دوای مانگرتنە جەماوەرییەکەی رۆژی ٢١ی مانگی خەرمانان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە موشەکبارانی سەر قەڵای دێموکرات و لە سێدارەکانی سێ لاوای تێکۆشەری سیاسی، دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم گوشارێکی زیاتریان خستۆتە سەر کۆمەڵگای کوردستان. هەر لەم پێوەندییەدا سپای پاسدارانی ڕێژیم بە گواستنەوەی سەدان چەکی قورس بۆ شارەکانی کوردستان لە هەوڵ دایە ترس بخاتە دڵی خەڵکەوە.
هەر لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا جیا لە بانگکردنی دەیان کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارەکانی کوردستان بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان و لێپرسینەوەکردن لێیان و لێئەستاندنی تەعەهوود بە مەبەستی بەرتەسکردنەوەی چالاکیییەکانیان، دەزگا سەرکوتکەرەکانی رێژیم بە ناردنی نامەی پر لە بێڕێزی بۆ کۆمەڵێک لە چالاکانی کورد، پێوەن فەزایەکی پڕ لە ترس و تۆقاندن بە سەر کۆڵگای کوردستاندا زال بکەن.
ڕێژیم دوای ئەوەی لە مانگرتنە جەماوەرییەکەی ٢١ی خەرمانانەوە بۆ جارێکی دیکە بۆی دەرکەوت کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ جێگەوپێگەیەکی سیاسی و جەماوەرییان لە نێو کۆمەڵگای کوردستاندا هەیە و دوای ئەوەی دیسان لەم ناڕەزایەتییە گشتییەدا بۆی دەرکەوتەوە کە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران چەندە بە لای خەڵکی کوردستانەوە نامۆ و ناپەسەندە، بە هەموو جۆرێک دەیهەوێ تۆڵە لە خەڵکی کوردستان بکاتەوە.
ئەم ڕێژیمە کە ماهییەتێکی دژیگەلی هەیە و سەلماندویەتی دوژمنایەتی کورد و کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەی دەکات، بە جێی ئەوەی ئەم واقعیەتە وەک خۆی قبووڵ بکات کە دوای چل ساڵ داسەپاندنی سیاسەتی سەرکوت و داپڵۆسین نەیتوانیوە ئەم میللەتە و بزووتنەوە ڕەواکەی تەسلیمی خۆی بکات و ئیرادەی تێک بشکێنی و، بە جێی ئەوەی وڵامی ئەو پرسیارە ئەساسییە بداتەوە کە بۆچی خەڵکی کوردستان تا ئێستایش هەر پشت و پشتیوانی هێزگەلێکن کە ئەو وەک دەسەڵاتێک حاشا لە بوون و ماهییەتیان دەکات و بە جێی ئەوەی وەک دەسەڵاتێکی مەسئول گوێ لە خەڵک کوردستان و بزووتنەوە مەشروعەکەی بگرێ، دیسانیش خەریکە رێگایەک دەپێوێ و درێژەی پێ دەدات کە دوای چل ساڵ جیا لە شکست هیچ ئاکامێکی بۆ ئەو تێدا دەستەبەر نەکراوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران کە هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کارییەوە بە چاوی ئەمنیەتییە لە خەلکی کوردستان و ویست و داخوازییە نەتەوەییە ئینسانییەکانی دەڕوانێ، هەمیشە هەوڵی داوە بە گرتنە پێشی رێکاری ئەمنیەتی و میلیتاریزەکردنی کوردستان و سیاسەتی سەرکوت رووبەرووی خەڵکی کوردستان ببێتە. سیاسەت و رێکارێک کە بۆ دوایینجار لە ٢١ی خەرماناندا دەرکەوت کە جیا لە شکست و زیاتر یەکخستنی کۆمەڵگای کوردستان بە دژی ئەم نیزامە، ئاکامێکی دیکەی لێنەکەوتۆتەوە.
بۆیە دڵنیاین لەوەیکە ئەم شەپۆلە نوێیە لە گوشارخستنە سەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی خەلکی کوردستان و میلیتاریزەکردنی زیاتری کوردستان، جیا لەوەیکە خەڵکی کوردستان زیاتر لەم نیزامە بێزار و بێزراوتر دەکات، کۆمەڵانی هوشیاری خەڵکی کوردستان زیاتر لە سەر یەکگرتوویی و درێژەدان بە خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان و دژایەتی بەرانبەر بەم نیزامە سوورتر دەکا.