زۆرجار بۆ تێگەیشتن لە گرینگیی چەمک و لە هەمانکاتدا پرسی “چارەنووسی هاوبەش” ئاماژە بەو گەشتیە دەکرێ کە کۆمەڵە خەڵکێکی تێدا جێ گرتوە و لە قوڵایی زەریایەکی پڕ لە شەپۆل و نائارامیدا رێ دەکات. لەوانەیە ئامانجی سەفەری هەرکام لەم کەشتینشینانە جیاواز بێت و هەرکامە بەشێکیان بەم کەرەسەوە هەبێت کە خەریکە بە مەسیرێکی هاوبەشدا دەیانبات، بەڵام پرسە گرینگەکە لێرەدایە کە تا گەیشتن بە قەراغەکان، هەرکام لەم رێبوارانە لە بەرانبەر هەر رووداوێکدا هاوچارەنووسن. بۆیە بە تێگەیشتن لەم چارەنووسە هاوبەشە هەوڵ دەدەن بەرانبەر بە هەر دۆخێک “یەکگرتوو” و هاوکار بن.
بەڵێ، دیسان قسە لە یەکگرتوویی و پێکەوەبوونە، بەڵام ئەمجارەیان لە دەلاقەی تێڕوانین بۆ پرسێک بە ناوی “چارەنووسی هاوبەش”. ئێمە نەتەوەی کورد وەک چۆن تا ئێستا هیچ هێڵێکی سووری نەتەوەییمان لە سۆنگەی تێروانینمان بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی و هاوبەشەوە نیە، بەداخەوە زۆر کەم سەرنجی ئەوەمان داوە کە لە هەرحاڵەتێکدا کە سەیری بکەین وەک ئەکتەرەکانی گۆڕەپانی چالاکیی نەتەوەیی و نیشتمانی چ وەک تاک و چ وەک حیزب و رێکخراوی سیاسی چارەنووسی هاوبەشمان هەیە.
لێرەدا ئەم پرسە کە داوێنێکی بەربڵاوی جۆراوجۆری لە حەوزە و بیاڤی جیاوازدا هەیە، تەنیا لە روانگەی ئاڵۆگۆڕە سیاسییەکانی ئەمرۆی وڵاتەکەمانەوە لێک دەدەینەوە و هەر لەم سۆنگەیەوە دیسان تەرحی ئەوە پرسیارە دەکەینەوە کە، چ بکرێ؟!
ئێستا کە ئەگەری گۆڕانکارییەکان لە دەلاقەی پرسی نەتەوەیی خۆمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان مەبەستی باسەکەمانە، پێویستە ئەو ڕوانگەیە بە ڕەسمی بناسین کە هەموومان لە حیزبەکانەوە بگرە تا یەکبەیەکی چالاکانی بوارە جیاجیاکانی ناخۆی وڵات کە ئەمڕۆژانە بە کۆمەڵگای مەدەنی نێوی دەرکردوە، بەرانبەر بە چارەنووسی خەڵکی کوردستان بەرپرسیارین. قبووڵکردنی ئەم ڕوانگەیە دەمانگەیەنێتە ئەو رێڕەوەی کە هەموو پێکەوە لە سەر ئەساسی یەکگرتوویەکی نیشتمانی لە مەسیرێک داین کە دەبێ قبووڵی ئەو حەقیقەتە بکەین کە چ تیایدا بە مەقسەد بگەین چ نەگەین، چارەنووسی هاوبەشمان هەیە. لێرەدایە کە بە قبووڵکردنی ئەم هاوچارەنووسییە ناچار بە دیتنەوەی خاڵە هاوبەشەکان دەبین و لە پرۆسەیەکی کاریی هاوبەشدا دەرک بە تێگەیشتنێکی هاوبەش لە بەرژەوەندییەکانمان دەکەینەوە کە ڕاست بەرژەوەندیی گشتی کۆمەڵگان.
کەوابوو ئەوە دەرککردن بە چارەنووسی هاوبەشمانە کە تەماحێکی تێکەڵ بە هوشیاریی گشتییمان تێدا چێ دەکات کە بۆ گەیشتن بەو بەرژەوەنییە هاوبەشانەی کە دەتوانین هەموومان وەک نەتەوە هەست بە براوەیی و سەربەرزی بکەین کە ئەمەیان ڕاست ئەوە “سەرەوەری”یە نەتەوەییەیە کە لە پەنا “سەربەستی”ی نیشمان و “بەدەوڵەبوون”ی خاك و خەڵکەکەماندا پێناسەی تایبەت هەڵدەگرێ. هەستکردن بە سەروەریی نیشتمانی بازنەی بیرکردنەوە و خۆتەرخانکردنمان بۆ گەیشتن بە “رزگاری” هێندە هەراو و بەرفراوان دەکاتەوە کە چیدیکە خۆمان بە بیرکردنەوە و هەوڵدان بۆ وردە تەماحەکان(بەرژەوەندیی تاکەکەسی، حیزبی و رێکخراوەیی) سەرقاڵ ناکەین. چۆنکی هەر وەک لە بەشی دووهەمی باسەکەدا ئاماژەمان پێدا؛ لە سایەی بەرژەوەندییە هاوبەشە گشتی و نەتەوەییەکانمان دەتوانین بێ ئەوەی هەڵپەهەڵپی زۆری بۆ بکەین بە ڕەواییەکی زیاترەوە وەک مافی هەموو کەسێکە، بیر لەو وردە بەرژەوەندییە تاکەکەسی و حیزبی و گرووپییەکانیشمان بکەینەوە.