چه‌مكی تاكگه‌رایی (Individualism) له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌خلاقی تاك دامه‌زراوه و جه‌خت له‌سه‌ر بایەخه‌كانی ئه‌خلاقی ده‌كا و بابه‌ت گه‌لێ وه‌ك سه‌ربه‌خۆیی، ئازادی و بڕوابه‌خۆ بوون، تێیدا زه‌ق ده‌بێته‌وه. بێگومان مه‌به‌ست له سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی فكری و ئازادیی ژیانی تاكه‌كه‌سی دایه!
غرووری نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌و هه‌ست و ئه‌وینه‌یه كه تاك به نیسبه‌ت وڵاتی خۆی (واته هه‌م خاك و هه‌م خه‌ڵك) هه‌یه‌تی، یان په‌یدای ده‌كا. ڕه‌نگه درێژایی ته‌مه‌نی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی (longevity of national identity)ش وه‌ك دیمیترۆڤا و دیتران ده‌ڵێن فاكتۆرێكی سه‌ره‌كی بێ بۆ غرووری نه‌ته‌وه‌یی و بێگومان مێژووی خه‌باتی له‌مێژینه‌ی كوردیش پاڵپشتێكی باش بووه بۆ ئه‌م غروورە!
دیمیترۆڤا و دیتران هه‌روه‌ها ده‌ڵێن: غرووری نه‌ته‌وه‌یی تابعێكه له تایبه‌تمه‌ندییه جۆربه‌جۆره‌كانی تاكه‌كان. بۆیه ده‌كرێ به پشتبه‌ستن به لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی له‌م چه‌شنه، به‌م قه‌ناعه‌ته بگه‌ین كه تاك ده‌توانێ له به‌دیهێنانی غرووری نه‌ته‌وه‌یی و هه‌روه‌ها خه‌مڵاندنی ئه‌م چه‌مكه ده‌ورێكی كاریگه‌ری هه‌بێ. هه‌روه‌ها ده‌کرێ له هه‌ناوی ڕۆژهه‌ڵاتناسیی (شرق شناسی) ئیدوارد سه‌عید، چه‌مكێكی دژواز هه‌ڵێنجین كه دواجار به‌رامبه‌ر به تاكگه‌رایی ڕۆبێنم و له مرخێش مرخێشی ئه‌م دوو چه‌مكه دژوازهدا غرووری نه‌ته‌وه‌یی زه‌ق كه‌مه‌وه.
ڕه‌نگه بکرێ تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌کی ڕۆژهه‌ڵاتناسیی ئیدوارد سه‌عید له‌م ڕسته‌یه‌دا کۆ بکرێته‌وه: ڕۆژئاوا بێ ئهملاوئهلا له ڕۆژهه‌ڵات سه‌رتره و ڕۆژهه‌ڵات توانایی ناسینی خۆی نییه، بۆیه ڕۆژهه‌ڵاتناسی وه‌ک چه‌مکێک ده‌یه‌وێ یارمه‌تیی ڕۆژهه‌ڵات بدا تا خۆیان بناسن! به واتایه‌کی تر ڕۆژهه‌ڵاتناسی، ڕۆژهه‌ڵات به خودی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان و ڕۆژئاواییه‌کان ده‌ناسێنێ.
له ڕاستیدا ئیدوارد سه‌عید له ڕۆژههڵاتناسییهکهی خۆیدا که دروستره بڵێین دژه_ ڕۆژههڵاتناسییهکهی، چون وه‌ك گوتارێکی ڕه‌خنه‌گرانه باس له جیاوازییه‌کی قووڵی نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات ده‌کا، باس له‌وه ده‌کا ڕۆژئاوا له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی زه‌ینی خۆی نه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای واقعییه‌ته‌کان ده‌ڕوانێته ڕۆژهه‌ڵات، بۆ وێنه به‌پێی ئه‌م بنه‌ما زه‌ینییه‌ی خۆی پێی وایه ڕۆژهه‌ڵات به‌بێ ئاڵوگۆڕه، وه‌ک شتێکی نه‌گۆڕ که توانایی تاریفی خۆیشی نییه له‌سه‌ر بنه‌مای پێناسه‌یه‌کی هۆوییه‌تی و بۆیه وه‌ک دیلێکی ده‌سته‌مۆ سه‌یری ده‌کا که ده‌بێ خۆ به‌ده‌سته‌وه بدا.
خۆ ئه‌وه ڕاسته ڕۆژهه‌ڵاتناسی ده‌بێ وه‌ک زانستێک سه‌یر بکرێ که له سه‌ره‌تاوه وه‌ک گوتارێکی ده‌سه‌ڵات، خه‌ریکی پاساهێنانه‌وه بووه بۆ شیوه ڕوانینه‌که‌ی مرۆڤی ڕۆژئاوایی به نیسبه‌ت ڕۆژهه‌ڵاته‌وه و زاڵکردنی مرۆڤی ڕۆژئاوایی به‌سه‌ر مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌وه، به‌ڵام به باوه‌ڕی من له هه‌مان کاتدا نابێ له که‌مته‌رخه‌می مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی و ته‌نانه‌ت تا ئاستی خۆ بهدهستهوهدهری خافڵ بین. خۆ ڕاسته ئه‌م خۆ بهکهمزانینهش، ئه‌م خۆ به هیچنهگرتنهش هۆکاره‌که‌ی دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر چه‌مکی ڕۆژهه‌ڵاتناسی، به‌ڵام تاک و کۆمه‌ڵی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتیش خۆیان هۆکارێکن بۆ ئه‌م شێوه ڕوانینه. دیاره ئه‌مه له هه‌موو بواره سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و فهرههنگییهکانیشدا ده‌دیترێ.
ئه‌گه‌ر سه‌عید له سه‌ره‌تای کتێبه‌که‌یدا زۆر به دروستی ئاماژه به‌مه ده‌کا که ڕۆژهه‌ڵاتناسی وه‌ک سیستم به‌رده‌وام به شێوه‌یه‌کی زنجیرئاسا له لایان نووسه‌رانی ڕۆژئاواوه بۆ خه‌ڵکی خۆیان و ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان دووپاته و چه‌ندپاته ده‌بێته‌وه و کورده‌واری گوته‌نی ده زاری یه‌کتر دهتفن. چه‌مکی خۆ به‌که‌مزانین له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتیش به‌رده‌وام وه‌ک میراتێکی نگریس بۆ تاک و کۆمه‌ڵ دووپاته ده‌بێته‌وه . بۆیه کاتێ کابرایه‌کی سووری چاوشین لێمان ده‌ڕوانێ دهخهجڵێین و که مهرحهبایمان لێده‌کا شاگه‌شکه ده‌بین و ڕه‌نگه به چکۆله‌ترین ناوهێنانمان پێمان وابێ دنیایان به خه‌ڵات پێ به‌خشیوین. زۆر جاران تاكی كورد كه وه‌ك خۆی یان نوێنه‌ری تاقمێك یان خێر نوێنه‌ری حیزبێك له میدیای غهیرهكورددا ده‌رده‌كه‌وێ، هه‌رچه‌ند ده‌زانێ که شێوه ڕوانینی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی به نیسبه‌ت ئه‌و وه‌ک ڕوانینی گه‌وره به سه‌ر گچكهدایه یان له سه‌ره‌وه بۆ خوارێ، به‌ڵام به‌وحاڵه‌شه‌وه به ئاشكرا هه‌ست به داماوی و سهرلێشێواوییهكهی ده‌كه‌ی و چی وای نامێنێ له به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستدا حاشا له كورد بوونیشی بكا و ئه‌گه‌ریش به‌س به کورد ناویشی برد پێی به گه‌وره‌ترین ده‌سکه‌وت ده‌بێ!
لێره‌دایه كه تاكگه‌رایی ڕێك به دژی ئه‌م خۆبهدهستهوهدهرییه قوت ده‌بێته‌وه بۆ داكۆكی له ناسنامه و غرووری نه‌ته‌وه‌یی! ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌كرده‌وه ده‌دیترێ ئه‌وه‌یه كه نه‌ته‌وه‌ی كورد سه‌ره‌ڕای هه‌موو گیروگرفته‌كان، تاكه‌كانی به غرووره‌وه سینگ ده‌ده‌نه پێش وه‌ك كورد، بێگومان ئه‌م تاكگه‌راییه دواجار براوه‌ی سه‌ره‌كی ململانێیه له‌گه‌ڵ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و خۆبه‌كه‌م زانین!
ڕه‌نگه هێنانه‌وه‌ی ئه‌م نموونه‌یه بۆ شرۆڤه‌ی مه‌به‌سته‌كه‌م یارمه‌تیده‌ر بێ:
«سه‌عد زه‌غلوول ڕێبه‌ری سه‌ربه‌خۆییخوازی شۆڕشى ساڵى 1919ى میسر به دژی به‌ریتانیا، گۆیا ده‌چێته له‌نده‌ن بۆ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ جۆرجی پێنجه‌م پادشای به‌ریتانیا. له‌وێ پێی ده‌ڵێن وه‌ك پرۆتۆكۆل، كاتێ چوویه لای كینگ به‌حاڵ خۆت بچه‌مێنه‌وه، ئه‌مه دابونه‌ریته و وه‌ك نیشانه‌ی ڕێزگرتنه له كینگ. كه زه‌غلوول دهچێێه لای پادشا نه‌ك ناچه‌مێته‌وه به‌ڵكوو پشتی ڕاستتر ده‌كا و سینگی ده‌داته پێش. كه كۆبوونه‌وه‌كه ته‌واو ده‌بێ كاربه‌ده‌ستانی به‌ریتانی زۆری گله‌یی لێده‌كه‌ن له هه‌ڵسوكه‌وتی زه‌غلوول. له وڵامدا ده‌ڵێ من ویستم نه‌ختێك بچه‌مێمه‌وه، به‌ڵام هه‌رچی كردم نه‌متوانی و ده‌توت دوازده سێزده میلیون هاوڵاتی میسری پشتم ڕاده‌كێشن بۆ لای خۆیان. ئه‌مه واته تاكگه‌رایی له پێناو غرووری نه‌ته‌وه‌یی!»*
*ئه‌م ڕووداوه‌ی سه‌عد زهغلوولم، به‌سپاسه‌وه له لاپه‌ڕه‌ی فه‌یسبووكی مامۆستا شێركۆ هه‌ژار گێڕاوته‌وه