لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا گوشار خستنە سەر کۆڵبەرانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە هەمیشە پەرەی ئەستاندووە. تەقەلێکردن، ڕاوەدوونان و دەستبەسەرداگرتنی کۆڵی کۆڵبەران و کوشتن و دەستبەسەرداگرتنی وڵاغی کاسبکاران لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا زیاتر لە مانگەکانی ڕابردوو بەرچاو دەکەوێ. تەنیا لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچەکانی مەریوان، پیرانشار، جوانڕۆ و سەردەشت بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانیان لە دەست داوە و زیاتر لە ١٠ کەسیش بریندار کراون.
بەرپرسێکی باڵای ئەمنیەتیی ریژیم رایگەیاندووە کە بەرخوردێکی جدیتر لە گەڵ قاچاخچییانی!! کوردستان دەکەین و ئەمجارەیان ڕاستەوخۆ دەکرێنە ئامانجی تەقەی هێزە ئەمنیەتییەکان. گوڵمحەممەدی لە بەرنامەیەکی تلوێزیۆنیدا وێڕای کۆمەڵێک ئیدیعای پر لە درۆ و دەلەسە لە سەر جۆری ئەو شت و مەکانەی کە لە سنوورەکانەوە و بە کۆڵی کۆڵبەرانی کوردەوە ئاودیوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکرێن، وتی کە بەشێکی ئەو شت و مەکانە هیچ پێوەندییەکیان بە پێداویستیی ڕۆژانەی ژیانی خەڵکەوە نیە و جیا لە مەوادی موخەدر، زۆر جار هەر لە رێگای ئەم کۆڵبەرانەوە چەک و چۆڵ ئاودیوی سنوورەکان دەکرێت. بۆیە زۆر روو هەڵماڵاوانە ڕایگەیاند کە چیدیکە مدارا ناکەین و ڕاستەوخۆ کۆڵبەران دەکرێنە ئامانجی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانیان.
ئەم ئیدیعایەی ئەم کاربەدەستەی ڕێژیم لە سەر جۆری کۆڵی کۆڵبەرانی کورد لە گەڵ ئەوەیکە بە تەواوەتی ناڕاست و دوور لە واقعییەتە، لە هەمانکات دا پاساوێکیشە بۆ ئەو کردوە نەشیاوانەی تا ئێستا بەرانبەر بەم چینە بێدەرەتانەی کۆمەڵگای کوردستان گرتوویانەتە بەر. جەنابیان کە باسی تەقەی ڕاستەوخۆیش دەکات کە لەمەوبەولا ڕاستەخۆ کۆڵبەران دەکرێنە ئامانج، هەموو لایەک باش دەزانن کە ئەمە نەتەنیا تازە نیە، بەڵکوو سەلمێنەری ئەو واقعیەتەیشە کە ئەم ڕێژیمە هیچ بەرنامەیەکی ریشەیی بۆ کۆتاییهێنان بەم کێسانەی نیە و هەر وەک لە هەموو عەرسەکاندا نیشانیان داوە، تەنیا دەیانهەوێ لە رێگای سەرکوت و داپلۆسینەوە بەخەیاڵی خۆیان چارەسەری کێشەکان بکەن. ڕاگەیاندی ئەوەی کە لەمەوبەولا ڕاستەوخۆ کۆڵبەران دەکەنە ئامانجی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانیان شتێکی تازە نیە، ئەوان ئەوە نزیک بە چوار دەیەیە کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ نەتەنیا کۆڵبەران و کاسبکارانی ناوچە سنوورییەکانیان کردۆتە ئامانجی ڕاستەوخۆی چەکەکانیان، بەڵکوو بە گشتی هەوڵیان داوە لە رێگای بەکارهێنانی چەکی جۆراوجۆرەوە ئەم میللەتە سەرکوت بکەن و دوژمنکارانە لە کوردستان و کێشەکانی دەڕوانن.