منداڵانی کار ئه‌و بەشە له منداڵان ده‌گرێته‌وه که بەدوور لە ستانداردەکانی ماف و ژیان بەرکار نرابن یان ناچار بە کارکردن بووبن. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که زۆربه‌ی کاته‌کانی ژیانیان به کارکردنه‌وه خەریک بن و نه‌توانن بچنه خوێندنگه و له ئه‌زموونی دنیای منداڵی بێبه‌ش بن و، ئه‌و کارکردنه بۆخۆی هه‌ڕه‌شه‌یه‌که له‌سه‌ر ساخی و سڵامه‌تیی ده‌روون و جه‌سته‌ی ئه‌و منداڵانه.
منداڵانی کار له کۆمه‌ڵگه جیاوازه‌کاندا به شێوه‌ی ڕەسمی بەپێی دوو فاکتۆر پێناسه ده‌کرێن؛ جۆری کار و ئاستی ته‌مه‌نی گونجاو بۆ ئه‌و کاره.
ته‌مه‌نی گونجاو بۆ هه‌ر کار و پیشه‌یه‌ک به پێی خه‌سار و لێکه‌وته کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌و کاره له‌سه‌ر گه‌شه و سڵامه‌تیی منداڵ هه‌ڵ ده‌سه‌نگێندرێ. به پێی بڕیارنامه‌ی 138ی ڕێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کار، ئه‌م ڕێکخراوه بۆ هه‌رکام له پیشه جۆراوجۆره‌کان سنوورێکی ته‌مه‌نیی پێناسه کردووه و، بێتوو منداڵێک ته‌مه‌نی له‌و بازنه و چوارچێوه دیاریکراوه که‌متر بێ و لەو پیشەیەدا وەبەرکار نرابێ، به منداڵی کار بژار ده‌کرێ.
ئه‌م ته‌مه‌نانه بریتین له؛ 18 ساڵ بۆ کاره پڕمه‌ترسییه‌کان که له‌وێدا سڵامه‌تیی بیر و هزریی منداڵ ده‌که‌وێته به‌ر مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه. ته‌مه‌نه‌کانی 13 بۆ 15 ساڵ بۆ پیشه سووکه‌کان که له‌وێدا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک له‌سه‌ر سڵامه‌تیی ده‌روونیی منداڵ نییه. دیارە ته‌مه‌نه‌کانی 12 بۆ 13 ساڵ له وڵاته هه‌ژاره‌کان له دۆخی تایبه‌تدا وه‌رده‌گیرێ.
ئه‌مه پێناسه‌ی گشتی و جیهانییە بۆ منداڵانی کار. به‌ڵام لە دەلاقەی یاساکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی منداڵانەوە، منداڵانی کار کێن؟ چ هۆکارگه‌لێک ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی منداڵێک له‌و هەڕەتە لە تەمەندا له کایه و خۆشییه‌کانی ژیانی ده‌ست بکێشێته‌وه و تێکه‌ڵ به دنیای کار و له تاقه‌تبه‌ده‌ری ناخۆشییه‌کانی بێ؟ ڕه‌نگه له وڵاتانی هه‌ژار و گه‌شه نه‌کردوودا بینینی منداڵێک که کار ده‌کا زۆر شتێکی ئاسایی بێ، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه هه‌ر ئه‌م کاره له وڵاتانی پێشکه‌وتوو و گه‌شه‌کردوودا، به چه‌شنی کاره‌سات و لێقه‌ومانێک چاوی لێده‌کرێ.
به پێی ئه‌و پێناسانه‌ی ئاماژەمان پێدا ئێستا به میلیۆن منداڵی کرێکار له سه‌رانسه‌ری جیهاندا له خوێندن بێبه‌شن و له مووچه و مه‌زراکان و کارگه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان و…دا خه‌ریک به کارن. له ئێرانیش ئاماری منداڵانی کار به تیژتێپهری ڕوو له زیاد بوونه، ئەگەرچی لەم بارەیەوە بە ڕەسمی ئامارێکی ڕێک و ڕاست له به‌ر ده‌ستدا نییه. ڕه‌نگه ئێران یه‌ک له نموونه هه‌ره به‌رچاوه‌کان بێ بۆ باس لە دیاردەی منداڵانی کار. به‌ڵام ئه‌و هۆکارانه‌ی وا لە منداڵان دەکا وەبەرکار بنرێن و لە ژینگە و تایبەتمەندیی هەڕەتی منداڵییان داببڕێن چین؟
لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م هۆکارانه وه‌ک هه‌ڵدانه‌وه‌ی برینێکی کۆنه که‌وا هه‌رگیز ده‌رمان نه‌کرابێ. بنه‌ماڵه‌ی وا له ئێران هه‌ن که له که‌مترین داهاتی مانگانه بێبه‌شن و زۆر له‌م بنه‌ماڵانه بەخێوکەر و سەرپەرستەکانیان ژنن و، دایکانیش به ته‌نیایی ناتوانن باری قورسی ژیان له کۆڵ نێن. له بۆیه به ناچاری و له ڕووی داماوی و بێ ده‌ره‌تانییه‌وه منداڵ یان منداڵانی بنه‌ماڵه بۆ په‌یداکردنی بژیوی ژیان وەبەرکار دەنرێن. به‌ژانترین به‌شی ئه‌م چیرۆکه لێره‌دایه که ئه‌م منداڵانه له که‌مترین ئەمنیەتی کار بێبه‌شن. بەڵام هه‌ر له بنه‌ڕه‌ت ڕا شتێک هه‌یه به ناوی ئەمنیەتی کار بۆ منداڵان؟ له وڵاتێ که به سه‌دان و هەزاران جار هەواڵی دەستدرێژی کردنەسەر منداڵان له شه‌قامه‌کان و خوێندنگه‌کان بڵاو دەبێتەوە، چۆن ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ئەمنییەت ئاسووده‌یی بۆ منداڵیک هەبێ که له کووره‌خانه‌کان و کارگه به‌رهه‌مهێنه دوورکه‌وتووه‌کاندا، خەریک به کاره؟
ئه‌م خاوه‌نکارانه له پێناو پاراستنی سڵامه‌تی ده‌روونی و جه‌سته‌یی و ته‌نانه‌ت جنسیی ئه‌و منداڵانه چ گه‌ره‌نتییه‌ک ده‌ده‌ن؟ لە بنەڕەتدا کێ لەوە دەپرسێتەوە؟ داهاتووی ئه‌وان له سایەی ئەم بارودۆخە ئەویش لە هەلومەرجی ئابووریی ئێستادا، چیی لێ دێته‌وه؟ بەتایبەت کە زۆربه‌یان له خوێندن بێبه‌شن و، زۆرینه‌یان نه‌خوێنده‌وار یان که‌مخوێنده‌وار ده‌مێننه‌وه؛ ئه‌م سامان و سه‌رمایانه‌ی داهاتوو کە به هیچ و خۆڕایی ته‌مه‌نیان له کیس ده‌چێ. ئه‌مه ته‌نیا به‌و هۆیه نییه که ڕه‌نگه داهاتووی وڵاتێکیان له ده‌ستدا بێ، به‌ڵکوو داهاتووی تاکایەتیی ئه‌وانیش له ژێر کاریگه‌ریی ئه‌م سه‌ختییانه‌دا به فیڕۆ ده‌چێ. له وڵاتێک‌دا که به سیسته‌مێکی سیاسیی نادادپه‌روه‌رانه و چه‌وسێنه‌رانه‌وه، له هه‌ر ته‌مه‌ن و پیشه‌یه‌کدا وه‌کوو کۆیلەیەک که‌لک له خەڵکەکەی خۆی وه‌رده‌گرێ، ئیدی داهاتووی تاک و کۆی خەڵکی ئه‌و وڵاته دەتوانێ هه‌ڵگری چ واتایه‌ک بێ.
مەترسییەکانی سەر ئەم منداڵانە تەنیا دابڕان لە خوێندن و دوورکەوتنەوەیان لە ژینگەی منداڵییان نییە. له نه‌گونجاوترین دۆخدا زۆربه‌ی ئه‌م منداڵانه ده‌ستدرێژیی سێکسییان ده‌کرێته سه‌ر و ڕه‌نگه هیچکات له‌م بابه‌ته‌وه هیچ شتێک له لای که‌س نه‌درکێنن و، له زۆربه‌ی بابه‌ته‌کاندا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه له لایه‌ن خاوه‌نکاره‌کانیانه‌وه ده‌ستدرێژییان بکرێته سه‌ر به‌ڵام، له ئه‌گه‌ری ڕوودانی وه‌ها کاره‌ساتگه‌لێکی تاڵ‌دا، ده‌بێ هه‌رگیز ده‌م ههڵنهپچڕن و هیچ باسێکی لێ نه‌هێننه گۆڕێ.
چۆن ده‌بێ له وڵاتێک‌دا که یاسا ئیسلامییه‌کان له سه‌رووی هه‌موو یاساکانه‌وه‌یه، منداڵانێک هەبن که له تاو هه‌ژاری و برسییه‌تی ناچار بن ده‌ست ده‌نه هه‌رجۆره کارێک، ته‌نانه‌ت سواڵکردن و فرۆشتنی مادده سڕکه‌ره‌کان و ئه‌م منداڵه بێ تاوانانه بکه‌ونه به‌ر که‌لکی خراپی ده‌سته و تاقمی قاچاخچییەکانی مادەی سڕکه‌ر، له کاتێکدا که ئه‌م یاسایانه هیچکات به هانایانه‌وه نه‌هاتووه؟ ئایا تێچووی دابینکردنی ژیانی ئه‌م منداڵانه و بنه‌ماڵه هه‌ژاره‌کانیان له خەرجکردن بۆ شه‌ڕی سووریه و، پشتیوانی ماڵی له هێزه تێرۆریسته توندئاژۆکانی ناوچه زۆرتره؟ ئاخۆ درووست‌کردنی قوتابخانه بۆ ئه‌م منداڵانه پڕتێچووتره له درووست‌کردنی نه‌خۆشخانه له عێڕاق و فه‌له‌ستین و لوبنان؟ بڵێی پشتیوانیکردن له بێوه‌ژنانی ئێرانی که سه‌رپه‌رستی بنه‌ماڵه‌ن، خه‌رج ههڵگرتره له درووست‌کردنی دامه‌زراوه‌کانی به‌رهه‌مهێنه‌ری چه‌که کۆمه‌ڵکوژه‌کان؟ ئایا ئه‌و باوکه که‌مئه‌ندامانه‌ی که به هۆی لاوازیی جه‌سته‌یی و تایبه‌تمه‌ندیی که‌مئه‌ندامێتی له سه‌ر کار دەرکراون و، توانایی دابینکردنی بژیوی ژیانی بنه‌ماڵه‌کانیان نییه، مه‌گه‌ر به‌شێک له «زێدی ئێرانی ئیسلامی» نین؟! ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش یه‌ک له ده‌ستکه‌وته دروشماوییهکانی خومه‌ینی بێ، که تاکە ئامانجی ئه‌و شۆڕشی چینه لاوازه‌کانی دنیا بوو! و، ئێستا هه‌موو خه‌ڵکی ئێرانیان کردووه هه‌ر به‌و چینه لاوازانه، که منداڵانی به‌لووچ و کورد و عه‌ڕه‌ب و… به‌بێ خوێندنگه و له بن خێوه‌ت و کانێکسه‌کاندا، بێتوو «خودا» بیهه‌وێ ئه‌لفوبێیه‌ک فێر بن بۆ دواڕۆژی ڕه‌ش و لێڵ و ناڕوونی خۆیان، منداڵانی کورد له سنووره‌کان ده‌ست و لاقیان بە تەقینەوەی مینه به ڕق چێندراوه‌کان له ده‌ست بده‌ن و، منداڵانی شه‌قامه سارده‌کانی تاران، ده‌ستدرێژی بکرێته سه‌ریان و له نێوان ده‌سته چکۆله‌کانیان، فرمێسکه‌کانیان بشارنه‌وه و هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی که زیندوون، ئه‌م ژانی به‌سه‌رهاتانه له دڵی منداڵانه‌ی خۆیاندا حه‌شار دهن.
دیاردەی منداڵانی کار بەرهەمی بێعەداڵەتی و نادادپەروەرییە، لێکەوتەی ئابووریی تێکتەپیوی کۆمەڵگە بەهۆی سیاسەتی چەوت و ناسەردەمیانەی گونجان لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانییە، دەرەنجانی نیزامێکی سیاسیی تا سەر ئێسقان گەندەڵ و دژەمرۆییە. منداڵانی کار قوربانیی سیاسه‌ته دژهخهڵکییهکانی که‌سانێکن، که مرۆڤایه‌تی له لای ئه‌وان واتای نییە. ئه‌و منداڵانه بێده‌ره‌تان و بێ‌تاوانن و ته‌نیا سووچیان ئه‌وه‌یه، له وڵاتێک‌دا له دایک بوون، که بووه‌ته گۆڕه‌پانێک بۆ نیشاندانی هێزی مرۆڤگه‌لێک که جگه له خۆیان و ئامانجه ڕه‌شه‌کانی خۆیان بیر له هیچ شتێکی دی ناکه‌نه‌وه. وە له وڵاتێک‌دا که داوای مافی سروشتی و ئاسایی مرۆڤ، به تاوان دادەنرێ، چۆن چاوه‌ڕوانی ده‌کرێ که مافی منداڵان له ئه‌وله‌وییه‌تدا بێ؟
دیاردەی منداڵانی کار بەرهەمی هه‌ژارییه، هه‌ژاری و بێ دهرهتانییهک که بووه‌ته هۆی شەرمەزاریی دایک و باوکان به‌رامبه‌ر به ڕوانینی بێگه‌ردی منداڵه‌کانیان، ئه‌و دایک و باوکانه‌ی که توانای وه‌دیهێنانی بچووکترین و منداڵانهترین داوای منداڵه‌کانیان نه‌بووه. هەژارییەک کە دەرەنجامی سیاسەتی پاوانخوازیی ڕێژیمێکە خەونی ئاغایەتیی دنیای لەسەر دایە و بە فەلسەفەی دوگماتیکی «هه‌نارده‌ی شۆڕش» بۆ وڵاتانی دی، خەڵکی کۆمەڵگە و منداڵان ده‌کاته دەستەچیلەی ئەم شەڕەی بە پیرۆز و بە مایەی مانەوەی خۆی دەزانێ.
وێده‌چێ ئیدی وشەیەک بۆ شرۆڤه‌ی حاڵی منداڵانی سه‌رشه‌قام و بێ داهاتوو نه‌مابێ وشرۆڤه و وێنه و وتار چیدی ناتوانێ ده‌ربڕی حاڵی ئه‌وان بێ و لەو مه‌ترسییانه بدوێ که بۆسه‌ی بۆ ئه‌و منداڵانه ناوه‌ته‌وه، وەک: ئیعتیاد، ده‌ستدرێژی، کوشتن و هه‌موو جۆره نهخۆشیگهلێکی ده‌روونی و جه‌سته‌یی و دەیان زیانی دی. زیانگەلێک کە هەر تاق لەوانە بەسە بۆ لەنێوبردنی خه‌ون و خولیای منداڵانێک که ڕه‌نگه تاقه ئاواتیان، ته‌نیا یه‌ک ژه‌م نان و چێشتێکی گه‌رم بێ!
وەرگێران لە فارسییەوە: هەردی سەلیمی