و:سیروان مووساپور
ڕێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوایی به‌رهه‌می وتووێژێك بوو كه زیاتر له ده‌یه‌یه‌كی خایاند، هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی كوردیش له ساڵانی سه‌ره‌تای دوای شۆڕشی 57 وتووێژێكی ده‌گه‌ڵ حاكمییه‌تی كۆماری ئیسلامی ده‌ست پێكرد كه به‌هۆی كارشكێنی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدار بێ‌ئاكام مایه‌وه و به‌جێگه‌ی لێك تێگه‌یشتن و ڕێككه‌وتنی هاوبه‌ش، خومه‌ینی و ده‌وروبه‌ره‌كانی بڕیاریان دا مافخوازیی نه‌ته‌وه‌ی كورد و بزووتنه‌وه سهرانسهرییهكهی به هێرشی ته‌واو عه‌یاری هێزه نیزامییه‌كان و هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕێكی ماڵوێرانكه‌ر له كوردستاندا سه‌ركووت بكه‌ن. ساڵێك دوای كۆتایی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران و ئێراق، دوكتۆر قاسملوو سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستان به مه‌به‌ستی پێش‌گرتن له زیان و خه‌ساره‌تی زیاتر، وڵامی ئه‌رێنیی به داوای وتووێژی كۆماری ئیسلامی دایه‌وه چونكه حیزبی دێموكرات له‌به‌رامبه‌ر هێرشی نیزامی‌دا ناچار به به‌رگریی له نه‌ته‌وه‌ی خۆی كرابوو و، كاتێك هێزی هێرشبه‌ر و دهسدرێژیكار بۆ سه‌ر كوردستان، بۆ چاره‌سه‌ری ناكۆكییه‌كان داوای دانیشتن و وتووێژی كردبوو، سرووشتییه حیزبی دێموكراتیش به ئامانجی جێگیربوونی ئاشتیی، ئاماده‌ی گفتوگۆ و وتووێژ بوو؛ به‌ڵام ئه‌مجاره كۆماری ئیسلامی نه‌ته‌نیا مه‌به‌ستی واقعیی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و ڕێزدانان بۆ مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردی نه‌بوو، به‌ڵكو ده‌یه‌ویست له‌ڕێگه‌ی تیرۆری دوكتۆر قاسملوو، مێشكی بیرمه‌ندی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ـ دێموكراتیكی كورد له‌نێو به‌رێت و وه‌ك ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئێران ده‌ست به كوشتاری چالاكه كورده‌كان بكا. ئه‌م به‌رنامه‌یه به‌شێوه‌یه‌ك بۆ كۆماری ئیسلامی گرنگ و هه‌ستیار بوو كه ناچار كرا كه‌ڵك له‌و دیپلۆماتانه وه‌رگرێ كه بۆ تیرۆر هه‌ڵبژێردرابوون.
حیزبی دێموكرات به هه‌ڵبژاردنی دوكتۆر شه‌ره‌فكه‌ندی وه‌ك جێگری دوكتۆر قاسملووی شه‌هید و هه‌روه‌ها به پشت به‌ستن به به‌شداریی به‌ربڵاوی نه‌ته‌وه‌ی كورد توانی هه‌روا كارایی و زیندوویه‌تی به بزووتنه‌وه‌ی كورد ببه‌خشێ و درێژه به ڕێگه‌ی خۆی بدا. ڕێژیمی حاكم به‌سه‌ر ئێران جارێكی دیكه به پیلانی میكۆنۆس توانی دوكتۆر شه‌ره‌فكه‌ندی تیرۆر بكا به‌ڵام ئه‌م كرده‌وه‌یه سه‌ره‌ڕای ئه‌و تێچووه گرانه‌ی كه بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد و حیزبی دێموكراتی هه‌بوو، ده‌زگای دادوه‌ریی ئه‌ڵمانیا، كۆماری ئیسلامیی ئێرانی وه‌ك حكوومه‌تێكی ڕێكخه‌ری تیرۆریزمی ده‌وڵه‌تی مه‌حكوم كرد.
له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو چه‌ندین جار له‌لایه‌ن هێندێك له به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی و چه‌ند كه‌سایه‌تیی و گرووپی سیاسیی و مه‌ده‌نی، بابه‌تی وتووێژ ده‌گه‌ڵ حیزبه كوردستانییه‌كان به‌تایبه‌ت حیزبی دێموكراتی كوردستان هاتۆته‌ئاراوه كه بابه‌ته‌كه تا ئێستا هه‌روا به‌شێوه‌ی قسه‌وباسی مه‌حفه‌لی و سه‌ره‌تایی ماوه‌ته‌وه.
وتووێژ بۆ گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئه‌زموونێكی گرنگ بوو كه كۆماری ئیسلامی تێیدا ناچار به نه‌رمی نواندن و یان به واتایه‌ك «نرمش قهرمانانه« بوو و ئه‌وه‌ی قبووڵ كرد كه دوژمنایه‌تی ده‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا ناتوانێ هه‌تاهه‌تایه درێژه‌ی هه‌بێ و ده‌بێ له‌نێو دوو بژارده‌ی «ته‌حریم و گۆشه‌گیریی نێونه‌ته‌وه‌یی» یان «ڕه‌واندنه‌وه‌ی نێگهرانییهكانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵپه‌ساردن و هه‌مواركردنی به‌شێكی به‌رچاو له چالاكییه ناوكییه‌كانی خۆی»ن یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێ. وڵامی كۆماری ئیسلامی قبووڵكردنی بژارده‌ی دووه‌م بوو كه ڕه‌نگدانه‌وه‌كه‌ی له رێككه‌وتنی ئه‌مدواییانه‌دا ده‌ركه‌وت.
هه‌نووكه ئه‌م پرسیاره دێته ئاراوه كه ئایا كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورددا، وه‌ك وتووێژی ئه‌تۆمی، ڕوانگه و ڕێگه‌یه‌كی دیكه ده‌گرێته‌به‌ر یان وتووێژ بۆ ڕێژیمی ده‌سه‌ڵاتداری ئێرانی هه‌روا ئامرازێكه بۆ سه‌ركووتی زیاتر یان كڕینی كات و به‌لاڕێدابردنی به‌شێك له بیروڕای كۆمه‌ڵگه بۆ درێژه‌دانی حاكمییه‌تی خۆی؟ داخوا مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له ئێران‌دا ته‌نیا بۆ خه‌ڵك خه‌ڵه‌تاندن به ئامانجی زیادكردن به‌شداریی له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌نجام ده‌درێ؟ یان سه‌ره‌ڕای هاتنه‌ئارای له‌لایه‌ن به‌شێك له كه‌سایه‌تی و لایه‌نه‌كانی نێوخۆی ڕێژیم، وه‌ك دژیه‌كیی پێكهاته‌یی له‌به‌رامبه‌ر مه‌وجوودییه‌تی كۆماری ئیسلامی‌دا ماوه‌ته‌وه؟ به ده‌سته‌واژه‌یه‌كی دیكه به‌رنامه و وتووێژ بۆ چاره‌سه‌ركردنی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد ئایا كۆماری ئیسلامی ڕووبه‌ڕووی داواكارییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران ده‌كاته‌وه و ئه‌گه‌ر وه‌ها ڕه‌وشێك بێته پێش، ئایا سیسته‌می حاكم ئاماده‌یی قبووڵكردنی وتووێژی ده‌گه‌ڵ ته‌واوی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران‌دا هه‌یه؟ ئایا نه‌ته‌وه غه‌یره كورده‌كانی ئێران، بۆ به‌رگریی له مافه‌كان و وه‌دیهێنانی داخوازییه‌كانیان خاوه‌ن حیزبی به‌هێزن یان به فه‌ڕز ئه‌گه‌ر وتووێژ ده‌گه‌ڵ حیزبه كوردستانییه‌كان بكرێ، ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی خاوه‌ن حیزبی سیاسی نین، كار بۆ دامه‌زراندن و دروستكردنی حیزبی جۆراوجۆر ناكه‌ن؟ دامه‌زراندن و دروستكردنی حیزبی جۆراوجۆر چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر بارودۆخی كۆماری ئیسلامی و نه‌ته‌وه‌كانی ئێران ده‌بێ؟ سیسته‌می حاكم به‌سه‌ر ئێران‌دا تا چ ڕاده‌یه‌ك ئه‌م پرسیارانه به گرنگ و شیاوی هه‌ڵسه‌نگاندن داده‌نێ و له بڕیاردانی كۆتاییدا له‌به‌رچاویان ده‌گرێ؟
له‌لایه‌كی دیكه‌وه كاتێك به گۆشه‌نیگای چالاكێكی كورد یان حیزبێكی سیاسیی كوردستانی له‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌ڕوانین، بابه‌ت و پرسیارگه‌لی زۆر گرنگی دیكه‌ش دێنه‌ئاراوه كه ده‌بێ وڵام بدرێنه‌وه. بۆ نموونه حیزبه كوردستانییه‌كان له كوردستانی ئێران‌دا خاوه‌ن چ ده‌سه‌ڵات و ئیختیارگهلێكن؟ حیزبه كوردییه‌كان تا چ ڕاده‌یه‌ك ده‌توانن بۆ به‌شداریی سیاسیی له ده‌سه‌ڵاتی ڕێژیمی حاكمدا به‌شدار بن؟
پێوه‌ندیی حیزبه كوردییه‌كانی ئێران ده‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی كوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی ئێران چۆن پێناسه ده‌كرێ؟ حیزبه كوردییه‌كان بۆ بانگه‌شه‌ی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان و پێكهێنانی سیسته‌می فێركاریی و میدیایی نه‌ته‌وه‌یی كورد چه‌نده‌یان ئازادیی كرده‌وه ده‌بێ؟ تیرۆری ڕێبه‌رانی حیزبی دێموكرات و حیزبه كوردستانییه‌كانی دیكه چۆن ده‌خرێته به‌رباس؟ بۆ قه‌ره‌بووی زیانه‌كانی هێرشی حكوومه‌تی ناوه‌ندی بۆ كوردستان و له‌نێوبردن و ڕه‌واندنه‌وه‌ی كه‌شی ئه‌منییه‌تی و نیزامیی هه‌نووكه‌یی ده‌بێ چ هه‌نگاوگه‌لێك باوێژرێن و چ بكرێ؟
كۆماری ئیسلامی له‌باری ماڵیی و بوودجه چ پشكێكی بۆ چالاكیی حیزبه‌كان له‌به‌رچاو ده‌گرێ؟ له حاڵه‌تێكدا كه وتووێژ بێته‌ئاراوه و حیزبه كوردستانییه‌كان و حكوومه‌تی ناوه‌ندی بگه‌نه ڕێككه‌وتن، چ گره‌نتییه‌ك بۆ جێبه‌جێبوونی ڕێككه‌وتنه‌كه ده‌بێ؟ ئه‌م پرسیارانه و هێندێك پرسیاری سه‌ره‌كیی دیكه گرنگترینی ئه‌و بابه‌تانه‌ن كه له‌لایه‌ن حیزبه كوردییه‌كان هاتونه‌ته‌ئاراوه و وڵامێكی گونجاو و لۆژیكییان پێویسته.
كه‌واته به سه‌رنجدان به هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌به‌رامبه‌ر حیزبه كوردستانییه‌كان و ئه‌و كرده‌وه نادروست و پڕتێچووانهی كه حكوومه‌تی ناوه‌ندی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كوردیدا سه‌پاندوون و بوونه‌ته‌هۆی بێمتمانه‌یی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه و حیزبه‌كانیان، له‌وانه‌یه ئه‌گه‌ر به ئینسافه‌وه سه‌یری بابه‌تی سه‌ره‌وه بكه‌ین، ده‌بینین كۆماری ئیسلامی پشكێكی زۆر زیاتری بۆ وڵامدانه‌وه به حیزبه كوردستانییه‌كان و نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌یه. ڕێژیمی حاكم به‌سه‌ر ئێران‌دا ناچاره یان هاوشێوه‌ی حكوومه‌ته ناوه‌ندییه‌كانی توركیا، ئێراق و سووریا ئیزنی چالاكیی ئازاد و به‌شداریی سیاسیی به كورده‌كانی ئێران بدا یان وه‌ك ڕابردوو هه‌روا ڕووبه‌ڕووی به‌رگریی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ـ دێموكراتیكی كورد ببێته‌وه. به‌رگرییه‌ك كه سه‌ره‌ڕای شه‌هیدبوونی زۆر له ڕێبه‌ره گه‌وره‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد وه‌ك پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د، دوكتۆر قاسملوو، دوكتۆر شه‌ره‌فكه‌ندی و … چه‌ندین نه‌سڵه درێژه‌ی هه‌یه و هه‌ر نهسڵێكیش به به‌ده‌سهێنانی ئه‌زموون، یارمه‌تیی به‌ره‌وپێشبردن و گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ی داوه.
لە ژماره ٦٦٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه