لهمڕۆدا بهشێکی زۆر لە بنەماڵهکان بۆ پەروەردەی منداڵەکانیان مانگانە چەند دەدەنە قوتابخانەی تایبەت؟
بەبیستنی وڵام، بێ هەڵبژاردنی خۆم بیر و هۆشم دەڕوا… ئاخ هەڵدەکێشم و سەرم بۆ ڕاست وچەپ دهگێڕم. 5، 10، 15، 20 میلیون تمهن بۆ یهک ساڵ. ئەو پووڵە بەرامبەر بە چ کار و ڕاهێنانێک دەدەن؟ دەڵێن: دوو زمانی بیانیان فێر دەکەن، مامۆستای نیگارکێشییان فلان کەسە، مێلۆدی و … فێر دەکەن و هتد.
بۆردیۆ، کۆمەڵناسی فەرانسەوی چەند دەیە پێش بە شیکاری و ڕەخنەگرتن لە سیستمی فێرکردنی فەڕانسە بڕوای وابوو کە سیستمی فێرکردنی قوتابیان بۆ ژیانی پاش قوناخی خوێندن وابی، بە ئیرادەیان بکا و شارەزایی پێویست بۆ ڕووناکبیربوونیان فێر بکا. دیارە مەبەستی بۆردیۆ لە ڕووناکبیری وەدەستهێنانی زانیاری و زانایی و ڕێبازی ناسینی جیهان و شارەزاییەک بوو کە بە هۆی ئەم شارەزابوونە هەست نەکەن هیچ شتێکیان لەوانەی دیکە دونیا کەمترە.
بە بۆچوونی بۆردیۆ هەموو خوێندکاران بە هێز و لێوەشاوەیەکی بەرابەرەوە دەچنە سیستمی پەروەردە. هیندێک لەوان کە هەر لە پێشتر بنەماڵەیەکی ڕووناکبیریان هەبووە و هەیە، ئاشکرایە لە قوتابخانە هەر زانستێکیان پێ بڵێن تەنیا لێوەشاوەییەکەیان تەواوتر دهبێ، چونکی ئەوان پێشتر ئاشنا بەو هونەر و … بوون یا کراون، بەڵام هیندێک خوێندکار هەن کە هەژارن و ئاشنا بەو هونەر و خوێندنە تایبەتە نیین. سیستمی فێرکردنی وڵات ئەرکە لە سەر شانی کە کاری زۆرتر لەگەل ئەم قوتابیانە بکا، زۆرتر ڕاهێنانیان پی بکا تاکوو هاوشان لەگەل قوتابیانی چینی سەرەوەی کۆمەلگهیان بکا. سیستمی بارهێنان و ڕاهێنان دەبی بارودۆخی عەداڵەتخوازانە بەرێوە ببا، تاکوو لە ئاکامدا قوتابییان و فێرخوازان بە لێوەشاوەیی بەرابەرەوە خوێندنهکهیان تەواو بکەن.
بۆچوونی بۆردیۆ وابوو سیستمی فێرکردنی فەرانسە بەو جۆرە نییە، لەڕاستییدا ئەو نابەرابەرییە لە سیستمی فێرکردن دەبێتە هۆکارێک تاکوو هەژاران کولتوور و نەریتی باڵادەست بۆ نێو بنەماڵەکانیان بگوازنەوە و هەر ئەو فەرهەنگەش ببێتە داب و نەریتی زالی کۆمەڵگه.
ئەو بنەماڵانەی کە دەوڵەمەندن یا بە بۆچوونی بۆردیۆ سەرمایەی ئابووری و فەرهەنگیی زۆرتریان هەیە، مناڵانی خۆیان بۆ قوتابخانەی تایبەت دەنێرن و ئەو بنەماڵانهی هەژاریشن، منداڵهکانیان بۆ قوتابخانەی ئاسایی لە ئاست پەروەدەدا دەنێرن. لە ئاکامدا خاوەندارانی ئابووری و هونەر و سیاسەت هەمان خاوەندارانی ئەو مەیدانە دەبن و هەژارانیش هەر بە ڕێچکەی خۆیاندا دەرۆن.
ناعەدالەتی و نابەرابەری بەردەوام لە ڕێگای قوتابخانەوه بەرهەم دێتەوە. بۆیە بۆردیۆ ئەو شێوازە بە توندوتیژیی ڕەمزی ناو دەبا، یانی سیستمی ڕاهێنان و فێرکردن بە شێوازێکی سیمبۆلیک کۆمەڵێک قوتابی لە پڕۆسەی ڕووناکبیری و بەدەستهێنانی لێوەشاوەیی کۆمەڵایەتی بۆ ژیانی ڕۆژانە دەخاتە دەرەوە.
ئەوەی بۆردیۆ چەند دەیە لە مەو بەر بەرامبەر بە سیستمی ڕاهێنانی فەرانسە وتبووی واپێدەچی بە شێوازی ژێرپێستی لە وڵاتی ئێمەش (ئیران) بەرێوەدەچێ.
بەداخەوە لە وڵاتێکدا (ئیران) کە لە یاسای بنەرەتیدا پێداگری لە سەر پەروەردەی بێبەرامبەر کراوەتەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ شاهیدی چیینایەتیبوونی ئەو سیستمە دەبین، قوتابخانە لە ئیران هێدی هێدی دەبیتە هۆکاری جێگیربوونی نابەرابەریی کۆمەڵایەتی، جینە باشەکان (ژنهای خوب) لە بنەماڵەکانی بە سەرمایەی ئابووری و فەرهەنگی دەوڵەمەندەوە بۆ سەرەوە دەچن و جینە خەراپەکان (ژنهای بد) کە بنەماڵەی دەوڵەمەند و …. نییە بۆ خوارەوی کۆمەڵگه دەرۆن و نێوانی چینەکان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەوە دوورکەوتنەی زیاتر دەرۆن؛ لە ئاکامدا شەڕی نێوان کۆمەڵانی خەڵک (هەژار و دەوڵەمەند_بە فەرهەنگ و بێ فەرهەنگ و هتد… ))دێتە ئاراوە،کە وەک زەوییەکی لەبار دەچێ بۆ شینبوونی هەر جۆرە تاوانێک.