کاک ئه‌حمه‌د موفتیزاده به پێی هه‌ڵسوکه‌وتی نیزیکی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و دەنگی ئەرێنی دانی بەو سیستمە نوێیە، پێی وابوو هەم پێگەیەکی باشی پێ دەدرێ و هەم هەوڵ و چالاکییەکانی سەبارەت بە پرسی کورد و کەمایەتیی مەزهەبی سوننی بەهێند دەگیرێ. موفتی‌زادە بیری ده‌سه‌ڵاتی شووڕایی هەبوو و موخالیفه‌تی له‌گه‌ڵ به‌رده‌باران (سه‌نگسار) دەکرد، کە به‌ناوی «قصاص» باسی لێ ده‌کرا و ئا. بێهێشتی هەوڵی داسەپاندنی دەدا. بەڵام زۆری پێ نەچوو کە بە هێنانە بەرباسی دیاردەی نوێی «ئۆممەت»، لە لایەن ئا. خومەینی، مافی «میللەت» چووە ژێر پرسیار. بەو مانایە کە ئۆممەتی ئیسلامی لە چوارچێوەی جوغرافیای ئێران بەرفراوانتر بوو و دەسەڵاتدارانی قوم و تاران دەبوو خۆی لەگەڵ بگونجێنن. هەروەها پتر لە دروشم‌دا، دژایەتیی لەگەڵ دەسەڵاتی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و بلووکەکانی ئەوانیش دەکرد. لەلایەکی دیکەش، کاک ئەحمەد پێی وابوو: له تاران ته‌حه‌مول ده‌کرێ و ئیزن به ته‌بلیغی بیروبۆچوونه‌که‌ی ده‌درێ.
ڕەوتی ڕووداوەکان بەپێی خۆدەرخستنی کردەوەکانی ئه‌و ڕێژیمه کە، دوژمنی هه‌ر مرۆڤێکی ئازادیخواز و نەتەوە ویست بوو _ئەگەر بیروباوەڕی ئیسلامیشی هەبا_ و بە حیزب و ڕێکخراوەکانی سێکۆلار و نا سێکۆلارەکانی نەتەوەییش، ئیزنی تێکۆشان لە چوارچێوەی یاسای بنچینەیی خۆی و ڕاگەیاندراوی ١٠ مادەیی دادئەستێنی شووڕای بەرزی قەزاییشی نەدا. شووڕای شەمس و ژێر کۆیەکەشی تەحەموول نەکرا. بۆیە هێرش بۆ کاک ئەحمەد موفتی‌زادە و هاوبیرەکانی کرا.
کاک ئه‌حمه‌د موفتیزاده له خه‌رمانانی ساڵی ١٣٦١ له‌گه‌ڵ ٢٥٠ که‌س له قوتابییه هاوبیرەکانی، گیران و زیندانی کران. گیراوەکان، جگه له موفتیزاده دوای ٣ ساڵ و چه‌ند مانگ ئازاد کران. به‌ڵام نابراو بۆ ماوه‌ی ٦ ساڵ و ٨ مانگ له زیندانی تاکه‌که‌سی له زیندانی «ئێوین» له‌ژێر ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی و ده‌روونیدا، زیندانی کێشا.(1) پاشان بۆ زیندانی گشتی گوازرایه‌وه.
کاک ئەحمەد سه‌رئەنجام دوای ١٠ ساڵ زیندانی و شکاندنی سێ مۆره‌ی پشتی و ملی، به‌ناو «ئازاد» ده‌کرێ. بەڵام مەخابن ٣ مانگ دواتر له ڕۆژی ٢٠ ی ڕێبه‌ندانی ساڵی ١٣٧١دا. له نه‌خۆشخانه‌ی ئاسیا، له تاران کۆچی دوایی کرد و له شاری سنه به خاک سپێردرا.
کاک ئەحمەد موفتی‌زادە، له ساڵی ١٣٤٢، له تاران به تاوانی ئه‌ندامه‌تی له ته‌شکیلاتی تارانی حیزبی دێموکراتی کوردستان گیرا و بۆ ماوه‌یه‌ک زیندانی بوو. هه‌روه‌ک له پێشوودا ئاماژه‌ی پێکرا، له‌نێو زینداندا، به‌هۆی خۆێندنه‌وه‌ی کتێبه‌کانی ڕێبه‌رانی ئیخوانولموسلمین، «سید قطب» و «ابوالعلا مودودی» و دکتور عه‌لی شه‌ریعه‌تی، له‌بیری نه‌ته‌وه‌یی و سێکۆلار دوور که‌وته‌وه و پێی وابوو له ڕێگای «عه‌داڵه‌تی ئیسلامی» و له قالبی «حکوومه‌تی ئیسلامی»دا، ده‌توانێ به ئاوات بگا. بۆیه «ئاغای موفتیزاده بۆ به‌ده‌ستەوەگرتنی ڕێبه‌ریی سیاسی کۆمه‌ڵگەی سوننیی ئێران به‌ته‌واوی هه‌وڵی خۆی دا. له ڕه‌ده‌ی تێئۆریکدا، کۆبوونه‌وه‌گه‌لێکی سه‌باره‌ت به حکوومه‌تی ئیسلامی، گرینگی‌دان به شووڕا، دیالکتیکی ئیسلامی و… گرت و پاشان کردنی به نامیلکه. ئه‌و هه‌وڵی ده‌دا، خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێی بۆ ئیسلام هه‌بێ و دین به مۆدێڕن و دێموکراتیک بقه‌بڵێنێ. به‌پێی بۆچوونه‌کانی و خوێندنه‌وەی نوێی له دین، بۆ وێنه به پێچه‌وانه‌ی ته‌واوی لێکدانه‌وه‌کانی دینی، ئه‌و «ارتداد» یانی وه‌رگه‌ڕان له دین و به‌رده‌باران (سه‌نگسار)ی قبووڵ نه‌بوو. هەروەها، به پێکهێنانی شووڕایه‌ک له‌ژێر ناوی شه‌مس (شووڕای مه‌رکه‌زی سوننی) پێکهاتوو له خاوەن بڕوایان و ڕێبه‌رانی سوننی له ئێران‌دا، و هه‌وڵدان بۆ چاوپێکه‌وتن و ڕازیکردنی ڕێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ئێران، تێ کۆشا. ئه‌و پڕۆژه‌یه له هه‌نگاوه‌کانی یه‌که‌مدا، به‌ئاشکرابوونی فێڵ و ته‌ڵه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات -که به‌داخه‌وه، خوازراو و نه‌خوازراو له ڕوانگه‌ی موفتیزاده به‌ده‌ر بوو-، سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو.(2)
جگە لەوەش، ناسر سوبحانی –که له‌دوای گیرانی کۆنگره‌ی ٢ی شەمس، بڕیاری گیرانی ده‌رده‌چێ-، پاش ٨ سال خۆشاردنه‌وە و به نهێنی ژیان، له ١٦ ی جۆزه‌ردانی ١٣٦٨ له لایه‌ن هێزه سه‌رکوتکه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگیرێ و له ٢٨ی ڕه‌شه‌ممه‌ی ١٣٦٨ له سێداره ده‌ده‌رێ. ناوبراو که یه‌کێک له زانایانی سوننی و یه‌کێک له ڕێبه‌رانی میللی_ مه‌زهه‌بی ئیخوانولموسلینی ئێران له کوردستان و لەنێو شەمس دا، بوو، لە شاری قوڕوه نێژراوه.(3)
دوای ئه‌و ڕووداوانه، مه‌کته‌بی قورئان و شەمس تووشی پاشه‌کشه، ناکۆکی و لێک‌دابڕان ده‌بن و ڕێکخراوی دیکه له هه‌ناویاندا، درووست ده‌بن و تێکه‌ڵ یا نزیک به ڕه‌وتی گرووپه ئیسلامییەکانی باشووری کوردستان ده‌بن کە بەشێکیان هه‌وڵ بۆ درووست‌کردنی ئه‌ماراتی ئیسلامی ده‌ده‌ن. کۆماری ئیسلامیش پێشیان پێ ناگرێ و بە جۆرێک، یارمه‌تیشیان ده‌دا که له داهاتوودا و له قوناغێکی دیکه‌دا، که‌ڵکیان لێ وه‌رده‌گرێ.
هێرش بۆ حیزب و رێکخراوە چەپ، نەتەوەیی و سێکۆلارەکان
لە ڕێبه‌ندانی ١٣٦١دا، هێرش بۆ حیزبی تووده‌ی ئێرانیش کرا و زۆربه‌ی ڕێبه‌ران و کادره زانا و به‌توانا سیاسییەکانی گیران و زیندانی کران. له به‌هاری ساڵی دواتر هێرشی دووهە‌میان کرایه سه‌ر و ژماره‌یه‌کی دیکه‌ش له ڕێبه‌ران و کادره سیاسیی و نیزامییەکانی به‌ته‌مه‌نترین حیزبی چه‌پی ئێران ده‌سبه‌سه‌ر کران. ئه‌وجار هێرش بۆسه‌ر فیداییانی ئه‌کسه‌رییەت و حدکا (پێڕه‌وانی کۆنگره‌ی چوار)یش کرا. ڕێژیم به‌و کرده‌و‌انه، ڕێگای هه‌ر چه‌شنه چالاکییه‌کی ڕێکخراوه‌یی سیاسیی و مه‌ده‌نیی نێوخۆیی ئیسلامی و سکۆلاری به‌ست.
قوناغی توندوتیژی پتر و سەرکوتی بەرفراونتر بۆ یەکدەست و یەک بیرکردنی دەسەڵاتی ئیسلامی لە سەرانسەری ئێران‌دا، دەستی پێ‌کرد. لە شەڕی ئێران و عێڕاقیشدا، شەڕ لە حاڵەتی بەرگری، بەرەو هێرشبەری و داگیرکاری هەنگاوی نا. بە دروشمە نۆێیەکان، بەتایبەتی، «گیرانی قودس لە کەربەلایە ڕا دەست پێدەکا و شەڕ شەڕ تا لەنێوبردنی فیتنە لە جیهاندا»، «بەرەکەت» ی شەڕەکەی پتر پڕڕەنگ کرد. دەسەڵاتدارانی ئیسلامی سیاسی، نەتەوەکانی بەرایی ئێران بەتایبەتی نافارسەکانیان، تووشی کارەسات و سەرکوتی بەردەوام کرد. ئەو بەڵایە کە ٤٠ ساڵە لە مەرگ و وێرانیدا، ژیانی زۆرەملێ داسەپاندووە، بەداخەوە درێژەی هەیە…
سەرچاوەکان
١- یوتیوب و ویکی پدیا.
٢- ماڵپەڕی ڕێنێسانس نیوز، «بازیگران جدید در عرصه‌ی سیاسی کوردستان، کامیار رامیاری.»
٣- سایت، ویکی‌پدیا.