هەبوونی هیندێک تایبەتمەندی نالێک لە کۆمەڵگا دا، دەتوانێ راشکاوانە بەربەست بێ لە بەرەو چوونە پێشی کۆمەڵگا. تایبەتمەندێک کە لە پڕ دەکەوێتە سەرزاران و جێ باوەڕی ئەندامانی کۆمەڵگا، دەتوانێ رێگر بێ لە پێشکەوتنی خوازراوی کۆمەڵگا دا. ئەو خوو و خدانەی کە بۆتە باوەر و فەرهەنگ لە نێو خەڵک دا،هەر چەند چەشن و چۆنیەتی حوکومەت، هەبوون و نەبوونی ئازادییە تاکێ یە کان و بەکۆمەڵ، شێوەی تێڕوانین بە ئایین، چاوەدێری کردنی مافی ژنان، فۆرمی بنەماڵەو جێ وپێی منداڵان، چلۆنایەتی راهێنان و بارهێنان لە ناوەندەکانی فێرکاریی سەرەتایی، ناوەندی و دانیشگایی، چۆنیەتی بارودۆخی زاڵ بوون بە سەر بنکەو بنیادەکانی راهێنانی عیلمی و گەلێک یاسا و رێسای حاکم بە سەر کۆمەڵگا، هەر کام لەوانە بە نۆبەی خۆیان ولە درێژخایەن دا، راستەو خۆ شوێندانەرن. بە وتەیەکی تر، مێژووی دوور و نیزیکی هەرکۆمەڵگایەک، دەتوانێ شوێندانەرێکی راستەوخۆ بێ لە کۆمەڵگای ئەورۆیی دا. تەنانەت چلۆنایەتیی هەڵکەوتی جوغرافیایی و ئاو و هەواییش، لە شێوەی تێڕوانین و بۆچوونەکانی گشتیی جیهانی یەک کۆمەڵگا دا، رۆڵی خۆی دەگێرێ. روونە، کە بۆ شیکردنەوەی هەر کام لەو باسانەی سەرەوە، پێویستی بە نووسینی دەیان کتێبە. لێرە دا بە کورتی ئاماژە بەچەند خاڵێک دەکرێ کە هۆکارن بۆ رێگرتن لە پێشکەوتنی کۆمەڵگادا.
تاک پەرستی: تاک پەرستی(شخصیت پرستی) لە وەها کۆمەڵگایەک، بە گەورە کردنەوەی کەس یان کەسانێک تا رادەی تاکی ئەفسانەیی و جێی پەرستن، لە بوارەکانی جۆراجۆری کۆمەڵایەتی وەک سیاسەت، هونەر و ورزش، دەبیندرێ. ئەمە هۆکارێکە تا خەڵک وێنەیەکی قارەمان ئاسا لەو کەسەی کە گەورە کراوەتەوە لە مێشکی خۆیان دا جێ بکەنەوەو باوەری پێ بێنن. قارەمانێک کە نە تەنیا هیچ رەخنە و گازندەیەک هەڵناگرێ، بەڵکوو گەورەترین وباشترین و بێ عەیب و هەڵەترینە. بنج و بناوانی ئەو شێوە بیرکردنەوانە، هۆی ناباوەری و لاوازی لە خۆ دا پێک دێنێ. ترس لە وەرگرتنی بەرپرسایەتی و ئەسپاردنەوەی پرسەکان بە کەس یان ئەو کەسانەی دیاری کراون،دەسپێردرێتەوە. لە هەل و مەرجێکی ئاوا رەخساو دایە کە، کەس یان کەسانێک بەرپرسایەتێکان دەقۆزنەوە و مەیدانی ڕمبازێنیان بۆ ئاواڵە دەکرێ و ئەسپی خۆیان لینگ دەدەن و لەو هێزەی بە دەستیان کەوتوە، بۆ سەرکوت و ورد و هاڕ کردنی دژبەرەکانیان و ئەوانەی دەسەڵاتی هێزیان پێبەخشیون، کەڵک وەردەگرن. لە کۆمەڵگایەکی لەو چەشنە دا دەسەڵاتداران، بۆ پاراستن و مانەوەیان لە هیچ کردەوەیەک ناپرینگێنەوە و بە مافی خۆیانی دەزانن. زۆرێک لەکۆمەڵگا دیکتاتۆرەکان لەو بیرەوە سەرچاوەی گرتووە کە حوکومەتەکانی فاشیستی و رەگەزپەرەستی تێیدا سەری هەڵداوە.
پووچی بێ بنەما پەرستی(خورافە پەرستی): لە دەسپێکی ژیانی مرۆڤەوە، باوەر و دان پێدانان بە خورافات، یەکێک لە گەورەترین رێگرەکانی کۆمەڵگای بەشەری بۆ بەرەو رەوتی گەشەسەندن و پێشکەوتن بووە. بیروباوەرێک کە لە نەبوونی زانیاری بۆ چارەسەری گرفتەکانی خۆی و ژینگەیەکی تێیدایە سەرچاوە دەگرێ و تەنانەت تا بە ئەورۆ کە لە دونیای تکنۆلۆژی و هاسانکاری پێوەندێکان داین، لە زۆر کۆمەڵگا دا بەردەوامە. بیر وباوەرێک کە پشتاوپشت هەر لەو کاتەیەوە بەشەر لەو پەڕی نەزانی دا ژیاوە و هەڵگری هەموو بەڵا و نەهامەتێکانی ئاسمانی بوون، ریشەی لە دەروون و مێشکیان داکوتاوە بەجۆرێک کە دەرباز بوون لێی گەلێک سەخت و دژوارە.
ریاکاری و ماستاوچێتی(چاپلوسی): پەرە پێدانی درۆ و برەوی لە نێو کۆمەڵ دا، هۆکارێکی دیکەی نالێکی کۆمەڵگایە. نەدرکاندنی راستییەکان لە گوتار و کردەوە دادەبێتە هۆی گومان و بێ بڕوایی پێوەندیی بنەماڵە و کۆمەڵگا و سیاسەت. لە ژینگەیەکی ئاوا دا، بڕواکان بە یەکتر لاواز و یان هەر نامێنێ و لێرە دایە کە بێ باوەری وهەست بە نەبوونی هێمنایەتی، هەموو کەس و لایەنێک دەگرێتەوە و تۆوی دژایەتی و دڕدۆنگی لە دەروونی ئینسانەکان دادەچێنێ و بەرێکی پووچی بێ کەڵکی وەک بێ باوەڕی لە کۆمەڵگا دا بەدی دێنێ. پەرەپێدانی فەرهەنگی ماستاوچێتی کە لە بە چۆک داهاتنی تاک لە بەرابەر زۆردارانی خاوەن پارە ودەسەڵاتدایە، زەربەی کاریگەر و قەرەبوو نەکراوە بە پێکهاتەی کۆمەڵگا دەگەیەنێ. لێرە دایە کە تاک، هیچ دەرەتانێکی جگە لە دانپێدانانی رواڵەتیش بێ و تەنانەت دەروونی، بە دەسەڵاتداران دا نامێنێ و هەر بۆیە ئەم تاقمە خاوەن هێزە پاوانخوازانە، دەبنە تەنیا پاڵەوانانی گۆڕەپانەکە. ئەم چەشنە خوو و خدانە، راست بێژی وکردەوەی رەوا لە کۆمەڵگا دا زەوت دەکا و پێکهێنەری هەرچی زیاتری نالێکی نێوکۆمەڵگایە.
خۆویستی( خودخواهی): خۆویستی یەکێک لە گرفتە بنەرەتێکانی ئەورۆی مرۆڤە. رەنگە هەڵەمان نەکردبێ ئەگەر بڵێین بەشی هەرە زۆری ئاڵۆزی و نالێکی لەورۆدا لەوەوە سەرچاوە دەگرێ. خۆ بە بنەما دانان و خۆویستی دەبێتە هۆی بێ مبالاتی مرۆڤەکان لەکاتی هاتنە پێشی گرفت و ئێش و ئازاری ئینسانەکان تەنانەت سەبارەت بە خزم و کەس وکار. پاراستنی بەرژەوەندی تاکە کەسی بە سەر بەرژەوەندییە گشتییەکان، هۆکارێکی دیکەی رێگری پێشکەوتنە. دابەش کردنی عادڵانەی دارایی و سەروەت لە نێو کۆمەڵ دا، لەشەرتەکانی بنەرەتی کۆمەڵگایە کە لەو دا هەموو چین و توێژەکان ژیانێکی مام ناوەندی ولە هەمان کات دا لە ئاسایش دا بژین. بەڵام کەم نین ئەوانەی زۆر زەنگین و خاوەن سەرمایەی لە حیساب نەهاتوون، کە چی حازر نین چووکترین یارمەتی بە کەس بگەیەنن، تاچ دەگا بەوەی یارمەتیدەری دەرد و ئازارەکانیان بن .
ئینسانی بخۆر و بێ بەرهەم( ئینسانی مەسرەفی): لە کۆتایی دا دەکرێ بڵێین چوونە سەری زۆری بخۆریو کەڵک وەرگرتن لە هەموو پێداویستییەکانی ژیان، بێ ئەوەی مرۆڤەکان بۆ خۆیان خاوەن بەرهەم بووبن، هۆکارێکی دیکەی نالێکی یە کە لە کۆمەڵگایەکی ئەوتۆ دا ئینسانەکان هەر چی زیاتر لێک نامۆ دەبن. ئەو نامۆیی یە، دەبێتە هۆی بێگانە بوون بە خۆ وهەروەها جێگۆرکێی شتە بێ کەڵکەکان بە جێگای شتە بایخدارەکان. لە رۆژگاری ئیستا دا، ئینسانەکان کەرەسە بایخدار و گرینگەکانی ژیانیان وەپشت گوێ داوە و لە بیر کردووە.
بزەیەکی لە دڵەوە را، تەبا و رەبایی نێو بنەماڵە، ئەوین و خۆشەویستی، ناتوانی بکڕی ئەگەر زەنگینترین کەسیش بی.
سەرچاوە: برومند حشمتی، فوق لیسانس زمانناسی لە دانیشگای ئوپسالای سوئێد
وەرگێڕان لە فارسییەوە بۆ کوردی: حەسەن ئەهوەن ـ ستۆکهۆڵم