دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ڕۆژ بە ڕۆژ هەتا دێ بەرەو ئاڵۆزی دەچێ، لەوەتا قازانجی نەوت و و کانگاکانی ژێر زەوی وەک پاروویەکی چەور بۆ وڵاتانی زلهێز کەوتۆتە بەرچاو؛ ساڵ نییە شەڕ و کێشە و ئاژاوە لەو ناوچە جوغڕافیاییەدا نەیێتە ئاراوە، بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا و بە هاتنەسەر کاری دەستەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نەک هەر شەڕ و گرفتەکانی ناوچەکە لە کەمی نەداوە، بەڵکوو ئاشتی و سەقامگیری و ژیانێکی ئاسوودە لە گەلانی ئەو ناوچەیە ڕەوگیر کراوە و، ئەم ڕێژیمە و سەرکردەکانی دژی سیاسەتی پێکەوە بوونی گەلانی ناوچەکەن و مانەوەی خۆیان دە ئاژاوەی وڵاتاندا دەبیننەوە. ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆتە مەیدانی ڕمبازێنی وڵاتانی زلهێزی وەک (ئەمریکا، فەڕانسە، بریتانیا، ئاڵمان، ڕوسیە و …). دەتوانم بڵێم پڕۆژەی یەکدەست کردنی ئەو ناوچەیە لەلایەن ئەو وڵاتانە بە نیوەچڵی ماوەتەوە؛ بۆ وێنە چاو لە وڵاتانی ئەفغانستان، عێڕاق، سووریە و … بکەین کە هەتا ئێستاشی دەگەڵ بێ وەک پێویست نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵی وەزعەکە بکەن. تەنانەت بەجۆرێک بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی گرووپە ڕادیکاڵ و تێرۆریستەکانی وەک، ئەلقاعیدە، تاڵەبان، حیزبوڵڵا و لەم دواییانەشدا داعش. مەترسییەکانی ئەو گرووپانە وایان کرد، وڵاتان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا هاوپەیمانییەک پێکەوە ببەستن بۆ لەنێو بردنی ئەو ڕەوتە توندئاژۆیانە. لەو ئاڵۆزیانەی کە هاتنە پێش دەرفەتێک بۆ گەلی کورد بە تایبەتی لە باشوور و ڕۆژئاوا ڕەخسا کە ئەوانیش توانیان هەتا ڕادەیەکی باش بیقۆزنەوە و کەلکی باشی لێوەربگرن. ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە ئەو وڵاتانەی کە نەتەوەی کوردیان تێدا نیشتەجێ بووە، هەست بە مەترسی بکەن و هەر ڕۆژە بە بیانوویەک هەڕەشە بۆ ئەو ئەزموونانە بکەن کە کورد بە دەستیان هێناوە. ئەو وڵاتە دژە کوردانە پێیان وایە کە داواکردنی مافی ڕەوای کوردان هێڵی سوورە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتی خۆیان کە بە تایبەتی ڕۆڵی پڕ لە فرت و فێڵ و ئاژاوەی ئێران لە هەمووان پترە. هەر بۆیە ئەو کردەوانەی ئێران چ لە ئاستی دەرەوە و چ لە نێوخۆشدا، توانیویەتی بەشێک لە وڵاتانی جیهان بێنێتە سەر ئەو قەناعەتە کە دەبێ بەرەو ڕووی ببنەوە. بۆیە لە ٢٤ و ٢٥ی ڕێبەندان کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی زیاتر لە ٦٠ وڵاتی جیهان لە وەرشۆ پێتەختی لەهێستان بەڕێوە چوو زیاتر بەمەبەستی پێداچوونەوە بە هەژموونی و دەستتێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە و جیهان، پرسی چەکی ناوەکی، مووشەکە دوورهاوێژەکان، یارمەتی دانی هێزە تێرۆریستییەکانی جیهان و … بوو. سەیر ئەوەیە لە قسەی کاربەدەستانی باڵای ئێران هەموو ئەو تاوانانە ڕەد دەکرێنەوە و تەنانەت بە پێچەوانەی ڕای جیهانی بەرهەڵستی ئەو وتانە دەبنەوە، هەر ئەم ڕۆژانە دیسان لە کۆنفرانسی ئاسایشی مونیخ جەواد زەریف باس لە مافی مرۆڤ و پشتیوانیی خەڵکی ئێران لە کۆماری ئیسلامی دەکا یا خامنەیی لە بەیاننامەکەی ٢٢ی ڕێبەنداندا باس لەوە دەکا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران حکوومەتێکی بە بەزەیی و لێبوردەیە تەنانەت هیچ کات تووشی زێدەڕەویی و توندئاژۆیی نەبووە، لە سەرەتاوە تا ئێستا نە بێڕەحم و نە خوێنڕێژ بووە! کاربەدەستانی وڵاتان وڵامی ئەو چەواشەکارییانە دەدەنەوە هەڵبەت زیاتر بەرپرسانی ئیسڕاییلی و ئەمریکایین کە وڵام دەدەنەوە وەک جان بۆڵتۆن کە لە دوایین پەیامدا بە ناوهێنانی خامنەیی دەڵێ: “ئاغای خامنەیی باوەڕ ناکەم بەو قسانە بتوانی ساڵێکی تر ساڵڕۆژێکی ترت لەبەردەم دابێ.” یا مایک پۆمپێئۆ و باقی کاربەدەستان و سێناتۆرەکانی ئەمریکا ڕۆژانە بە جیا پەیام دەنێرن و پشتیوانیی مافی ڕەوای خەڵکی ئێران دەکەن. ئەوان پێیان وایە ٤٠ ساڵ گەندەڵی، ٤٠ ساڵ سەرکوت و ئەشکەنجە، تێرۆر، چەوساندنەوە، ٤٠ ساڵ هەژاری و نەداری بۆ خەڵکەکەی، مەحکوومە بە نەمان و لەنێوچوون. خەڵکی ئێران شایستەی ئەوەن دواڕۆژێکی باشتر و ڕووناکتریان هەبێ. وڵاتانی بەشدار لە کۆبوونەوەی وەرشۆ ئەوەیان سەلماند کە بەشی زۆری جیهان دژی سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە و، هەڕەشەکانی بۆ سەر جیهان بە تایبەت بۆ سەر ئیسڕاییل مەترسیدارە. کۆی ئەم هەڕەشانە کە بەشی هەرە زۆری لەسەر شانی کۆماری ئیسلامییە، دۆخەکەی مەترسیدار کردووە و، هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوە کە بەهەزاران تۆن چەک و تەقەمەنی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بفرۆشرێ. دەراویشتەی ئەم کەشە زاڵە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاگر و ئاسن و کوشتار و کۆچی خەڵک بووە. هیوادارم ئەو دانیشتنانەی کە ئەم یەک دوو حەوتوویە لە جیهان و لە ئاستێکی بەرز کراون و بەشی هەرە زۆریان باسی مەترسیی ئێران بووە، ببێتە هۆی گۆڕانی ئەو نیزامە دیکتاتۆر و خوێنڕێژە لە هەمان کاتدا ئێمەی کوردیش بە یەکگرتوویی قۆناغی دوای نەمانی ئێران بە شێوەیکی بێ کەند و کۆسپ درێژە پێ بدەین.