• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤار و ڕۆژنامە
    • تیشکی نوێ
    • دنیای منداڵان
    • کتێبخانە
    • گۆڤاری ژنان
  • پێوەندی
Menu
  • ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤار و ڕۆژنامە
    • تیشکی نوێ
    • دنیای منداڵان
    • کتێبخانە
    • گۆڤاری ژنان
  • پێوەندی
فارسی
English

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

  • دەسپێک
  • هەواڵ و ڕاپۆرت
    • ئێران
    • جیهان
    • کوردستان
    • پەیام
    • هەواڵی حیزبی
    • ڕاپۆرت
  • وتار
    • ئەندیشە
    • لە مێدیاکانەوە
    • بیروڕای ئازاد
    • جۆراوجۆر
    • سیاسی
    • هزروکولتور
    • ژنان
    • ئەدەب
    • کۆمەڵایەتی
  • وتووێژ
  • سکرتێر
  • ڕاگەیەندراو
  • بەڵگەنامەکان
  • ڕێبەرانی شەهید
Menu
  • دەسپێک
  • هەواڵ و ڕاپۆرت
    • ئێران
    • جیهان
    • کوردستان
    • پەیام
    • هەواڵی حیزبی
    • ڕاپۆرت
  • وتار
    • ئەندیشە
    • لە مێدیاکانەوە
    • بیروڕای ئازاد
    • جۆراوجۆر
    • سیاسی
    • هزروکولتور
    • ژنان
    • ئەدەب
    • کۆمەڵایەتی
  • وتووێژ
  • سکرتێر
  • ڕاگەیەندراو
  • بەڵگەنامەکان
  • ڕێبەرانی شەهید
Search
Close
فارسی
پێوەندی
English
Menu
  • دەسپێك
  • هەواڵ و ڕاپۆرت
    • ئێران
    • جیهان
    • راگەیەندراوەکان
    • هەواڵی حیزبی
    • پەیام
    • ڕاپۆرت
    • کوردستان
  • وتار
    • ئەندیشە
    • بیروڕای ئازاد
    • جۆراوجۆر
    • روانینی دەرەکی
    • سیاسی
    • هزروکولتور
    • کۆمەڵایەتی
    • ژنان
  • سکرتێر
  • وتووێژ
  • راگەیەندراوەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • رێبەرانی شەهید
  • گۆڤار و ڕۆژنامە
    • تیشکی نوێ
    • دنیای منداڵان
    • ڕۆژنامەی کوردستان
    • کتێبخانە
    • گۆڤاری لاوان
    • گۆڤاری ژنان

ڕۆژی گەشبینی بە داهاتووی خەباتی شوناسخوازیی کورد

بەرواری بڵاو کردنەوە 2018/12/18
جۆری بابەت: سیاسی

لەوەڕا کە ئەم‌ ڕۆژە ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستانە و ڕۆژی یادکردنەوە و پیرۆزکردنی ڕۆژێکی نەتەوەییە نەک حیزبی، کەوابوو هەوڵ دەدەم بە کورتیش بێ، ئاوڕ لە دۆزی کورد لە بەشەکانی تری کوردستانیش بدەمەوە، هەرچەند لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان پتر هەڵوێستە دەکەم.

ئەگەر بۆ قسەکانم یان بۆ ئەو سیمینارە، عینوانێک دابنێم، ناوەکەی “ڕۆژی گەشبینی بە داهاتووی خەباتی شوناسخوازیی نەتەوەی کورد”ــه‌. ئامانجی وتارەکە چییە؟ هەوڵ دەدەم بیسەلمێنم دوای نیزیک بە سەد ساڵ لە خەباتی شوناسخوازیی نەتەوەکەمان بەرامبەر بە داگیرکەرانی کوردستان، کورد لەو ململانێ و خەباته‌یدا سەرکەوتووە و ئەوە داگیرکەرانی کوردستانن لە ستراتێژی خۆیاندا بەرامبەر بە کورد شکستیان هێناوە.

 

ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە کۆتاییەکانی سەدەی 19 و سەرەتای سەدەی  ٢٠ــه‌م و دەقیقتر بڵیم لەگەڵ بزاڤی مەشرووتە دەرکەوت، دەیاردەیەک کە پێشتر لە مێژووی ئەم وڵاتەدا نەبووە، بەرهەمی ناسیۆنالیزمی ئێرانی “نەتەوەی ئێران” کە لەگەڵ یەکەم قانوونی ئەساسیی ئەم وڵاتە (1906) بە فەرمی ناوی هێنرا. “نەتەوەی ئێران” دەستەواژەیەکی فانتازی و دەستکرد بوو، کە بە مەبەستی سیاسی داتاشراو بوو، چونکە لەسەر بنەمای زمانی فارسی، کولتووری فارسی و مەزهەبی شیعە دادەمەزرێ و هیچ تەعبیرێک یا گوزارشتێکی لە شوناسی نەتەوەکانی دیکەی نیشتەجێ لەم یەکە جوغڕافیاییەی کە پێی دەگوترێ ئێران نەدەکرد، کە کورد یەک لەو نەتەوانە بوو.

بیست ساڵ لەدوای لە دایکبوونی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و بەرهەمەکەی “نەتەوەی ئێران” بە چوونەسەر تەختی شایەتی ڕەزاخانی پەهلەوی، کە گوزارشتی لە دەوڵەت_نەتەوەی مۆدێرنی ئێران دەکرد، ناسیۆنالیزمی ئێرانی چووە قۆناغێکی تری ژیانی خۆیەوە، واتە درووستکردنی  “نەتەوەی ئێران”. نەتەوەی ئێران کە تا ئەوکات لەسەر کاغەز مابۆوە، دەچێتە قۆناغی پراکتیکەوە و دەبێ بە کردەوە درووست بێ. بەم جۆرە پڕۆسەی نەتەوەسازی لە ئێراندا دەستی پێکرد.

پڕۆسەی نەتەوەسازی لەسەر بنەمای یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە، یەک کولتوور دەستی پێکرد و، بۆ ئەم مەبەستە دەبوو نەتەوەکانی دیکە، کولتوورەکانی دیکە و زمانەکانی دیکە، لە نەتەوە و زمان و کولتووری فارسیدا بتوێنەوە و، ئەمەش لە ڕێگەی هێرش بۆ سەر کولتووری نەتەوەکانی دیکە دەستی پێکرد، بەهۆی ئامرازاەکانی دەسەڵات وەکوو سوپا و بورۆکراسییه‌کی لە حاڵی پەرەسەندندا. بەم جۆرە پڕۆسەی نەتەوەسازی لە ئێراندا بە شێوازێکی غەیرە دێموکراتیک و لە ڕێگەی زۆر و بە زەبری هێز و داسەپاندن و بە دوور لە ویست و ئیرادەی نەتەوەکانی ئێران دەستی پێکرد.

ئەمە سەرەتای دەستپێکی ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەیی بە شێوازێکی مۆدێرن و سیستماتیک بوو لە ئێراندا، کە بە درووستبوونی دەوڵەت_نەتەوەی ڕەزاشای پەهلەوی دەستی پێکرد.

ناسیۆنالیزمی کوردیش لە پەرچەکردار بە ناسیۆنالیزمی ئێرانی کە ناسیۆنالیزمێکی هێرشبەر بوو فۆڕمی گرت و بەگژ ئەم ناسیۆنالیزمە هێرشبەرەدا چووەوه‌ و بە چالشی کێشا. بەم جۆرە ستارتی خەباتێکی درێژ خایەن لێدرا کە ئێستا ئەوە بۆ سەدەیەک دەچێ. کۆماری کوردستان، ڕاپەڕینی ٤٦-٤٧ و بزووتنەویەک بە تەمەنی ٤٠ ساڵ درەوشاوەترین دەرهاویشتەی ئەم خەباتە بوون.

نێوەرۆکی ئەم خەباتە چ بوو؟ نێوەرۆکی خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ئەم سەدەیە، خەباتی شوناسخوازی بوو. ئەندامانی کۆمەڵگه‌ی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ئەم  ١٠٠ ساڵەدا هەست و بیر و هەڵوێستی خۆیان بە شێوازی فرەڕەهەند و جۆراجۆر دەربڕیوە بۆ ئەوەی شوناسی نەتەوەیی خۆی بسەلمێنێ و بە ئامانجێکی سیاسی بگا.

شێوازەکانی ئەم دەربڕینە لەم تەوەرانەدا پوخت دەکرێنەوە: خەباتی چەکدارانە، نافەرمانیی مەدەنی، خۆڵقاندنی هونەر و ئەدەبیاتی نەتەوەیی و چالاکیی مەدەنی.

خەباتی چەکدارانە؛ خەباتێکی سەخت و دژوار بۆ ماوەی پتر لە ١٥ ساڵ و بێ پسانەوە و چالاکییەکانی ئەم ساڵانەی دوایی، لە “گردینە”ی “هەمزە سارتکەیی” ڕا بگرە تا “قەرەسەقەل”ی کەماڵ خزری، “سەقز”ی “شێخ غەریب”، “کۆساڵان”ی مینبەرییەکان، “دەری ئارگەش”ی “مەریوان” و “کامیاران”ی “حەمەی کامیاران”.

نافەرمانی مەدەنی؛ لە شێوەی خۆپێشاندان و مانگرتنی گشتی و داخستنی دووکان وبازار لە شارەکانی کوردستان بەهۆی تیروری دوکتور قاسملوو و شەرەفکەندی  و دووپاتبوونەوی لە ساڵانی دواتردا، ئیعتراز بە کوشتنی شوانەی سەید قادر، ئیعدامی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانی و دەربڕێنی هەستی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات بە شێوازی جۆراجۆر وەک خۆپیشاندان، گردبوونەوە و هەڵپەڕکێ لە شین ‌و شاییی بەشەکانی دیکەی کوردستان.

خۆڵقاندنی هونەر و ئەدبیاتی نەتەوەیی؛ لە بوارەکانی شێعر، ڕۆمان، فیلم، پەیکەرسازی، شانۆ، چاپەمەنی و موزیک. شیعرەکانی مامۆستا ئاسۆ، سەلاحی ئاشتی، عەلی ئولفەتی، گەردیگلانی، مارف ئاغایی، ڕەزایی، تاباک، ناسر ئاغابرا و شوانە و زۆریتر، ڕۆمانی گابوری هیدایەتی، گوڵی شۆرانی عەتا نەهایی و بەرهەمەکانی ئەمیری، فیلمەکانی قوبادی وجەمیل ڕۆستەمی، پەیکەرەکانی هادی زیائەدینی  کە لە سیما و ڕەمزە نەتەوەییەکان درووستی کردوون، شانوی قوتبەدینی سادقی، موزیکی گرووپی فوول هارمونیکی کاوە فەقێ‌زادە تا هونەرمەندانی ناوچەیی و فولکلوربێژ و دەرکردنی دەیان گوڤار، ڕۆژنامە و وەرگێران .

چالاکیی مەدەنی؛ ئەو جووڵەیەی سەرەتا بە درووستکردنی ئەنجومەنەکانی ئەدەبی و یادکردنەوی بۆمبارانی شیمیایی هەڵەبجە لە تاران و شارەکانی دیکە دەستی پێکرد و، گەیشتە بەڕێوەبەردنی ڕێورەسمە نەتەوەییەکان و نەورۆزی جامانەکان و مەریوانی پێشەنگ لە خەباتی مەدەنی و شەهیدانی ژینگەی ئەم دواییە و هتد.

ئەم خەبات وچالاکییانەی ئەم سەدەیە و بەتایبەتی لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا کە من نموونەکانم بەم قوناغە هێناوە ناسیونالیزمی ئێرانییان بە چالش کێشاوە و بە تایبەتی لەم چەند دەیەی ڕابردوو بۆتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگەی کوردی بنەماکانی شوناسی خۆی لەگەڵ ئەویتر بە زەقی ببینێ و وەکوو داگیرکەر لێی بڕوانێ. هەر بۆیەش دەبینین وێژمانی نەتەوەیی لە ٣٠-٤٠ ساڵی ڕابردوو بەملاوە لە کەش و هەوای سیاسیی کوردستاندا وێژمانی زاڵە، بە پێچەوانەی دەیەی ٤٠ و٥٠ی هەتاوی.

هەڵوێستی ناسیونالیزمی ئێرانی بەرامبەر بە دۆزی کورد و پرسی نەتەوەیی لە ماوەیی١٠٠ ساڵی ڕابردوودا و تا هەنووکە چ بووە؟ ڕوانینێکی تەواو ئەمنییەتی و وەک پرسێکی سیاسی و واقعییەتێکی کۆمەڵگەی ئێران سەیری نەکردووە. هەر بۆیەش هەرگیز بە جیددی لە ڕێگەی وتووێژ و دیالۆگەوە بۆ چارەسەری هەنگاوی نەناوە، بەڵکوو لە ڕێگای هێرشی نیزامی، میلیتاریزەکردنی کوردستان، تێرور، ئیعدام، زیندان و دورخستنەوە ویستوویەتی چارەسەری ئەم قەیرانە بکا و لە ڕاستیدا کۆتایی بە پرسی کورد بێنێ.

ئەم تێڕوانین و سیاسەتی ناسیونالیزمی ئێرانی لە ١٠٠ساڵی ڕابردوو لەلایەن سێ دەسەڵاتی ناوەندی بەڕێوە چووە، ڕەزاشای پەهلەوی، حەمەڕەزاشا کوڕی لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا وکۆماری ئیسلامی. ڕەزاشا سمکۆی شکاکی بە فێڵ‌ و تەڵەکە و بە وتەی مێژوونووسانی ئێرانی بە (تدبیرکمند) لەنێو برد، حەمەڕەزاشای کوڕی قازییەکانی ئیعدام کرد، کۆماری ئیسلامی قاسملوو و شەرەفکەندیی لە جەرگەی ئورووپای موتەمەدیندا! تیرور کرد. ئەگەر حەمەڕەزاشا ١١کەسایەتیی فەیزوڵابەگیی لە یەک ڕۆژدا بە پەتی سێدارەوە کرد، کۆماری ئیسلامی لە یەک ڕۆژدا ٥٩ لاوی لە شارێکی بچووکی وەک مەهاباد ئیعدام کرد. تا ئەو ڕۆژەی هاوپەیمانان ڕەزاشایان لە تەختی شایەتی هێنا خوار و هەڵیانداشت بۆ ئەفریقای باشوور، سەرۆک عەشیرەی کورد کە ملی بۆ سیاسەتی سینتڕالیزەکردنی ئێران ڕانەکێشابوو، لە زینداندا بوون (بیرەوەرییەکانی گرووپی ٥٣ کەسی یا گرووپی ئەرانی زانیاریی سەرنجڕاکێشی لەم بارەیەوە تێدایە). حەمەڕەزاشای کوڕی تا ئەو ڕۆژەی لە فڕۆکەخانەی تاران بە چاوی گریانەوە بۆ هەمیشە ئێرانی بەجێ‌ هێشت، زیندانیی ٢٥ ساڵەی کورد لە زیندانەکەیدا هەبوون (عەزیزیوسفی، غەنی بلووریان و ڕەزا شەلتوکی و عەلی عەموویی کوردی کرماشانی)  و لە ئێستاشدا کۆنترین زیندانی سیاسی لە ئێراندا ژن وپیاوی کوردن. (زینەب جەلالیان ١١ ساڵە لە زیندان دایە وحوکمی هەتاهەتایی بۆ بڕاوەتەوە. عوسمان مستەفاپوور، محەممەد نەزەری و کەماڵ شەریفی بەڕێز ٢٧، ٢٥  و١٠ ساڵە کە لە زیندان دان.)

ئاماژەم بەوەکرد کە داگیرکەر هیچ کات بە جیددی و لە ڕێگەی دیالۆگەوە بۆ چارەسەری پرسی کورد هەنگاوی نەناوە، بەڵکوو بە سەپاندنی شەڕ و گرتنەبەری ڕێگەی توندوتیژانە،  بەرگریی چەکدارانەی بەسەردا سەپاندووین. هەندێک کەس پێیان وایە هەر لە سەرەتاوە دەستبردن بۆ چەک هەڵە بووە، وەک شێوازێک لە خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەدەبوو بۆ بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی نەتەوەکەمان ئەم شێوازە لە خەبات هەڵبژێرێرین. ئێمە شەڕ بە یەکێک لە دزێوترین و قیزەونترین دیاردەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دەزانین، هەر بۆیەش هەرگیز حەزمان نە لە شەڕ و نە لە چەک ‌هەڵگرتن بووە. چ لەوی تاڵتر و ناخۆشتر کە منداڵ هەتیو بکەوێ، دایک جەرگی بسووتێ و عافرەت بێوەژن بکەوێ، جا فەرق ناکا چ عەرەب، چ فارس، چ تورک و چە کورد، ئەمانە هەمووی دەرهاویشتەی شەڕن. لە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لە کتێبی فەرماندەرانی شەهیدی حیزبی دێموکراتدا گوتم: بە شاهیدی بەشێک لە ئێوە کە لەو ڕێورەسمە دان و لە نێزیکەوە ئەو فەرماندەرانەتان دەناسی، بە جۆرئەتەوە دەڵێم هیچ کامیان نە پێیان خۆشبوو بکووژرێن و نە کەس بکووژن.

ئێمە وەک کورد هەرگیز هێرشمان نەکردووەتە سەر هیچ نەتەوەیەک و هەرگیز خاکی هیچ نەتەوەیەکی دیکەمان داگیر نەکردووە. ئێمە چمان ویستووە؟ بە ئازادی لە سەر خاکی خۆمان بژین و مافی بڕیاردانمان لەسەر چارەنووسی سیاسیی خۆمان هەبێ، ئەمە تاوانی ئێمەیە. ئیستا لایەنگرانی ئەم ڕوانگەیە چ ئاڵتڕناتیوێکیان لە تێکۆشان پێ‌ شک دەهات بۆ دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەکەمان؟ مەگەر غەنی بلووریان و هاوبیرانی لە حیزبی دیموکرات جیا نەبوونەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی خۆیان گوتەنی، “ئاشتیخوازانە”ەوە دۆزی کورد چارەسەر بکەن. مەگەر چەکیان دانەنا و تەنانەت پشتیوانییان لە کۆماری ئیسلامی نەکرد بە پاساوی “دژەئیمپریالیست بوونی خەتی خۆمەینی”. ئایا توانییان لەم ڕێگەیەوە ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد دابین بکەن؟ هەروەک بینیمان ئەوانیش کەوتنە بەر تیغی ڕەحمەتی کۆماری ئیسلامی و، قەدەغەبوونی چالاکی، زیندان، ئیعدام و ڕاودوونانی ئەندامانیان بە نەسیب بوو.

ئایا ئەحمەد موفتی‌زادە و ناسر سوبحانی دەستیان بۆ چەک بردبوو؟ ئەوان نە سێکۆلار بوون و نە چەپ و نە لە خانەی ئەحزابی “برانداز”دا  بوون، بەڵکوو ئیسلامی، موتەدەین و تەنانەت لە مەقتەعێکدا بەرگریشیان لە کۆماری ئیسلامی کرد، کەچی چارەنووسی ئەوانیش هەر زیندان و کوشتن بوو. ئێمە هەمیشە پێمان وابووە چارەسەری پرسی کورد دەبی لە ڕێگەی دیالۆگ و وتووێژ بێ، پێمان وابووە گرییەک کە بە دەستی دەکرێتەوە بۆ بە ددان بیکەینەوە، ئێمە هەرگیز وتووێژمان وەک پرەنسیپێک لە شێوازی خەبات ڕەت نەکردۆتەوە، بەڵام ئەگەر لایەنی بەرامبەرت ئامادە نەبوو و یا نیاز پاک نەبوو، وتووێژ مانای هەیە؟

لە ٤٠ ساڵی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی سێ جار لە گەڵ بزووتنەوەی کورد یا لەگەڵ لایەنێکی ئەم بزووتنەوەیە وتوووێژی هەبووە. جاری یەکەم لە پاییزی ١٣٥٨ لە گەڵ دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد وتوووێژی ئاشکرای بوو. دوای چەند مانگ وتووێژەکان گەیشتنە بونبەست. دواتر حیزبی دێموکرات یەکلایەنە درێژەی پێدا و هەر بۆیەش پێی دەگوترا سازشکار”، ئەم هەوڵە یەکلایەنەش گەیشتە بونبەست. لە ڕاستیدا ئەوە کۆماری ئیسلامی بوو کە باوەڕی بە وتووێژ نەبوو و مەبەستی لە وتوووێژ کرینی کات بوو بۆ پتەوکردنی بناغەکانی خۆی؛ چونکە ئەو کات هێشتا بە باشی جیێ نەگرتبوو، بۆ سەلماندنی ئەم ئیدعایە و نیازپاک نەبوونی کۆماری ئیسلامی با لە قسەکانی هاشمیی ڕەفسەنجانی ورد ببینەوە:

لە “صورت جلسە”ی شورای ئینقلاب لە ١١ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٥٨، لە زمانی ڕەفسەنجانی‌وە هاتووە، ئەوان (کوردەکان) بە هیچ شتێک ڕازی نین مەگەر وڵاتێکی سەربەخۆی غەیری ئیسلامی، پێتان ‌وانەبێ بە وتووێژ چارەسەر بێ، بێگومان لە گەڵیان تووشی شەڕ دەبین. (سەرچاوە: مسعود رضوی روزنامەی همشهری سال ١٣٧٢)

جاری دووهەم، لە ڤییەن، پێتەختی وڵاتی ئۆتریش و ئەم جار وتووێژ بە نەهێنی، ئاکام: تیروری دوکتور قاسملوو.

جاری سێهەم: ئەم جارەش بە نەهێنی و ئاکامەکەی هیچ! وەزیری ئیتلاعات لە مەجلیسی شوورای ئیسلامیدا دەڵێ، ماوەیەک لەوە پیش لە گەڵ “گروهکهای معاند” وتووێژمان هەبوو، تا زانیاریی خۆمانیان لەسەر بەڕۆژ بکەینەوە. ئایا ئەو نموونانە کافی نیین بۆ ڕەوینەوی گومانی نیازپاکیی کۆماری ئیسلامی بۆ وتووێژ؟

ئێستا کە نیزیک بە ١٠٠ ساڵ لە دەسپێکی هەوڵی ناسیونالیزمی ئێرانی بە هۆی دەوڵەتی شێوە مودێرنی ڕەزاشای پەهلەوی بۆ دروستبوونی ” نەتەوەی ئیران” و ئاسیمیلەکردنی نەتەوەی کورد لە بۆتەی نەتەوەی فارسدا تێدەپەڕێ، بزانن ئایا داگیرکەر بە ئامانجی خۆی گەیشتووە؟ هەروەک دەزانن لە دڕێژەی هەمان ڕویکەرد و ستڕاتێژیی ناسیونالیزمی ئێرانی، واتە پەنابردن بۆ سەرکوتی هەوسارپچڕاو بەرامبەر بە گەلی کورد، سێ مانگ پێش ئێستا کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ ئیعدامی سێ زیندانیی سیاسیی کورد، قەڵای دێموکراتی مووشەکباران کرد، کە لە ئاکامدا پۆلێک لە خەباتگێڕانی کورد گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەک بریندار بوون.

وەڵامی کۆمەڵانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەم هێرشکارییە و ئیعدامەکان چ بوو؟ وەڵام، مانگرتنی سەرانسەری لە ٢١ی خەرمانان لە شارەکانی کوردستان، مانگرتنێک کە لە ٤٠ و بگرە  ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا، وەک گەورەترین نافەرمانیی مەدەنی، بەم پانتایە و ژومارەیە بێوێنە بوو.

ئه‌م مانگرتنه‌ میلیۆنییه‌، شارستانییه‌، کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی‌ کوردستان دوو ده‌رهاویشته‌ی گرینگی هه‌بوو: یەکەم، په‌یامێک بوو بۆ داگیرکه‌ر که‌ له ‌دوای 100 ساڵ به‌تایبه‌ت له‌ 40 ساڵی ڕابردوودا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی په‌نای بۆ هه‌موو ئامرازێک بردووه‌، هیچ پێگه‌ و جێگه‌یه‌کی له‌ کوردستاندا نییه‌ و له‌ سه‌ر خاکی کوردستان بێگانه‌یه‌ و بوونی ئه‌و ته‌نیا به‌هۆی هێزی سه‌ربازی و میلیتاریزه‌بوونی کوردستانه‌. دووهەم، ئه‌م مانگرتنه‌ ئه‌زموونێک بوو، تاقیکارییه‌ک بوو، که‌ له‌ ئه‌نجامیدا ده‌رکه‌وت که‌ ناسیۆنالیزمی ئێرانی له‌دوای 100 ساڵ هه‌وڵدان، له‌ ئامانجی خۆی واته‌ درووستکردنی ”نه‌ته‌وه‌ی ئێران” و پێدانی شوناسی ئێرانی به‌ کورد سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌ و به‌پێچه‌وانه‌ کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان سه‌لماندی که‌ پێداگره‌ له‌سه‌ر شوناسی نه‌ته‌وه‌یی خۆی.

ئاسته‌نگه‌کانی به‌رده‌م خه‌باتی شوناسخوازانه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ کورتخایه‌ندا

1ــ یه‌کڕیزی و یه‌کگرتوویی هێزه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به‌تایبه‌ت له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌ی ئێران و ناوچه‌ که‌ تێیدان زۆر له‌وه‌ی که‌ ده‌بێ ببێ که‌متره‌ و، له‌و نێوه‌دا به‌ تایبه‌تی هیچ پاساوێک نییه‌ بۆ یه‌کنه‌گرتنه‌وه‌ی دێموکراته‌کان، وه‌ک دوو هێزی سه‌ره‌کیی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ میراتێکی هاوبه‌شی 60 ساڵه‌، که‌ له‌م خه‌باته‌ شوناسخوازییه‌ی کورد له‌م به‌شه‌ی کوردستان پشکی شێریان به‌رده‌که‌وێ. وەدوادان و سه‌رنجنه‌دان به‌ ویستی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و به‌هه‌ندنه‌گرتنی ئه‌و که‌مپه‌ین و واژۆیانه‌ی که‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌نجام ده‌درێن، له‌به‌ر چاوی وشیاری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ون نییه‌ و خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌ ئه‌رکی نیشتمانی.

2ــ ئه‌و ناسیۆنالیزمه‌ کولتوورییه‌ی که‌ له‌ ناوچه‌کانی خوارووی کوردستان (کرماشان و ئیلام) له‌ ساڵانی ڕابردوودا ده‌رکه‌وتووه‌، ده‌بێ گرینگی پێ بدرێ و ڕه‌هه‌ندی سیاسی به‌خۆیه‌وه‌ بگرێ، تا کۆتایی به‌ ناهاوسه‌نگی تێکۆشانی شوناسخوازیی ناوچه‌کانی کوردستان بێ.

3ــ پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵناسیی سیاسیی کوردستان تووشی گۆڕان هاتووه‌ و له‌ ئه‌نجامیدا چینێکی ناوه‌ندیی نوێ ده‌رکه‌وتووه‌. ئه‌م چینه‌ کولتووری تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ و به‌ زمان و ئه‌ده‌بیات و مێتۆدی ده‌یه‌ی 60 ئاخاوتنی له‌گه‌ڵ ناکرێ.

 

باشووری کوردستان

له‌ پاش کۆتایی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و هه‌ڵوه‌شانی ئیمپڕاتۆریی عوسمانی، له‌سه‌ر خواستی هێزه‌ سه‌رکه‌وتووه‌کانی ئه‌م شه‌ڕه‌ له ‌سه‌ر میراتی ئه‌و ئیمپڕاتۆرییه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، چه‌ندین وڵاتی تازه‌ که‌ ئه‌فسه‌رانی ئینگلیسی به‌ خه‌تکێش سنووریان بۆ دیاری کردن، هاتنه‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی جوغڕافیا. یه‌ک له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ عێڕاق بوو، که‌ له‌ ڕاستیدا میعماره‌که‌ی خانمێکی ئینگلیسی بوو به‌ناوی ”گرتروود بیل”.

عێڕاق چوارچێوه‌یه‌کی ده‌سکرد بوو که‌ هه‌م شا و هه‌م خاکیان بۆ قه‌رز کرد. شایان (فه‌یسه‌ل) له‌ سعوودی و خاکیان له‌ کوردستان بۆ قه‌رز کرد _ کوردستان له‌ ساڵی 1924 به‌ عێڕاق لکێندرا_. ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ وه‌ک موزاییک له‌ چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ و که‌مه‌نه‌ته‌وه‌ و ئایین و ئایینزای جیاواز پێک هات، که‌ یه‌ک له‌وان کورد بوو، که‌ به‌پێچه‌وانه‌ی حه‌ز و ویستی خۆی له‌و چوارچێوه‌یان پەستاوت.

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای درووستبوونی ده‌وڵه‌تی عێڕاقی عه‌ڕه‌بی سوننه‌ که‌ خۆی که‌مینه‌ بوو له‌ ئاست عه‌ڕه‌بی عێڕاق، ده‌ستی به‌ سه‌ر هه‌موو کاروباری ده‌وڵه‌تدا گرت و هه‌وڵی دا له‌ ڕێگه‌ی سیستمێکی کارگێڕی و خوێندن و په‌روه‌رده‌ی مه‌رکه‌زییه‌وه‌، بێ گوێدانه‌ ئه‌وه‌ی که‌ نه‌ته‌وه‌ و ئیتنیکی جیاواز له‌ عێڕاق ده‌ژین، ناسنامه‌ی عه‌ڕه‌بی و زمانی عه‌ڕه‌بییان به‌ سه‌ردا بسه‌پێنی و به‌کورتی و به‌پوختی هه‌وڵی هاوشوناسکردنی عێڕاقی دا. کورد به‌رامبه‌ر به‌ هه‌وڵی ناسیۆنالیزمی عه‌ڕه‌بی بۆ هاوشوناسکردنی عێڕاق وه‌ستایه‌وه‌ و ئاماده‌ نه‌بوو ناسنامه‌ی عه‌ڕه‌بی قبووڵ بکا و بۆ سه‌لماندنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ده‌ستی کرد بە‌ خه‌بات و تێکۆشانێکی فره‌ڕه‌هه‌ند. لووتکه‌ی ئه‌م خه‌باته‌ شوناسخوازییه‌ شۆڕشی ئه‌یلوول و شۆڕشی نوێ بوون که‌ سه‌رجه‌م نیزیک به‌ 30 ساڵی خایاند.

هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی عێڕاق هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی شوناسی کوردیان داوه‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵه‌ له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریی حیزبی به‌عس له‌ ساڵی 1968ـه‌وه گه‌یشته‌ چڵه‌پۆپه‌ی خۆی. داگیرکه‌ر به‌ گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی ته‌رحیل، ته‌هجیر، ته‌عریب و ته‌بعیس و هه‌روه‌ها پاکتاوکردنی ڕه‌گه‌زی (ئه‌نفال و کیمیاباران) و سیاسه‌تی زه‌وی سووتاوه‌ _که‌ بریتی بوو له‌ وێرانکردنی گونده‌کانی سنووری کوردستان له‌گه‌ڵ تورکیه‌ و ئێران به‌قووڵایی 20 کیلۆمیتر و له‌گه‌ڵ خاک یه‌کسانکردنی شار و شارۆچکه‌کان (قه‌ڵادزێ و سه‌نگه‌ر)_ که‌مه‌ری به‌ خاپوورکردنی کوردستان به‌ستبوو. بەڵام ئێستا کورد له‌ چ دۆخێکدایه‌ له‌ باشووری کوردستان؟ 70 ساڵ سیاسه‌تی داگیرکه‌ر بۆ تواندنە‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌ کوێ گه‌یشت؟

یەکەم، 27 ساڵه‌ کورد له‌ باشووری کوردستان خۆی، خۆی به‌ڕێوه‌ ده‌با له‌ ڕێی هه‌موو ئه‌و داموده‌زگا و دامه‌زراوانه‌ی که‌ پێویستن بۆ بناغه‌ی ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی و، به‌کورتی هه‌موو واژۆیه‌ک له‌ کوردستان به‌ده‌ست کورده‌.

دووهەم، 27 ساڵه‌ له‌ کوردستان، زمانی ڕه‌سمی زمانی کوردییه‌. ئه‌و زمانه‌ی که‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵات خوێندن و نووسین و، له‌ باکووری ‌کوردستان ئاخاوتنی پێ قه‌ده‌غه‌ بوو. گرینگی ئه‌م ده‌سکه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ کاتێک ده‌رده‌که‌وێ که‌ ده‌بینین به‌سه‌دان زمان له‌ جیهاندا له‌ نێوچوون و چوونه‌ته‌ خانه‌ی زمانه‌ مردووه‌کان، واته‌ ئه‌و زمانانه‌ی که‌ که‌س قسه‌یان پێ ناکا. بۆ ته‌نزی تاریخیش بێ با نموونه‌ به‌ ”ساطع الحصری” بێنمه‌وه‌ که‌ له‌ ئه‌ندازیارانی سه‌ره‌کیی ناسیۆنالیزمی عه‌ڕه‌بی بوو له‌ عێڕاق، که‌ لایه‌نگری قوتابخانه‌ی ناسیۆنالیزمی ئاڵمانی (فیخته‌ و هێردر) بۆ نه‌ته‌وه‌ بوو، که‌ زمان به‌ توخمی سه‌ره‌کیی نه‌ته‌وه‌ داده‌نێن. حوسه‌ری ده‌یگوت: ”نه‌ته‌وه‌کان ته‌نیا به‌هۆی زمانیان لێک جیا ده‌کرێنه‌وه‌”. ئێستا نیزیک به‌ 30 ساڵه‌ که‌ زمانی نه‌ته‌وه‌که‌ی حوسه‌ری زمانی ڕه‌سمی نییه‌ و وه‌چه‌ی نوێ له‌ باشووری کوردستان ته‌واو له‌گه‌ڵی بێگانه‌یه‌.

سێهەم، له‌ باشووری کوردستان پاره‌که‌ له‌ مانگی ئه‌یلوولدا بۆ یه‌که‌م جار له‌ مێژووی کورد، ئه‌و هەلە بۆ کورد ڕه‌خسا که‌ بڕواته‌ سه‌ر سندووقی ده‌نگدان تا له‌ سه‌ر گرینگترین پرسیاری سیاسیی ژیانی خۆی بڕیار بدا، ئه‌وه‌ ئامانجی ستراتێژیکی هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی ڕزگاریخوازه‌ که‌ هه‌وڵ ده‌دا پێی بگا. کورد له‌ باشووری کوردستان ئه‌م فورسه‌ته‌ی وه‌ده‌ست هێنا.

ئاسته‌نگه‌کانی به‌رده‌م خه‌باتی شوناسخوازیی کورد له‌ باشووری کوردستان له‌ کورتخایه‌ندا

یەکەم، نه‌بوونی هاوسه‌نگی له‌ نێوان چینەکانی هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند، که‌ گه‌نده‌ڵییه‌کی سه‌ر سووڕهێنه‌ر پەرەی داوەتێ، یه‌کێک له‌ خاڵه‌ لاوازه‌کان و له‌ ڕاستیدا پاشنه‌ی ئاشیلی خه‌باتی شوناسخوازییه‌ له‌ باشووری کوردستان. به‌ڕێکه‌وت نییه‌ که‌ جووڵانه‌وه‌یه‌کی ئیعتڕازی به‌ هه‌ڵگرتنی دروشمی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا و له‌ مه‌قته‌عێکدا، نیو میلیۆن ده‌نگ بۆخۆی مسۆگه‌ر ده‌کا. ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه‌ به‌رهه‌می ئه‌م که‌لێنه‌ چینایه‌تی_کۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه‌‌. ئه‌م دۆخه‌ به‌جۆرێک کارتێکه‌ریی کردووەته‌ سه‌ر ئینتمای نه‌ته‌وه‌یی له‌و به‌شه‌ی کوردستان که‌ “د.سه‌لاحەددین خه‌دیو”، کارناسی مه‌ساییلی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بێته‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که‌ قۆناغی ”پسا کوردی” لانیکه‌م له‌ ده‌ڤه‌رێکی ئه‌م به‌شه‌ له‌ کوردستان ده‌ستی پێکردووه‌.

دووهەم، نه‌بوونی گوتاری هاوبه‌ش و هاوهه‌ڵوێستی له‌ نێوان هێزه‌ کوردییه‌کانی باشووری کوردستان له‌ به‌رامبه‌ر به‌غدادا کاره‌ساتبار ده‌بێ‌، هه‌ر وه‌ک کاره‌ساتیشی لێ که‌وته‌وه‌.

 

باکووری کوردستان

ئه‌گه‌ر ناسیۆنالیزمی ئێرانی کوردی وه‌ک عێل و عه‌شیره و قه‌وم‌ ناو ده‌برد، یا له‌ عێڕاق له‌ ده‌ستووری کاتیی 1958 سه‌رده‌می عه‌بدولکه‌ریم قاسم دانی به‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد هێنابوو و به‌گشتی له‌م دوو وڵاته‌دا (هه‌ڵبه‌ت عێڕاق زۆرتر) له‌ چوارچێوه‌ی کولتووریدا مه‌جالی ده‌رکه‌وتنیان به‌ کورد دابوو، له‌ تورکیه‌ دۆخه‌که‌ به‌ جۆرێکی تر بوو. له‌ تورکیه‌ نه‌ ته‌نیا فورسه‌تی ئه‌م ده‌رکه‌وتنه‌ کولتوورییه‌ سنوورداره‌ش نه‌بوو، به‌ڵکوو له‌ بنه‌ڕه‌تدا، حاشا لە بوونی کورد وه‌ک عێل و عه‌شیره‌ش ده‌کرا و شوناس و ناسنامه‌ی ساخته‌ و ته‌زویری دەدرایە ۆاڵ و بە ”تورکی چیایی” دەناسێندرا. بۆ وێنه‌: ماده‌ی 88ی ده‌ستووری تورکیه‌ (1924) ده‌ڵێ: “هه‌موو دانیشتووانی تورکیه‌ به‌بێ جیاوازیی ئایینی و نژادی گشتیان تورکن”. ماده‌ی 19ی هه‌مان ده‌ستوور ده‌ڵێ: “هه‌موو تورکه‌کان به‌رامبه‌ر به‌ یاسا یه‌کسانن”. ئه‌مه‌ یانی بێجگه‌ له‌ تورک هیچ نه‌ته‌وه‌ و ئیتنێکی تر له‌ تورکیه‌ نییه‌. له‌ تورکیه‌ هه‌ر که‌ کۆمار ڕاگه‌یه‌ندرا (1923) سیاسه‌تی توانه‌وه‌ و له‌ نێوبردنی کوردان وه‌کوو نه‌ته‌وه‌ بوو به‌ ئامانجی کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت. هه‌وڵی ناسیۆنالیزمی تورک بۆ سڕینه‌وه‌ی شوناسی کورد له‌ ڕێگه‌ی سه‌رکوته‌وه‌ به‌ ڕاده‌یه‌ک بوو که‌ “نادر ئینتسار”، مامۆستای زانکۆ له‌ ئه‌مریکا و به‌ڕه‌گه‌ز فارس ده‌ڵێ: “له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هیچ وڵاتێک به‌ ڕاده‌ی تورکیه‌ بۆ له‌ نێوبردنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی کوردان هه‌وڵی نه‌داوه‌”.

سێ ڕاپه‌ڕینی (شێخ سه‌عیدی پیران 1925)، (ئاڕاڕات 1930) و (سه‌ید ڕه‌زای دێرسیم 1936)، کاردانه‌وه‌ی کوردبوون به‌ سیاسه‌تی له‌ نێوبردنی شوناسی کوردان که‌ به‌توندی سه‌رکوت کران. کووده‌تا یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی سه‌ربازیی له‌ تورکیه‌ (1980، 1971، 1960) و ڕۆڵی گرینگی سوپا له‌ ژیانی سیاسیی تورکیه‌ له‌و ساڵانه‌دا، نه‌یتوانی خه‌باتی شوناسخوازیی کورد کپ بکا و له‌ ده‌یه‌ی 80ی زایینییه‌وه‌، بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد، له‌ به‌گژداچوونه‌وه‌ به‌ ناسیۆنالیزمی تورک چووه‌ قۆناغێکی نوێیه‌وه‌ و له‌ شێوازی خه‌باتی چه‌کدارانه‌، بۆته‌ یه‌کێک له‌ درێژترین جووڵانه‌وه‌ چه‌کدارییه‌کانی مێژووی بزووتنه‌وه‌ ڕزگاریخوازییه‌کانی جیهان.

ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ هه‌ر له‌ شاخدا قه‌تیس نه‌ماوه‌ و به‌ که‌لکوه‌رگرتن له‌ زه‌مینه‌ی ڕه‌خساو، خه‌باتی مه‌ده‌نی له‌ شاره‌کانیش هاوته‌ریب و پشتیوانییه‌تی، که‌ زۆر ده‌سکه‌وتی لێ که‌وتۆته‌وه‌.

ئێستا له‌ دوای 100 ساڵ‌ ناسیۆنالیزمی تورک، توانیویه‌تی به‌ ئامانجی خۆی که‌ کۆتاییهێنان به‌ بوونی کورد بوو بگا؟ وڵامی ئه‌و پرسیاره‌ نه‌خێره‌، به‌ڵگه‌ بۆ ئه‌م ئیدیعایه‌ چییه‌؟

له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوو له‌ هه‌ڵبژاردنی پارلمانی له‌ تورکییە (HDP) ئەو حیزبه‌ی که‌ نوێنه‌رایه‌تیی گه‌لی کورد ده‌کا له‌ دوو هه‌ڵبژاردنی (2015 و 2018)دا به‌شداری کردووه‌. ده‌وڵه‌تی تورک له‌ ساڵی 1980 به‌دوای کووده‌تا سه‌ربازییه‌که‌ی “که‌نعان ئیڤرێن” به‌ربه‌ستی 5 له‌سه‌دی کرده‌ 10 له‌سه‌د، تا به‌م ڕێگه‌یه‌ به‌ربه‌ست دابنێ له‌ به‌رده‌م هه‌ر پارتێکی کوردی بۆ چوون بۆ پارلمان. به‌ڵام لەم‌ دوو هه‌ڵبژاردنەدا کورد به‌ شکاندنی به‌ربه‌ستی 10 له‌سه‌د و بگره‌ پتریش به‌ ده‌یان کورسیی پارلمان مسۆگه‌ر ده‌کا. له‌ ڕاستیدا ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ پێش ئه‌وه‌ی ده‌نگدان بێ بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ری پارلمان، ده‌نگدانه‌ به‌ شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌نگدانه‌ به‌ ئه‌وه‌ی که‌ من کوردم و تورک نیم.

کاتێک نیزیک به‌ شه‌ش میلیۆن ده‌نگده‌ری کورد ده‌نگ به‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی خۆی ده‌دا، نیشانه‌ی شکستی ستراتێژی ناسیۆنالیزمی تورکه‌ له‌ ئاست کورد. با له‌ وته‌کانی وه‌زیرێکی ده‌ره‌وه‌ی سه‌رده‌می ئاتاتورک (1923-1938) که‌ ڕه‌شترین قۆناغی مێژوویی کورده‌کان بوو له‌ تورکیه‌، له‌ زمان کریس کۆچێرا، ورد ببینه‌وه‌، ئه‌مجار قووڵایی  شکستی ناسیۆنالیزمی تورک له‌ کوردستانمان بۆ ده‌رده‌که‌وێ. وه‌زیرێکی ده‌ره‌وه‌ی تورک له‌ میواندارییه‌کی سیاسیدا به‌ڕاشکاوی ده‌ڵێ: “حکوومه‌ته‌که‌ی ده‌یهه‌وێ هه‌ر چۆنێک بێ کورده‌کان له‌ ئانادۆل ده‌ر بکا، ئێستا که‌متر له‌ 500 هه‌زار کورد له‌ تورکیه‌ ده‌ژین، ژماره‌یه‌کی زۆر بۆ عێڕاق و ئێران ڕاده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ی ماون تووشی ئه‌و چاره‌نووسه‌ ده‌بن، که‌ خۆیان نه‌گونجاندووه‌ و له‌ نێو ده‌برێن”.

ئاسته‌نگه‌کانی به‌رده‌م خه‌باتی شوناسخوازیی کورد له‌ باکووری کوردستان له‌ کورتخایه‌ندا

سه‌ره‌ڕای به‌ره‌و پێش چوونی خه‌باتی شوناسخوازیی کورد له‌ باکووری کوردستان و شکستی ستراتێژیکی تورک له‌ به‌رامبه‌ر کورد که‌ به‌رهه‌می خه‌باتی شاخ و شار به‌ مانای واقعی وشه‌یه‌، هێشتا ده‌نگده‌ری کورد هه‌یه‌ که‌ ده‌نگ به‌ حیزبی تورکی ده‌دا و ژماره‌شیان گه‌لێک زۆره‌. ئه‌م دیارده‌یه‌ ده‌بێ خه‌سارناسیی جیدی بۆ بکرێ و ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ ده‌بێ تێ بگه‌یه‌ندرێن، ئه‌م ده‌نگدانه‌یان به‌ مانای پشتکردنه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌که‌ی و حاشاکردنه‌ له‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی.

 

ڕۆژئاوای کوردستان

ده‌وڵه‌تی سووریه‌ش له‌ دابه‌شکردنی میراتی ئیمپڕاتۆریی عوسمانی به‌هۆی فه‌ڕانسه‌ و بریتانیا له‌ دوای شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی هاته‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی جوغڕافیا. له‌گه‌ڵ‌ درووستبوونی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ بچووکترین به‌شی کوردستانی پێ بڕا. ئهم وڵاته‌ تا له‌ ژێر قەیمومییه‌تی فه‌ڕانسه‌دا بوو، کورده‌کان هه‌ندێک ده‌رفه‌تی چالاکیی کولتوورییان هه‌بوو، به‌ڵام به‌ هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌کانی عه‌ڕه‌ب، نه‌ ته‌نیا ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ش نه‌مان؛ به‌ڵکوو له‌ مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تی و سیاسییه‌کانیش بێبه‌ش کران.

له‌ درێژه‌ی سیاسه‌تی دژبه‌کورد له‌ سووریه‌ به‌ هۆی نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌کانی عه‌ڕه‌ب له‌ ساڵی 1962 له‌ سه‌رژمێرکردنی پارێزگای حه‌سه‌که‌، 120 هه‌زار کورد له‌ ئامار حه‌زف و له‌ ناسنامه‌ی سووری و مافه‌کانی هاووڵاتی بێبه‌ش بوون. هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵدا ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ده‌ستی کرد به‌ درووستکردنی پشتێندی عه‌ڕه‌بی. به‌پێی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌بوو ته‌واوی کورده‌کانی سنووری تورکیه‌ بۆ ناوچه‌ عه‌ڕه‌بییه‌کان ڕابگوێزرێن و له‌ شوێن ئه‌وان عه‌ڕه‌به‌کان نیشتەجێ بکه‌ن. که‌ ئه‌مه‌ شتێک نه‌بوو، جگه‌ له‌ سیاسه‌تی جیاوازیی ڕه‌گه‌زی “ئاپارتاید”. به‌ هاتنه‌ سه‌ر کاری به‌عسییه‌کان سیاسه‌تی له‌نێوبردنی کورده‌کان ڕه‌چاو کرا، به‌ جۆرێک یه‌کێک له‌ ڕێبه‌رانی به‌عس به‌ناوی “محه‌ممه‌د تالب هیلال” له‌ نامیلکه‌یه‌کدا به‌رنامه‌ی له‌نێوبردنی نه‌ته‌وه‌ی کوردی له‌ سووریه‌ داڕشت. بەڵام ئێستا کورد له‌ ڕۆژئاوای کوردستان له‌ چ بارودۆخێک دایه‌؟ سیاسه‌تی جیاوازیی ڕه‌گه‌زی “ئاپارتاید” و پڕۆژه‌ی “محه‌ممه‌د تالب هیلال”ی به‌عسی به‌ کوێ گه‌یشت؟

له‌ ڕابردوودا له‌ ڕۆژئاوای سووریه‌ جووڵانه‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ و گشتگیری کوردی له‌ ئارادا نه‌بوو، ته‌نیا پارچه‌یه‌کی کوردستانه‌ که‌ خه‌باتی چه‌کداری به‌هۆی سروشتی جوغڕافیایی (زۆرتر پێده‌شت) تێیدا ئه‌نجام نه‌دراوه‌ و هه‌ر بۆیه‌ش پرسی کورد له‌م به‌شه‌ی کوردستان به‌و جۆره‌ی که‌ ده‌بێ به ڕۆژه‌ڤ نه‌بووه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ کتێبه‌ کلاسیکه‌کانی مێژووی کورد، هێندێک له‌ مێژوونووسانی بیانی ئاوڕیان له‌م پرسه‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌. بەڵام ئێستا کورد بە قۆستنەوەی ژیرانەی ئەم هەلومەرجەی کە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە، سووریە تووشی هات، توانیویەتی پرسی کورد لەم بەشەی کوردستان بە جۆرێک بەڕۆژەڤ بکا کە بە واقعی پێی ‌بگوترێ” شۆڕشی ڕۆژئاوا”. ئێستا کورد لە سێ پارێزگا (کانتۆن) دوو کانتۆنی خۆی ئیدارەی دەکا. دەسکەوتەکانی دیپلوماسی و سەربازیی کورد حاشاهەڵنەگرە. لە کاخی ئێلیزە لەلایەن سەرکۆماری فەرانسەوە  میوانداری لە ئاسیە عەبدوڵڵا و نەسرین عەبدوڵڵا وەک نوێنەرانی کوردی ڕۆژئاوا دەکرێ،  بە وتەی “هێمن سەیدی” نیزیک لە ناوەندەکانی ئاکادێمی لە ئینگلیستان پتر لە ١٠٠ تێزی ماستەر و دوکتورا و سیمینار لە زانکۆکانی دەرەوەی وڵات لەسەر ڕۆژئاوا نووسراوە و بەڕێوە چووە. ئێستا ئیتر زاراوەی “ڕۆژئاوا” لە چاپەمەنی و میدیای دەرەوەدا وەها جیێ گرتووە کە کەمتر باکووری سووریە بە کاردەبرێ. هەروەها ڕۆڵی سەرەکیی کورد لە تێکشکانی گەورەترین و مەترسیدارترین گرووپی تیروریستیی جیهان “داعش” لە سووریە و گرتنی پێتەختی دەوڵەتی ئەو گرووپە، پرستیژ و ئیعتباری کوردی لە بیروڕای گشتی جیهاندا بردە سەر. هەمووی ئەم دەسکەوتانە وایکردووە کە بە جیهانی نیشان بدرێ کە سەتی 10ی سووریە کوردن و لە دارشتنەوەی سووریەی نوێدا لە بەرچانەگرتنی شوێن و پێگەی کورد غەیری موممکینە.

ئاستەنگەکانی بەردەم خەباتی شوناسخوازیی کورد لە ڕۆژئاوا لە کورتخایەندا

ئەگەر لە شەڕ لەگەڵ “داعش” دا پاساو هەبوو کە یەکدەست نەبوونی هێزی سەربازیی کورد، دەرهاویشتەی نگەتیڤی لێ دەکەوتەوە. لە قوناخی “پساداعش”دا ئەم پاساوە لە جیێ ‌خۆیدا نییە و بەرفراوانتر بوونی بەرەی کورد، قورسایی پتر دەبەخشێتە کورد لە موعادلاتی ئەم وڵاتەدا.

 

 ئاکام

ئێستا لە دوای ١٠٠ ساڵ ئەگەر بەڕاوردێک بکەین لە نێوان وەدیهاتنی ستراتێژیی ناسیونالیزمی عەرەبی، ئێرانی و تورکی بەرامبەر بە کورد و خەبات و تێکۆشانی کورد بۆ شکست پێهێنان بەم ستراتێژییە، دەبینین ئەوە داگیرکەرانن کە شکستیان هێناوە، و نەیانتوانیوە ئەم ستراتێژییە وەدی بێنن، چونکە نەیانتوانی کورد لە ناو بەرن، نەیانتوانی ناسنامەی خۆیانی بەسەردا بسەپێنن و لە کولتوور و نەتەوەی خویاندا ئاسیمیلەی بکەن و لە هاوشوناسکردنی وڵاتەکەیان ناکام بوون. ئەو ستراتێژییە بۆیە شکستی هێنا، چونکە کورد نەیهەویست ببێ بە تورک، بە ئێرانی و بە عەرەب و خۆی پێ لەوان جیاوازە. لە بیرمان نە چێ لە ڕێرەوەی مێژوودا چەندین نەتەوە لە ناو چون و شوێنەواریشیان لە پاش بەجێ نەما، هەر لەم ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە نەتەوە هەبوو کە سەردەمێک گەورەترین ئیمپڕاتوڕیی ناوچەکە بوو، بەڵام ئێستا گوندێکی بەدەستەوە نییە. ئەوە کوردە کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە سەلماندنی شوناسی نەتەوەیی خۆی پێداگرتر و سوورترە و زۆرسەرکەوتنی گەورەی وەدەست هێناوە. ئەوە بۆ یەکەم جارە لە ١٠٠ساڵی ڕابردوودا هاوکات لە هەر چوار پارچەی کوردستان خەباتی شوناسخوازی لە ئارادایە.

 

دوا وتە

هێگل فەیلەسوفی ئاڵمانی سەردەمێک بەو ئامانجە گەیشت، هیچ‌کەس، هیچ‌کات لە مێژوو شتێک فێر نەبووە و دەرسی وەرنەگرتووە. ڕەنگە ئەو وتەیە وەک حوکمێکی ڕەها و موتڵەق بێتە بەرچاو، بەڵام لانیکەم لەسەر داگیرکەرانی کوردستان سادقە. ئەگەر سەیرێکی پڕۆسەی بە دەوڵەتبوونی نەتەوەکان لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا بکەین دەرس وەرنەگرتنی داگیرکەرانی کوردستان لە مێژوو دەردەکەوێ.

لە ساڵی شۆڕشی فەڕانسە (١٧٨٩) لە هەموو جیهاندا ٢٣ دەوڵەت هەبوو. لە پێش شەڕی یەکەمی جیهانی (١٩١٤) ژمارەی دەوڵەتانی قارەی ئەفریقا نەدەگەیشتە ژمارەی پەنجەکانی دەستێک، هەموو ئەم قارەیە موستەعمەرەی وڵاتانی بەریتانیا، پورتەقاڵ، بلژیک، فەرانسە و و هولەند و…… بوون؛ ئێستا ژمارەی وڵاتانی ئەم قارەیە پتر لە ٥٠ وڵاتە. لە کاتی درووستبوونی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٥ ژمارەی ئەو وڵاتانەی بوون بە ئەندام لەو ڕێکخراوە نەدەگەیشتە ٦٠ وڵات لە دەیەی ٥٠، ٦٠ و ٧٠ی زایینی پتر لە سەد وڵاتی تازە هاتنە سەر نەخشەی جوغرافیا، ئێستا ١٩٧ وڵات لە ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خاوەنی کورسین.

داگیرکەرانی ئەو وڵاتانە ناچار بون لە ئاست ئیرادەی نەتەوە سەربەخۆخوازەکان هەنگاو بە هەنگاو پاشەکشە بکەن. داگیرکەرانی کوردستان نە لە بەریتانیا، نە لە فەرانسە، نە لە ئامریکا و نە یەکێتی سۆڤییەت بە هێزتر نین کە ناچار کران هیندوستان، ئەلجەزایر، ڤێتنام و ئەفغانستان بەجێ بێڵن.

*********

لە ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەدا ئارەزووی سەرکەوتن بۆ چەکداری بە بیرو باوەڕی کورد لە بەرگری لە شوناسی نەتەوەکەمان دەخوازم، چ پێشمەرگە، چ گریلا، و چ شەڕڤان. هیوادارم  ڕۆژێک بێ “پەشێو”ی شاعیر چیتر ئەو چیرۆکەی بۆ مناڵان نەگێڕێتەوە کە چۆنیان بەسەردا قیژاندووە: بۆ دەرەوە ئەی بێ وڵات، ئەی بێ ئاڵا، چون ڕەشی بینی ئاڵای هەبوو، سپیی بینی ئاڵای هەبوو و هەر چی بینی بووی ئاڵای هەبوو.

ئۆمێد دەخوازم کە هەموو هاونیشتیمانێکی کورد بە ئایدولوژیای جیاواز، دنیابینیی جیاواز و بە ڕۆئیای جیاواز لە ژێر یەک ئاڵادا کۆ بێتەوە. هەر کوردێک ناسیونالسیت یا ئینترناسیونالیست، لیبڕاڵ یا سۆسیالیست، موحافزەکار یا شۆڕشگێر و بە گشتی چەپ، ڕاست، میانە و موتەدەین دەتوانێ نیشتمانی خۆش‌ بوێ. چون خۆشەویستیی نیشتمان لە پاوانی کەسدا نییە.

 

* ئەم وتارە لەلایەن نووسەرەوە لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی 26ی سه‌رماوه‌ز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان له ‌قه‌ڵای دێموکرات پێشکێش کراوە

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بابەتی هاوشێوە

سیاسی

گەلاوێژێک بە تامی بەهار!

ڕێکەوتی 2022-08-22
سیاسی

تایبەتمەندییە نەتەوەیی-دێموکراتیکەکانی حیزبی دێموکرات

ڕێکەوتی 2022-08-22
سیاسی

حیزبی دێموکرات، داینەمۆی خەبات و گۆڕانکارییەکانی داهاتووی کوردستان

ڕێکەوتی 2022-08-22

نوێترین

ئاگادارییەک لەلایەن بەڕێوەبەریی ماڵپەڕی “کوردستان و کورد” و تەلەڤیزیۆنی “تیشک”ەوە

ڕێکەوتی 2022-08-31

ئاگادارییەک لەلایەن بەڕێوەبەریی “کوردستان و کورد”ەوە

ڕێکەوتی 2022-08-31

ئاگادارییەک لەلایەن بەڕێوەبەریی ماڵپەڕی “کوردستان و کورد” و تەلەڤیزیۆنی “تیشک”ەوە

ڕێکەوتی 2022-08-31

ئاگادارییەک لەلایەن بەڕێوەبەریی “کوردستان و کورد”ەوە

ڕێکەوتی 2022-08-31

ئاگادارییەک لەلایەن بەڕێوەبەریی ماڵپەڕی “کوردستان و کورد” و تەلەڤیزیۆنی “تیشک”ەوە

ڕێکەوتی 2022-08-31

ئاگادارییەک لەلایەن بەڕێوەبەریی “کوردستان و کورد”ەوە

ڕێکەوتی 2022-08-31

ئاگادارییەک لەلایەن بەڕێوەبەریی ماڵپەڕی “کوردستان و کورد” و تەلەڤیزیۆنی “تیشک”ەوە

ڕێکەوتی 2022-08-31

ئاگادارییەک لەلایەن بەڕێوەبەریی “کوردستان و کورد”ەوە

ڕێکەوتی 2022-08-31

ئاگادارییەک لەلایەن بەڕێوەبەریی ماڵپەڕی “کوردستان و کورد” و تەلەڤیزیۆنی “تیشک”ەوە

ڕێکەوتی 2022-08-30

بەڕێوەچوونی جێژنی ٢٥ گەلاوێژ و یەكگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموكرات

ڕێکەوتی 2022-08-30

شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی بەغدا لانیکەم ٢٠ کوژراوی لێکەوتەوە

ڕێکەوتی 2022-08-30

ئیسرائیل: ئامانجی ڕێژیمی ئێران لە بەرنامەی ناوکیمان لەقاو داوە

ڕێکەوتی 2022-08-30

خۆشی و شادیی دەربڕینی خەڵکی ناوچەی بۆکان بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزب

ڕێکەوتی 2022-08-30

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی: ئێران پیتاندنی ئۆرانیۆمی بە سانتریفیووژی پێشکەوتوو لە دامەزراوەی نەتەنز دەست پێکردووە

ڕێکەوتی 2022-08-30

زیاتر لە هەزار قوتابخانە لە پارێزگای لوڕستان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە

ڕێکەوتی 2022-08-30

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان

  • kdpsecretariat@gmail.com
  • ٠٠٩٦٤٧٥٠٣١٤٩٤٧٣

کۆمیسیۆنی تەشکیلات

  • kdp.tashkilat@gmail.com
  • ٠٠٩٦٤٧٥٠٧٥٤٨٦٢١

ماڵپەڕی کوردستان و کورد

  • info@kurdistanukurd.com
  • ٠٠٩٦٤٧٥٠١٧٧١٢٠٢

تەلەڤیزیۆنی کوردکاناڵ​

  • info@kurdch.tv
  • kurdchannel1324@gmail.com​
  • ٠٠٩٦٤٧٥١٨٩٧٢٥١٠

مافی کۆپی کردنی پارێزراوە بۆ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

Add New Playlist