بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئه‌خلاق ته‌وه‌رن و له ئه‌نجامی وه‌دینه‌هاتنی ویسته كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن و بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌و ویستانه به‌ره‌وڕووی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌بنه‌وه و هه‌ر بۆیه ناتوانن ببنه به‌شێك له ده‌سه‌ڵات. كه‌واته ناتوانین بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له چوارچێوه‌ی حیزبی سیاسی یان ڕێكخراوی پیشه‌ییدا پێناسه بكه‌ین. له‌ڕاستیدا بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر له‌گه‌ڵ كه‌مپه‌ینێكی سیاسی و مه‌ده‌نی وێكچوونی هه‌یه تا ڕه‌وتێکی سیاسی که ئامانجی گه‌یشتن بێ به ده‌سه‌ڵات. ڕێفۆرمخوازی له سه‌ره‌تادا گوتارێکه که به‌رهه‌می ته‌قه‌للای فکری و تێئۆریکی نوخبه‌یه‌که له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات، واته به‌رژه‌وه‌ندیی ڕێفۆرمخواز، خۆی له ئامانجی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگه و په‌روه‌رده‌ی تاکی به‌رپرسیاردا ده‌بینێته‌وه. ڕێفۆرمخوازی له‌و قۆناغه‌دا هیچ ده‌رکه‌وته‌یه‌کی ده‌رهه‌ستی کۆمه‌ڵایه‌تی نییه و ته‌نیا چه‌مکێکی ئۆبژێکتیڤه و کاریگه‌ریی عه‌ینی لێ ناکه‌وێته‌وه.
ئه‌وه له قۆناغی دواتر دایه که ڕێفۆرم خۆی له قالبی تێئۆری ڕزگار ده‌کا و ده‌بێته شاکه‌له‌ی ویژدانێکی جه‌معی. له‌و کاته دایه ده‌گوترێ بزووتنه‌وه‌یه‌کی ڕێفۆرمیستی بیچمی گرتوه. که‌واته ڕێفۆرم پڕۆسه‌یه‌کی گه‌شه‌ی هزری و ده‌روه‌ستیی کۆمه‌ڵایه‌تییه که له خواره‌وه (واته له کۆمه‌ڵگه‌وه) ده‌ست پێده‌کا و له ئاکامدا له سه‌ره‌وه‌دا (واته له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی)دا ده‌گیرسێته‌وه و ده‌بێته هۆی گۆڕان له نۆڕم و به‌هاکانی کۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا.
كه باس له گوتاری ڕێفۆرمخوازی ده‌كرێ ده‌خرێته جه‌مسه‌ری پێچه‌وانه‌ی شۆڕش، به‌و واتایه كه ڕێفۆرم وه‌ك شێوازێكی نه‌رم و كاتبه‌ر بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری له نێو كۆمه‌ڵگه و سیسته‌می حوكمڕانی دێته ئه‌ژمار، له كاتێكدا شۆڕش بە گۆڕانكاری بنچینه‌یی له سیسته‌می سیاسی و حوكمڕانی و هه‌روه‌ها له نۆڕم و بایه‌خه‌كانی كۆمه‌ڵگه دادەنرێ كه له ڕێگای به‌كارهێنانی توندوتیژی و له كاتێكی كه‌متردا ڕوو ده‌دا.
ئه‌و سنووربه‌ندییه‌ی له نێوان دوو ده‌سته‌واژه‌ی ڕێفۆرم و شۆڕشدا ده‌کرێ تێنه‌گه‌یشتنێکی باوی تێدایه که له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا جێ که‌وتووه، له کاتێکدا له ڕاستیدا نموونه عه‌ینییه‌کانی ڕێفۆرم و شۆڕش تا ڕاده‌یه‌ک پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن یان لانیکه‌م به‌و ڕاشکاوییه ناتوانین ئه‌و دوو جه‌مسه‌رییه قبووڵ بکه‌ین و پێویستیمان به وردبوونه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه.
بۆ تێگه‌یشتنی باشتر له په‌یوه‌ندیی نێوان ڕێفۆرم و شۆڕش وێنه‌یه‌ک ده‌خه‌ینه به‌رچاو. له سه‌رده‌می شه‌ڕی سارددا جیهان به سه‌ر دوو به‌ره‌ی سۆسیالیستی و ئیمپریالیستی دابه‌ش ببوو که هیچ کام له‌م دوو به‌ره‌یه ئاماده نه‌بوون تخوون به‌هاکانی یه‌کتر بکه‌ون و هه‌موو ئه‌و سیاسه‌ت و ڕوانین و ته‌نانه‌ت سه‌رمایه که‌له‌پووری و ژیارییانه‌ی له به‌ره‌یه‌کدا وه‌ک ئه‌رزش و هه‌ندێک جار تا ڕاده‌ی پیرۆز سه‌یر ده‌کران، له به‌ره‌ی به‌رامبه‌ردا وه‌ک دژه ئه‌رزش و شیاوی ته‌کفیر ده‌ناسێندران، به‌ڵام به‌ره‌به‌ره هه‌ر دووک جه‌مسه‌ر به‌شێک له ئه‌رزشه‌کانی جه‌مسه‌ری به‌رامبه‌ریان ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ قبووڵ کرد و سنووره‌کانیان کاڵ و که‌مڕه‌نگ کردنه‌وه. ئێستا به کرده‌وه له نێوان ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌دا پرێسپێکتیڤێک له ڕێژه‌ی باوه‌ڕمه‌ندی و خاوه‌ندارێتی به‌و دوو ئیدئۆلۆژییه ده‌بیندرێ، به شێوه‌یه‌ک سۆسیال دێموکراسی و ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌ران سه‌ریان هه‌ڵداوه و کۆتای‌یان به‌و دوو جه‌مسه‌رییه ڕووته هێناوه که کۆمۆنیزمی سۆڤییه‌تی و ئیمپریالیزمی ئه‌مریکایی نوێنه‌رایه‌تییان ده‌کرد.
شوبهاندنی دوو چه‌مکی شۆڕش و ڕێفۆرم به‌و جه‌مسه‌ربه‌ندییه ئیدئۆلۆژیکه‌ی ئاماژه‌مان پێ‌کرد یارمه‌تیمان ده‌دا له‌و هه‌ڵه تێگه‌یشتنه ڕزگار بین که شۆڕش له کۆتایی هێڵێکدا دابنێین که جه‌مسه‌ره‌که‌ی دیکه‌ی ڕێفۆرم بێ. ئه‌و وێنایه‌ی له شۆڕش درووست کراوه کورتکردنه‌وه‌ی شۆڕشه به‌و سه‌رده‌مه‌ی خه‌باتی گه‌لانی کۆلۆنی دژی داگیرکه‌رانی کۆلۆنیالیست له به‌شێکی به‌رچاو له جوغرافیای جیهان به تایبه‌ت له ئه‌مریکای لاتین، ئه‌فریقا و… سه‌ریان هه‌ڵدا و له ئاکامدا شۆڕش ڕێک واتای ڕاپه‌ڕینی چه‌کداری دژی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داری به خۆوه گرت.
دوای داڕمانی یه‌کیه‌تیی سۆڤییه‌ت و سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشه مه‌خمه‌ڵییه‌کان له وڵاتانی ئاسیای نێوه‌ڕاست، گۆڕانکاریی بنه‌ڕه‌تی به سه‌ر چه‌مکی شۆڕشدا هات و ته‌نیا ڕێگای گۆڕانکاریی بنه‌ڕه‌تی له سیستمه سیاسییه‌کان چیتر بریتی نه‌بوو له به‌کارهێنانی خه‌باتی چه‌کدارانه و توندوتیژ. لێره‌دا سنووری ڕێفۆرم و شۆڕش به ته‌واوی که‌مڕه‌نگ بۆوه.
کاتێک جین شارپ و هانتینگتۆن باس له شه‌پۆلی سێهه‌می دێموکراسی ده‌که‌ن و شۆڕشی ناتوندوتیژ تێئۆریزه ده‌که‌ن به ئاشکرا ڕێفۆرمخوازی وه‌ک سه‌ره‌تا یان ماکی سه‌ره‌کی و ته‌نانه‌ت خاڵی ده‌سپێکی گۆڕانکاریی بنه‌ڕه‌تی یان هه‌مان شۆڕش ده‌ستنیشان ده‌که‌ن.
به سه‌رنجدان به‌و پێشه‌کییه‌ی باس کرا، ئه‌و پرسیاره زه‌ق ده‌بێته‌وه که ئایا ئه‌وه‌ی به ناوی لایه‌نی ڕێفۆرمخواز له ئێران‌دا پێناسه ده‌کرێ خاوه‌نی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌یه که گۆڕانکاریی ڕاسته‌قینه له چوارچێوه‌ی کۆماری ئیسلامی‌دا یان به تێپه‌ڕین له کۆماری ئیسلامی به‌رهه‌م بێنێ.
دوابه‌دوای مردنی خومه‌ینی زۆربه‌ی نیزیکەکانی خومه‌ینی له لایه‌ن باندی به‌ده‌سه‌ڵاتی خامه‌نه‌یی_ ڕه‌فسه‌نجانی له پۆسته‌کانیان دوور خرانه‌وه و به ته‌واوی په‌راوێز خران. په‌راوێزخراوان که خۆیان به لایه‌نگرانی هێڵی ئیمام (خومه‌ینی) ناوزه‌د ده‌کرد له سه‌رده‌می ناودێرکراو به ده‌ورانی سازه‌نده‌گییه‌وه به‌ره‌به‌ره خۆیان ڕێک خسته‌وه و به کۆمه‌ڵێک دروشمی وه‌ک ئازادیی ڕاده‌ربڕین و کرانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و لایه‌نگری میدیای ئازاد و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، توانییان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆک کۆماری و مه‌جلیسی شه‌شه‌مدا سه‌رکه‌وتوو بن و ڕای به‌شێکی به‌رچاو له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران به‌ره‌و لای خۆیان ڕابکێشن. له ڕاستیدا ڕێفۆرمخوازان به‌و شێوه‌یه هاتنه‌وه بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات. واته که‌ڵکه‌ڵه‌ی سه‌ره‌کیی ئه‌وان نه‌ک ڕێفۆرمی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵکوو به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی پێگه‌ی له ده‌ستچوویان بوو. پاراستنی کۆماری ئیسلامی ئه‌وله‌ویه‌تی سه‌ره‌کیی ڕێفۆرمخوازان بوو، هه‌ر بۆیه نه‌یانتوانی ڕای گشتی و میدیای تا ڕاده‌یه‌ک کراوه و ئازاد بکه‌نه ده‌ستمایه‌ی پاراستنی ئه‌و فه‌زا کراوه‌یه‌ی (به شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی به‌ستێنی ڕاده‌ربڕین و جیابیری ڕه‌خسابوو) له ماوه‌ی حوکمڕانییان به‌دی هاتبوو. هه‌ر چه‌ند به‌شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی ڕێفۆرمخوازی شۆڕ ببۆوه نێو جه‌ماوه‌ر، به‌ڵام ترسی ڕێفۆرمخوازان له گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و میدیای ئازاد و درووستبوونی ڕه‌وتێک که له ده‌ره‌وه‌ی کۆنتڕۆڵیان دابێ، وایکرد زۆری پێ نه‌چێ دروشمی تێپه‌ڕین له ڕێفۆرمخوازان له لایه‌ن ڕێفۆرمخوازانی ڕاسته‌قینه له خواره‌وه سه‌ری هه‌ڵدا.
سه‌رنه‌که‌وتنی پڕۆژه‌ی ڕێفۆرم له ئێران له کۆنه‌وه کۆمه‌ڵێک هۆکاری هه‌بووه که گرینگ‌ترینیان بریتین له:
ــ ڕێفۆرم پڕۆسه‌یه‌که که ده‌بێ له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه سه‌رهه‌ڵدا و گه‌شه بکا، واته له خه‌ڵکه‌وه ده‌ست پێ بکا و له کۆتاییدا گۆڕانکاری پێک بێنێ. له کاتێکدا له مێژووی هاوچه‌رخی ئێران‌دا هه‌وڵه‌کانی ڕێفۆرمخوازی به‌رده‌وام له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه بوون و نه‌یانتوانیوه به‌ستێنه فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی بۆ فه‌راهه‌م بکه‌ن.
ــ پاژنه ئاشیلی ڕێفۆرمخوازی له ئێران‌دا بێمتمانه‌یی خه‌ڵک بووه به هه‌ڵگرانی بیرۆکه و پڕۆژه‌ی ڕێفۆرم. ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که له سیستمه دیکتاتۆره‌کانی ئێران‌دا هه‌موو ده‌رفه‌ته‌کان بۆ پیاوانی ده‌سه‌ڵات بووه و ته‌نیا ئه‌وان توانای پێکهێنانی گۆڕانکارییان هه‌بووه.
ــ ڕێکخراو نه‌بوونی کۆمه‌ڵگه و نه‌بوونی ڕێکخراو و یه‌کیه‌تی و سه‌ندیکا پیشه‌ییه‌کان وای کردووه ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت هه‌وڵی ڕێفۆرمخوازییش چه‌که‌ره‌ی کردبێ، هه‌ر زوو که‌وتۆته به‌ر تیغی سانسۆڕ و پێشی پێ گیراوه.
ــ بێ ئاکامبوونی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی له مێژووی نیزیک سه‌د ساڵه‌ی دوایی له ئێران‌دا دراوه به مه‌به‌ستی پێکهێنانی هیندێک ڕێفۆرم له حوکمڕانیدا، وه‌ک هه‌وڵه‌کانی ئه‌میرکه‌بیر، قائیم مه‌قام و… بۆته هۆی بێهیوایی خه‌ڵک له ڕێفۆرم.
له ده‌ره‌نجامی ئه‌و باسه‌دا ده‌توانین بڵێین سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران گرتوویانه‌ته به‌ر بۆ نه‌زۆککردنی هه‌ر چه‌شنه هه‌وڵێکی ڕێفۆرمخوازی، له هه‌مان کاتدا ڕێفۆرمخوازی له هه‌ر ده‌رفه‌تێکی مومکیندا ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌کردنی هه‌یه.