بە بۆنەی ٢ی ڕەشەممە، رۆژی جیهانیی دایکییەوە، ئەمساڵ رۆژهەڵاتی کوردستان تایبەت لە ساڵانی پێشتوو خۆی دەرخست. لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستان بەم بۆنەوە رێوڕەسمی تایبەت بەڕێوەچوون. لەم پێوەندییەدا ناوەندەکانی فێرکاریی زمانی کوردی، ناوەندە فەرهەنگی و مەدەنییەکان، مامۆستایانی بەشێک لە قوتابخانەکان، فێرکارانی زمانی کوردی، هونەرمەندان و هەروەها کەسایەتییە ئەدەبی، ئایینی و فەرهەنگییەکانی کوردستان رۆڵی سەرەکی و بەرچاویان گرتبووە ئەستۆ.
نێوەرۆک و شێواز و پێکهاتەی ئەم رێوڕەسمانە کە لە مزگەوتەکان و قوتابخانەکان و تالارە تایبەتییەکاندا بەڕێوەچوون، هەڵگری کۆمەڵێک پەیام و نیشانەی تایبەت و لە هەمانکاتدا دڵخۆشکەرن کە جێی خۆیەتی ببیندرێن و سەرنجیان بدرێتێ. ئەگەر ساڵانی پێشووتر ئەم رێوڕەسمانە لە بازنەیەکی بەرتەسک و بە بەشداریی کۆمەڵە خەڵکێکی تایبەتەوە بەڕێوە دەچوون، ئەمساڵ ئەم ڕێوڕەسمانە لە ئاستێکی جەماوەری و بەربڵاودا بەڕێوەچوون کە بە چاولێکردن لە تەرکیب و پێکهاتەی ئەم رێوڕەسمانە، دەبینین کە زۆرێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری لەم رێوڕەسمانەدا حزووریان هەیە و شێوازێکی گشتگیرتریان بەخۆوە گرتووە.
ئەم بەجەماوەریبوون و گشتگیربوونە کە لەم چەند ساڵانەی دواییدا زیاتر بە رەفتاری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو بۆنە و بەستێنەکانی تێکۆشاندا دەبیندرێ، لە پێوەندی لە گەڵ رۆژی جیهانیی زمانی زگماکیدا ڕاست بەو مانایە دێت کە بەخۆشییەوە خەڵکی کوردستان زیاتر لە هەمیشە بەدوای ناسنامەی نەتەوایەتییی خۆیەوەیە. هەر ئەم خاوەندارێتییە جەماوەرییە لە زمانی کوردی، نیشانەی بەرزیی ئاستی شعووری نەتەوەیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە خانەی پرسە گەورە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەدا – کە هەمان خەبات و بزووتنەوەی نەتەوەیی خەڵکی کودستانە – جێ دەگرێت.
وەک لە زۆربەی ئەم ڕێوڕەسمانەدا دیار و بەرچاوە، ناوەندەکانی فێرکاری، ئەنجومەن و رێکخراوە فەرهەنگیی و مەدەنییەکان، رۆڵی سەرەکییان لە پێکهێنان و رێکخستنی ئەم رێوڕەسمانەدا گێڕاوە. ئەوان بە دەستی بەتاڵ و تەنیا بە هیمەتی خۆبەخشانەی کۆمەڵێک خەڵکی نیشتمانپەروەری دەروەست بەرانبەر بە زمان و پێناسەی ئەم نەتەوەیە، سەرەڕای دنیایەک بەربەست و تەگەرەی جۆراوجۆری یاسایی، کەمیی ئیمکانات و گوشاری هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیم بۆ سەر چالاکییەکانیان، ساڵانە بە هەزاران کەس بەتایبەت منداڵان فێری خوێندن و نووسینی زمانی کوردی دەکەن و، بە کردوە بەشێکن لە تێکۆشەرانی بزووتنەوەی شوناسخوازانەی خەڵکی کوردستان. هەوڵ و تیکۆشانی چەندین ساڵەی ئەم کەسانە بە تاک و لە چوارچێوەی ناوەند و ئەنجوومەن و رێکخراوەی جۆراوجۆری فەرهەنگی و مەدەنیدا، ئێستا بەرهەمەکەی جیا لە فێرکردنی دەیان هەزار کەس کە دەتوانن بە زمانی دایکیی خۆیان بنووسن و بخوێننەوە، بۆتە دەستەبەرکردنی متمانەیەکی لەبڕاننەهاتووی کۆمەلگەی کوردستان. ئێستا کۆمەڵگە بە تەواوەتی متمانەی بەم ناوەند و ئەنجومەن و رێکخراوانە هەیە و هەر ئەم گشتێگربوون و جەماوەریی بوونەی ڕێوڕەسمەکان، سەڵمێنەری درووستبوونی ئەم ئیدیعایەیە.
پەیداکردنی گرینگایەتیی رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتری زمانی کوردی لە کۆمەڵگەی کوردستان سەرەڕای پشتگوێخستنی لە لایەن نیزامی زاڵ بە سەر کوردستان و قەدەغەبوونی لە ناوەندە دەوڵەتی و ڕەسمییەکان، ڕاست نیشانەی بوونی ئیرادەیەکی لێبڕاوی نەتەوەییە کە بە بێگوێدان بە هەرچەشنە بەربەست و تەگەر و هەڕەشەیەک، رێی خۆی دەپێوێ. ئەوەی لەم ساڵانەدا لە شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پێوەندی لە گەڵ خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی لە نێو منداڵانی کوردستاندا کراوە، کارێکی پڕبایەخی ریشەییە کە بێگومان، لە داهاتوویەکی نەزۆر دووردا، کاریگەرییەکانی لەسەر گەشەی کۆمەڵگەی کوردستان دەردەکەوێت. بۆیە جێی خۆیەتی وێڕای گرینگیدان بە کۆمەڵگەی مەدەنی، رێکخراو و ناوەندەکانی فێرکاری بە پەرەدان بەم ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییە، بەچاوی رێزەوە بڕواندرێتە زەحمەت و تێکۆشانی تەواوی ئەو کەسانەی کە لەم بوارەدا دەروەستانە کار دەکەن.
رێز و پێزانین بۆ تەواوی ئەو مامۆستایانەی کە لەم بوارەدا ئەرکی قورس و گران و پڕبایەخی فێرکردنی زمانی کوردییان گرتۆتە ئەستۆ و سپاس و پێزانین بۆ هەموو ئەو کەس و کەسایەتیانەش کە لەم پێوەندییەدا هاوکار و پشتیوانن.
ئەوەی لە کۆتاییدا ماوەتەوە و زۆر جاریش چالاکانی بواری فێرکاریی زمانی کوردی بە تاک و لە چوارچێوەی ناوەندەکاندا باسی لێوە دەکەن، کەمتەرخەمیی کەسانی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووی کوردستانە کە وەک پێویست هاوکار و پشتیوان نین. بۆیە ئەرکی کەسانی دەستڕۆیشو و دەوڵەمەندەی کوردستانە کە لەم پێوەندییەدا دەست و دڵئاوەڵا بن و بە یارمەتی و پشتیوانییە ماڵییەکانیان، ببنە بەشێک لە ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانیە.
***
* سەردێری ئەم وتارەم لە سەردێری یادداشتێکی مامۆستا و هاوڕێی خۆشەویستم کاک قادر وەرگرتووە.