گڕکانەکان یەکێ لە مەزنترین هێزەکانی سروشتن، لە بواری فیزیایی بەسەر دەور و پشتیان دا زاڵن و ڕۆلی سەرەکیان هەیە لە دابەشکاریی جوگرافیای ئەم جیهانە. کاتێ کە چالاکن و ڕادەپەڕن هێزێکی زۆر بەسام و وێرانکەرن، کاتێکیش پاسیڤن ئاخی جیناریان بە پیت دەکەن و دەبنە هۆی ڕمێنی باش و ژینگەیەکی خۆش بۆ وەرزێری و ژیان. لە پۆلێنبەندی ناسینی گڕکانەکان دوو جۆر گڕکان پێناسە دەکرێن: یەکەمیان گڕکانی ئەکتیڤ و ئەوی دییان گڕکانی پاسیڤ.
دەکرێ ئەم دیاردە سرووشتییە دەگەڵ چەمک(concept)ی پێواژۆی کۆمەڵایەتی پێک بگرین و لە فەلسەفەی بوونی ئەم دوو مەفهوومە زیاتر بکۆڵینەوە.
خێراترین وڵام بۆ پێواژۆی کۆمەڵایەتی چییە؟
بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی جۆرێک لە ڕەوشتی کۆمەڵایەتییە کە بەوان هۆکار، دەستەیەکی زاڤ لە مرۆڤەکان دژکردەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان لە چوارچێوەی، کاری گشتی(collective action) ئاگاهانە و مەبەستدار لە دۆخی هەی(موجود)دەردەبڕن. ئەم ڕابوونە دەتوانێ شەبەنگێکی بەربڵاو لە بابەتە سەرەکییەکانی وەک، نابەرامبەری کۆمەڵایەتی، ئایینی، تەوفیر و جیاوازی، تەناهی، دۆخی ئابووری(هەژاری)، کولتووری و… بێ. پارادایمی سەرەکیی ئەم پێواژۆیانە ناڕەزایەتی ئاشتییانە و سڤیلمەندە، هەرچەند جۆر و شێوازی دیکەش لە نافەرمانیی مەدەنی هەر لە ڕێپێوانی پڕ لە توندوتیژی هەتا شەڕ و ئاژاوه بوونی هەیە. دوو ئامانجی سەرەکی لەو بزوتنەوانەدا یەکەم گۆڕان(لە بەرزترین حاڵەتدا) و دوو چاکسازی(لە نزمترین ویستدا)خۆیا دەبن.
بەجۆرێکی تر دەتوانین بڵێین: ئەم شێوە بزوتنەوەیە ڕایەڵەیەکە لە پێوەندییە نافەرمییەکان لە نێوان هەندێ لە مرۆڤەکان، ڕێکخراو و حیزبەکان. سنوورەکانی بە هۆی هەوێتیی تایبەت دیاری دەکرێن کە هاوپشکە لەگەڵ ئەکتەرانی دەرگیر لە کایەکە و لە بەرەوڕووبوونەوەی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بە مەبەستی گۆڕانخوازی هاوبەشن.
ئەم ڕەوتە لە ئاکامی دەرکەوتنی قەڵشتێکی کۆمەڵایەتی ساز دەبێ، هۆکاری ڕابوون و هەستانەوەی خەڵک دەبێ لە ڕوانگەی مێژوویی و جوغرافی سەیر بکرێ، جا هەر بەو جۆراوجۆری و شێوازە دەتوانین کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر دوو لکی چالاک و ناچالاکدا دابەش بکەین، دابڕانی کۆمەڵایەتی (بۆ قۆناخی چالاک) کاتێ سەرهەڵ دەدا کە شعوور و زانیاریی سیاسی بەرز ببێتەوە لەبەرامبەردا (ناچالاک) یا لە ڕابردوودا چالاک بووە و ئێستا خەریکە دەخەوێ کە ئەمە لە ئاکامی نەقۆستنەوەی ڕەوتی سەرکردایەتی، چالاکان و رووناکبیرانی سیاسییە.
کەوابوو دەبینین بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ڕێک وەک گڕکانن بە هۆکارگەلی باسکراو سەرهەڵ دەدەن و دەتەقنەوە و بەردەوام چالاکن هەتا بە ئارەزووی خۆی دەگا یا نائەکتیڤن و جارجارە بە هۆی جیاواز دەڕژێنە شەقام و کوڵی دڵی خۆی هەڵ دەڕێژێ، بە جۆرێکی تر ئەگە ئاکامی کردەوەکە بۆ کۆمەڵگە بایەخمەند بێ و شتێکی لێ هەڵبکڕێنن مەزندە دەکرێ دووپات ببێتەوە. ئەم ڕەوتە لەلایەن پلانداڕێژەران و هاندەرانییەوە دەبێ بە باشی خوێندنەوەی بۆ بکرێ و پۆزیتویسمانە بەردەوام ئەزمون بکرێ و هابێرماسانە کەرەسە و مکانیزمی بۆ دابین بکەین.
بە باوەری “نیل ئێسمێلسێر” شەش مەرج هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانن:
١ــ زەمینەی پێکهێنەر: هۆکارگەلی جۆراوجۆر بۆ پێکهاتنی کەشێکی تایبەت لەنێو کۆمەڵگە.
٢ــ زەختی پێکهێنەر: دۆخێکی تایبەت کە دەبێتە هۆی ئاڵۆزی لەنێو کۆمەڵگە (مەترسی لە داهاتوو، گومان، ترس و دڵەڕاوکێ و زوڵم و..)بۆ دیاریکردنی ئامانجێکی دیاریکراو.
٣ــ بڵاوبوونەوەی باوەرە پەنگخواردووەکان: زۆربەی پێواژۆ کۆمەڵایەتییەکان لەژێر کاریگەریی ئیدۆلۆژییەکی تایبەت و دیاریکراون کە نارەزایەتییەکان پەرە پێ دەدا و ڕێکاریان بۆ دیاری دەکا.
٤ــ هۆکاری خێراکردن: ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی خێراتر کردن و پەیوەست بوونی هەرچی زۆرتری کۆمەڵانی خەڵک کە ڕاستەوخۆ بەشداری ڕەوتەکە بن.
٥ــ بوونی(ڕێکخراوێک) بۆ هاوئاهەنگی: سەرۆکایەتیکردن و پشتیوانیکردنی بزووتنەوەکە بە کەرەسە و ئامێری جۆراوجۆر.
٦ــ کارکردی کۆنترۆلی کۆمەڵایەتی: لەدەستگرتنی دۆخەکە(چۆنیەتیی سەرهەڵدان، بەرەوپێشچوون و بڵاوبوونەوەی لەنێو سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بە توندی لەژێر کاریگەریی) کارکردی کۆنترۆلکردنی کۆمەڵایەتییە و، کاربەدەستان لەوەها دۆخێکدا هەلوێست نیشان دەدەن.
پرسە کۆمەڵایەتیەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنووکە جگە لە کەلێنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی خەرەندی ئابووریشی پێوە زیاد بووە و چییای هەوێتی و شۆناس(سیاسی)یش سەری لەنێو سەراندا دیارە و بێ باسی نیشتمان و گەل مانای نییە. گشت ئەم کێشانەش لەگەڵ ڕێژیمە نەک لەگەڵ گەلانی تری نیشتەجێ لەو وڵاتەی بە ناو ئێرانە.
ئالێن تۆرێن گوتەنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمرۆ ڕاستەوخۆ لە سەر مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین چالاکن، ((ئەمن پێم وایە یەکەم بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و مێژوویی ئێمە زاگرۆسییەکان لە سەردەمی حاکمییەتی ماننایەکان دا ڕووی داوە کاتێک ئاخسری(oxser)،(627- 668 پ. ز) لە لایەن خەڵکی وەزاڵە هاتووی وڵاتەکەیەوە بە ڕێپێوان و مانگرتن حاکمی دەسەڵاتداریان لەسەر کار لادا)). لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو دوای هاتنە ئارای چەمکی مۆدێرنی ناسیۆنالیزم بزووتنەوەی مافخوازیی کورد بە شێوەی مەدەنیانە و سەردەم دەستیان پێ کرد(سەید ڕەزا دەرسیمی، شێخان عوبەیدوڵڵا و مەحموودی حەفید، ماڵباتی بەدرخانیەکان ، ژێکاف و…) لێبەلێ بە وڵامی چڕ و سەخت بەرسڤ درانەوە(گەلی زیلان، شاربەدەرکردن، سێدارە و…). بە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک یەکەم دەسەڵات کە بە شێوەی بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی هەمەلایەنە بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی ئیسلامی هاتە سەرکار، هەتا ئێستا کە داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕەوگیر کرد و بە فرت و فێڵ و درۆ لە ئامانجەکانی دوور کەوتەوە و بووە بە حکومەتێکی دیکتاتۆر و توتالیتەر، بەستێنی خەباتی مەدەنی و پێواژۆ کۆمەڵایەتییەکانی نەک هەر بەرتەسک کردەوە و بەتوندترین شێوە پێشی پێگرتوون بەڵکوو بە یارمەتی ئۆلی سەپێنراو دەستەواژەی ‘موحارب’یشی بۆ سەرکوت و کوشتار داهێناوە. لە کەشێکی وەها تۆقێنەر و خەفەقاندا هەر لەسەرەتاوە جارێکی تر ئەوە کورد بوو سەلماندی خوازیاری خەباتێکی سڤیل و کۆمەڵایەتییە، (کۆڕەوە مێژووییەکەی خەڵکی مەریوان(٣٠/٦/٥٨)، میتینگە مەزنەکەی شەهید د.قاسملوو لە مهاباد (٢٩/٨/٥٨)، ڕەوتێکی ناوازەی مەدەنییانە کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە کوردستان خەڵک بە تێکرا و بازاریان بەتایبەتی تر لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەر (ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی شەهید د. قاسملوو)سەرجەم دووکان و بازاریان دادەخست، چیرۆکی هوتێل تارای مهاباد (١٣/٢/٩٤) و دواهەمینیان(هەتا ئەمرۆ)٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بەشی هەرە زۆری خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە سەر هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بارەگای ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان (قەڵای دێموکرات)هاتنە سەر خەت و دووکان و بازاریان داخست.
ئەو میناکانە دەرخەری ئەوەن خەڵکی ڕۆژهەڵات گڕکانێکی ناچالاک نین و ماتەوزە(potential)ی ئەوەیان هەیە بە هەستپێکردن بە غەدر و زوڵمی ناجوامێرانە چ لە نەتەوەکەیان بە مێتۆدگەلی جۆراوجۆر و حیزبەکانیان کە هێمای شۆناس، خۆڕاگری و نوێنەری ڕاستەقینەیانن بۆ وەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانیان بە شێوەی مەدەنیانە ببنە پشتیوان و یارمەتیدەری بزووتنەوەکەیان.
هەرچەند شەنوکەوکردنی دەروونناسیی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات زۆر چەتوونە، بەڵام لانیکەم لە ماوەی تەمەنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەوە بە هۆکاری زۆر دەرکەوتووە کە خەڵک پتر پێشوازی لە پێواژۆ کۆمەڵایەتییەکان دەکا هەتا خەباتە چڕئامێرییەکانی تر(چەکداری)، ئەمە هەم وەڵامدەر بووە، هەمیش بە کەمترین تێچوو باشترین ئاکامی لێ کەوتووەتەوە.
گرینگیدان بە خەباتی فرەڕەهەندی لەوان چڕبوونەوە لەسەر کاری ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پشتیوانیکردنی بە کردەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەم لە (NGO)یەکان و هەمیش لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کەشێکی نوێی لە خەبات خوڵقاندووە هەر بۆیە ئێمە دەبێ وەک حیزبێکی پێشڕەو و سەرتاسەری (لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان)پێناسە و ئەدرەسی نوێ بدەینە کۆمەڵانی خەڵک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان.