شەوی یەڵدای ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لە کاتێکدا بە سەدان کەس لە تێکۆشەرانی ڕێگا و ڕێبازی حیزبی دێموکرات و شەهید دوکتور قاسملووی ڕێبەر لە بنکەی سەرەکیی حیزبدا بۆ ڕێزگرتن لە شەویادی لەدایکبوونی ڕێبەری شەهیدیان کۆببوونەوە و ڕێوڕەسمێکی پڕ لە شادی و خۆشییان بەم بۆنەوە پێکهێنابوو، تەقینەوەی دوو بۆمب نزیک لە ساڵۆنی کۆبوونەوەکە شادی و خۆشیی ئەویندارانی ئازادیی و ڕێگای شەهید قاسملوویان تێکەڵ بە شین و شەپۆر کرد. لە ئاکامی ئەم تەقینەوەدا کە هەر ئەوکات هیچ گومانێک لەوەدا نەبوو دەستی ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئیرانی لە پشتە، ٥ تێکۆشەری حیزب و دوو پێشمەرگەی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان شەهید بوون.
هەرچەند ئامانجی سەرەکیی ڕێژیم لەم کردەوە تێرۆریستییە ساڵۆنی بۆنەکە و زەربە لێدانێکی زۆر قورستر لە حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، ئەوەیان بە دڵی ڕێژیم نەچووە پێش، بەڵام دیسانیش خودی یادەکە و ئەو زیانەی کە لەم پێوەندییەدا بە حیزب کەوت، دەنگدانەوەیەکی زۆر و ڕیسواییەکی بەربڵاوی بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لێ کەوتەوە.
بە ئامانجگرتنی ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدا کە تیایدا بە سەدان کەس لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و بنەماڵەکانیان بە مەبەستی ڕێزگرتن لە لەدایکبوونی ڕێبەرە شەهیدەکەیان کە بە دەستی ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر مێزی بەناو وتووێژ تێرۆر کرا، مانایەکی مەزن و حاشاهەڵنەگری لە پشت بوو. ڕێژیم بەم کردەوەیەی بۆ جارێکی دیکە دەریخست کە هەرچەند توانیویەتی قاسملوو بە جەستە لەبەردەم خۆی لا ببا، بەڵام دیسانیش لە باوەڕەکانی قاسملوو و لە درێژەدەرانی ڕێبازەکەی هەر دەترسێ و لێیان نیگەرانە.
کردەوە تێرۆریستییەکەی شەوی یەڵدای خوێناویی لەگەڵ ئەوەیکە ڕیسواییەکی دیکەی بە لاپەڕە ڕەشەکانی پڕ لە تێرۆر و جینایەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاد کرد، بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی خۆیدا گەلێک کارەسات و ڕۆژی ناخۆشی تەجرووبە کردووە، هەڵگری مانای کاریگەریی سیاسەت و هەڵوێستەکانی ئەم حیزبە و، هەڵگری مانای ترسی ڕێژیم لە جێگە و پێگەی قورس و قایمی ئەم حیزبە لەنێو خەڵکی کوردستان بوو بۆیە ئەم کردەوە تێرۆریستییە بۆ حیزبی دێموکرات و تێکۆشەرانی و سەرجەم خەڵکی کوردستان بوو بە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ لە بەگژداچوونەوەی لێبڕاوانەتر دژ بە ڕێژیمی دژ بە کوردی کۆماری ئیسلامی ئێران.
دوای ئەوەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لە یەکەم کاردانەوەدا هیچ گومانێکی لەوەدا نەهێشتەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاردەری سەرەکیی ئەم کردەوە تێرۆریستییەیە و داوای یەکڕیزی و یەکگرتوویی خەڵک و هێزە سیاسییەکانی کرد، شەپۆلێکی بەرین و بێوێنە لە هاوخەمیی خەڵکی هەر چوارپارچەی کوردستان و هێزە سیاسییەکانیان ڕووی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد. هەر لەم پێوەندییەدا لەسەر داوای حیزبی دێموکراتی کوردستان، پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی بەفرانباری ١٣٩٥ هەتاوی (چەند ڕۆژ دوای ڕووداوەکە) بە مەبەستی هاودەنگی و یەکگرتوویی بۆ مەحکومکردنی تاوانی تێرۆریستیی شەوی یەڵدا، زۆربەی نزیک بە هەمووی حیزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب کۆبوونەوە. لەم کۆبوونەوەدا کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەربڕی و کردەوە تێرۆریستییەکەی شەوی یەڵدای خوێناوییان مەحکووم کرد، باس لە پێویستیی بەکردەوەی یەکگرتوویی نێو ماڵی کورد و هێزە سیاسییەکان کرا.
ڕووداوە تێرۆریستییەکەی شەوی یەڵدای ١٣٩٥ی هەتاوی لە دوو بواردا دەکرێ وەک دەسپێکی قۆناغێکی تایبەت لە هێرشی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە لایەک و، هەستکردن بە کردەییکردنی بیری یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێندنەوەی بۆ بکرێ. بە واتایەکی دیکە دەتوانین بڵێین کە لە ڕووداوە تێرۆریستییەکەی شەوی یەڵدا بەم لاوە، ڕێژیم زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی زەربە لێدانیان لە شێوەی جۆراوجۆردا دەست پێکرد کە لانیکەم لە ماوەی ١٥ بۆ ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، نموونەیان کەمتر دیتراوە. هەروەها دوای ئەم ڕووداوە جموجۆڵێک لەنێوان هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە مەبەستی لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتوویی هاتە ئاراوە کە لانیکەم دوای ڕەوتی لێکدابڕانەکان لە نیوەی یەکەم دەیەی هەشتادا، زۆر کەمتر هەستی پێدەکرا.
دەستپێکردنەوەی ڕەوتی تێرۆری تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کە هەر هەموویان بەدوای تەقینەوەکانی شەی یەڵدای ١٣٩٥ی هەتاویدا ڕوویان داوە، سەلمێنەری ئەمەیە کە ئەم هێرشە بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر وەک لە هەڵبژاردنی کات و شوێنی ڕووداوەکەدا لەلایەن داڕێژەران و بکەرانی تێرۆرەکەوە تێبینیی وردی لەسەر کراوە، ئامانجی وەشاندنی زەبرێکی قورس و گران لەم حیزبە بووە. تێرۆرەکانی دوای ئەم ڕووداوە؛ تێرۆری سەباح ڕەحمانی، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، تێرۆری قادر قادری، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە و کادری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ١٥ لهسهر ١٦ی ڕهشهمهی ١٣٩٦ و دانانەوەی بۆمب لە بنکەی ناوەندیی کۆمەڵە و هەروەها تۆپبارانکردنی بنکەکانی سەر سنووری حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە شەهید و برینداریشی لێ کەوتەوە، هەموویان دەرخەری ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەن کە ئەم ڕەوتە لەسەر هێرشکردنە سەر ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن دەزگای تێرۆری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، پلانێکی تۆکمەی ژوورە فکرییەکانی وەک شووڕای ئەمنیەتی میللیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.
کاریگەریی خەباتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر شێوەی ڕەفتاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەگەڵ نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرهەڵستاریی خەڵک بەرانبەر بە سیاسەتە دژەگەلییەکانی ئەم ڕێژیمە بە تایبەت کە لەم ساڵانەدا شێوازێکی گشتگیری جەماوەریی بەخۆوە دیتبوو و خەڵک یەکگرتووانە لە هەموو دەرفەت و بۆنەیەک بۆ مەترەحکردنی ویست و داواکارییە نەتەوەییەکانی خۆیان کەڵکیان وەردەگرت، کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمەی توڕە و نیگەران کردبوو. بۆیە ڕێژیم بە جێبەجێکردنی ئەم شەپۆلە لە کاری تێرۆریستیی بۆ سەر حیزبەکان و تێکۆشەرانی بەخەیاڵی خۆی دەیهەویست پاشەکشە بە حیزبەکان بکا و خەڵک چاوترسێن بکا.
ئامانجی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم تێرۆرانە نە تەنیا نەیتوانی بێتە دی، بەڵکوو ڕاستەوخۆ بوو بە مایەی ڕق و بێزارییەکی زیاتری خەڵک لە ڕێژیم و، پێکهاتنی هەمگەرایی و یەکڕیزیی نێوان هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەر لە سۆنگەی ئەم هێرشانەی ڕێژیم بۆ سەر حیزبەکان و تێرۆری تێکۆشەرانیان و هەر دوای تەقینەوەکەی شەوی یەڵدا، شەش حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەیەکی زۆر باش توانییان پێکەوە کۆمەڵە کارێکی هاوبەش لە بوارەکانی ئەمنیەتی و سیاسیدا بکەن کە هەر دوای ساڵێک و بە دەستپێکی ڕەوتی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی زیاتر لە سەد شاری ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی لە بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاویدا، لە سەر بنچینەی ئەم یەکڕیزی و یەکگرتووییەی حیزبەکان، لە کۆبوونەوەی ١٩ی بەفرانباری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بڕیار لە سەر دامەزراندنی “ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران” درا و ئەوە بۆ ماوەی نزیک بە ساڵێکە ئەم ناوەندە هەیە و لە کار و تێکۆشانی بەردەوامە.
کاریگەریی خوێندنەوە، سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان و ڕەفتاری خەڵک لە پێناو پرۆسەی شوناسخوازیی نەتەوەیی و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک لەگەڵ سیاسەتەکانی ڕێژیم لەسەر بنەمای “کەڵکوەرگرتن لە هەر دەرفەتێکی گونجاو بۆ هێنانە گۆڕی ویست و داخوازییە نەتەوەییەکان بە شێوازی جۆراوجۆر” و هەروەها ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پرسی یەکڕیزیی نێوان حیزبەکان و هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و خەباتی جەماوەری و گرینگیدان بە حزووری پێشمەرگانە لەنێو خاک و خەڵکی ڕۆژهەڵات بە شێوازێکی گونجاو لەگەڵ دۆخی هەنووکەیی، کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی زیاتر لە هەمیشە تووڕە و نیگەران کرد. بۆیە ئەمجارەیان بە پلانی ورد و قبووڵکردنی ڕیسکێکی قورسی سیاسی_ ئەمنیەتی، بە مووشەکی دوورهاوێژ هێرشی کردە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان.
پێشنیوەڕۆی ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی لە کاتێکدا ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قەڵای دێموکرات خەریکی کۆبوونەوەی وەرزانەی خۆی بوو، لەلایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هێرشی مووشەکی کرایە سەر. لەم هێرشەدا کە ڕێژیم ئامانجی لەنێوبردنی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و تێکشکاندنی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان بوو، ٦ ئەندامی ڕێبەری و ١٠ کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات شەهید و بە دەیان کەسیش بریندار بوون. لەم دەست وەشاندنەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورددا ڕاستە ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەرانی دێموکرات گیانیان لەدەست دا کە خەسارێکی گەلێک قورس بوو، بەڵام ئەوەی لە ڕۆژی ٢١ی خەرمانان (سێ ڕۆژ دوای هێرش بۆ سەر قەڵای دێموکرات) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی دا، بەسەرهاتێکی دیکەیە کە هەر تەنیا کاربەدەستانی ڕێژیم و سپای تێرۆریستی یکۆماری ئیسلامی ئێران دەبێ بزانن کە تووشی چ هەڵەیەکی گەورە و گران بوون.
لە ٢١ی خەرماناندا خەڵکی کوردستان بە داخستنی دوکان و بازار و مانەوە لە ماڵەکانیان و لە مانگرتنێکی گشتیدا ئەوپەڕی ڕق و بێزاریی خۆیان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕی و هێرشی مووشەکیی ڕێژیمیان بۆ سەر “قەڵای دێموکرات” مەحکووم و ڕیسوا کرد. ئیرادەی خەبات و پشتبەستن بەم پشتیوانییەی خەڵکی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی زیاتر لە هەمیشە بەهێزترکرد و تێکۆشەرانی دێموکرات هەر زۆر زوو توانیان بە سەر دۆخەکەدا زاڵ بن و بۆجارێکی دیکە ببنەوە بە جێی هیوا و هومێدی خەڵکی خۆیان.
ئێستا ئەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان و خەڵکی مافخواز و دێموکراتپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە بە شانازییەوە باس لە شەهیدانی هەڵاتنی خۆرەتاوی یەڵدا، شەهیدی ڕێبەر دوکتور قاسملوو و شەهیدانی تەقینەوەکەی شەوی یەڵدا و شەهیدانی دەستی تێرۆری تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی ئێران و شەهیدانی ١٧ی خەرمانانی قەڵای دێموکرات دەکەن. قەڵای دێموکرات کە ئیرادەی خەڵکی کوردستانە هەر بە پێوەیە و ئەوەی دەبێ هەست بە شەرمەزاری و ڕیسوایی بکا، ڕێژیمی کۆماریی ئیسلامی ئێرانە.