بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له لایه‌ک به‌رهه‌مهێنه‌ری نۆڕم و بایه‌خه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ن و له لایه‌کی دیکه‌وه خۆیان به‌رهه‌می ئه‌و نۆڕم و بایه‌خانه‌ن که له پێناویدا خه‌بات ده‌که‌ن. واته په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌و بزووتنه‌وانه و گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگه به هه‌موو ڕه‌هه‌نده ئابووری، کولتووری و سیاسییه‌کانه‌وه په‌یوه‌ندییه‌کی دوولایه‌نه و تهواوکارانهیه. هه‌رچی توێژه جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگه ڕێکخراوتر، ئامانجدارتر و شێلگیرتر له بیاڤی گشتیدا ده‌رکه‌ون، دێموکراتیزه‌کردنی ده‌سه‌ڵات و وڵامده‌ربوونی، به‌رچاوتر و ڕه‌وتی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه خێراتر ده‌بێ. به جۆرێک که کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ڕایه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی هاوپه‌یوه‌ندیی نێوان توێژه جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگه درووست ده‌کا و له ئه‌نجامدا ویژدانی جه‌معی کاریگه‌ریی له سه‌ر یاسا و دامه‌زراوه گشتییه‌کان ده‌کا.
بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری به یه‌کێک له بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان داده‌نرێ که خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندیی خۆیه‌تی و فراوانترین به‌ستێنی له نێو هه‌موو بزووتنه‌وه‌کان له‌خۆ گرتووه. به‌و واتایه که ئامانج، ئاکسیۆن و ڕه‌هه‌ندی خه‌باتی خوێندکاران دیارینه‌کراو، فره‌چه‌شن و به زۆری پێشبینی نه‌کراوه و خوێندکاران هه‌وڵ ده‌ده‌ن زیاد له‌وه‌ی ڕوویان له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بێ، به‌ره‌و کۆمه‌ڵگه بڕوانن و کار بکه‌نه سه‌ر سیستمی به‌ها و نۆڕمه‌کانی کۆمه‌ڵگه. خوێندکاران هه‌ستیارترین توێژی کۆمه‌ڵگه‌ن له ئاست داهێنانه ڕووناکبیرییه‌کان و هه‌ر بۆیه ده‌که‌ونه نێوان ڕووناکبیران و کۆمه‌ڵگه و هزری نوێ ده‌که‌نه هه‌وێنی تێڕوانینێکی ڕه‌خنه‌گرانه، که له ئه‌نجامدا عه‌قڵانییه‌تی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی لێ به‌رهه‌م دێت که دیارترین تایبه‌تمه‌ندیی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکارییه.
ده‌نگهه‌ڵبڕینی خوێندکاران له ئاست نابه‌رامبه‌ری و هه‌ڵاواردن و ناکارامه‌یی دامه‌زراوه گشتییه‌کان، وای کردووه کۆمه‌ڵناسانی سیاسی، بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری به بزووتنه‌وه‌ی به‌رگری بناسن. هانا ئاڕێنت دوو تایبه‌تمه‌ندی بۆ بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری دەستنێشان دەکا: یه‌که‌م، ڕوحی پرسیارخوڵقێنی له ئاست هه‌ر پرسێک که به‌رژه‌وه‌ندیی کورتخایه‌ن یان درێژخایه‌نی بۆ کۆمه‌ڵگه هه‌بێ. دووهه‌م، خاوه‌نی بیری ئارمانگهرایانهیه و له هه‌مان کاتدا دژی هه‌موو ئه‌و په‌یوه‌ندییانه ده‌وه‌ستێته‌وه که هه‌ڵاواردنی کۆمه‌ڵایه‌تی لێ ده‌که‌وێته‌وه.
ناڕه‌زایه‌تیده‌ربڕینی خوێندکارانی زانکۆی تاران دژی سه‌فه‌ری نیکسۆن بۆ ئێران و سه‌رکوتی بێڕه‌حمانه‌یان له‌لایه‌ن هێزه چه‌کداره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتنی جیدیی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکارییه له ئێران. دیاره ئه‌وه به‌و مانایه نییه که خوێندکاران به‌ر له‌و ڕێکه‌وته پاسیڤ و بێ هه‌ڵوێست بووبن، به‌ڵکوو 16ی سه‌رماوه‌زی 1332 وێستگه‌یه‌کی گرینگ و مێژووییه له خه‌باتی خوێندکاران له ئێران‌دا. خوێندکاران له ژێر کاریگه‌ریی ڕه‌وته سیاسییه‌کانی ئه‌وکاتی ئێران که زیاتر چه‌پ و مه‌زهه‌بی بوون، خه‌بات دژی داگیرکاری و سه‌ره‌ڕۆییان ڕاگه‌یاند. ڕه‌وته سیاسییه‌کانی ئه‌وکاتی ئێران زۆرترین کارتێکه‌رییان له زانکۆ وه‌رده‌گرت و زۆرترین ئه‌ندام و لایه‌نگریشیان له نێو خوێندکاران هه‌بوو، ته‌نانه‌ت ساڵانی دواتر خوێندکاران بوون به پێشه‌نگی خه‌باته چه‌کدارییه‌کان. له‌و نێوه‌دا بێگومان خوێندکارانی کوردیش ڕۆڵێکی دیاریان هه‌بووه و ته‌نانه‌ت پێشه‌نگ بوون. بزووتنه‌وه‌ی چه‌کداریی حیزبی دێموکراتی کوردستان له ساڵانی 46 و 47ی هه‌تاوی ده‌ره‌نجامی کاریگه‌ریی ئه‌و ڕه‌وته فکرییه‌یه له سه‌ر خوێندکارانی کورد.
هه‌رچه‌ند له کۆتاییه‌کانی ده‌یه‌ی 30 و سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی 40دا ژماره‌یه‌ک خوێندکاری کورد له زانکۆکانی تاران و شاره گه‌وره‌کان بوونیان هه‌بوو، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌یه‌کی خوێندکاریی کوردی شکڵی نه‌گرت. هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کانی سه‌رهه‌ڵنه‌دانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه بریتی بوون له:
ــ که‌میی ژماره‌ی خوێندکارانی کورد
ــ ڕوانینی ئه‌منییه‌تی به نیسبه‌ت خوێندکارانی کورد، که خۆی به‌رهه‌می ترسی حاکمیه‌ت بوو له گه‌شه‌ی ڕوحی نیشتمان په‌روه‌ریی کوردی
ــ لاوازیی چینی نێوه‌ڕاست له‌و ژینگه‌یه‌ی خوێندکاری کورد تێیدا ده‌ژیا. له کوردستان به‌هۆی گه‌شه‌نه‌کردنی ئابووری و فه‌رهه‌نگی و هه‌روه‌ها نه‌بوونی شاری گه‌وره، چینی نێوه‌ڕاست نه‌یتوانیبوو ببێته هێزێکی شوێندانه‌ر.
ڕه‌گه‌زی نه‌ته‌وه‌یی بوون له بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاریی کوردی‌دا
ئه‌گه‌ر ڕۆژئاوا به سه‌رچاوه و ئاخێزگه‌ی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری دابنێین، بۆمان ده‌رده‌که‌وێ بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری دیارده‌یه‌کی مۆدێڕن و جیهانییه و ناتوانرێ ماهییه‌تی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له وڵاتانی جۆراوجۆر دابه‌ش بکرێ؛ واته بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری له فه‌ڕانسه، بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاریی فه‌ڕانسه‌وی نییه یان بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری له ئه‌مریکا خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی نییه، به‌ڵکوو ئاراسته‌ی هزر و کارکرد له هه‌موویاندا هاوچه‌شنه. به ده‌ربڕینێکی دیکه به‌ها گشتگیره‌کانی وه‌ک ئازادی، دێموکراسی و دادپه‌روه‌ری له توخمه هاوبه‌شه‌کانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ن له سه‌راسه‌ری جیهان.
پرسیار ئه‌وه‌یه؛ بۆچی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاریی کوردی؟ ئه‌و هۆکارانه چین که خوێندکاری کورد له خوێندکارانی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه جیا ده‌کاته‌وه؟ تێکه‌ڵ کردنی ناسیۆنالیزم به بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری لادان نییه له بنه‌مای ئینسانی و یه‌کسانی خوازی که به‌شێکن له فه‌لسه‌فه‌ی بوونی بزووتنه‌وه‌که؟
هه‌روه‌ک ئاماژه‌ی پێکرا خه‌بات دژی کۆلۆنیالیزم له ڕه‌گه‌زه سه‌ره‌کییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکارییه. کاریگه‌ریی ڕه‌وته فکری و سیاسییه چه‌په‌کان له سه‌ر بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و یه‌ک له‌وان بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری به تایبه‌ت له ده‌یه‌ی 60ی زایینی‌دا حاشاهه‌ڵنه‌گره. هیندێک له بیرمه‌ندانی کۆمه‌ڵناسی قۆناغی گواستنه‌وه‌ی چه‌پی کلاسیک بۆ چه‌پی نوێ به ده‌ره‌نجامی ڕاسته‌وخۆی شۆڕشی خوێندکاران له ئورووپا به تایبه‌ت له ده‌یه‌ی 60ی زایینی ده‌زانن. خوێندکارانی کوردیش که‌وتوونه ژێر ئه‌و کاریگه‌رییه گشتگیره که به‌رهه‌می گه‌شه‌ی فکری چه‌پ بوو. کوردستان کۆلۆنییه‌کی داگیرکراوه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندییه‌وه. له ڕوانگه‌یه‌کی دیکه‌وه ئه‌و که‌لێنه نه‌ته‌وه‌ییه‌ی له نێوان کورد و نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست له ئێران‌دا هه‌یه، بۆته به‌شێکی سه‌ره‌کی له که‌ڵکه‌ڵه‌ی فکری و پڕاکتیکی خوێندکاران و هانیان دا بۆشایی لاوازبوون یان نه‌بوونی جووڵه‌ی مه‌یدانیی ڕه‌وته سیاسییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان پڕ بکه‌نه‌وه. به‌و شێوه‌یه ده‌بینین حه‌وزه‌ی خه‌باتی خوێندکاری کورد به‌رفراوان و له هه‌مان کاتدا فره‌چه‌شنه. خوێندکاری کورد له په‌نا هه‌وڵدان بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی داخوازییه سینفییه‌کانی خوێندکاران، نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو پرسه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ده‌کا که پرسی نه‌ته‌وه‌یی تیایدا گرینگترینیانه. ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێین نیشتمانپه‌روه‌ری شابه‌یتی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاریی کوردییه، به چه‌شنێک که هه‌موو ئامانج و جووڵه‌کانی تری خوێندکاران ده‌که‌ونه په‌راوێزی ئه‌و ناسنامه‌خوازییه. به دیوێکی دیکه‌دا گه‌وره‌ترین هانده‌ر و بزوێنه‌ری خوێندکارانی کورد، داگیرکاری و هه‌ڵاواردنی نه‌ته‌وه‌ییه له لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌سته‌وه. خوێندکاری کورد خاوه‌ن دوو ڕه‌گه‌زی «خوێندکار» بوون و «کورد» بوونه که هه‌ر کامیان به نۆره‌ی خۆیان به‌شێک له ئاراسته‌ی فکری و کارکردیی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاریی کوردی پێک دێنن.
به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له نێوه‌رۆکی ئه‌و چالاکییانه‌ی خوێندکارانی کورد له زانکۆکان که له چه‌ندین وێستگه‌ی دیاری ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له ئێران‌دا ئه‌نجامیان داوه، به ئاشکرایی ده‌رکه‌وته‌کانی هه‌ر دوو ڕه‌گه‌زه‌که ده‌بینین. له لایه‌ک خوێندکارانی کورد هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ خوێندکارانی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌کانی تری ئێران له پێناو ئازادی و ده‌سته‌به‌ر کردنی به‌ها ئینسانییه‌کان خه‌بات ده‌که‌ن و له لایه‌کی دیکه‌وه په‌ره به وێژمانی ڕزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ده‌ن. تێکهه‌ڵکێشکردنی ئه‌و شێوانه له خه‌باتی خوێندکارانی کورد ده‌توانێ کاریگه‌ریی به‌رچاوی له سه‌ر داهاتووی پاش ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌بێ و فه‌رهه‌نگێکی سیاسی_کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رهه‌م بێنێ که تیایدا ئازادی و مافی مرۆڤ و دێموکراسی له ئه‌وله‌وییه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بن.