تێرۆریزم یه‌کێکه له‌و دهستهواژانهیە که تا ئێستاش پێناسه‌یه‌کی گشتگیر و ڕوخسارێکی وێناکراوی نییه، چ له‌لایه‌ن بیرمه‌ندان و چ له لایه‌ن ده‌وڵه‌تان و ڕێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه‌وه. جیاوازیی ڕوانگه‌کان سه‌باره‌ت به تێرۆریزم زیاتر له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ئاڵۆزیی ئه‌و چه‌مکه‌وه بێ، په‌یوه‌ندیی به دژیه‌ک بوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانه‌وه هه‌یه. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و جۆراوجۆرییانهی له پێناسه‌ی تیرۆریزمدا بوونیان هەن، به‌ده‌سته‌وه‌دانی کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندیی هاوبه‌ش له‌و چه‌مکه، کارێکی زۆر دژوار نییه و ده‌کرێ ئه‌و کردارانه پۆلێن بکرێن که ده‌که‌ونه چوارچێوه‌ی کرده‌وه‌ی تیرۆریستییه‌وه، و له هه‌مان کاتدا ئامانجه‌کانی ئه‌و کرده‌وانه ڕیز بکرێن.
له بنه‌ڕه‌تدا تیرۆر به هه‌موو ئه‌و کردارانه ده‌گوترێ که ترس و تۆقاندن و هه‌ڕه‌شه له کۆمه‌ڵگەدا دروست ده‌که‌ن و ده‌بنه هۆی تێکدانی هاوسه‌نگیی دروونیی مرۆڤه‌کان به هۆی نه‌مانی ئه‌منیه‌ت. ئه‌منیه‌ت وه‌ک پێداویستییه‌کی سه‌ره‌تایی و سروشتیی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگە، له ئه‌وله‌وییه‌ته‌کانی ژیانه که به‌شێکی به‌رچاو له چالاکییه مرۆییه‌کان چ وه‌ک تاک و چ وه‌ک کۆمه‌ڵ، بۆ پاراستنی ته‌رخان ده‌کرێ. به ده‌ربڕینێکی دیکه هیچکام له بواره‌کانی گه‌شه‌ی مرۆیی به‌بێ بوونی ئه‌منیه‌ت واتایان نامێنێ. نه‌بوونی ئه‌منیه‌ت گه‌شه‌ی سیاسی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی ڕاده‌گرێ و ده‌بێته به‌ربه‌ستێکی گه‌وره له به‌رده‌م واتاداریی ژیانی مرۆیی. ئامانج له تیرۆر تێکدانی ئه‌و باڵانسه‌یه که پێویسته له نێوان هیوا به داهاتووی باشتر و هه‌نگاونان به‌ره‌و ئه‌و وێستگه‌یه بوونی هه‌بێ. تێکچوونی ئه‌و باڵانسه، که‌شێکی له‌بار بۆ تیرۆریست ده‌خوڵقێنێ تا په‌ره به ئیدئۆلۆژی و بنه‌ما فکرییه‌کانی خۆی بدا و ناسه‌قامگیریی کۆمه‌ڵگە بکاته هه‌وێنی ڕاکێشانی مرۆڤه‌کان به‌ره‌و خواسته‌کانی خۆی. جا ئه‌و خواستانه له‌وانه‌یه بناژۆخوازییهکی ده‌مارگرژانه بێ بۆ ئیدئالهکانی تیرۆریست یان به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی هه‌سته‌کی و زه‌وینی بێ. لێره‌دایه تیرۆریست، بڕواکانی یا به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ده‌کاته سه‌نته‌ری جیهانبینیی خۆی و هه‌وڵی زاڵکردنیان ده‌دا به سه‌ر مرۆڤه‌کاندا و له هه‌موو ئامرازێک بۆ گه‌یشتن به‌و خواستانه‌ی که‌ڵک وه‌رده‌گرێ.
به‌و پێشه‌کییه کورته به دوای چوارچێوه‌یه‌کدا دەگەڕێین که بتوانێ کرداره تیرۆریستییه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌خۆ بگرێ. بڕواداریی ئیدئۆلۆژیک و دوگم به بنه‌ماکانی خوێندنه‌وه‌یه‌کی دیاریکراو له ئایین، له‌لایه‌ن ڕووحانیه‌تی شیعه، ئه‌و بانگه‌شه‌یه بوو که خومه‌ینی و داروده‌سته‌که‌ی هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه‌سه‌رکاریانه‌وه جاڕیان ده‌دا و تا ئێستاش له سه‌ر هه‌مان ڕێچکه هه‌وڵی مۆبیلیزه‌کردنی کۆمه‌ڵگەی بۆ ده‌ده‌ن. هه‌ر چه‌ند له ساڵانی سه‌ره‌تادا ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خێر و شه‌ڕ، یان به وته‌ی خۆیان کافر و موسوڵمان، بوو به ده‌سمایه‌ی کۆکردنه‌وه‌ی زیاترین شوێنکه‌وتوو له ده‌وری خومه‌ینی و به ده‌یان و سه‌دان هه‌زار له خه‌ڵکی ئێران ئاماده بوون له‌و پێناوه‌دا ته‌نانه‌ت له گیانیان بگوزه‌رێن، به‌ڵام به تێپه‌ڕینی کات، بۆشبوونی ئه‌و مژده مێتافیزیکییه‌ی خومه‌ینی ڕۆژ له دوای ڕۆژ ڕوونتر بۆوه و چیتر په‌یڕه‌وانی ده‌مارگرژی خومه‌ینی ئاماده نه‌بوون به‌و ڕوحه‌وه شه‌ڕی مان و نه‌مانی بۆ بکه‌ن تا کلیلی به‌هه‌شت بۆخۆیان مسۆگه‌ر بکه‌ن. چاوخشاندنێکی خێرا به دۆخی شه‌ڕی ئێران و عێڕاق له ساڵانی سه‌ره‌تای شه‌ڕ و ساڵانی کۆتایی شه‌ڕ، به‌ڕوونی ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ده‌رده‌خا. چه‌مکی شه‌هید به درێژایی ئه‌و ساڵانه گۆڕانکارییه‌کی قووڵی له ناخی شه‌ڕکه‌رانی ئێران دژی عێڕاق به‌سه‌ردا هات. کۆمه‌ڵگەی ئێران به هێواشی به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشت که شه‌ڕ بۆ کۆماری ئیسلامی نه‌ک بۆ “له نێوبردنی فیتنه‌یه له هه‌موو جیهان”، به‌ڵکوو بۆ پاراستن و ڕه‌وایی دانه به ده‌سه‌ڵاتێکی ئۆلیگارشی، که ئایینی کردۆته ئامرازێک بۆ وه‌دیهێنانی ئامانجه دونیایی و ناڕه‌واکانی تاقمێکی ده‌سه‌ڵاتدار.
تیرۆر یان باشتره بڵێین زه‌رووره‌تی فراوانکردنی کرده‌وه تیرۆریستییه‌کان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستانی ئێرانه‌وه ده‌ره‌نجامی لاوازبوونی ئه‌و ئیدئۆلۆژییه بوو که له ناخی به‌شی هه‌ره‌زۆری کۆمه‌ڵگەی ئێران‌دا ڕووی دا. ئه‌وه هه‌رگیز به‌و مانایه نییه که کۆماری ئیسلامی له سه‌ره‌تای هاتنه‌سه‌رکاریه‌وه ده‌ستی بۆ تیرۆر نه‌بردووه، به‌ڵکوو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه مه‌شرووعیه‌تی تیرۆر [به ئامانجی ڕاگرتنی دۆخی ئاوارته له پێناو پته‌وکردنی پایه‌کانی ده‌سه‌ڵات] زیاتر له پێشوو پاساوهه‌ڵگر بوو.
کۆماری ئیسلامی به په‌نا بردن بۆ هه‌ر دوو شێوه تیرۆری ده‌وڵه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی، له لایه‌ک هه‌وڵ ده‌دا به له‌نێوبردنی نه‌یارانی خۆی له ده‌ره‌وه‌و نێوخۆی ئێران پێش به هه‌ر چه‌شنه بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئازادیخواز بگرێ که ببێته مه‌ترسی له سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان، له لایه‌کی تره‌وه به پشتگیری و دنه‌دانی ڕێکخراو و گرووپه تیرۆریستییه‌کان له وڵاتانی تر هه‌وڵی بهستێنسازی بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی ده‌دا.
په‌نابردنی ده‌وڵه‌تان یان ڕێکخراوه تیرۆریستییه‌کان بۆ کرده‌وه‌ی تیرۆریستی، ده‌ره‌نجامی ڕاسته‌وخۆی ناڕه‌وابوونی ئه‌و ئامانجانه‌یه که هه‌وڵی به‌دیهێنانیان ده‌درێ. واته ئه‌گه‌ر بێتوو ئامانجه‌کان بریتی بن له به‌های مرۆیی و ڕه‌وا، ئه‌وا ده‌وڵه‌ت، ڕێکخراو یان تاک په‌نا بۆ ڕێکاری تیرۆر بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی نادا.
کۆماری ئیسلامی که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دروشمی زێده‌خوازانه‌ی په‌ره‌دان به په‌ڕگیریی ئایینیی شیعه له وڵاتانی ئیسلامی ده‌دا، هه‌روه‌ها هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی هه‌ر چه‌شنه جیاوازییه‌ک ده‌دا له نێوخۆی ئێران که به‌ده‌ر بێ له پابه‌ندیی به ئیدئۆلۆژی ویلایه‌تی فه‌قیهـ، تیرۆری وه‌ک ڕێگه‌چاره‌ی پاراستنی خۆی له هه‌ر چه‌شنه جیابیرییهک هه‌ڵبژاردوه.
کوردستان که هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌رکاری ئه‌و ڕێژیمه‌وه سازی ناسازی! له‌گه‌ڵ ئه‌و شێوازه حوکمڕانیه لێ دا و هه‌ر زوو جه‌وهه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ڕێژیمی ناسی، زیاتر له هه‌موو به‌شه‌کانی دیکه‌ی ئێران بوو به ئامانجی تیرۆر و به سه‌دان و بگره هه‌زاران تێکۆشه‌ری کورد له‌و پێناوه‌دا گیانیان لێ ئه‌ستێنرا. کۆماری ئیسلامی که ئێستا دوای تێپه‌ڕبوونی چوار ده‌یه به سه‌ر شه‌پۆلی تیرۆر و کوشتاری خه‌ڵکی کوردستان، بۆی ده‌رکه‌وتووه ئیراده‌ی گه‌لی کورد له شکان نه‌هاتوویه و خه‌ڵکی کوردستان سوورن له سه‌ر خواسته نه‌ته‌وه‌یی و ئینسانییه‌کانیان، پێشکه‌وتووترین چه‌ک و دوایین تێکنۆلۆژی خۆی دژی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان وه‌ک ڕێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی گه‌لی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به‌کار هێنا. زه‌بوونیی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران له ئاست ڕوحی مافخوازانه‌ی ئه‌و گه‌له، سه‌ره‌ڕای وه‌به‌رهێنانێکی قورس و پڕتێچوو له چل ساڵی ڕابردوودا له سه‌ر په‌روه‌رده‌ی ئیدئۆلۆژیکی منداڵانی کورد و ڕاکێشانیان به‌ره‌و ئامانجه ناڕه‌واکانی خۆی، مووشه‌کبارانی قه‌ڵای دێمۆکڕاتی لێ که‌وته‌وه. کۆماری ئیسلامی به تاقیکردنه‌وه‌ی دوایین تیری خۆی دژی حیزبی دێمۆکڕات زیاتر له هه‌میشه دانی نا به شکستی پڕۆژه‌ی درۆیینی “نه‌ته‌وه‌ی ئێرانی” یان “ئوممه‌تی موسوڵمانی ئێران”. له لایه‌کی تره‌وه زیاتر له پێشوو بۆ ڕای گشتی له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌رکه‌وت که حیزبی دێمۆکراتی کوردستان نوێنه‌رایه‌تیی داخوازه ڕه‌واکانی گه‌لی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌کا. هاواری خه‌ڵکی کوردستان له ڕۆژی 21ی خه‌رمانان دژی مووشه‌کبارانی قه‌ڵای دێمۆکرات و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی خه‌ڵک بۆ پشتیوانیی له وێژمانی “به چالش کێشانی ڕێژیم له لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه” و سه‌رکه‌وتنی بێ وێنه‌ی یه‌کده‌نگی و یه‌کگرتوویی خه‌ڵک له حه‌ڕه‌که‌تێکی مه‌ده‌نی شکۆمه‌نددا، وڵامێکی شیاو بوو بۆ سه‌رکه‌وتنی وێژمانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و په‌یامێکی ڕوون بوو بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران که لێدانی قه‌ڵای دێمۆکڕات، لێدانی نه‌بزی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌که. ئه‌و کرده‌وه تیرۆریستییه‌ی کۆماری ئیسلامی هه‌رچه‌ند زیانبار بوو، بەڵام له هه‌مان کاتدا بوو به کاتالیزۆری په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتێکی فره‌ڕه‌هه‌ندی جه‌ماوه‌ری.