دانوستانه‌کانی ئێران و وڵاتانی ٥+١، له چه‌شنی خۆیدا بێ وێنه بوو. له دوایین خولی دانوستانه‌کان که رێککه‌وتنی ڤییه‌نی لێ که‌وته‌وه، جان کێری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌هێزترین وڵاتی دنیا، بۆ ماوه‌ی ١٨ رۆژ له ڤییه‌ن مایه‌وه. له خوله‌کانی پێشووتریش دا به ده‌یان و بگره سه‌دان کاتژمێر له‌گه‌ڵ جه‌وادی زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له وتووێژ دا بووه. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه نیشانده‌ری جیددییه‌ت(وپێویستی)ی ئه‌مریکا بوو بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه.
لایه‌نی سه‌ره‌کیی ئێران له‌و دانوستانانه‌دا ئه‌مریکا بوو و وڵاتانی دیکه‌ی ٥+١ رۆڵێکی که‌م بایهختریان هه‌بوو. ساغبوونه‌وه‌ی ئه‌و دوو وڵاته له سه‌ر خاڵه جێناکۆکه‌کان، نه‌خشێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی له گه‌یشتن به رێککه‌وتن هه‌بوو.
یه‌کێک له‌و باسانه‌ی که له قۆناغی دوای رێککه‌وتن دا له ئارا دایه، ئه‌وه‌یه که ئه‌و رێککه‌وتنه چ کاریگه‌رییه‌کی له سه‌ر پێوه‌ندیی نێوان ئێران و ئه‌مریکا ده‌بێ؟
به هۆکارگه‌لێکی زۆر، بێ متمانه‌ییه‌کی قووڵ له نێوان ئێران و ئه‌مریکا دا هه‌یه. ئه‌مه‌ش وایکردووه که ئێران نیگه‌ران بێ له‌وه‌ی که ئه‌مریکا پابه‌ندی ئه‌و رێککه‌وتنه نه‌بێ یان دوای «ئیسراحه‌تێکی ناو‌کی»، فایلی دیکه له دژی ئێران بکاته‌وه و فازی دوایی پرۆژه‌ی قه‌یرانسازیی و کێشه‌سازیی بۆ ئێران بۆ مه‌یدانی موشه‌کی و مافی مرۆڤ و پشتیوانی ئێران له تیرۆریزم بگوازێته‌وه. ئه‌م نیگه‌رانییه له‌و روانگه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ که ئامانجی ئه‌مریکا ته‌نیا به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی ناوکیی ئێران نییه، به‌ڵکوو ده‌یه‌وێ له بواره‌کانی دیکه‌ش دا لانی که‌م ئێران ناچار به گۆڕینی ره‌فتار بکا. ئه‌مه ته‌نیا نیگه‌رانی ئێران نییه، به‌ڵکوو ئه‌گه‌رێکه که له ئارا دایه.
راسته ئۆباما ده‌ڵێ: ئێمه ته‌نیا له سه‌ر پرسی ناو‌کی له‌گه‌ڵ ئێران رێککه‌وتووین و له بواره‌کانی دیکه‌دا کێشه‌کانمان له جێی خۆیه‌تی؛ یان خامنه‌یی ده‌ڵێ: درێژه به سیاسه‌تی دژه‌ئه‌مریکایی خۆمان ده‌ده‌ین و له دۆستانمان له ناوچه‌که‌دا پشتیوانی ده‌که‌ین؛ یان کۆشکی سپی له وه‌ڵامی دژبه‌رانی رێککه‌وتنه‌که دا ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر له داهاتوودا بمانه‌وێ هێرش بکه‌ینه سه‌ر ئێران، به زانیاری زیاتره‌وه ئه‌و کاره ده‌که‌ین؛ بێجگه له‌وانه‌ش پرسی ناوکیی ئێران، پرسێکی کۆتایی هاتوو نییه و له‌وانه‌یه له قۆناغی جێبه‌جێ کردن دا له‌گه‌ڵ که‌ندوکۆسپ به‌ره‌وڕوو بێ؛ به‌ڵام به هه‌مووی ئه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌رێکی به‌هێزتر ئه‌وه‌یه که گرژییه‌کانی نێوان ئێران و ئه‌مریکا که‌متر بێته‌وه. یه‌که‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به چاره‌سه‌ربوونی کێشه‌ی ناو‌کی، قه‌باره و هه‌ژماری کێشه‌کانی نێوان ئه‌و دوو وڵاته که‌متر ده‌بێته‌وه. دووه‌م: له په‌راوێزی ئه‌و دانوستانهنهدا پرسی دیکه‌ش هاتۆته گۆڕێ و ئاڵوگۆڕی بیروڕای له باره‌وه کراوه. به‌م هۆیانه که دوو لایه‌ن چاویان له‌وه‌یه که له بواره‌کانی دیکه‌ش دا بتوانن به‌یه‌که‌وه هاوکاری بکه‌ن. خامنه‌یی و روحانی ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر رۆژئاوا و ئه‌مریکا پابه‌ندی رێککه‌وتنه‌که بن و به‌ڵێنییه‌کانیان پێشێل نه‌که‌ن، ئه‌وه له بواره‌کانی دیکه‌ش دا، به تایبه‌ت له پرسه‌کانی تایبه‌ت به رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا، هاوکارییان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن.
یه‌کێک له‌و شرۆڤانه‌ی بۆ رێککه‌وتنی ڤییه‌ن ده‌کرێ ئه‌وه‌یه که ئه‌و رێککه‌وتنه سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌ره‌و پێش ده‌با و هه‌ڵسوکه‌وتی ئێران له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه نه‌رمتر و عه‌قڵانیتر ده‌کا. ده‌قی رێککه‌وتنه‌که به شێوه‌یه‌ک فۆرموله کراوه که هه‌ر چه‌شنه لادانێکی ئێران، ده‌ره‌نجامی زۆر خراپی بۆ ئێران به دواوه ده‌بێ. له لایه‌کی دیکه‌ش ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا ببێته هۆی پێشێل کردنی رێککه‌وتن، راگرتنی کۆده‌نگیی پێکهاتوو له دژی ئێران ئاسته‌متر ده‌بێ و له سه‌ر پێگه‌ی ئه‌مریکا له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییش دا بێ کاریگه‌ر نابێ. بێجگه له‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌مریکا ئیمتیازی زۆری وه‌رگرتووه و به‌رنامه‌ی ناوکیی ئێران به شێوه‌یه‌کی تکنیکی و حوقووقی زۆر به‌رته‌سک کراوه‌ته‌وه، زه‌حمه‌ته که پابه‌ندی رێککه‌وتنه‌که نه‌بێ. له‌وانه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بێ که جێب بوش پاڵێوراوی سه‌رکۆماریی ٢٠١٦ی ئه‌مریکا، ده‌ڵێ: رێز ده‌گرم له‌و رێککه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران کراوه و هه‌ر که‌سێکی دیکه ببێته سه‌رکۆمار، رێککه‌وتنه‌که قبووڵ ده‌کا.
بۆ ئه‌وه‌ی وێنایه‌کی دروستترمان له کاریگه‌رییه‌کانی رێککه‌وتنی ناو‌کی له سه‌ر پێوه‌ندییه‌کانی ئێران و ئه‌مریکا هه‌بێ، پێویسته که هاوکێشه‌ی هێزی نێوان زلهێزه‌کان له ئاستی جیهانی و ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا له به‌رچاو بگرین.
شرۆڤه‌یه‌ک که له‌م بواره‌دا ده‌خرێته روو ئه‌وه‌یه که ئه‌مریکا ده‌یه‌وێ له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست خۆی سوکبار بکا و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که وڵاتی چین به خێرایی له گه‌شه‌سه‌ندن دایه، سه‌رنجی له سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا چڕ بکاته‌وه. له‌م پێناوه‌ش دایه که ئه‌مریکا ده‌یه‌وێ گرژییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئێران که‌م بکاته‌وه.
ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا به مه‌سڵه‌حه‌تی زانیبا که به شێوه‌ی دیکه به‌رنامه‌ی ناوکیی ئێران به‌رته‌سک بکاته‌وه یا کۆتایی پێ بێنێ، دانوستانی نه‌ده‌کرد. واته رێککه‌وتن به‌رهه‌می نیازی ئه‌مریکاش بوو. هێز له پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان فاکته‌رێکی دیاریکه‌ره. ئه‌گه‌ر ئێران له داهاتوودا نه‌توانێ خۆی به‌هێز بکا و به هۆی ئه‌و رێککه‌وتنه نه‌توانێ کار له سه‌ر فاکته‌ره‌کانی هێزی بکا و، له لایه‌کی دیکه‌ش ئه‌مریکا له توانا و به‌رژه‌وه‌ندیی دا بێ، ئه‌وه ئه‌مریکا له‌وانه‌یه به شێوه‌ی دیکه‌ش رووبه‌ڕووی ئێران ببێته‌وه.
له‌و دوو ئه‌گه‌ره‌ی باس کرا، له حاڵه‌تی جێبه‌جێ بوونی رێککه‌وتنه‌که‌دا، ئه‌گه‌ری که‌م بوونه‌وه‌ی گرژیی نێوان ئێران و ئه‌مریکا، ئه‌گه‌رێکی جێی باستره. به سه‌رنجدان به پێکهاته‌ی شوناسبه‌خشی ئێران و قه‌باره‌ی کێشه‌کانی نێوانیان، تا درێژماوه ناتوانین باس له پێوه‌ندیی ئاسایی نێوان ئه‌و دوو وڵاته بکه‌ین.
لە ژماره ٦٦٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه