. لە حکوومەتی ژێر چاودێری رێبەردا هێز و دەزگای جۆراوجۆری هاوتەریبی دام و دەزگا “دەوڵەتی”یەکان هەن کە ڕاستەوخۆ دەستێوەردان لە کاروباری دەوڵەت و بەڕێوەبەریی وڵاتدا دەکەن.
ئەم خەسڵەتە لە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە ماوەی ئەم چل ساڵەی دەسڵاتداریی دەسەڵاتی مەزهەبیدا هەر لە سەردەمی یەکەم سەرکۆماری ئەم رێژیمە، واتە ئەبوولحەسەنی بنی سەدرەوە بوونی هەیە تا ئێستا. بەڵام بە پێی شەرایەتێک کە ئەم نیزامە تێی کەوتووە و قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان زیاتر لە هەمیشە دیار و بەرچاون، لە سەردەمی سەرکۆماریی حەسەن ڕووحانیدا ئەم دەستێوەردان و هاوتەریبکارکردنانە زیاتر لە ڕابردوو خۆیان دەرخستووە.
سپای پاسدارانی رێژیم وەک بەشیکی هەرە سەرەکی لە حکوومەت کە وەک باس دەکەن ئێستا دەسەڵاتی بەسەر بەیتی رێبەری و شەخسی عەلی خامنەییشدا هەیە، لە هەموو بوارەکاندا باڵی دەوڵەتی و کابینەی ڕوحانی بەستووە و بێدەسەڵاتی کردوە. سپای پاسداران وەک باندێکی بەهێزی مافیای ئابووری نەتەنیا لە سەر ئاستی نێوخۆی ئێران، بەڵکوو لە سەر ئاستی ناوچەکە، دەسەڵاتێکی بەهێزی ئابووری هەیە؛ زۆربەی دامەزراوە ئابوورییەکانی وڵات لە ژێر کۆنتڕۆلی سپای پاسداران دان، دەروازە سنوورییەکان و بەندەرەکان و سەنعەتی گومرگی وڵات، داهاتەکەی دەچێتە گیرفای سپای پاسدارانەوە، زۆربەی نزیک بە تەواوی پڕۆژە گەورە بەرهەمهێنەرەکان لە هەموو بوارەکانی سەنعەتی، بیناسازی، کشت و کاڵ و سامانە سرووشتییەکان، بەشی سپای پاسدارانیان تێدایە و کڕدراون. بۆیە دەوڵەت لە رووی ئابوورییەوە بە شێوەیەکی نەرم بێدەسەڵات کراوە و کودەتایەکی بێدەنگی لێ کراوە.
لە رووی ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەوە ئێستا سپای پاسداران بە زەبەلاحکردنەوەی بەشی ئیتلاعاتی لە نێوخۆیدا دەسئاوەڵاهێشتنەوەی ئۆڕگانەکانی بەسیج و حەراسەت، بەتەواوەتی ئۆڕگانەکانی دەوڵەتیی وەک وەزارەتی ئیتلاعات، سازمانەکانی دیکەی پێوەندیدار بە زیندانی و زیندانەکانەوە کەم دەسەڵات کردوە و کۆنتڕۆڵێکی تەواوی بە سەر ئەم بەشەدا هەیە. سپای پاسداران بە بەدەستەوەگرتنی کۆنترۆڵی سنوورەکانی وڵات و نێشتەجێکردنی هێزێکی زۆری جیرەخۆی خۆی، تا ڕادەیەکی بەرچاو هێز و دەسەڵاتی ئەرتەش و هێزە ئینتزامییەکانی کە سەر بە دەوڵەتن، کەم کردۆتەوە. بە واتایەکی دیکە ئەوەی ئەمڕۆ لە رووی ئەمنیەتی و سەربازییەوە لەم رێژیمەدا قسەی یەکەم و کۆتایی دەکات سپای پاسدارانە و هێزەکانی دیکەی سەر بە دەوڵەت بێ دەسەڵات کراون.
دوای قەزیەی بەرجام کە دەوڵەتی رووحانی وەک دوایین کارتی کارنامەی کاریی خۆی و دەوڵەتەکەی هەوڵی رووبەڕووبوونەوەی لە گەڵ توندڕەوەکان پێ دەدا، وەک بینیمان خامنەیی و قاسمی سولێمانی وەک یەکێک لە سەردارانی سپای پاسداران، بێ ئەوەی هیچ هەماهەنگییەک لە گەڵ وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتەکەی ڕووحانی بکەن، بە شێوەی ڕەسمی و بە بێبەشداریی وەزیری دەرەوەی دەڵەت، پێشوازییان لە بەشار ئەسەدی سەرکۆماری سووریە کرد کە هەر ئەم ڕەفتارە بووبە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد جەواد زەریفی وەزیری دەورەوەی دەوڵەتی ڕوحانی بۆ ماوەێ دوو رۆژ.
ئەوەی ئێستا لەم وڵاتەدا دەگوزەرێ بە شێوەیەکی نەرم جێبەجێ بووە و تەنانەت دەوڵەتییەکانیش دانی پێدا دەنێن، کودەتای سپای پاسدارانە لە دەوڵەت و بە قەولی خۆیان “جمهوورییەت”ی نیزام.