مووشەك بارانكردنی قەلای دیموكرات و لە سێدارەدانی سێ زیندانیی سیاسیی كورد كاردانەوەی گەورەی كۆمەڵگهی كوردی لێ كەوتەوە. كاردانەوەیەك كە بە وتارنوسینی پر لە نارەزایهتیدەربرینی نوخبەكانی نێو كۆمەڵگه دەستی پێ كرد تا مانگرتنی سەرتاسەریی كۆی كۆمەڵگهی كوردی. وەدەنگ هاتنێك كە تا ئێستا نموونەی نەبووە كۆمەڵگه لەم ئاستە بەربڵاوەدا لەسەر سیاسییە نارازی و گیراوە سیاسییەكانی بێته دهنگ.
ئەم هەڵچوون و وەدەنگ هاتنە بە كۆمەڵە، بەرامبەر بە مووشەك باران و لەسیدارەدانی سیاسییەكان، هەر تەفسیرێكی لێ بكرێ، ناكرێ ئەو ڕاستییە سادەیە نادیدە بگرین كە سیاسەتی 40 ساڵەی حكومەت بۆ پچراندنی پەیوەندیی نێوان كۆمەڵگه وسیاسییەكانی ئیتر شكستی هێناوە و بە بەرەكەتی ماسمیدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن و سیاسییە نارازییەكان لەژێر چەتری چاوەدێری و پاراستنی بیرو ڕای گشتیدا دەبن و ئیتر ئەوەی لە دەرەوەی ئەم چەترە دەمێنیتەوە، حكومەت و مەسینە هەڵگرەكانیەتی، نەك سیاسی و هێزە ناڕازییەكانی كۆمەڵگهی كوردی
بە هەموو ئەوانەشەوە ئەم كاردانەوە گەورەیە لە بەرپرسیارەتیی هاووڵاتی و حەسساسبوونی بە نیسبەت چارەنووسی سیاسییەكانی، ئۆپۆزیسیۆنی ئێمە دەخاتە بەردەم بەرپرسیارەتی گەورە كە چی تر كۆمەڵگه ناتوانێ شاهیدی پهڕش و بڵاویی ئەم هێزانە و دەستەوەستانییان تا ئاستی بەقوربانی بوونیان بێ و ڕای گشتی دەیەوی، ئەوان لە هێزی بچووكی سیاسییەوە ببن بە هێزی گەورە و ئەكتیڤی سیاسی؛ بە جۆرێك كە ببن بە چەتری پاراستنی كۆمەڵگهی كوردی لە بەردەم ئاسیمیلاسیون و هەرەشەكانی دەسەڵات.
بۆ ئەمەش كۆمەڵگهی كوردی بەو مانگرتنە سەرتاسەرییە لەگەڵ دووپاتكردنەوەی پشتگیری و هاوخەمیان بۆ سیاسییەكان ئەو پەیامەشی گەیاند كە درێژەدان بە مۆدێلی حیزبی بچووك و مەحفەلی و بەبێ یەكگرتن و بوون بە هێزی گەورەی كاریگەرخوڵقێن نەك هەر هێندەی تر سیاسییەكان دەكا بە قوربانی، بەڵكوو كۆمەڵگهش بێبەش دەبێ لە بوونی هێزی فریادرەس و پارێزەر؛ چونكە ناكری ئەو ڕاستییە سادەش هەست پێ نەكەین كە لە بەردەم هەوسارپچڕاوی و وەحشیگەریی دەسەڵات، ئەوە تەنیا هێزە ئۆپۆزیسیون و سیاسییەكان نین كە پێویستیان بە پاراستنە، بەڵكوو كۆی كۆمەڵگهی كوردی لە بەردەم ئەم وەحشیگەرییەی دەسەڵات پێویستیی بە دیواربەندێكە بۆ پاراستنی. ئەمەش بە پلەی یەكەم ڕەساڵەتی هیزەكانی ئۆپۆزیسیونە كە پارێزەری هاووڵاتی و كۆمەڵگه بن لە بەردەم بەربەرییەتی دەسەڵات و دەستدرێژییەكانی.
ئەگەرچی قسەیەكی تاڵیش بێ بەڵام لە بەردەم گەورەیی ئەم كۆمەڵگه وشیارە و خهڵکی بەرپرسیاری، هێزەكانی ئێمە لە ئاستی چاوەڕوانی و خواستی ئەم كۆمەڵگهیەدا نین و ئەگەر ئهوان بەپێی خواست وچاوەڕوانی هاووڵاتی خۆیان فۆرمات نەكەنەوە، هەر دهبنه قوربانیی سیناریۆ و گۆرانكارییە نوێیەكان و كۆمەڵگهش زیاتر دەكەوێتە بەردەم هاڕینی حكومەت و دەست و پەیوەندییەكانی.
لە ڕاستیدا قۆناغی پێش موشەكبارانی قەڵا و قوناغی دوای موشەكبارانی قەڵا بە تەواوی دوو قوناغی جیاوازن وچی تر هێزەكانی پێش مووشەك بارانی قەڵا ناتوانن هێزی فریادڕەسی كۆمەڵگه و خۆشیان بن و لەمەو بەدوا دەبێ قسە لەسەر پێویستی كۆمەڵە هێزێك بكەین كە هێزگەلی فریادرەسی هەمووان بن، نەك هێزی بوون بە قوربانیی سیناریۆ و گۆرانكارییە نوێیەكان. وەك چۆن تا ئێستاش هێزی بوون بە قوربانی سیناریۆ و و گۆرانكارییەكانن!
كۆتا قسە ئەوە كە لەمەوبەدوا پێش ئەوەی باس لە ئەركداربوونی كۆمەڵگه و هاووڵاتی بەرامبەر بە ئۆپۆزیسیۆن و سیاسییەكانی بكەین، دەبێ قسە لە سەر ئەركداربوونی هێزە ئۆپۆزیسیونەكان و سیاسیەكان بكەین، چون كۆمەڵگه ڕەسالەتی خۆی بەرامبەر بە سیاسییەكان خستە ڕوو ئەوەی ماوە ئەركداربوونی ئۆپۆزیسیون و سیاسیەكانە بەرامبەر بە كۆمەڵگهی كوردی.