دوکتۆر عه‌بدوڕه‌حمان قاسملوو- دۆستی دێرینم یه‌کێک بوو له‌و پیاوو سه‌رکرده گه‌ورانه‌ی کورد که ناویان به نه‌مری ده‌چێته مێژووی کورده‌وه.
که برای خۆشه‌ویستم مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن‌زاده داوای لێکردم شتێک له‌باره‌ی دوکتۆر قاسملوو بنووسم، به‌و نووسینانه‌دا چوومه‌وه که له‌مه‌وبه‌ر له‌وباره‌یه‌وه نووسیبووم (ئه‌وانه‌ی له‌به‌ر ده‌ستمدا بوون) به‌تایبه‌تی پێشه‌کیی کتێبی (چل ساڵ خه‌بات)ی دوکتۆر عه‌بدوڕه‌حمان قاسملوو خۆی که کردبووم به عه‌ڕه‌بی‌و ساڵی ١٩٩١ له‌هه‌ولێر به‌چاپم گه‌یاندبوو. ویستم شتێکی تازه بنووسم، هه‌رچه‌نده ئه‌و پێشه‌کی‌یه‌ی بۆ وه‌رگێڕانه‌که نووسراوه هێشتا به‌کوردی بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه. که ئه‌وداوایه‌م لێ‌کرا کتێبی که‌سێکی ناسراوی کوردم له‌به‌رده‌ستدا بوو، که به‌شێکی زۆری بۆ کوردستانی ئێران‌و بۆ باسی فه‌رمانڕه‌وایانی ئێران ته‌رخانکرابوو، له ڕۆژانی قاجاری‌یه‌وه. کتێبه‌که‌م خسته لاوه، به‌ڵام به‌شه‌که‌ی ئێرانم خوێنده‌وه که به‌ڕاستی به‌نرخ بوو زۆر به‌ڵگه‌ی له‌فارسی‌وه‌رگێڕراویشی تێدا بوو که بۆمن تازه بوو و باسێکی تازه‌ی دامێ که له‌باره‌ی مه‌رگی قاسملووه‌وه بینووسم.
فارسه‌کان- یاحوکمدارانی ئێران هه‌ر زۆر له‌زووه‌وه تا ئێستاش ده‌ڵێن: ئێمه ده‌وڵه‌تی شه‌ش‌هه‌زار ساڵه‌ین. له‌وکتێبه‌دا باسی کوشتنی محه‌مه‌د سه‌عید سوڵتان‌و سانه‌کانی هه‌ورامان‌و هه‌مزاغای مه‌نگوڕو هاوه‌ڵه‌کانی‌و جوامێرئاغای هه‌مه‌وه‌ندو هاوه‌ڵه‌کانی کراوه که هه‌موو به فێڵ کوژراون، هێنراونه سه‌ر کۆڕی گفتوگۆ‌و دان‌وستاندن‌و له‌سه‌ر خوانی نان‌خواردندا کوژراون‌و ئه‌و جۆره کوشتنه‌ی ئێرانی‌یه‌کان ناونراوه (لطایف‌الحیل).
کتێبه‌که لای ئه‌و ناوانه وه‌ستاوه‌و بۆ پاش ئه‌وه‌ش نه‌گه‌یشتۆته سه‌ر شه‌هیدکردنی (سمایل خانی سمکۆ)و پێشه‌وا قازی محه‌مه‌دو دوکتۆر قاسملوو که دیاره ئه‌وانیش هه‌ر به (لطایف الحیل) شه‌هید کراون.
چه‌ند جارێک له‌باره‌ی شه‌هیدبوونی دوکتۆر قاسملووه‌وه نووسیومه، نازانم ئه‌و (سه‌عات)ه چۆن بۆ چرکه‌یه‌ک وه‌ستا. مه‌به‌سم ئه‌وه بوو، ئه‌وکه‌سه‌ی له خۆپاراستندا زۆر وریا بوو، ته‌نانه‌ت له (پڕاگ)یش، چۆن که‌وته داوه‌وه. ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه له‌باره‌ی شه‌هید (فازیل)یشه‌وه شتێکی وا بڵێم، ئه‌ویش زۆر وریا بوو. ئیتر هه‌ر (لطایف الحیل)ه که نازانم که‌ی کورد وریا ده‌بێ.
بۆچ له‌و ماڵه‌دا کۆ بوونه‌وه؟ ئێستاش ووڵاتی ئوتریش (نه‌مسا) ئه‌و ژنه جووله‌که‌ی بانگ نه‌کردووه بۆ لێپرسینه‌وه، که ناسیاوی (فازیل) بوو و له‌ماڵی ئه‌ودا کۆ بوونه‌وه. ئایا ده‌بێ هیچ پێوه‌ندی‌یه‌ک له‌نێوان ئه‌وه‌و بیری دوکتۆر قاسملوودا هه‌بێ –که ڕای به‌رامبه‌ر به سه‌هیۆنیزم زۆر ڕه‌ق بوو، لای وابوو که بیری سه‌هیۆنیزم شتێکه وه‌ک فاشیزم‌و نازیسم، یا هه‌ر فرۆشتنی ئه‌و سێ شه‌هیده بێت به چه‌ند ته‌نه‌که نه‌وت؟ خوشکه نه‌سرین (واته ئێلێنه خانم)ی خێزانی دوکتۆر قاسملوو ئێستاش به‌دووای ئه‌و شکایه‌ته‌وه‌یه که له‌باره‌ی شه‌هیدبوونی‌یه‌وه کردوویه‌تی، به‌ڵام دیاره بێسووده. ئه‌ی باشه، پاش دوکتۆر قاسملوو شه‌هید دوکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندی بۆ که‌وته داوه‌وه. ئه‌مه‌ش پرسیار‌و لێکدانه‌وه‌ی ده‌وێت. باشه ده‌بێ کورد پاش ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد دانه‌مرکاوه‌ته‌وه‌و هه‌ر به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌چێ، ده‌بێ به دوو وڵاتی (قاجارو عوسمانی) بڵێین، واز له (لطایف الحیل) بێنن و وه‌رن له‌گه‌ڵ ئه‌و کورده‌دا بدوێن که بۆتان له‌ناو نه‌چووه. چونکه باوه‌ڕم وا نی‌یه که مه‌سه‌له‌ی کورد به‌ره‌و دواوه بچێته‌وه.
له‌باره‌ی ته‌جروبه‌ی دوکتۆر قاسملووه‌وه له سه‌رکرده‌یی حیزبی دێموکرات‌دا، له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی (کادر)ه‌وه، له‌باره‌ی ڕووناکبیریی خۆیه‌وه زۆر شت ماوه که من یه‌کێکم –وه‌ک دۆستی دێرینی ئه‌وو حیزبی دێموکڕات- ده‌بێ بینووسم. به‌ڵام باری نه‌خۆشی‌و په‌له‌کردن له ته‌واوکردنی هه‌ندێ پڕۆژه‌مدا -پێش مه‌رگ- جارێ ڕێی لێگرتووم.
ئه‌وه‌ی لام خۆشه. ئێستا هه‌ردوو دێموکڕات ڕێک‌و نزیکن. لام وانی‌یه‌و پێویستیش نی‌یه ببنه‌وه به یه‌ک. به‌ڵام با ڕێک بن. کورد نزیکه له مه‌به‌ست.
نه‌مری بۆ دوکتۆر قاسملووی نه‌مر.
لە ژماره ٦٦٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه