(پێشكه‌ش به پێشمه‌رگه ونه‌كانی كۆماری كوردستان)
چه‌مكی داشكاندنخوازی (تقلیل گراییReductionism) واته دابه‌زاندنی ڕووداوێكی گرینگ و گه‌وره (وه‌ك گشت) به ڕووداوێكی بچووك (بۆ پاژه پێكهێنه‌ره‌كانی به‌ڵام به جیاجیا). به واتایه‌كی تر ڕه‌چاو نه‌كردنی هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی لێكدانه‌وه‌یی و ته‌نیا پێداگری له‌سه‌ر تاكه ڕه‌هه‌ندێك به مه‌به‌ستی دابه‌زاندنی بایەخه‌كانی پێشهاتێك. له وه‌ها حاڵه‌تێكدا، بۆ وێنه شرۆڤه‌ی ڕووداوێكی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ره‌ڕای پێچه‌ڵاوپێچی زاتی ئه‌م جۆره ڕووداوانه، ڕێداكشنیزم تا ڕاده‌یه‌كی زۆر نزم ئاستی ڕووداوه‌كه داده‌به‌زێنێ.
له سۆنگه‌ی ئه‌م چه‌مكه‌وه نووسه‌ر و مێژوونووسی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست، حه‌ولی داشكاندن و دابه‌زاندن و دواجار سڕینه‌وه‌ی ڕووداوه مێژووییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌دا.
یه‌كێ له‌م ڕووداوانه‌ی «ئێمه»، كه «ئه‌وان»پێی هه‌ڵده‌به‌زنه‌وه كۆماری كوردستانه. دیاره نابێ ئه‌م ههڵبهزینهوهیهشمان پێ شتێكی سه‌یر بێ، چون ئه‌مه به جۆرێ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌یه‌كی ناسیۆنالیزمییه به‌رامبه‌ر به ناسیۆنالیزمێكی هێرشكارانهی هۆمۆژێنساز! له ڕاستیدا هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی وه‌ك دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان، ناسیۆنالیزمی داگیركه‌ری نهتاساندووه، چون نه‌فسی دامه‌زرانی كۆماری كوردستان شهرمهگێلاخهی كوردایه‌تی وه‌لاده‌نێ و له‌به‌رامبه‌ر هۆمۆژێنسازیی نه‌ته‌وه‌كان وه‌ك سیاسه‌تی سه‌ره‌كیی داگیركا‌ر ده‌وه‌ستێ. چون ئه‌وان زۆر باش له هابزباوم تێگه‌یون كه ده‌ڵێ: ئیتنیستی توانیوێتی و ده‌توانێ ئه‌م خه‌ڵكانه‌ی له شوێن گه‌لێكی به‌ربڵاو و به شێوه‌یه‌كی پهراكهنده ده‌ژین و حكوومه‌تی هاوبه‌شیان نییه، ده‌كرێ “پێش_ میلله‌ت”یان پێ بوترێ كه دواجار ئه‌م چه‌مكه ده‌توانێ لێكیان گرێ بدا بۆ ده‌سپێكی پێش_ نه‌ته‌وه‌خوازی (Proto-Nationalism) و سه‌ره‌تای ده‌وڵه‌تخوازی. بۆیه ڕێك له‌م پنته‌ڕا چه‌مكی دابه‌زاندن و داشكاندن وه‌گه‌ڕ ده‌كه‌وێ به دژی كۆماری كوردستان.
ئه‌م دابه‌زاندنه به شێوه‌ی كه‌مكردنه‌وه و بچووككردنه‌وه و سڕینه‌وه له بابه‌ته‌كانی ئه‌واندا خۆ ده‌رده‌خا كه ده‌كرێ ئاماژه به‌م خاڵانه بكه‌ین:
بچووككردنه‌وه‌ی پانتای جوغرافیایی (له‌بری كۆماری كوردستان ده‌ڵێن كۆماری مه‌هاباد)
ده‌كرێ كۆماری كوردستان وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ مۆدێرنیته‌ی سیاسیی كوردی ڕه‌چاو بكرێ، واته چه‌شنێ دۆخی تێپه‌ڕین له جۆرێك ژیانی خێڵه‌كی به‌ره‌و پڕۆسه‌یه‌كی ئاماڵ ده‌وڵه‌ت_ نه‌ته‌وه و گوورانی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی به فۆڕمێكی مۆدێرن. واته به‌ره‌و سه‌ره‌تای چه‌كه‌ره‌ی ده‌وڵه‌ت_ نه‌ته‌وه وه‌ك فۆڕمی سیاسی مۆدێرنیته!
له ڕاستیشدا گوورانی ئه‌م ناسنامه‌یه په‌یوه‌ندی به شوێنه‌وه نییه، چون له بنه‌ڕه‌ت ڕا له ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به‌ر له كۆماریش ئه‌م جووڵه‌یه به جیددی چ وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌هێز و چ وه‌ك باوه‌ڕێكی زه‌ینی له‌ئارادا بووه: بۆ وێنه له باكووری ڕۆژهه‌ڵات شێخ عوبه‌یدیللای نه‌هری و سمایل ئاغای سمكۆ، له موكریان مه‌لا خه‌لیل گۆڕه‌مه‌ڕ، هه‌مدیسان له موكریان حیزبی ئازادیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌هێز وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی ژێكاف [هه‌رچه‌ند په‌لكێشی ژێكاف بۆ سه‌رانسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان سه‌رسوڕهێنه‌ره]، یان له باشووری ڕۆژهه‌ڵات داوود خانی كەلهوڕ… یان وه‌ك ئاڕچی ڕۆزڤێڵت له وتاره‌كه‌یدا باس ده‌كا: له هه‌ورامان و مه‌ریوان مه‌حموودخانی كانی سانان و له ناوچه‌ی بانه حه‌مه‌ڕه‌شید خان و… (بێگومان ئاستی په‌ره‌گرتوویی و كارتێكه‌ری و شێوازی ئه‌م بزووتنه‌وانه به یه‌كه‌وه جیاوازی هه‌بووه، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیم زیاتر ئاماژه‌یه به «بوون»ی بزووتنه‌وه‌كه وه‌ك فۆرمی فیزیكی و وه‌ك باوه‌ڕ)
دیاره كارتێكه‌ری بزووتنه‌وه‌ی كورد له توركیە و عێراقیش نابێ وه‌ك فاكته‌رێكی هانده‌رانه له یاد بكرێ.
كه‌وابوو ده‌كرێ بڵێین جۆرێ تێكشكاندنی دوانه‌ی شوێن_كات له سه‌ر ده‌ستی كۆماری كوردستان ساز ده‌بێ به هۆی زه‌قبوونه‌وه‌ی چه‌مكی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و له هه‌مان كاتیش‌دا حه‌ولی نه‌زۆكی به مههابادكردنی كۆمار پووچه‌ڵ ده‌بێته‌وه و كۆماری كوردستان ده‌بێته ئێتیكێتی تاكی كورد له پانتایه‌كی به‌رفره‌وانتر ته‌نانه‌ت نه‌ك له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ڵكوو له سه‌رتاسه‌ری كوردستانی گه‌وره‌دا! به ته‌عبیری شه‌هید دوكتور قاسملوو هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی كورد چاوی هیوا و تاسه و ئاره‌زووی تێ بڕیبوو. دوكتور قاسملوو هه‌ر له‌م باره‌وه ده‌ڵێ: «حیزبی دێموكراتی كوردستان له به‌رنامه‌یه‌كی هه‌شت مادده‌ییدا باس له دروشمه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌كا كه هه‌موو مافه ئهساسییهكانی خه‌ڵكی كوردستانی تێدایه. به‌رنامه‌كه داوای خودموختاری ده‌كا، ئه‌و كاته شاری مه‌هاباد به‌شێك بوو له ئوستانی ئازه‌ربایجانی ڕۆژاوا. وشه‌ی كوردستان خۆی ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه ئه‌و خودموختارییه بۆ ناوچه‌ی مه‌هاباد داوا ناكرێ، به‌ڵكوو بۆ هه‌موو كوردستان داوا ده‌كرێ…»
له ڕاستیدا كۆماری كوردستان ببوو به كۆمارێك كه ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ وه‌ك گوتار، ئه‌م پتانسییهلهی هه‌یه زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری بیر و باوه‌ڕه‌كان _ته‌نانه‌ت جیاوازیش_ له ژێر چه‌ترێكدا كۆ كاته‌وه.
كۆماری كوردستان وه‌ك ده‌سكردی ده‌ره‌كی یان كۆمارێكی گه‌لی!
ڕه‌نگه به‌پێی زرووفی كات و شوێن هیچ جه‌ره‌یانێكی سیاسی له هیچ سه‌رده‌مێكدا به قه‌ت كۆماری كوردستان «خه‌ڵك میحوه‌ر»نه‌بووبێ! كه سه‌یری سیاسه‌ته‌كانی كۆماری كوردستان ده‌كه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵگه‌كان وه‌ك بڵاڤۆكه‌كانی سه‌رده‌می كۆمار، به‌تایبه‌تی ڕۆژنامه‌ی كوردستان وه‌ك ئۆرگانی ڕه‌سمیی حیزبی دێموكراتی كوردستان، وه‌ك بۆچوونی مێژوونووسانی تر هه‌م ئێرانی و هه‌م بیانی، بیره‌وه‌ریی كاربه‌ده‌ستانی كۆمار و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی ئاسایی (وه‌ك مێژووی زاره‌كی) هه‌موو نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه كه له ئێعلانی جمهووری كوردستان ڕا بگره تا بڕیاری پاشگه‌ز بوونه‌وه، ئه‌وه خه‌ڵكن كه ته‌مای له‌سه‌ر ده‌گرن نه‌ك زلهێزه‌كان و بێگانه‌كان.
شه‌هید دوكتور قاسملوو له‌م باره‌وه ده‌ڵێ: “كۆماری كوردستان كۆمارێكی گه‌لی بوو، بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووی نه‌ته‌وه‌ی كورددا به‌ڕێوه‌به‌ریی جووڵانه‌وه به ده‌ست ئاغایه‌ك، سه‌رۆك عه‌شیره‌تێك یان شێخێك نه‌بوو. ڕاسته هێندێك له‌مانه له كۆماری كوردستاندا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بوون به‌ڵام هه‌وڵ درا كه كۆمه‌ڵانی ساده واته خه‌ڵكی كۆڵان و بازاڕ نوێنه‌رانی خۆیان به شێوه‌یه‌كی دێموكراتی هه‌ڵبژێرن و به‌رێوه‌به‌رانی خۆیان دیاری بكه‌ن. بۆ یه‌كه‌م جار جووڵانه‌وه‌یه‌كی پانوبه‌رینی گه‌لی پێك هاتبوو كه پشتیوانی ئامانجه‌كانی خۆی و كۆماری خۆی بوو.”
بۆیه سیاسه‌ته‌كانی كۆمار دیپلۆماسییه‌كی خه‌ڵك ته‌وه‌ره و به ته‌عبیری دوكتور عه‌بباس وه‌لی ئه‌مه «خواستێكی گشتی» بووه كه له نێو خه‌ڵكی ئاسایی‌دا لایه‌نگرێكی یه‌كجار زۆری هه‌بووه.
ڕه‌نگه دژكرده‌وه‌كانی پێشه‌وا قازی كه به‌توندی به‌رپه‌رچی یه‌كیەتیی سۆڤییه‌ت و جمهووری ئازه‌ربایجان و شه‌خسی باقرۆف ده‌داته‌وه ئه‌م بۆچوونه‌مان زیاتر بسه‌لمێنن. ڕاگه‌یاندنی كۆماری كوردستان له دووی ڕێبه‌ندان، دژكرده‌وه‌یه‌كی خێرا و بوێرانه بوو، وه‌ك سیگناڵێك بۆ ده‌ره‌وه له ڕاستای سه‌ربه‌خۆیی له‌بڕیارداندا و ته‌نانه‌ت هه‌نگاوێك وه‌پێش ته‌ورێز كه‌وتن. چون له ڕاستیدا ته‌ورێز مه‌به‌ستی ئه‌وه بوو ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری كوردستان به خۆیه‌وه بلكێنێ و هه‌ندێ پوئهن وه‌ك خودموختاریی فه‌رهه‌نگی و پێنج نوێنه‌ر له مه‌جلیس بۆ كورده‌كان دیاری بكا كه به ئێعلانی زیره‌كانه‌ی جمهووری كوردستان، ئه‌م پیلانه پووچه‌ڵ ده‌بێته‌وه. ته‌نانه‌ت پێشه‌وای نه‌مر له سه‌فه‌ری دووهه‌می بۆ باكۆ به‌توندی به‌گژ باقرۆف دادێته‌وه كه ویستبووی كۆمار بخرێته ژێر چاوه‌دێریی ته‌ورێزه‌وه. پێشه‌وا ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ هه‌ر ژێرده‌سته بین، بۆ ژێرده‌ستی ته‌ورێز؟ ئه‌وه هه‌ر له ژێر ده‌ستی تاران‌دا ده‌مێنینه‌وه! نه‌مر میرزا مه‌ناف كه‌ریمی، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی سه‌رده‌می كۆمار، ده‌یگێڕاوه ته‌نانه‌ت ئه‌و نامانه‌ی ته‌ورێز بۆی ده‌ناردین به‌بێ ئه‌وه‌ی بیانكه‌ینه‌وه دهمانناردهوه ته‌ورێز!
پرۆفسۆر یه‌رواند ئابراهامیان، له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه كه: «حیزبی دێموكراتی كوردستان گه‌یشتبوو ئه‌و ئاكامه كه [هه‌لێك] هاتۆته ئاراوه بۆ سازكردنی ده‌وڵه‌تی كوردستان، ئه‌مه‌ش شتێك نه‌بوو له مۆسكۆ یان له باكۆڕا هاتبێ، به‌ڵكوو لێكدانه‌وه‌ی ئه‌وان ئه‌وه بوو له‌م هه‌له ده‌بێ كه‌لك وه‌رگرن بۆ ڕاگه‌یاندنی جمهووریی كوردستان. ئه‌مه كارێكی سه‌ربه‌خۆییخوازانه بوو، كورده‌كان زۆر له ئازه‌رییه‌كان سهربهخۆییخوازتر بوون، بۆیه بۆ ئازه‌رییه‌كان و بۆ باكۆ ئه‌مه چاوه‌ڕوانكراو نه‌بوو.» یه‌رواند ئابراهامیان به‌م ئاكامه ده‌كا كه كورده‌كان سیاسهتداڕێژییهكی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بووه.
به گشتی جۆری په‌یوه‌ندیی یه‌كیەتیی سۆڤییه‌ت له‌گه‌ڵ ته‌ورێز به نیسبه‌ت مه‌هاباده‌وه، زۆر جیاواز بوو. له لایه‌ك ته‌ورێز له‌گه‌ڵ ئازه‌ربایجانی یه‌كیەتیی سۆڤییه‌ت هاوسنوور بوو و له‌باری نه‌ژاد و زمانیشه‌وه هه‌ر یه‌ك بوون و له لایه‌كی تریشه‌وه یه‌كی وه‌ك باقرۆف، سەرۆككۆماری ئازەربایجان، سه‌ودای ئازه‌ربایجانی گه‌وره‌ی له‌سه‌ردا بوو. ئه‌مانه هۆكارگه‌لێك بوون كه تووره‌ج ئه‌تابه‌كی گوته‌نی: «گه‌رمای په‌یوه‌ندیی یه‌كیەتیی سۆڤییه‌ت له‌گه‌ڵ ته‌ورێز زۆر زیاتر بێ به نیسبه‌ت مه‌هاباد و كوردستانه‌وه!»
ڕسته‌یه‌كی مه‌نشوور هه‌یه كه كاربه‌دستانی ئه‌منیەتیی ئازه‌ربایجان به پیشه‌وه‌رییان گوتووه: «سه‌نی گهتیرهن، سه‌نه دییه‌ر گێت!» واته: ئه‌وه‌ی تۆی هێناوه، هه‌ر ئه‌ویش پێت ده‌ڵێ بڕۆ! مه‌به‌ست له‌م ڕسته‌یه نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی له پێكهاته‌ی فیرقه دایه، له كاتێكدا هه‌رگیز ئه‌م ئه‌ده‌بیاته به نیسبه‌ت كۆماری كوردستانه‌وه ده‌كار نه‌كرا.
كۆماری كوردستان به‌رهه‌می «جەبری ژئوپولیتیك»؟!
نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست ده‌یه‌وێ ڕه‌نگ و بۆنێكی تیۆریك بدا به تهحلیلهكهی و بۆیه كۆماری كوردستان به به‌رهه‌می جه‌بری ژێئۆپۆلیتیك داده‌نێ و بۆ پێكانی ئه‌م مه‌به‌سته‌ش باسی دوو خاڵ ده‌كا. یه‌كه‌م: بۆشایی ده‌سه‌ڵات له ناوچه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی كۆماری كوردستان، دووهه‌م: كێبه‌ركێی زلهێزه‌كان بۆ په‌لكێشكردنی نه‌ته‌وه‌كان و ده‌وڵه‌ته‌كان بۆ لای خۆیان. با بزانین ئه‌م لێكدانه‌وه‌یان چه‌نده ڕاسته؟
وه‌ك باسم كرد ئه‌وان به چه‌مكی داشكاندنخوازی، واته دابه‌زاندنی به‌هاكانی ڕووداوێكی گرینگ وه‌ك كۆماری كوردستان، به ڕه‌چاو نه‌كردنی هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی لێكدانه‌وه‌یی و ته‌نیا پێداگری له‌سه‌ر تاكه ڕه‌هه‌ندێك، ده‌یانه‌وێ له بایخ و كارتێكه‌رییه‌كانی كۆماری كوردستان كه‌م كه‌نه‌وه.
له ڕاستیدا بابه‌تێكی گرینگ، كه ئێستا بووەته به‌شێك له مێژوو و ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانی گونجاوتر هه‌یه بۆ لێكدانه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه و چه‌ندڕه‌هه‌ندی ڕووداوه‌كه، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر به «جەبری ژئوپولیتیك»ه‌وه نووساون!
خۆ ڕاسته زۆربه‌ی توێژه‌ره بیانییه‌كانیش وه‌ك دێیڤید مه‌ك داوڵ و ئاڕچی ڕۆزڤێڵت و… ڕاسته‌وخۆ باس له فه‌زایه‌كی به‌تاڵ (vacuum) ده‌كه‌ن، واته له ڕوانگه‌ی ژێئۆپۆلیتیكهوه باس له بۆشاییه‌كی جوغرافیایی ده‌كه‌ن كه له دواجار ده‌بێته هۆی سازبوونی بۆشایی ده‌سه‌ڵات و ئه‌مه‌ش ڕه‌خسێنه‌ری هه‌له بۆ خه‌ڵكی خۆجێیی ناوچه‌كه!
له لایه‌كی تریشه‌وه كێبه‌ركێی زلهێزه‌كان له‌گۆڕێدا بوو، هه‌رچه‌ند شه‌ڕی سارد به مانا سیاسییه‌كه‌ی كاتی خۆی، نه‌بوو، به‌ڵام جۆرێ له دژایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان به ئاشكرا دیار بوو كه ئه‌ویش خۆی له په‌لكێشكردنی نه‌ته‌وه‌كان و ده‌وڵه‌ته‌كان بۆ لای خۆیان ده‌رده‌خست. ئه‌م دوو هۆكاره به ڕواڵه‌ت، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و جه‌بره ژێئۆپۆلیتیكهن كه باسمان كرد، ئه‌مه ڕێك دیوی دیاری پرسه‌كه و ساكارترین لێكدانه‌وه‌یه، به‌ڵام واقعییه‌ت چ بوو؟
ئه‌وان به هیچ كلۆجێك پێشینه‌ی جووڵانه‌وه و بزووتنه‌وه سیاسییه‌كانی ناوچه‌ی موكریان به‌تایبه‌تی و، كوردستان به گشتی ڕه‌چاو ناكه‌ن. واته به‌كگراوندی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ر له كۆماری كوردستان، لێره‌دا به دیاری بیری كۆمه‌ڵه‌ی ژێكاف، وه‌ك دژكرده‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر به ناسیۆنالیزمی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست، (به‌ربڵاوی ئه‌ندامه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ژێكاف له سه‌رانسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه كه‌م ئه‌م بیره، له به‌رامبه ناسیۆنالیزمی فارس‌دا خۆی ته‌یار و ئاماده كردبوو.) سه‌رنجڕاكێشه كاتێ دێیڤید مه‌ك داوڵ ده‌ڵێ له ژوئیه‌ی 1918 سه‌رۆك عه‌شیره كورده‌كان كۆ ده‌بنه‌وه و داوای سه‌ربه‌خۆیی خۆیان له ژێر حیمایه‌ی بریتانیا ده‌گه‌یه‌ننه ده‌ستی نوێنه‌ری به‌ریتانیا له سه‌قز!
دیاره وه‌ك پێشتریش باسم كرد له كوردستان پێشینه‌یه‌كی به‌هێزی نه‌ته‌وه‌خوازی بوونی هه‌یه كه ئه‌وان به‌ئانقه‌ست چاوپۆشی لێده‌كه‌ن. دوكتور قاسملووش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه باس له وه‌زعی تایبه‌تی ناوچه‌ی مه‌هاباد و ده‌وروبه‌ری ده‌كا وه‌ك بۆشایی و نه‌بوونی ده‌سه‌ڵات له ناوچه‌كه، له هه‌مان كاتدا به دروستی ئاماژه‌ش به ڕابردووی دوورودرێژی جووڵانه‌وه‌ی كورد له ده‌ڤه‌ری مه‌هاباد ده‌كا. هه‌روه‌ها ئه‌وان باس له هۆكاری سه‌ره‌كی سه‌رهه‌ڵدانه‌كه ناكه‌ن، بۆ وێنه هۆكاری سازبوونی ئه‌م گوتاره چییه؟!
سیاسه‌ته‌كانی ڕه‌زاشا بۆ هۆمۆژێنسازیی وڵات، كه له‌سه‌ر بنه‌مای شۆڤێنیزمی فارس و ئاماڵ مۆدێرنیزم و ئاماڵ لائیكی توركیە دامه‌زار بوو، ته‌واوی حه‌ولی سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌یی نه‌ته‌وه‌كان بوو، كۆپی پێستی كردنی نه‌ته‌وه‌كان بۆ بوونه‌وه‌رێكی تازه‌خوڵقاو به ناوی ئێرانی، خۆ زه‌قكردنه‌وه له ڕێگه‌ی خۆسه‌پاندن به سه‌ر ئه‌وی تر و ئه‌وانی تردا. بۆ ئه‌م ستراتیژییه‌ش دێنێ له تاكتیكی سه‌یروسه‌مه‌ره و جۆراوجۆر كه‌لك وه‌رده‌گرێ:
هه‌ڵاواردنی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و ئابووری، دژایه‌تی زمانه‌كانی تر، نیشانه‌گرتنی دابونه‌ریتی نه‌ته‌وه‌كانی تر، هێرشی چه‌كداری بۆ سه‌ر ژیانی خێڵایه‌تی و عه‌شیره‌یی… و به‌گشتی به‌ره‌و پڕۆسه‌یه‌كی ئاماڵ مۆدێرنیزاسیۆنی تاكهڕهههندی و ڕه‌ق ئامێری.
ده‌وری كارگێڕیی كاریزما
جگه له‌م دوو خاڵه، باسێكی گرینگی تری هه‌یه كه دیسان به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌كه بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی بۆچوونی ئه‌وان به بیانووی «جەبری ژئوپولیتیك.»
كە سەیری بزووتنەوەكانی گەلی كورد دەكەی، بوونی كاریزمایەكی زاتی لە ڕێبەریی بزووتنەوەكاندا، زۆر گرینگ و كاریگه‌ر بووه كه دیسان ئه‌وان به‌ئانقه‌ست ئه‌م به‌شه‌ش ڕه‌چاو ناكه‌ن. بۆ ئانالیزی بزووتنەوەكانی پێشوو وەك دیاردەیەك لە ڕوانگەی زانستە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەبێ دەوری كارگێڕ (Agency) زیاتر ڕەچاو بكرێ تاوەكوو پێكهاتە (Structure).
بیردۆزە كۆمەڵایەتییەكان لە ڕوانگەی گرنگیدان بە كارگێڕ یان پێكهاتە بۆ شرۆڤەی دیاردە كۆمەڵایەتییەكان جیاوازییان لەگەڵ یەكتر هەیە، بۆ وێنە پێداگری لەسەر دەوری كارگێڕ یان گرنگی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی یان وەك گیدێنز دەڵێ پەیوەندی دەروونی: [كارگێڕ پێكهاتە] دەكرێ بۆ ئانالیز كەڵكیان لێوەربگیرێ.
لە سەردەمانی زووتردا كە بزووتنەوەكان لەسەر دەستی ئەم كەسایەتییە كاریزمایانە سەریان هەڵدەدا، دەوری كارگێڕ شوێندانەرتر بو بە نیسبەت پێكهاتەی كۆمەڵایەتییه‌وه. بۆیه كاتێ له ده‌وری پێشه‌وا خورد ده‌بینه‌وه، كارتێكه‌ریی ئه‌و له ڕه‌وتی دگه‌ردیسی كۆمه‌ڵه ژێ.كاف بۆ حیزبی دێموكراتی كوردستان، ڕاوه‌ستانی به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانی له قهوامهوه بگره تا كاربه‌ده‌ستانی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت و ئازه‌ربایجان وه‌ك باقرۆف، جێگه‌وپێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و بنه‌ماڵه‌یی قازی محه‌ممه‌د و…
ڕه‌نگه ته‌عبیری دوكتور قاسملوو بۆ پێشه‌وا كاتێ ئه‌و وه‌ك ڕێبه‌رێكی بێ هاوتا و له هه‌مان كاتدا “به‌تاقی ته‌نیا”ی ده‌ناسێنێ بۆمان ده‌ربخا كه ئه‌و وه‌ك كارگێڕێكی كاریزما، به به‌ختكردنی گیانی خۆی توانی میراتێكی هه‌رمان بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی كورد له پاش خۆی به‌جێ بێڵێ، میراتێك به ناوی كۆماری كوردستان!