ڕێبه‌ندانی 1361ی هه‌تاوی وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی مهرگهساتێكه له مێژووی گه‌لی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و لاپه‌ڕه‌یه‌كی له‌بیرنه‌كراوه له كارنامه‌ی ڕه‌ش و پڕ له شووره‌یی كۆماری ئیسلامی‌دا؛ مێژوویه‌ك كه پڕه له جینایه‌ت و تڕاژێدی دژی گه‌لی كورد. گه‌لێك كه بۆ ڕزگاربوون له ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی و له‌گۆڕنانی دیكتاتۆری و چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، هاوشان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئێران ڕاپه‌ڕیبوو و خوازیاری ئازادی و سه‌ربه‌ستی بوو له نیشتمانی خۆیدا، گرفتاری ده‌سه‌ڵاتێكی خوێنڕێژتر و مه‌رگ هێنه‌رتر بۆوه كه له پێناو پاراستنی پێگه و ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵێك مه‌لای دواكه‌وتوو و مرۆڤكوژ و له هه‌مان كاتدا فاشیست، ده‌ستی بۆ دڕندانه‌ترین و وه‌حشیانه‌ترین شێوازه‌كانی له‌نێوبردنی گه‌لی كورد برد كه تا ئێستاش تارماییه‌كان له سه‌ر ئه‌و جینایه‌تانه چ له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و چ له ئاستی ڕای گشتی له ئێران و ته‌نانه‌ت ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیشدا نه‌ڕه‌ویونه‌ته‌وه و ئەم جینایەتانە لە شێوەی جۆراوجۆردا هەر بەردەوامن.
خستنه‌ڕووی ئه‌و مه‌رگه‌ساتانه‌ی كه كۆماری ئیسلامی له ساڵانی سه‌ره‌تای شۆڕش و تا ئێستاش دژ به گه‌لی كورد خوڵقاندوویه، كارێكی دژواره و پێویستی به لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد و بابه‌تییانه هه‌یه. ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییانه‌ی له ناوچه جۆراوجۆره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان دژ به خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و به‌مه‌به‌ستی قڕكردن و تواندنه‌وه‌ی گه‌لێك به فه‌رمانی خومه‌ینی و له لایه‌ن پاسداڕه نه‌خۆش و قین له دڵه‌كانی كلیل به مله‌وه، به به‌رچاوی كوێری ویژدانی مرۆڤایه‌تی و گوێی كه‌ڕی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ئه‌نجام دران، هێنده سامناك و دڵته‌زێنن كه زمان له گێڕانه‌وه‌یاندا لاڵ و قه‌ڵه‌م له نووسینه‌وه‌یاندا كوله.
دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو هه‌وڵه ئاشتیخوازانه‌كانی نوێنه‌رایه‌تیی گه‌لی كورد بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد و وه‌دیهێنانی مافه‌كانی له‌گه‌ڵ ڕێژێمی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی خومه‌ینی شكستی پێ هێنرا و تاریكپه‌رستانی تاران به ئاگر و ئاسن هێرشیان كرده سه‌ر كوردستان، به‌رگریی ڕه‌وای پێشمه‌رگه له هه‌موو ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌ستی پێكرد، به شێوه‌یه‌ك كه ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران هه‌ر زوو بۆیان ده‌ركه‌وت كه گه‌لی كورد ناچێته ژێر باری سیستمی ئیدۆلۆژیك و سه‌ده نێوه‌ڕاستیی دینیی مه‌لاكان. هه‌ر بۆیه ئاخونده‌كانی تاران سیمای ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان خسته‌ڕوو و به تۆپ و تانگ و ئاگر و ئاسن كه‌وتنه گیانی گه‌لی كورد و به ده‌یان هه‌زار ڕۆڵه‌ی كوردیان كرده قوربانیی فاشیزمی مه‌زهه‌بیی فارس و تورك.
یه‌كێك له تاڵترین و دڵهه‌ژێنترین جینایه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی له ڕۆژی 7ی ڕێبه‌ندانی 1361ی هه‌تاوی ڕووی دا. له‌و ڕۆژه سارد و شوومه زستانییه‌دا، پیاوكوژه‌كانی خومه‌ینی له ژێر ڕێنوێنیی ئایینیی ئهربابهكانیان و به فه‌رمانی فاشیزمی تورك_ فارسی ده‌سه‌ڵاتدار هێرشیان كرده سه‌ر ئاواییه‌كانی قه‌ره‌گۆل و سه‌وزی و سه‌رچنار له ناوچه‌ی چۆمی مه‌جید خانی شاری مه‌هاباد. ئه‌وه له كاتێكدا بوو زۆربه‌ی پیاوانی ئه‌و گوندانه به دوای شه‌ڕی قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه له ناوچه‌كه‌دا، بۆ پاراستنی گیانیان له ده‌ست شه‌وپه‌رستانی تاران به ڕۆژ ماڵیان چۆڵ ده‌كرد و به شه‌و ده‌گه‌ڕانه‌وه ماڵه‌كانیان. ئه‌وان له‌مێژ نه‌بوو شاهیدی كۆمه‌ڵكوژیی قاڕنێ و قه‌ڵاتان و ئیندرقاش و ده‌یان ناوچه‌ی دیكه‌ی كوردستان ببوون و، باش له دڕنده‌یی و بێڕه‌حمیی چه‌كدارانی خومه‌ینی تێگه‌یشتبوون كه چۆن وه‌حشیانه و به‌بێ له‌به‌رچاو گرتنی هیچ به‌هایه‌كی ئینسانی ته‌نیا بۆ كوردكوژی هاتبوونه كوردستان، تا به پیل فه‌توا شوومه‌كه‌ی حه‌ڵاڵكردنی خوێنی كوردان له لایه‌ن پیره خهرفاوهكهی جه‌ماران بێن و به وته‌ی خۆیان «كفر» له‌نێو به‌رن. هه‌ر بۆیه هه‌موو ڕۆژێ له سه‌رما و سۆڵی زستاندا و به نێو به‌فری ڕێبه‌نداندا ناچار بوون به‌ره‌به‌یانیان به‌پێیان له ماڵ وه‌ده‌ر كه‌ون و ئاواره بن. چونكه ده‌یانزانی ڕێژێم به دوای شكستی هێزه مشه‌خۆره‌كانی و بێده‌ره‌تانیی به‌رامبه‌ر وره‌ی پۆڵایینی پێشمه‌رگه، تۆڵه له خه‌ڵكی بێدیفاعی ناوچه ده‌كاته‌وه و ڕه‌حم به هیچ كه‌س ناكا.
سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی 7ی ڕێبه‌ندان سپای تاوان و كوردكوژی پاسداڕان، نه‌بوونی پێشمه‌رگه له ناوچه‌یان به ده‌رفه‌ت زانی و به شێوه‌یه‌كی مه‌غوول ئاسا هێرشیان كرده سه‌ر گونده‌كانی قه‌ره‌گۆل و سه‌وزی و سه‌رچنار و به ده‌یان كه‌س له خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی ئه‌و گوندانه‌یان ته‌نیا به تاوانی كوردبوون خه‌ڵتانی خوێن كرد. له‌و كۆمه‌ڵكوژییه هه‌ژێنه‌ره‌دا له گوندی سه‌وزی پێنج كه‌س، له گوندی قه‌ره‌گۆل 18 كه‌س و له گوندی سه‌رچنار زیاتر له بیست كه‌سیان به‌وپه‌ڕی دڕنده‌یی و به‌به‌رچاوی ژن و منداڵه‌وه گولـله‌باران كرد. پاسداڕه ترسهنۆكهكانی ڕێژیم كه له ئاست ئازایه‌تی و نه‌به‌ردی پێشمه‌رگه‌دا ده‌سته‌وه‌ستان و داماو بوون، به‌و شێوه‌یه خه‌ڵكی بێدیفاعیان كرده ئامانج و تاوانێكی گه‌وره‌یان خوڵقاند كه هه‌رگیز له بیره‌وه‌ریی جه‌معیی خه‌ڵكی چۆمی مه‌جیدخان ناسڕێته‌وه. قوربانیانی ئه‌و ڕووداوانه كه له مێرمنداڵه‌وه بگره تا پیری ته‌مه‌ن هه‌شتا ساڵیان تێدا بوو، بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ڕۆژ له نێو به‌فر و سههۆڵبهنداندا كه‌وتبوون و كه‌س نه‌یده‌توانی به خاكیان بسپێرێ تا سه‌ره‌نجام له ئاواره‌یی و نه‌بوونی پیاوانی ئه‌و گوندانه‌دا، ته‌رمی زۆربه‌ی شه‌هیده‌كان له لایه‌ن شێره‌ژنان و شێره كچانه‌وه ته‌سلیم به خاكی نیشتمان كران.
دوژمنانی گه‌ل كه به خه‌یاڵی خۆیان بۆ چاوترسێن كردنی خه‌ڵكی ناوچه و هێزی پێشمه‌رگه ئه‌و تاوانه گه‌وره‌یه‌یان خوڵقاند و ده‌یان دایك و خوشكیان جه‌رگ سووتاو و ده‌یان منداڵیان بێ باب كرد، به‌و كاره‌یان نه ته‌نیا نه‌یانتوانی بیری مافخوازی و پێشمه‌رگانه له خه‌ڵكی ئه‌و گوندانه و سه‌راسه‌ری كوردستان بسڕنه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه بوونه هۆی كڵپه سه‌ندنی هه‌رچی زیاتری ڕوحی شۆڕشگێڕی و به‌گژداچوونه‌وه.
دوای تێپه‌ڕبوونی 36 ساڵ به سه‌ر ئه‌و كاره‌ساته دڵته‌زێنه‌دا و ده‌یان و سه‌دان جینایه‌تی دیكه‌ی كۆماری ئیسلامی، ئێستا گه‌لی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان زیاتر له هه‌میشه له سه‌ر مافخوازی و داوا نهتهوایهتییهكانی سووره. دوای تێپه‌ڕینی 36 ساڵ به سه‌ر كاره‌ساتی كۆمه‌ڵكوژیی قه‌ره‌گۆل و سه‌وزی و سه‌رچنار، یاد و ناوی شه‌هیدان به‌رز ڕاده‌گرین و سه‌ری ڕێز و كڕنۆش بۆ بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان داده‌نوێنین.