[ئاماژە: ئارچیبالد ڕۆزڤێلت، ئەفسەرێکی بەشی زانیارییەکانی ئەمریکا یەک لەو کەسانە لە کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستان و ئازەربایجاندا سەردانی کردوون و لە نیزیکەوە پێشەوا قازی محەممەد، سەرکۆماری کوردستانی بینیوە و لەگەڵی وتووێژی کردووە. ڕۆزڤێلت زۆر بە وردبینییەوە بەدواداچوونی بۆ ڕووداوەکانی ئێرانی دوای شەڕی دووهەمی جیهانی کردووە و بایەخێکی تایبەتیی بە «کۆماری کوردستان» و تایبەتمەندییەکانی ئەو یەکەم کیان و دەوڵەتە سیاسییەی کورد داوە و جیا لەوەی بەشێک لە کتێبەکەی _حەزی فێربوون_ی بۆ تەرخان کردووە، لە ناوەندە ئاکادمی و بڵاوکراوەکانی ئەمریکاشدا بابەتی لەسەری نووسیون. ئەم بابەتەی خوارەوە نووسینێکی ڕۆزڤێڵتە لەسەر کۆماری کوردستان کە لە گەلاوێژی ساڵی 1326دا و لە بڵاوکراوەی “The MIDDLE EAST JOURNAL” دا بڵاو بووەتەوە و هەڵگری زۆر خوێندنەوە و زانیاریی بەنرخە لەسەر پێگەی کۆماری کوردستان و کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد.]
تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی قازی محه‌ممه‌د و کۆماری کوردستان
دوای ئه‌و ڕووداو و ناکۆكییانه، قازی محه‌ممه‌د وه‌ک ئه‌وه‌ی په‌رژینێکی ئاسنی به ده‌وری خۆیدا کێشابێ، هیچ چه‌شنه شانس و ده‌رفه‌تێکی ئه‌وتۆی بۆ چاو‌دێر و کاربه‌ده‌ستانی سۆڤییه‌ت نه‌هێشته‌وه که به‌لای وڵاته‌که‌یدا بێن. سه‌باره‌ت به‌مه‌ش که ئینگلیسییه‌کان بارزانییه‌کانیان له عێراق ده‌رکردبوو، له‌وانیش تووڕه بوو. سۆڤییه‌ت به بڵاوکردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی دژی ئینگلیس و ده‌سنیشانکردن و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی پێشووی مێژووی کورد، که کورده‌کان پێیان وابوو له ڕابردوودا قوربانیی هه‌لپه‌رستیی ئینگلیس ببوون، جه‌وێکی ئه‌وتۆی له‌دژی ئه‌وان پێک هێنابوو که ئینگلیسییه‌کان له خۆیان ڕانه‌ده‌دیت سه‌ردانێکی کۆماری چووکه‌ی کورد بکه‌ن.
له کات و ماوه‌ی لێک جیاوازدا چوار ئه‌مریکایی و فه‌ڕانسه‌وییه‌ک سه‌ریان له قازی محه‌ممه‌د دا، ئه‌وان کۆماری کوردستانیان وه‌ک دیارده‌یه‌ک که له حاڵی له‌نێوچوون دایه هاته بەرچاو.
سه‌ره‌ڕای که‌موکوڕی و نه‌بوونی هیچ جۆره چوارچێوه‌یه‌کی یاسایی، دیسانیش حکوومه‌تی دیفاكتۆی قازی محه‌ممه‌د له ڕاستیدا هه‌روه‌ک پێشوو درێژه‌ی به کاری خۆی ده‌دا و ته‌نیا وشه‌ی وه‌زیر له‌سه‌ر وه‌زیره‌کانی وه‌لانرا و وشه‌ی ڕەییس، واته سه‌رۆک له جێگای داندرابوو. قازی محه‌ممه‌د خۆی ته‌نیا بوو به سه‌رۆکی حیزب، واته پێشه‌وای حیزبی دێموکراتی کوردستان. ئاغاوات و سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان هه‌روه‌ک پێشوو له گونده‌کاندا ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه بوو و حکوومه‌تیان ده‌کرد. ژاندارمه‌ری که له خه‌ڵکی ناوچه‌که پێک هاتبوو و جلوبه‌رگی کوردی‌یان ده‌به‌ردا بوو یارمه‌تیی ئاغاواتهکانیان ده‌دا. ئه‌فسه‌ره کورده‌کانی نیشته‌جێ له مه‌هاباد، که یونیفۆڕمی سۆڤییەتییان ده‌به‌ردا بوو، ژاندارمه‌رییان به‌ڕێوه ده‌برد.
مه‌هاباد له شارێکی زۆر ناخۆش و تیپیک ئێرانی ڕا ببوو به شارێکی دڵگر و پڕڕه‌نگ، به چه‌شنێک شه‌قامه‌کانی له خه‌ڵکی کورد که جلوبه‌رگی کوردی‌یان ده‌به‌ردا بوو، شه‌پۆلی ده‌داوه. لانیکه‌م له‌و کاته‌دا خه‌ڵک ئازاد بوون و زوڵم و زۆریی سه‌رباز و ژاندارمه‌کانی ئێرانیان له‌سه‌ر نه‌مابوو.
ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌رفه‌تیان بۆ هه‌ڵکه‌وتبوو و له نیزیکه‌وه قازی محه‌ممه‌دیان دیتبوو، به باشی بۆیان ده‌رکه‌وتبوو که چ که‌سایه‌تییه‌کی هه‌یه. هه‌روه‌ها زۆر زوو تێگه‌یشتبوون که ئه‌و چلۆن له هه‌موو جێگایه‌ک بووه‌ته سیمبۆلی کوردایه‌تی. قازی پیاوێکی کورته‌باڵای ته‌مه‌ن 50 ساڵه بوو، که باڵتۆیه‌کی کۆنی ئه‌رته‌شیی ده‌به‌ردا بوو و ڕیشێکی مه‌خمه‌ری هه‌بوو. ڕه‌نگ و ڕوویه‌کی زاهیدانه‌ی (مورتازانه‌ی) بوو. به‌هۆی نه‌خۆشیی مه‌عده تا ڕاده‌یه‌ک ڕه‌نگی زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕابوو. ئینسانێکی که‌مخۆر بوو. نه جگه‌ره‌ی ده‌کێشا و نه خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکۆڵیشی ده‌خوارده‌وه. له‌سه‌ره‌خۆ و مه‌تین بوو. زۆر به ئارامی قسه‌ی ده‌کرد و زۆر زووش کاری ده‌کرده سه‌ر ئینسان. چوارچێوه‌یه‌کی فیکریی زۆر به‌رینی هه‌بوو و نێونه‌ته‌وه‌یی بیری ده‌کرده‌وه. هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی تری دنیای خۆش ده‌ویست، گه‌لێک له زمانه‌کان، بۆ وێنه ڕووسی، که‌مێک ئینگلیسی و ئیسپرانتۆی ده‌زانی. له‌سه‌ر مێزی کاره‌که‌ی هه‌میشه کۆمه‌ڵێک کتێب ده‌رباره‌ی ڕێزمان و زمانه‌کانی بێگانه له‌سه‌ر یه‌ک داندرابوون.
وا ده‌رده‌که‌وت که قازی محه‌ممه‌د بیر و باوه‌ڕێکی زۆر قووڵی هه‌یه و ئاماده‌یه خۆی له پێناویدا فیدا بکا، له هه‌مان کاتیش‌دا ڕووناکبیرێکی له‌سه‌ره‌خۆ بوو. له ماوه‌ی هاتنه گۆڕێی مه‌سه‌له‌ی کورددا، لانیکه‌م داواکه‌ی ئه‌و وه‌ک ئۆتۆنۆمی بۆ کورد له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا شتێکی له‌بار و گونجاو بوو. قازی محه‌ممه‌دیش وه‌ک زۆر کوردی تر پێی وابوو که کورد و ئێرانی له ڕه‌گه‌زێک پێک هاتوون و لک و پۆی دارێکن و ئێستاش هیچ هۆیه‌ک نابیندرێ که نه‌توانن له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌کان بژین، له کاتێکدا سه‌رده‌می خۆی، میدیا (ماده‌كان) و فارسه‌کان به یه‌که‌وه حاواونه‌ته‌وه. قازی محه‌ممه‌د پێی وابوو کورد له نه‌سڵی میدیاکانن. خۆیشی پێی خۆش بوو ئیتیمولۆژیی خۆی له‌سه‌ر مه‌هاباد بڵێ، ده‌یگوت: ‹› نیشانه‌یه‌که له میدیاکان››.
تا ئێستا وا ده‌رده‌که‌وێ ناکرێ ئه‌و بۆچوونه ڕه‌د که‌ینه‌وه که قازی محه‌ممه‌د و لایه‌نگره‌کانیشی ئاواتی کوردستانێکی یه‌کگرتوویان هه‌بووه، ئه‌وان هیوادار بوون که مه‌هاباد بکه‌ن به ناوه‌ندی کو‌لتووریی کوردی و جووڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی کورد و ته‌نانه‌ت جێگای سووریه و سلێمانی بگرێته‌وه و ده‌وری سه‌ره‌کیی له‌م سه‌رده‌مه‌دا هه‌بێ.
بۆ ئه‌وه‌ی خوێندن به زمانی کوردی بێ و بتوانێ له‌سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستێ هه‌وڵ و تێکۆشانێکی زۆر درا، له سه‌ره‌تاوه مامۆستاکان مه‌جبوور بوون له ڕووی کتێبه فارسییه‌کان له قوتابخانه‌کان ده‌رس بڵێنه‌وه، به‌ڵام ماوه‌یه‌ک پێش ڕووخانی کۆماری کوردستان، کتێبی کوردی بۆ پۆله‌کانی ده‌وره‌ی سه‌ره‌تایی نووسرا و چاپ کرا.
ڕۆژنامه‌یه‌ک و گۆڤارێکی سیاسیی مانگانه که هه‌ردووکیان ناویان کوردستان بوو، هه‌روه‌ها دوو گۆڤاری تری ئه‌ده‌بی، هاوار و هه‌ڵاڵه بڵاو ده‌بوونه‌وه، هه‌مووی ئه‌و بڵاڤۆکانه له لایه‌ن ئه‌رته‌شی سووره‌وه له چاپ ده‌دران و دواییش ده‌درانه‌وه به حیزبی دێموکراتی کوردستان.
قازی محه‌ممه‌د مایه‌یه‌کی زۆری بۆ زمان و ئه‌ده‌بیاتی کوردی دانا و بایه‌خێکی زۆری پێدا، ڕه‌نگه وجوود و ده‌وری چالاکانه‌ی دوو شاعیری گه‌نج، هه‌ژار و هێمن له‌و هه‌ڵوێسته‌ی قازی‌دا فره شوێندانه‌ر بووبێ. شێعره‌کانی ئه‌وان سه‌ره‌ڕای که‌م بوونی کاغه‌ز، دیسانیش هه‌ر بڵاو ده‌بوونه‌وه.
سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌و خه‌بات و تێکۆشانه، ئاکام و به‌رهه‌می کاری کۆمار، نه‌گه‌یشته ڕاده‌ی ستانداردی دوو شوێنی تری ناوه‌ندی کو‌لتووریی کورد، که کورده‌کان له‌وێنده‌رێ له ماوه‌ی 25 ساڵدا خوێندن و نووسینیان به ئازادی هه‌بوو. به‌ڵام له باری سیاسییه‌وه مه‌هاباد لانیکه‌م وه‌ک نوخته‌یه‌کی لێهاتبوو که له هه‌موو لایه‌که‌وه چاویان تێ بڕیبوو. له نێو کۆڕ و کۆمه‌ڵی ڕووناکبیریی کورد له به‌یرووت و ئیستانبوڵ و به‌غداوه بگره هه‌تا کێوه به‌رز و چڕه‌کانی ڕۆژئاوای ئاسیا، هه‌موو لایه‌ک به تێکڕایی چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که بزانن ئایا قازی محه‌ممه‌د سه‌ر ده‌که‌وێ یان تێک ده‌شکێ. هه‌ر نه‌ک له لایه‌ن کۆڕ و کۆمه‌ڵی کوردی له به‌غدا، به‌ڵکه له لایه‌ن کورده‌کانی سووریە و تورکیه‌ش پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ قازی ده‌گیرا و نامه و په‌یامی بۆ ده‌نێردرا. ڕووی جووڵانه‌وه‌که‌ی ئه‌و زیاتر و به تایبه‌تی له‌و گه‌نجانه بوو که پێیان وابوو حیزبه‌کانی پێشووی کوردی به باشی ئه‌رکی خۆیان به جێ نه‌گه‌یاندووه، بۆ وێنه له عێراق حیزبێکی نهێنیی چه‌پ به‌ناوی ڕزگاری دامه‌زرا که نیشانه‌یه‌ک بوو له‌و چه‌شنه بۆچوون و بیرکردنه‌وه‌یه.
هه‌ست و هه‌ڵوێستی دژی سۆڤییەت
حیزبه کۆنه‌کانی کوردی وه‌ک هیوا له عێراق و خۆیبوون له سووریە، قازی محه‌ممه‌دیان سه‌باره‌ت به پێوه‌ندی و تێکه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ سۆڤییه‌ت زۆر خۆش نه‌ده‌ویست. ترس و ناخۆشه‌ویستی و ڕق و بێزاری به‌رامبه‌ر به سۆڤییه‌تییه‌کان له‌نێو کورده‌کاندا گه‌لێک هۆی هه‌یه و فره به هێزه. پێش هه‌موو شتێک زۆربه‌ی زۆری کورده‌کان مه‌زهه‌بین و هه‌ربۆیه‌ش به نیسبه‌ت هه‌ڵوێستی دژی مه‌زهه‌بی سۆڤییەت دڕدۆنگ ماونه‌ته‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه کورده‌کان له نیزیکه‌وه چاویان به زۆر ئاواره‌ی ڕاکردووی سۆڤییەت که‌وتووه و له‌گه‌ڵ زۆر موسوڵمانی نێو ئه‌رته‌شی سووریش قسه و باسیان بووه، ئه‌و سه‌رباز و ئاوارانه‌ش وێنه‌یه‌کی زۆر ناخۆش و دڵته‌زێنیان له وه‌زعی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی سۆڤییه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت له وێنده‌رێ بۆ کێشاونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها نابێ ئه‌وه‌ش له بیر بکه‌ین که ڕووسه‌کان له زووه‌وه ته‌نانه‌ت سه‌رده‌می تزاره‌وه دوژمنی له مێژینه‌ی کوردان بوون.
هێزه‌کانی ڕووس له شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیدا به گژ کورده‌کاندا هاتن و به‌شێکی زۆری کوردستانیان خسته به‌ر هێرش و په‌لاماری خۆیان و، وێرانی و ده‌ربه‌ده‌رییه‌کی زۆریان له پاش خۆیان به‌جێ هێشت، به چه‌شنێک ئێستاش شوێنه‌واری له زۆر که‌لێن و قوژبنی کوردستان، وه‌ک دۆڵ و ده‌ڕه و گونده‌کانی ده‌بیندرێ. هه‌ر له شاری مه‌هاباد، هێزه‌کانی ڕووس بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژ بڕیاریان دابوو كه هه‌ر که‌س له ماڵ بێته‌ده‌ر و پێ بنێته نێو شه‌قامه‌کان ته‌قه‌ی لێده‌که‌ن، به‌و جۆره شاریان تاڵان کرد و ئاگریان تێبه‌ردا.
ته‌ئسیری ئه‌و به‌سه‌رهاتانه ئێستاش له بیره‌وه‌ریی له‌مێژینه‌ی کورده‌کاندا هه‌ر ماوه‌ته‌وه، بۆیه کاتێک منداڵه‌کانیان ده‌گرین و ژیر نابنه‌وه، به وشه‌ی ڕووس «عورووس» ده‌یانترسێنن و ئارامیان ده‌که‌نه‌وه.
سۆڤییەت زۆری هه‌وڵ دا که شوێنه‌واری ناله‌باری ئه‌و شێوه هه‌ڵوێستانه له‌نێو کورده‌کاندا بسڕێته‌وه و له‌نێویان به‌رێ. بۆ وێنه له لایه‌ک باس و به‌زمی ئۆتۆنۆمیی کورده‌کانی سۆڤییه‌تی هێنا گۆڕێ و له لایه‌کی تریشه‌وه سیامه‌ند سیامه‌ندۆف، ئه‌فسه‌ری پایه‌به‌رزی ئه‌رته‌شی سوور و قاره‌مانی لێنینگراد که خۆی کورد بوو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخان کرا و چالاکانه هه‌ڵ ده‌سووڕا.
هه‌روا سووک و ساکار ده‌رناکه‌وێ که هەتا چ ڕاده‌یه‌ک سۆڤییه‌ت له پلانه‌کانی خۆیدا سه‌رکه‌وتنی وه‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام بێ‌شک به‌شێکی زۆر له خه‌ڵکی وه‌ک ئاغاوات و ده‌وڵه‌مه‌ند و بازرگان و مه‌لا و شێخ به‌رامبه‌ر به سۆڤییه‌ت هه‌روا بێباوه‌ڕ و دڕدۆنگ مابوونه‌وه و سه‌باره‌ت به پێوه‌ندی و تێکه‌ڵاویی ئاشکرای قازی له‌گه‌ڵ سۆڤییه‌ت له‌ویش ناڕازی و نیگه‌ران بوون. دارودیواری ئه‌و خانووبه‌ره‌یه‌ی که‌وا ده‌وڵه‌تی قازی تێدابوو، به‌ته‌واوی پۆسته‌ری ته‌بلیغاتیی سۆڤییەتی لێ درابوو. ڕۆژنامه و بڵاڤۆکه‌کان پڕبوون له وتار و ماتریالی ئه‌وتۆ که ڕاسته‌وخۆ و وشه به وشه له ڕووسی ڕا کرابوون به کوردی. شاعیره‌کان به شان و باهۆی ستالین و ئه‌رته‌شی سووریا‌ن هه‌ڵده‌گوت و شێعریان بۆ ساز ده‌کرد.
له کوردستاندا به پێچه‌وانه‌ی شوێنه‌کانی تری ئازه‌ربایجان، نوێنه‌ره‌کانی سۆڤییه‌ت خۆیان ئاشکرا نه‌ده‌کرد و وه‌به‌ر چاو نه‌ده‌که‌وتن، جگه له چه‌ند شۆفیری لۆری که بۆ سۆڤییه‌ت و ده‌وڵه‌تی سه‌ر به سۆڤییه‌ت کاریان ده‌کرد. ده‌یانگوت نوێنه‌رانی سۆڤییەت له مه‌هاباد جێگا و ڕێگایان پێ‌درابوو، به‌ڵام کاربه‌ده‌ستانی کورد ئه‌و ده‌نگ و باسه‌یان به ڕاست نه‌ده‌زانی و به‌رپه‌رچیان ده‌دایه‌وه. هاشمۆف، کۆنسۆلی سۆڤییه‌ت له ڕه‌زاییه و یاریده‌ده‌ره‌که‌ی عه‌لی ئهکبهرۆف جارجار سه‌ریان له مه‌هاباد ده‌دا.
له کاتێکدا که تێرۆریزم ئازه‌ربایجانی ڕۆژهه‌ڵاتی داگرتبوو و شه‌پكه‌ی سیاسی زۆر توند ببوو، له کوردستاندا ته‌نیا چه‌ند زیندانیی سیاسی هه‌بوون. یه‌ک دوو که‌سیش ڕه‌نگه به هۆکاری سیاسی کوژرابێتن. هه‌رچه‌ند که ژماره‌یه‌ک له کورده‌کان لایه‌نگرییان له کۆمار نه‌ده‌کرد، به‌ڵام دیسانیش توانییان ڕابکه‌ن و بچن بۆ تاران. له کۆڵان و شه‌قامه‌کانی مه‌هاباددا به ئاشکرا ده‌کرا گوێ بده‌یته ڕادیۆکانی ئیستانبوڵ و له‌نده‌ن، به‌ڵام له ته‌ورێز گوێدان به‌م ڕادیۆیانه تاوانێکی مه‌زن بوو و سزای مه‌رگی بۆ داندرابوو. یان له سه‌ره‌خۆیی و لیبڕالیزمی قازی محه‌ممه‌د و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی بوو که ئه‌و ئازادییانه‌ی ده‌سته‌به‌ر کردبوو، یان ده‌نا باڵانسی دەسهڵات له نێوان عه‌شیره‌ته‌کاندا بوو، که هیچ عه‌شیره‌تێک نه‌یده‌وێرا پێ له به‌ڕه‌ی خۆی زیاتر ڕابکێشێ و ده‌سدرێژی بکاته سه‌ر ئه‌ندامی عه‌شیره‌تێکی تر.
سه‌رجه‌می به‌رهه‌م و ده‌سکه‌وتی سه‌ره‌کیی ئه‌و ئازادییانه ئه‌وه بوو که حکوومه‌ته‌که له نێو خه‌ڵکدا لانیکه‌م خه‌ڵکی مه‌هاباد خۆشه‌ویست و جێگای متمانه بێ. خه‌ڵکێک که زوڵم و زۆریی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی ئێرانیان له‌سه‌ر لاچووبوو و تامی ئازادی و سه‌ربه‌ستییان چێشتبوو.
دژایه‌تی و به‌ربه‌ره‌کانیی عه‌شیره‌ته‌کان
گه‌رچی سۆڤییەت به ئاشکرا تا ڕاده‌یه‌ک هه‌وڵی دا که نێوانی عه‌شیره‌ته‌کان و کۆمار خۆش بکاته‌وه به‌ڵام له ڕاستیدا له‌و کاره‌یاندا سه‌رنه‌که‌وتن. عه‌شیره‌ته‌کان سه‌ره‌ڕای زۆر هۆی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌زهه‌بی، هۆ و بیانووی زۆر به‌هێزی ئابووریشیان هه‌بوو که دژایەتیی کۆماری پشتئه‌ستوور به سۆڤییەت بکه‌ن. به‌شێکی زۆری سه‌رچاوه‌ی بژیوی عه‌شیره‌ته‌کان گرێدرابوو به داهاتی تووتن، که ئه‌ویش به هۆی پچڕانی پێوه‌ندیی کوردستان له‌گه‌ڵ شوێنه‌کانی تری ئێران، بازاڕی فرۆشتنی تووتنه‌که‌یان تێدا چووبوو و به‌و چه‌شنه باری ژیانیان به ته‌واوی قورس ببوو. له هێندێک شوێن سه‌ره‌ڕای که‌موکووڕیی ده‌غڵ و دان، خه‌ڵک ده‌بوایه به‌شی بارزانییه لێقه‌وماوه‌کانیش، که له‌مێژ بوو به‌سه‌ریاندا دابه‌ش کرابوو، بده‌ن. له‌نێو عه‌شیره‌ته‌کاندا، مام عه‌زیزی کوڕی قه‌ره‌نیاغای ڕه‌حمه‌تی، سه‌رۆکی عه‌شیره‌تی مامه‌ش له‌گه‌ڵ بایزاغای مه‌نگوڕ هاوپه‌یمان بوون، فره له قازی محه‌ممه‌د ناڕازی بوون و به ئاشکرا دژایه‌تییان ده‌کرد. جێگری کۆنسوولی سۆڤییەت له ڕه‌زاییه هه‌ڕه‌شه‌ی لێ کردن و پێی ڕاگه‌یاندن که ئه‌گه‌ر ده‌ست له دژایه‌تی هه‌ڵنه‌گرن، بارزانییه‌کانیان ده‌نێرنه سه‌ر. مام عه‌زیز به‌ربه‌ره‌کانیی خۆی هه‌ر درێژه پێدا تاکوو بارزانییه‌کان به ڕاستیش هێرشیان کرده سه‌ری و ئه‌ویش له ترسان له‌گه‌ڵ پیاوه‌کانی پێی پێوه‌نا و هه‌ڵات بۆ عێراق. ئه‌مه‌رخانی شکاک،+
وه‌زیری شه‌ڕی کابینه‌ی قازی محه‌ممه‌د، وازی له کاره‌که‌ی خۆی هێنا و له بناری کێوه‌کانی زینده‌شت له باشووری ڕۆژئاوای شاپوور، به دووره‌په‌رێزی و بێلایه‌نی دانیشت. زۆربه‌ی زۆری عه‌شیره‌ته‌کانی تری باکووری کوردستان لاسای ئه‌مه‌رخانیان کرده‌وه و وازیان له کۆماری کوردستان هێنا. ته‌نیا ئه‌و عه‌شایره‌ی که قازی محه‌ممه‌د ده‌یتوانی له‌سه‌ریان حیساب بکا، یه‌کیان عه‌شیره‌تی گه‌ورک بوو له مه‌هاباد که نیزیک هه‌زار چه‌کداریان هه‌بوو، ئه‌وی تریشیان به‌شێک له عه‌شیره‌تی چووکه‌ی زه‌رزا له ناوچه‌ی شنۆ بوو.
ته‌نانه‌ت مه‌لا مسته‌فا و بارزانییه‌کانیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قازی محه‌ممه‌د چیتر نه‌یده‌توانی به‌خێویان بکا، ورده ورده سارد ده‌بوونه‌وه. کاتێک ده‌وڵه‌تی تاران هه‌ستی به‌وه کرد که قازی محه‌ممه‌د بێ پشت و په‌نا ماوه‌ته‌وه، شووی لێ هەڵکێشا و و ڕۆژ به ڕۆژ زه‌خت و گوشاری زیاتری بۆ کۆمار هێنا. هه‌رچه‌ند سۆڤییەت به‌ڵێنی دابوو که له هه‌موو بارێکه‌وه یارمه‌تییان بکا، به‌ڵام هه‌تا ڕۆژی ڕووخانی کۆمار له ساڵی 1946دا نه له چه‌کی قورس باسێک هه‌بوو، نه له هێزی چه‌کداری په‌روه‌رده‌کراو. له‌ڕاستیدا هیچ جۆره هێزێکی چه‌کداری ڕێکوپێک له گۆڕێ‌دا نه‌بوو. کاتێک که ئێرانییه‌کان به مه‌به‌ستی هێرشهێنان له هه‌موو بارێکه‌وه خه‌ریکی خۆ ئاماده‌کردن بوون، قازی محه‌ممه‌د به تووڕه‌یی و به په‌له په‌یامی بۆ عه‌شیره‌ته‌کان، که ته‌نیا هیوا و هومێدی بوون نارد و پێی ڕاگه‌یاندن که، سۆڤییەت به‌ڵێنی یارمه‌تی پێداوین و داوا له ئێوه‌ش ده‌که‌م بچن بۆ به‌ره‌کانی شه‌ڕ له دژی ئه‌رته‌شی ئێران. عه‌شیره‌ته‌کان داواکه‌یان ڕه‌ت کردەوه!
دامه‌زرانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێران
ئێستا ئیدی ڕووداوه‌کان به‌خێرایی تێپه‌ڕ ده‌بن، ده‌وڵه‌تی تاران پێی داگرتووه و ده‌ڵێ دێموکراته‌کانی ئازه‌ربایجان ناوچه‌ی زه‌نجان که سه‌ر به ئازه‌ربایجان نییه چۆڵ بکه‌ن. کاتێک ئێران ئه‌رته‌شی له ناوچه‌که خزاند و له‌سه‌ر داواکه‌ی خۆی سوور بوو، دێموکراته‌کان ڕازی به چۆڵکردنی ناوچه‌که بوون، به چه‌شنێک که هه‌تا ئاخری مانگی نۆڤامبر ئه‌و ناوچه‌یه به ته‌واوی که‌وته ژێرده‌ستی ئه‌رته‌شی ئێران. ماوه‌یه‌ک پاشتر واته له نیوه‌شه‌وی 10ی دێسامبردا ئێرانییه‌کان هێرشیان کرده سه‌ر پێگه‌ی دێموکراته‌کان له دۆڵی قافلانکۆی باشووری شاری میانه. دوای شه‌ڕێکی بیست و چوار سه‌عاته، دێموکراته‌کان تێک شکان و به‌رپرسه‌کانیان زۆر به‌په‌له، له ساڵڕۆژی گیرانی ته‌ورێزدا ڕێگای دوورودرێژی سۆڤییەتیان گرته‌به‌ر و بۆی ده‌رچوون.
سه‌رۆکی ده‌وڵه‌تی دێموکراتی ئازه‌ربایجان له تێلگرافێکدا که بۆ قه‌وام کردبووی، گوتبووی که: سه‌یفی قازی، واته فه‌رمانده‌ری کوردی ئاگاداری بڕیاره‌که‌ی خۆی کردووه و پێی گوتووه که داوا له هێزه‌کانی خۆی بکا ته‌قه بوه‌ستێنن. سه‌دری قازی، برای قازی محه‌ممه‌د که نوێنه‌ری پارلمانی ئێران بوو و له نێوان قازی محه‌ممه‌د و ئێران‌دا هاتوچۆی ده‌کرد، له ڕۆژی 13ی دێسامبردا له مه‌هاباد ڕا چووبۆوه میاندواو. سه‌دری قازی له‌وێنده‌رێ به ژێنڕاڵ هومایوونی گوتبوو که کورده‌کان ڕازین ئه‌رته‌شی ئێران به‌بێ شه‌ڕ و خوێنڕشتن بێته‌وه ناوچه‌که. ژێنڕاڵ هومایوونی له وه‌ڵامدا گوتبووی که پاش ئه‌وه‌ی بارزانییه‌کان له ناوچه‌ی مه‌هاباد پاشه‌کشه‌یان کرد، ئه‌وکات ئه‌رته‌ش به‌ره‌و مه‌هاباد وه‌ڕێ ده‌خا. هومایوونی له مه‌نگوڕ و مامه‌شه‌کان که له عێراق ڕا گه‌ڕابوونه‌وه، هه‌روه‌ها له به‌شێک له دێبوکرییه‌کان که سه‌ر به ده‌وڵه‌ت بوون، ده‌سته‌یه‌کی ته‌یار کرد و به سه‌رۆکایه‌تیی سه‌رهه‌نگ غه‌فاری وه‌پێشی دان. پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه شاری مه‌هاباد له نیزیک شار نوێنه‌رانی قازی محه‌ممه‌د هاتن و پێیان گوتن، به گوێره‌ی رێککه‌وتنه‌که‌ی ئێمه و ژێنڕاڵ هومایوونی قه‌رار وابوو ئه‌رته‌ش شار بگرێته‌وه نه‌ک ئه‌و عه‌شیره‌تانه، که له‌وانه‌یه شار بشێوێنن. عه‌شیره‌ته‌کان به‌بێ ته‌قه پاشه‌کشه‌یان کرد و له 15ی دێسامبری 1946دا، دوای ئه‌وه‌ی بارزانییه‌کان مه‌هابادیان چۆڵ کرد و به‌ره‌و نه‌غه‌ده کشانه‌وه، ئه‌رته‌شی ئێران هاته‌وه مه‌هاباد و کۆتایی به ته‌مه‌نی یه‌ک ساڵه‌ی کۆماری کورد هێنا.
خه‌ڵک پێشوازییه‌کی زۆریان له ئه‌رته‌شی ئێران کرد. قازی محه‌ممه‌د و فه‌رمانده‌ره‌کانی ئه‌رته‌ش چاویان به یه‌کتر که‌وت. به‌ڵام له 17ی دێسامبردا ژماره‌یه‌ک له کورده‌کان گیران و ڕۆژی دواتریش قازی محه‌ممه‌د و سه‌یفی قازی و زۆر که‌سی تر گیران. ته‌نیا ئه‌ندامێکی ده‌وڵه‌تی قازی که ئازاد مایه‌وه و نه‌گیرا، حاجی بابه‌شێخ بوو که به هۆی پله‌ی به‌رزی ئایینی و ئیحترامێکی که له‌نێو خه‌ڵکدا هەیبوو، خۆیان تێنه‌گه‌یاند. ژماره‌یه‌کی زۆر له کورده‌کان توانییان له گونده‌کاندا خۆ بشارنه‌وه یان ڕابکه‌ن بۆ عێراق.
سه‌ره‌ڕای گرتن و ڕاونان، ته‌مبێیانه‌ی به‌شێک له به‌رپرسه‌کانی کورد ئه‌وه بوو که ده‌بوایه جێگەوڕێگەیان دابا به‌و عه‌شیره‌تانه که لایه‌نگری ده‌وڵه‌ت بوون و ده‌بوو به‌خێویان کردبان. ئه‌وه مێتۆدێکی ئێران بوو که له لایه‌ک کاتیان به فیڕۆ نه‌ده‌چوو و له لایه‌کی تریشه‌وه پێویستیان به پێکهێنانی مه‌حکه‌مه نه‌ده‌بوو.
سه‌دری قازی له ماوه‌ی ته‌مه‌نی یه‌ک ساڵه‌ی کۆمار‌دا، کاتێک دەیتوانی تاران به‌جێ بێڵێ و بگەڕێتەوە بۆ مه‌هاباد، که ده‌وڵه‌تی ئێران داوای لێکردبایه. به‌ڵام له ئاخر سه‌فه‌ردا کاتێک که له 30ی دێسامبردا ده‌گه‌ڕاوه بۆ تاران، له ماڵه‌که‌ی خۆیدا گیرا و هێنایانه‌وه مه‌هاباد و له‌گه‌ڵ براکه‌ی له به‌ندیخانەیان کرد. ئه‌رته‌ش به خه‌ڵکی ڕاگه‌یاند هه‌ر که‌س سکاڵا و به‌ڵگه‌یه‌کی له دژی به‌ندییه‌کان هه‌یه ڕای بگه‌یه‌نێ. پاش لێکۆڵینه‌وه و مه‌حکه‌مه‌یه‌کی نیزامی، قازی محه‌ممه‌د و سه‌یفی قازی و سه‌دری قازی به مه‌رگ مه‌حکووم کران و له‌به‌ره‌به‌یانی 31ی مارسی 1947دا له مه‌یدانی (چوارچرا)ی مه‌هاباد له‌سێداره دران.
ده‌وڵه‌تی ئێران بۆ له‌نێوبردن و سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری ده‌وڵه‌تی قازی محه‌ممه‌د ‹›که‌مپه‌ینێکی›› به‌ربڵاوی وه‌ڕێ خست. چاپخانه و ڕۆژنامه نووسینی کوردی خڕکرایهوه و خوێندن به زمانی کوردی قه‌ده‌غه کرا و هه‌موو کتێبه‌کان له‌به‌ر چاوی خه‌ڵک ئاگریان تێبه‌ر درا. بۆ چاوترسێنکردنی عه‌شیره‌ته‌کانیش 11 که‌س له سه‌رۆکه‌کانی عه‌شیره‌تی فه‌یزوڵڵابه‌گی و گه‌ورکی سه‌قز ئێعدام کران. پاش گیرانه‌وه‌ی ئازه‌ربایجان، ده‌وڵه‌تی دێموکراتی ئازه‌ربایجان هێشتا به ته‌واوی نه‌ڕووخابوو که جووتیار و کرێکار و بازاڕی ده‌ستیان کرد به کوشتن و ڕاونانی دێموکراته‌کان. دژکرده‌وه‌ی ئازه‌رییه‌کان به مانای ئه‌وه بوو، که حکوومه‌تی دێموکراتی ئازه‌ربایجان نه‌ته‌نیا له نێو خه‌ڵکدا خۆشه‌ویست نه‌بوو، بگره زۆریش لێی بێزار بوون. ئه‌وه زۆر شتێکی سه‌رنجڕاکێشه که له مه‌هاباد ڕووداوه‌کان ڕه‌وتی خۆیان زۆر به هێمنی پێوا و هیچ کاره‌سات و دژکرده‌وه‌یه‌کی له‌م چه‌شنه نه‌قه‌وما.
دیارده‌یه‌کی زۆر زه‌ق و به‌رچاو له ئازه‌ربایجان ئه‌وه بوو که حکوومه‌تی دێموکراته‌کان پۆلیسی نهێنیی فره به‌هێزی وه‌ک ئامرازێک که له هه‌لومه‌رجی پێویستدا که‌لکی لێوه‌رگرن ساز کردبوو. له حاڵێکدا قازی محه‌ممه‌د هیچ گرووپ و ئامرازێکی له‌و چه‌شنه‌ی پێک نه‌هێنابوو. ئه‌و فاکتۆرانه ئه‌و ڕاستییه ده‌سه‌لمێنن و ڕایده‌گه‌یه‌نن که ده‌وڵه‌تی قازی محه‌ممه‌د له نێو خه‌ڵکه‌که‌ی خۆیدا، لانیکه‌م له مه‌هاباد وه‌ک پێته‌ختی خۆی خۆشه‌ویست و جێگەی ڕێز و متمانه بوو. له ناوچه‌کانی باکووردا ئه‌مه‌رخانی شکاک و عه‌شیره‌ته‌کانی سه‌ر به ئه‌و، هیچ ده‌ورێکی به‌رچاویان له‌و ڕووداوانه‌دا نه‌بوو. ئه‌رته‌شی ئێران له کاتی هێرش بۆ سه‌ر ئازه‌ربایجان، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی به ته‌واوی ئاواڵه بێ و منه‌تی خه‌ڵکی تر نه‌کێشێ، ئه‌مه‌رخانی شکاکی ئاگاداری پلان و گه‌ڵاڵه‌کانی خۆی نه‌کرد.
کاتێکیش که ئه‌مه‌رخان به‌پێی هێندێک که‌ینوبه‌ین، پیاوه‌کانی خۆی بۆ هێرش بردنه سه‌ر دێموکراته‌کان کۆ کردبۆوه، هێشتا هیچ جووڵه‌یه‌کی نه‌کردبوو که شه‌ڕ کۆتایی هات. ئه‌مه‌رخان و عه‌شیره‌ته‌کانی تر، به ناردنی دیاری و به‌رتیل بۆ ئه‌فسه‌ره‌کانی ئێران، وه‌فاداریی خۆیان ڕاگه‌یاند، ئه‌رته‌ش لێیان خۆش بوو و ئیجازه‌ی پێدان له‌سه‌ر جێگەوڕێگەی خۆیان دامه‌زرێنه‌وه.
ته‌نیا زێڕۆبه‌گ نه‌به‌خشرا، ئه‌ویش به هۆی ئه‌وه بوو، کاتێ خه‌ریکی وتووێژ له‌گه‌ڵ ژێنڕاڵ هومایوونی بوو، پیاوه‌کانی له باڵانیش په‌لاماری سه‌ربازه ئێرانییه‌کانیان دابوو. پاشان زێڕۆبه‌گ مه‌جبوور بوو له‌گه‌ڵ هێندێک له پیاوه‌کانی خۆی و ئاسۆڕییه‌کان به‌ره‌و شنۆ بڕۆن و په‌نا بۆ مه‌لا مسته‌فای بارزانی به‌رن، که ته‌قه‌وه‌ستانێکی کاتیی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئێران ڕاگەیاندبوو.
ده‌وڵه‌تی ئێران داوای له مه‌لا مسته‌فا کرد که یان چه‌ک دابنێ، یان ده‌نا ده‌بێ له‌گه‌ڵ عه‌شیره‌ته‌که‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ عێراق. لەبەر ئەوەی مه‌لا مسته‌فا داواکه‌ی ده‌وڵه‌تی قبووڵ نه‌کرد، دیسان شه‌ڕ ده‌ستی پێکرده‌وه. تا ژووئەنی 1947، بارزانییه‌کان به‌شه‌ڕ کردن خۆیان گه‌یانده ماکۆ و له‌وێنده‌رێ ڕا سنووریان بڕی و ئاودیوی سۆڤییەت بوون.
پوخته و ئه‌نجام
به گیرانه‌وه‌ی مه‌هاباد به ده‌ستی ئه‌رته‌شی ئێران، خه‌بات و تێکۆشانی ئه‌م دواییه‌ی کورده‌کان له پێناو دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کورددا کۆتایی پێهات. ئه‌م جاره‌ش هه‌روه‌ک جارانی پێشوو هۆی سه‌ره‌کیی سه‌رنه‌که‌وتنی کورده‌کان، نه‌بوونی یه‌کیەتی له‌نێو ڕیزه‌کانی خۆیاندا بوو. له کاتێکدا زۆربه‌ی زۆری به‌ڕێوه‌به‌ران و کادره‌کانی جووڵانه‌وه له توێژی ڕووناکبیر و تێگه‌یشتووی شار و شارۆچکه‌کانه‌وه هاتبوون، باڵی نیزامیی جووڵانه‌وه‌که هه‌میشه له عه‌شیره‌ته‌کان و سه‌رۆکه‌کانیانه‌وه پێک ده‌هات، که به تێکڕایی نه‌خوێنده‌وار و هه‌لپه‌ره‌ست بوون، که له‌گه‌ڵ کزبوونی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت ده‌ستیان کرد به ڕاوڕووت. ئه‌وه یه‌کێک له گیروگرفته بنه‌ڕه‌تییه‌کانی جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد بوو.
له ماوه‌ی ساڵی 1946دا عه‌شیره‌ته‌کان زۆر ئاسایی دژایه‌تیی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی کوردیان ده‌کرد. ئه‌وان ئه‌و سه‌ربزێوییه‌ی که له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی ئێران‌دا بوویان، له سه‌رده‌می حکوومه‌تی قازی محه‌ممه‌دیشدا که وه‌کی خۆیان له ڕه‌گه‌زی کورد بوو، درێژه‌یان پێدا. زۆربه‌ی عه‌شیره‌ته‌کان له‌لایه‌ک به‌پێی سروشتی عه‌شیره‌تی و له لایه‌کی تریشه‌وه به هۆی دڕدۆنگی و بێمتمانه‌یی به‌رامبه‌ر به پێوه‌ندییه‌کانی قازی و سۆڤییەت، پاڵیان وه ئه‌ڕته‌شی ئێران دا.
هۆکاری ڕووخانی کوتوپڕ و له‌ناکاوی کۆماری کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر سۆڤییەت که نه‌یتوانی یارمه‌تیی پێ بکا. حیزبێکی تازه پێکهاتووی به‌هێزی میللی، که به‌شی هه‌ره زۆری خوێنده‌واره کورده‌کانی له خۆیدا کۆ کردبۆوه، که‌وته ژێر ته‌وژمی کاریگەریی بێگانه‌کان و پاش ئه‌وەی که به گوێره‌ی گونجاو کەلکی خۆیانیان لێ وه‌رگرت، پشتیان تێکرد و به‌جێیان هێشت. ئه‌و ده‌وڵه‌ته چووکه‌یه که له ژێر چاودێری و پاراستنی ئه‌رته‌شی سووردا پێکهاتبوو، ته‌نیا کاتێک ده‌یتوانی درێژه به ته‌مه‌نی خۆی بدا، که ئه‌رته‌شی سوور گه‌ڕاباوه. دوای ئه‌وه‌ی له لایه‌ک کورده‌کان هومێدێکی ئه‌وتۆیان نه‌مابوو و له لایه‌کی تریشه‌وه ده‌وڵه‌تی ئێران له ناوچه‌که‌دا سه‌قامگیر ببۆوه، ئیتر هیچ شانس و ئاسۆیه‌کیش بۆ جووڵانه‌وه‌ی قازی محه‌ممه‌د نه‌مابۆوه که درێژه به ژیانی خۆی بدا.
ئه‌و به‌سه‌رهات و ڕووداوانه بوون به‌هۆی ئاڵوگۆڕێکی فره‌به‌رچاو له نێو جووڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی کورددا. ئێستا ئیتر نه کۆمه‌ڵه ماوه و نه حیزبی دێموکراتی کوردستان، به‌شێکی زۆر له ڕێبه‌ران و به‌رپرسه‌کانی کورد یان مردوون یان زیندانی کراون و یان له دووره‌وڵاتیدا ده‌ژین. به‌ڵام دیسانیش هه‌مووی ئه‌وانه به‌و مانایه نییه که ناسیۆناڵیزمی گه‌لی کورد له‌نێو چووه. پشت و په‌نای کۆماری کوردستان به‌شی ڕووناکبیر و پێشکه‌وتووی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بوون که ڕۆژ به ڕۆژ له باری چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی، له حاڵی په‌ره ئه‌ستاندندا بوون. نه‌یاره‌کانی کۆمار له که‌سانێک پێک هاتبوون که ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ له حاڵی که‌مبوونه‌وه و له‌نێو چووندا بوون. ده‌بێ داهاتوو ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون کاته‌وه، که ئایا له شوێنێکدا که خه‌ڵکه‌که‌ی مرید و لایه‌نگری ڕێبه‌رانی مه‌زهه‌بی و سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانن و ناسیۆناڵیزم بۆیان دیارده‌یه‌کی نه‌ناسراوه، جووڵانه‌وه‌ی کوردی شتێکی پراکتیک و گونجاوه؟ کورده‌کان هه‌رگیز وڵاتی یه‌کگرتووی خۆیان نه‌بووه و به‌یه‌که‌وه تامی به‌رهه‌می کولتووری له‌مێژینه‌ی خۆیان نه‌چێشتووه.
کێوه‌کان وه‌ک په‌رژینێک ئه‌وانیان له یه‌کتر دوور خستووه‌ته‌وه و هه‌میشه بۆ دابینکردنی پێداویستییه‌کانی کولتووری و ئابووریی خۆیان مه‌جبوور بوونه چاوله‌ده‌ستی پێته‌ختی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه بن، که وڵاته‌که‌یانی داگیر کردووه، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی وا کوردستانیان داگیر کردووه، نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیان له ژوورووی کورده‌کان دانه‌نابایه و کۆتای‌یان به چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد هێنابا و تا ڕاده‌یه‌کیش ئۆتۆنۆمییان پێدابان، ڕه‌نگ بوو توانیبایان متمانه‌ی کورده‌کان به‌ره‌و خۆیان ڕاکێشن و فیدراسێونێکی فره‌نه‌ته‌وه‌یی به شێوه‌ی سویس پێک بێنن. وڵاتانی عەڕه‌بی له‌م پێوه‌ندییه‌دا هه‌نگاوی یه‌که‌میان ناوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌ست و ده‌سه‌ڵاتی بێگانه لێی گه‌ڕابایه، ده‌کرا له ئێرانیش سیاسه‌تێکی له‌م چه‌شنه به‌کار بهێندرێ که له جیاتی جودایی، کورد و ئێرانییه‌کان لێک نیزیک بکاته‌وه.