له قه‌د پاڵی به‌رزاییه‌ک، کانیاویه‌کی سارد و روون و سازگار هه‌ڵده‌قوڵێ به ناوی کانی شه‌کره. ئه‌و به‌رزایه و ئه‌و کانیاوه که‌وتوونه‌ته سه‌ر سنوورێکی ده‌ستکردی ئێران ـ عیراق. چه‌ند سه‌د میترێک کە لە کانیاوەکە هەلدەکشێ؛ ئاواییەکانی سەرشیوی مەریوان بەدیار دەکەون له کانیاوه‌که‌ش ڕا لێره‌وار و پێده‌شتی شلێر دەبیندەرێ که ده‌بێته باشووری کوردستان.
ڕۆژ به‌ره‌و ئێوارێ سه‌ره‌ونخوون بۆته‌وه، سێبه‌ری به‌سه‌ر به‌شی زۆری پێده‌شتی شلێردا کێشاوه. رێکه‌وت، ٨ی مانگی پوشپه‌ڕی ١٣٦٤ی هه‌تاویه. هێزێکی پێشمه‌رگه که به مه‌ئموریه‌ت هاتبوونە ئه‌و ناوچه‌یه، ئامه‌ده‌ی رۆیشتنه‌وەن. هێزی جێگره‌وه گه‌یشتۆته جێگا و شه‌وێکه له‌و شووێنه له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی دیکه نیشته‌جێ بووه. ئه‌و هێزه‌ی که مه‌ئموریه‌تی ته‌واو ببوو سه‌ر به‌هێزی موعینی له ناوچه‌ی سه‌رده‌شت بوو، ماوه‌ی زیاتر له دوو مانگ بوو له حاڵی جێبه‌جێ کردنی مەئموریه‌تی پێ‌ئه‌سپێردراو دابوون. کاتی رۆیشتن هات، پێشمه‌رگه‌کانی هێزی بێستوون و هێزی زرێواری مه‌ریوان رێز ببوون بۆ ئه‌وه‌ی خواحافیزی له یه‌کتری بکه‌ین و دوو مانگی پتر له بیره‌وه‌ری تاڵ و شیرینی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی له بیر و زه‌ینی یه‌کتردا جێ بهێڵین.
سێبه‌ر به‌سه‌ر پێده‌شتی شلێر داکشابوو رێچکه‌ی پێشمه‌رگه سازمانی خۆی گرتبوو و ئارام ئارام به‌ره‌و شلێر شۆڕ ده‌بووینه‌وه له زاهیرمان که‌یف‌ساز و دڵ‌خۆش بووین که به‌ره‌و شوێنی کار و تێکۆشانی حیزبیمان له ناوچه‌ی سه‌رده‌شت ده‌گه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵام له هه‌ست و ده‌روونماندا بریندار بووین؛ چونکه شوێنی 8ی هاوڕێمان له نێو رێچکه‌که‌ماندا به‌تاڵ دیار بوو، ئه‌وان له تێک‌هه‌ڵچووونێکی شه‌ڕی «خۆکوژی» شه‌هید ببوون.
به داخه‌وه نزیک به دووساڵ بوو رۆژهه‌ڵاتی کوردستان تووشی شه‌ڕێکی خۆکوژی ببوو و دوو هێزی دیاری مه‌یدانی خه‌بات به دژی کۆماری ئیسلامی واته حیزبی دێموکرات و کۆمه‌ڵه که‌وتبوونه شه‌ڕێکی بێ‌ئاکام و شه‌هیدبوونی ئه‌و ٨ پێشمه‌رگه‌ش له سۆنگه‌ی ئه‌و شەڕه دابوو.
له سه‌رر رووباره‌که له ته‌ختایی ده‌شتی شلێر ده‌سته‌یه‌کی دیکه له پێشمه‌رگه‌کانی حیزب چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی ئێمه بوون که تێکه‌ڵ بووین؛ زه‌حمه‌ت بوو هه‌موومان بناسێ چونکه پێشمه‌رگه‌کان ئی چه‌ند کومیته شارستان بوون، به‌ڵام چه‌ند کەسێکی دیار لە نێویاندا بوون که به هۆی به‌رپرسایه‌تییه‌کانیانەوە زۆربه‌مان ده‌مانناسین (کاک حه‌سه‌ن شیوه‌سه‌ڵی، سه‌رگورد که‌ریم عه‌لیار، فه‌تاح عه‌بدولی، تاهیر عه‌لیار و…) دوای تێکه‌ڵ بوون و وەرگرتنی سازمانی رۆیشتن ،بڕیاری حه‌ره‌که‌ت د‌را رێچکه‌ی ئه‌و جاره‌ی پێشمه‌رگه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی دیکه خۆی له به‌ریه‌ک کێشایه‌وه و ماوه‌ی نزیک به سێ سه‌عات رێپیوان درێژه‌ی هه‌بوو.
ئارام ئارام له‌گەڵ هه‌نگاوه‌کانی ئێمه خۆر به ته‌واوی په‌نای گرت و تاریکی باڵی به سه‌ر ناوچه‌که‌دا کێشا، به‌ڵام زۆری نه‌خایاند که مانگ له که‌ل هاته‌ده‌رێ و به رووناکی خۆی وێنایه‌کی دیکه‌ی له سروشتی جوانی ئه‌و ناوچه‌یه نیشانی رێبوارانی ماندوو شه‌که‌تی ئه‌و پێده‌شته‌دا. ئه‌و ناوچه‌یه سه‌رده‌مانێک جمه‌ی ژیانی لێوه ده‌هات، به‌ڵام ئێستا چۆله‌وانه‌یه؛ ئه‌ویش به هۆی سیاسه‌تی پاکتاوکردنی ره‌گه‌زی رێژیمی به‌عس که ته‌واوی گوند و ئاوه‌دانییه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه خاپوور کردبوو، دانیشتووانه‌که‌ی به‌ره‌و ئوردوگاکانی زۆره‌ملی راگواستبوو.
رێچکه‌ی پێشمه‌رگه وه‌ک چه‌ند سه‌عات پێشتر به گالته و جه‌فه‌نگ نه‌بوو، هه‌موو بێده‌نگ و ته‌نیا ده‌نگی هه‌نگاوه‌کان بوو که ئاهه‌نگێکی به نه‌زمی دروست کردبوو که جار جار ده‌بیسترا و جار و باریش بریسکه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی تۆپیک له دووره‌وه به‌رچاو ده‌که‌وت و جاروبار ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌کەش ده‌بیسترا، چونکه ناوچه‌که مه‌یدانی شه‌ڕی ئێران ـ عیراق بوو. له پڕدا رێچکه‌ی حه‌ره‌که‌تی پێشمه‌رگه راوه‌ستاو و گوتویان لێره ده‌مێنینه‌وه. کاتێک نزیک بوومەوە له به‌ر تریفه‌ی مانگه‌شه‌و شۆێنێکم بەرچاو که‌وت که ئاسه‌واری ده‌ستی مرۆڤی پێوه دیار بوو، سپیداربه‌رز و حه‌وزوکانی و رێچکه و ڕیگا هه‌موویان نیشانی ژیان و ئاوه‌دانی بوون، ئه‌و گونده کاول کراوه وێنه‌وداڕۆخان بوو «کاتێک خۆر بۆ جارێکی دیکه به تیشکی خۆی رووناکی و گه‌رمای به زه‌وی به‌خشی و وڵات به ته‌واوی رووناک بوو، ئه‌و کات ده‌رکه‌وت که سروشتی ئه‌و ناوچه‌یه چه‌نده سه‌رنجراکێشه، ئاسه‌واری خانووه رووخاوه‌کان که سه‌رده‌مانێک ژیان تێیاندا جمه‌ی ده‌هات هه‌ر بەپێوه مابوون و هه‌ر لادیوار و خانووه رووخاوێک و کۆڵانێکی ئه‌و گونده، خۆی هه‌ڵگرێ سه‌ربورده و مێژوویه‌کی دوورودرێژی ژیان بوون. ئه‌و رۆژه‌ی له‌به‌ر سێبه‌ری سپیدار و ره‌زودار و ده‌وه‌نی گوندی وێرانکراوی «وێنه و داروخان» تێپه‌ڕمان کرده‌وه له‌گه‌ل کۆمه‌ڵێک پێشمه‌رگه‌ی له هێزه‌کانی دیکه‌ی حیزب ئاشنا بووین.
ئێوارێیه‌کی دیکه و حه‌ره‌که‌تێکی دیکه که به‌داخه‌وه نه‌مان‌ده‌زانێ چ رووداوێکی به ژان چاوه‌ڕوامانه و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان چ خه‌سارێکی لێ‌ده‌که‌وێ. به‌ره‌و ئاوایی سه‌یران‌به‌ن که ئاواییه‌کی سه‌رسنووری ناوچه‌ی بانه بوو حه‌ره‌که‌تمان کرد، سه‌عاتی ١٠ی شه‌و گەیشتینه نێو ئاوایی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مولگه‌ی دوژمنی به‌سه‌ره‌وه بوو، به‌ڵام گوێمان پێ‌نه‌دا، به‌سه‌رماڵه‌کاندا دابه‌ش بووین. مۆڵه‌ت یه‌ک سه‌عات بوو، ده‌بوایه هه‌م نانێک بخۆین و هه‌م بۆ سبه‌ی چه‌ند نانێک و پێخۆرێک هه‌ڵبگرین. له به‌ر ئه‌وه پێشمه‌رگه‌کان راده‌یان زۆر بوو و ماڵه‌کان هه‌موویان پێشمه‌رگه‌ی لێ‌بوو، هێندێک له پێشمه‌رگه‌کان شوێنیان وه‌ده‌ست نه‌که‌وتبوو، هه‌ر بۆیه روومان له دووکا‌نی ئاوه‌دانی کرد و کابرای دووکانداریش هه‌ر گه‌ڤه‌ی سمێڵی ده‌هات. نزیک سه‌عاتی 11ی شه‌و ئاوایی سه‌یرانبمان جێ هێشت. به‌پێی دابه‌شبوونی مه‌ئموریه‌ته‌کان ئه‌و شه‌وه و مه‌ئموریەتی تیمی پێشره‌و وه‌به‌ر په‌له‌که‌ی ئێمه که‌وت. دیاره ئێمه شاره‌زا نه‌بووین پێشمه‌رگه‌یه‌کیان راسپارد له‌گه‌ڵمان بێ، ئه‌و که‌سه گورج و گۆڵ و شایی به‌خۆیی بوو، خێرا ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ لای رێچکه‌ی پێشمه‌رگه‌کان و دیسان خۆی ده‌گه‌یانده‌وه ئێمه، له‌ساڵانی دواییدا بۆم ده‌رکه‌وت ئه‌و که‌سه «مامۆستا زێڕه« بوو.
تیمی پێشڕه‌و دووبه دوو بە مه‌ودایه‌کی که یه‌کتر وون نه‌که‌ین و له سه‌ره‌خۆ هه‌نگاومان هه‌ڵدێناوه، چونکه هه‌م نابه‌له‌د بووین و هه‌م هێزه‌که قورس بوو، نیزیک پردێک بووینەوە پێیان گوتین زۆربه‌ی جاران لێره که‌مینی دوژمنی لێ‌یه، رامان‌سپارد هێزه که هه‌نگاوه‌کانیان له سه‌ره‌خۆتر بکه‌ن هه‌تا ئێمه له پرده‌که ده‌په‌رینه‌وه، له‌و سه‌روبه‌نده‌دا بوو که سێ وڵاغ سوار له سەر پرده‌که په‌یدا بوون، له به‌ر مانگه شه‌و جوان دیار بوو که هه‌ر سێ که‌سه‌که لاوونیو سواری وڵاغه‌کان ببوون هه‌ر که ده‌نگمان دان خۆیان فرێدا خوارێ و هه‌ڵاتن هه‌رچه‌ند بانگمان کردن که ئێمه پێشمه‌رگه‌ین مه‌ترسێن، نه‌گه‌ڕانه‌وه یه‌کێک له پێشمه‌رگه‌کان چه‌ند فیشه‌کیکی پێوه نان، به‌ڵام سودی نه‌بوو، له وڵاخه‌کان توانیمان ئه‌سپێکیان له بن پرده‌که بگرێنه‌وه. به سڵامه‌ت له سه‌ر پرده‌که ده‌ربازبوون و به‌ره‌و ئاوایی مه‌حمه‌ل ئاوا به‌رێ که‌وتین له نزیک ئاوایی یه‌ک دوو فیشه‌ک به رووماندا ته‌قێندەرا. دوای ئه‌وه خۆمان گەیاندە نێو ئاوایی ، به‌ره‌و شوێنی ته‌قه رۆیشتین، یه‌کیک پێشمه‌رگه‌کان (….) کابرایه‌کی له‌گه‌ڵ خۆی هێنا که چەکی کردبوو. کاتێک پرسیارمان کرد بۆمان روون بووه که ئه‌وه هه‌مان که‌سه که ته‌قه‌ی لێ‌کردوین، هه‌ڵمان‌پێچا، به‌ڵام هه‌ر زۆر زوو روون بووه که به خه‌یاڵی خۆی ته‌قه‌ی له دز و جه‌رده کردوه و ئه‌وانه‌ی ئێمه له‌سه‌ر پرده‌که تووشیان بووین جه‌رده و دز بوون و سه‌عاتێک پێشتر له نێو ئه‌و گونده بووون و به زۆر پوڵیان له خه‌ڵک ستاندووه.
رێچکه‌ی هێزی پێشمه‌رگه گه‌یشتنه نێو ئاوایی و کاک حه‌سه‌ن شیوه‌سه‌ڵی که فه‌رمانده‌ری هێزی موعینی بوو و ئێمه‌ش سه‌ر به‌و هێزه بووین هێندێک پرس و جوی له ئێمه کرد و دوای رووی له کاک سه‌رگورد عه‌لیار ده‌کرد و ده‌یگوت «کاک زانا» چ بکه‌ین باشه، ئه‌و کابرایه که ته‌قه‌ی کردوه له‌گه‌ڵ خۆمانی به‌رین یا ئازادی بکه‌ین؟ چه‌که‌که‌ی پی بده‌ینه‌وه یا نا؟ و کۆمه‌ڵێک پرسیار و وڵامی له‌و بابه‌ته له نێوان کاک حه‌سه‌ن شیوه‌سه‌ڵی و کاک سه‌رگورد عه‌لیاردا ئاڵوگۆڕ کران.
له‌و نێوه‌دا خه‌ڵکی ئاوایی مه‌حمه‌ل ئاوا که لە ده‌ورووبه‌رمان کۆ ببوونه‌وه هه‌ر که‌س له به‌رخۆیه‌وه رێنوێنی ده‌کردین و ئاگاداری ده‌داینی که هێزێکی زۆری کۆماری ئیسلامی هاتۆته پایگای «نه‌هێنی» و ئه‌حتمال هه‌یه هێرش بکه، ده‌یان‌گوت به چاوی خۆمان دیتومانه …، ئێوه هه‌وڵ بده‌ن بچنه پشتی ئاوایی وشترمل، به ده‌م گوێ لێ‌بوون له‌و قسه و باسانه کاک حه‌سه‌نی شیوه‌سه‌ڵی بانگی کردم کە له‌گه‌ڵ شاره‌زای رێگاکه‌دا حه‌ره‌که‌ت بکه‌ین، حه‌ره‌که‌تمان کرد، هه‌وازیه‌کمان له پێش بوو به‌ڵام زۆری نه‌خایاند گه‌یشتینه سه‌ر به‌رزایه‌که که هه‌مووی بە لێره‌وار داپۆشرابوو. لێره‌واری ئه‌وه ناوچه‌یه به پێچه‌وانه‌ی هێندێک شوێن ده‌ون نین، به‌ڵکوو داری گه‌وره‌ن و خه‌ڵک له گه‌ڵای داره‌کان بۆ تفاقی زستانی ماڵات که‌ڵک وه‌رده‌گرێ، هه‌ر بۆیه داره‌کان له برین و فه‌وتان پارێزراو‌ن و ئه‌گه‌ر زۆر شاره‌زا نه‌بێ وه‌ک سیاکێو نییه و به‌شه‌و نازانێ کوێ کوێیه.
په‌له‌که‌ی ئێمه گه‌یشتبوو سه‌رێ و هه‌ر کاممان پاڵمان وه‌داربه‌ڕیه‌ک دابوو و چاوه‌روانی ستوونی ئه‌سڵی پێشمه‌رگه‌کان بووین، ئه‌وانیش دوای 10ـ 15 ده‌قیقه گه‌یشتینه ئه‌و شوێنه که به‌سه‌ر ئاواییه‌کانی مه‌حمه‌ل ئاوا و ناوه‌دا ده‌یڕوانی و له پشت سه‌رمان تیره‌که باسکێک بوو که به‌ره‌و ئاوایی وشترمل و به‌رزاییه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌ڕۆیشت. نازانم چۆن بوو بڕیار ده‌را هه‌تا به‌یانی که هێنده‌ی نه‌مابوو رۆژ بێته‌وه له‌و شوێنه ئیستراحه‌ت بکه‌ین و به‌یانی به‌ره‌و گوندی ناوه حه‌ره‌که‌ت بکه‌ین. ئه‌و په‌له‌ی ئێمه که وه‌ک په‌لی پیشڕه‌و زووتر گه‌یشتبوونه سه‌ر ئاسوگه‌که هه‌ر ئه‌و شوێنه‌مان پێ سپیده‌ڕا و گوتیان هه‌ر په‌له له شوینی خۆی کێشک دابنێ.
هه‌موولایه‌کمان زۆر شه‌که‌ت و ماندوو بووین، به‌ڵام ده‌بوایه چاوکراوه بین و هه‌موو ئه‌حتمالێک له نه‌زه‌ر بگرین. هه‌ر له‌و شوێنه کێشکی شه‌ومان دانا و قه‌رارمان دانا هه‌تا رووناکی هه‌وا نیو سه‌عات نیو سەعات کێشک بده‌ین و هه‌رکاممان له پاڵ داربه‌ڕوویه‌ک و له نزیک یه‌کتر خۆمان به ئه‌رز دادا. چونکه ده‌مزانی پێشمه‌رگه‌کان زۆر هیلاکن و منیش هه‌ر وه‌ک ئه‌وان وا بووم، به‌ڵام هه‌ست به مه‌سئولیه‌ت وای لێ‌ده‌خواستم پۆستی یه‌که‌م خۆم راوه‌ستم له دوای خۆم پێشمه‌رگه‌یه‌کم دیاری کرد و له دوای ئه‌ویش «عه‌لی به‌رده‌سووری» کە به‌داخه‌وه له ساڵانی دواییدا به هۆی تۆپباران له سونێ شه‌هید بوو. ماوه‌ی کێشکی خۆم ته‌واو ببوو نه‌فه‌ری دوای خۆم هه‌ستاند، هه‌رچه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌کی باش و به ئیمان بوو، به‌ڵام باش ده‌مزانی تۆزێک خه‌وخه‌وه، هه‌ر بۆیه ئه‌و نیو سه‌عاته کێشکی ئه‌ویش به‌وێژنیک دان و به خه‌به‌ری تێپه‌ڕم کرد که گوێم لێ بوو عه‌لی به‌رده‌سووری هه‌ستاند له ڕاستی‌دا خه‌یاڵم ئاسووده بوو و له پاڵ داربه‌ڕوویه‌کی قه‌د ئه‌ستوور سه‌رم وه‌سەر کیسه خه‌وه‌که‌م کرد و بێ ئه‌وه ڕه‌خت و فیشه‌ک‌دانه‌که له خۆم بکه‌مه‌وه ڕاکشام و چاوم گه‌رم بوون، پێم وابوو خه‌ون ده‌بینم له نێوان خه‌و و بێداری‌دا گوێم له ده‌نگی عه‌لی بوو که ده‌یگوت کێ‌یه کوڕه؟ ده‌نگدانی عه‌لی و ده‌ستڕێژی فیشه‌ک وه‌ک یه‌ک له نێو دارستاندا ده‌نگی دایه‌وه، عه‌لی وه‌ده‌ست هاتبوو ده‌نگی نێرانه‌ی بژی دێموکرات و قرمه‌ژنی تفه‌نگ تێکه‌ڵ یه‌ک بوون و له‌و به‌ریش‌را هاواری (الله‌اکبر) ده‌بیسترا. دوژمن هێرشی کردبوو، ئێمه‌ش هه‌ر له شوێنی خۆمان بەڕه‌و شوێنی دوژمن ده‌ستمان کرد به ته‌قه. شوێنه‌که‌ی ئێمه وابوو که ته‌قه‌ی هێزه‌کانی دوژمن به‌ره‌و ڕوی ئێمه بوو و ته‌قه‌ی پێشمه‌رگه‌کانی دیکه‌ش که له پشت سه‌ری ئێمه له مه‌یدانێک‌دا خه‌وتبوون به سه‌ر ئێمه‌دا به‌ره‌و دوژمن بوو، په‌له‌که‌ی ئێمه که‌وتبوو نێوان دووئاگر هه‌ر بۆیه ڕامگه‌یاند که‌س له جێگای خۆی نه‌جوڵێ تا هه‌لێکی له بار ده‌ڕه‌خسێ و بزانین هاوڕێیانی فه‌رمانده ده‌ڵێن چی. له سه‌ره‌تای ده‌ست پێ‌کردنی ته‌قه‌که‌دا ئاوری هێزی پێشمه‌رگه بۆ دوژمن توند بوو، هه‌ربۆیه هه‌تا ڕاده‌یه‌ک ئاوری چه‌که‌کانی دوژمن له که‌می دابوو. ئێمه‌ش هێدی هێدی و به ئه‌سپایی و یه‌ک یه‌ک به‌ده‌م ته‌قه‌کردن به‌ره‌و دواوه کشاینه‌وه که بزانین ده‌بێ چ بکه‌ین که هاتینه شوێنی مانه‌وه‌ی هێزی ئه‌سلی پێشمه‌رگه که‌سی لێ نه‌مابوو و جار به جارێک ته‌قه‌مان له شوێنی دوژمن ده‌کرد، بۆ ئه‌وه‌ی دوژمن وانه‌زانێ که شوێنه که چۆڵ کراوه- له نێوان تاریکی و ڕووناکی به‌یانی‌دا له شوێنی مانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌کان چه‌ند شتێک ده‌بینرا که نه‌مان‌ده‌زانی ئه‌وانه چین ئایا جه‌نازه‌ی پێشمه‌رگه‌یه یا شتی دیکه‌یه به‌جێ ماوه، بڕیارمان دا هه‌تا ڕووناک ده‌بێ خۆ بگرین و بزانین ده‌بێ چ بکه‌ین بۆ کام لا بڕۆین که له پڕدا له پشت سه‌رمان خشپه خشپ په‌یدا بوو پێشمه‌رگه‌کان ویستیان ته‌قه‌یان لێ بکەن، ئیزنم نه‌دا گوتم با زیاتر نزیک ببنه‌وه ئه‌گه‌ر دوژمن بێ با بێ ته‌له‌فات ده‌رنه‌چێ یا ڕه‌نگه پێشمه‌رگه‌کانی خۆمان بن که نزیک بوونه‌وه کاتیک که‌وتنه به‌ر لووله‌ی چه‌که‌کانمان یه‌که‌م که‌س که ناسیمانه‌وه کاک حه‌سه‌ن شێوه‌سه‌لی فه‌رمانده‌ی خۆشه‌ویستی خۆمان بوو.
ئه‌ویش ئێمه ناسییه‌وه و زۆر خۆشحاڵ بوو که شوێنه‌که‌مان چۆڵ نه‌کردوه و گوتی هه‌موو پێشمه‌رگه‌کان سڵامه‌تن و به‌ره‌و چه‌می ناو حه‌ره‌که‌تیان کردوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه کاک سه‌رگورد عه‌لیار برینداره ئه‌وانم به‌ڕێ کردوه، به‌ڵام کۆمه‌ڵێک مه‌دارک و ئه‌سناد له کۆڵه‌پشتی‌دا به‌جێ ماون، ده‌بێ به هه‌ر قیمه‌تێک بێ بیانهێنن. ده‌بوایە سینگ له ئه‌رز قائیم بکه‌ینه‌وه و ئاوری چه‌که‌کانمان بۆ سه‌ر دوژمن توندتر بێ هه‌تا بتوانین ئه‌و شتانه‌ی به‌جێ ماون وە چه‌نگیان بخه‌ینه‌وه و وه‌دست دوژمن نه‌که‌ون. به شه‌ڕێکی توند و ئاوربارانێکی قورس توانیمان هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی به‌جێ مابوو له‌گه‌ڵ خومان بیانهێنین و زانیمان که دووسه‌ر ئه‌سپ که پێمان بوون وه به‌ر ڕه‌هێڵه‌ی فیشەک که‌وتوون و هه‌ردووکیان تۆپیوون.
هه‌وا ورده ورده ڕووناک ده‌بوو به جوانی ده‌وروبه‌ری خۆمان ده‌دیت، به‌ره‌و به‌رزاییه‌کانی» وشترمل و برۆشکانی» هه‌ڵکشاین به چه‌ند جارێکی دیکه له‌گه‌ڵ دوژمن ده‌رگیر بووین، به‌ڵام هه‌موو کاتێک ئه‌وان پاشه‌کشه‌یان ده‌کرد. ده‌نگی ته‌قه له نێو چەمی ناوەدا ده‌بیسترا و تۆپبارانێکی قورس له سه‌ر ئه‌و شوێنه بوو، به‌داخه‌وه هیچ پێوه‌ندێکمان به پێشمه‌رگه‌کانی دیکه‌وه نه‌مابوو. هه‌تا ئێواره به ماندوو بوونێکی زۆر توانرا زۆربه‌ی پێشمه‌رگه‌کان کۆبکه‌ینه‌وه و به‌داخه‌وه ده‌وروبه‌ری ئێوارێ بوو که هه‌واڵمان پێ‌گه‌یشت کاک سه‌رگورد عه‌لیار له‌گه‌ڵ چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌کی دیکه شه‌هید بوون.
ئیمه پێمان وابوو شه‌هید بوونی کاک سه‌رگورد به هۆی برینه‌که‌ی به‌یانی‌یه‌وه بووه، به‌ڵام که چووین بۆ گواستنه‌وه‌ی جه‌نازه‌که‌ی بۆمان ده‌رکه‌وت ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی لهگه‌ڵی بوون زۆریان زه‌حمه‌ت له‌گه‌ڵ کێشاوه هه‌تا ئه‌و شوێنه ئاستمه هێناویانه، به‌ڵام سه‌د حه‌یف و مخابن که تۆپخانه‌ی دوژمن مه‌جالی پێ نه‌داون ته‌نیا چه‌ندسه‌د میترێکی دیکه‌وه سه‌ربکه‌ون و له تیرڕه‌سی دوژمن خه‌لاسیان بێت. له‌گه‌ڵ کاک سه‌رگورد پێشمه‌رگه‌یه‌ک به ناوی ئه‌بو سه‌قزی شه‌هید بوو که له ته‌واوی مه‌ئمورییه‌تی حیزب له‌و ناوچه‌یه‌دا له نزیکه‌وه ئاگای له کاک سه‌رگورد بوو و، به داخه‌وه له ناوچه‌می ناوه‌ش‌دا دوو پێشمه‌رگه‌ی هێزی موعینی به ناوه‌کانی هه‌مزه بوبانه‌یی و سولێمان پێرۆتی شه‌هید بوون.
ته‌رمی پیرۆزی هه‌رچوار شه‌هید به هاوکاری خه‌ڵکی به ئه‌مه‌ک و دڵسۆزی ئه‌و ناوچه‌یه هه‌ر ئه‌و ئێواره‌یه به خاکی نیشتمان سپێردران شه‌و ساعه‌تی 12 هه‌موو هێزه‌کان یه‌کیان گرته‌وه و چه‌ند کادرێکی ته‌شکیلاتی بانه به‌ڕاستی له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا کاریگه‌ری خۆیان هه‌بوو له سه‌ر ڕۆحیه‌ی پێشمه‌رگه‌کان، پێشمان که‌وتن و به‌ره‌و ناوچه‌ی نیروان به‌ڕێ که‌وتین. جێگای خۆیه‌تی لێره‌دا باس له‌وه بکرێ لە هەمان رۆژدا هێزیکی زۆری دوژمن هەولی دابوو پشت سەرمان بگری که پێشمه‌رگه‌کانی سازمانی خه‌بات له نزیک ئاوایی که‌نده‌سوور لێیان وەدەست هاتبوون و زه‌ربه‌یه‌کی باشیان لێدابوون.
لە کۆتاییداسڵاوی ئەمەگداری دەنیرم بۆ رۆحی کاک سه‌رگورد عه‌لیار و هه‌موو شه‌هیدانی کوردستان و هیوادارم ڕیگا و ڕێبازیان هه‌تا سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاری به‌رده‌وام بێ.
لە ژماره ٦٥٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه