هێرشەکەی رۆژی ١٧ی خەرمانان بۆ سەر حیزبی دێموکرات نەتەنیا نیشانەی هێز و دەسەڵاتی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران نیە، بەڵکوو ڕاست بە پێچەوانەوە نیشانەی ترس و زەبوونیی ئەم رێژیمەیە بەرانبەر بە بزووتنەوەیەکی مافخوازانەی ڕەوا. دەسەڵاتی سیاسیی ناوەندگەرای تاران کە زیاتر لە حەفتا ساڵە بە شێوەی جۆراوجۆر زەربە لە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەوەشێنێ، تەواوی هەوڵی ئەوەیە کە ئەم میللەتە تەسلیمی ئیرادەی دژیگەلیانەی تێکەڵ بە مەزنیخوازیی شۆڤێنیزمانەی خۆی بکات.
هەر دوو دەسەڵاتی پاشایەتی و ئیسلامی لە تاران کە سەرچاوەی سیاسەتی دژیگەلیانەیان لە تێفکرینێکی تەواویەتخوازیی نەتەوەیەکی درۆیینی بە ناو “ئێران”ەوە یەک دەگرێتەوە، هەمیشە هەوڵیان داوە بە لێدانی “سەر”ی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێران کە هەمان حیزبی دێموکراتە، بزووتنەوەکە تووشی نسکۆ و، نەتەوەکە ناچار بە تەسلیمبوون و لە کۆتاییدا توانەوە بکەن. بۆ ئەم ئامانجە سەرەتا بە رووخانی کۆماری کوردستان وەک نوێنگەی ئیرادەی سیاسیی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان و لێدان لە دەسکەوتە شوناسخوازەکانی کە توانی هۆڤییەتێک لە “باوەڕبەخۆبوون”، “خاوەندارێتی” و “سەروەریی نەتەوەیی” بە میللەتێک ببەخشێ، ویستیان ئەم میللەتە تووشی بێهیوایی و بەتاڵبوونەوە بکەن. دواتر بە تێرۆری رێبەرانی ئەم حیزبە تەواوی هەوڵیان ئەوە بوو کە جووڵانەوەکە تووشی لاوازی و بێتوانایی و دابڕان لە کۆمەڵگای کوردستان و لە کۆتاییدا ئیزۆلە بوون بکەن.
بەڵام وەک دەبینین حیزبی دێموکرات سەرەڕای زۆر گرفتی دەروونتەشکیلاتی و بڕینی دنیایەک هەوراز و نشێوی پڕ لە ئەستەم و کارەساتبار دیسانیش هەر وەک شەهید دوکتور قاسملووی شەهید دەڵێ، بە سێ هۆکاری ئەساسی کە بریتین لە گرتنە پێشی سیاسەتێکی درووستی واقعبینانە، پشت بەستن بە ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و خاوەنی باشترین ڕۆڵەکانی ئەم میللەتە لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەدا، توانیویەتی جێگە و پێگەی مێژوویی خۆی لە نێو خەڵکی کوردستاندا بپارێزێ و وەک هەمیشە بە “رێبەری بزووتنەوەی میللی دێموکراتیکی خەڵکی کوردستان” بمێنێتەوە.
کردنە ئامانجی کۆبوونەوەی ڕێبەرایەتیی حیزب لە ڕۆژی ١٧ی مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا لە قەڵای سەربەرزی دێموکرات، سەلمێنەری دوو واقعیەتی ئینکارنەکراوە: یەکەم ئەوەیکە حیزبی دێموکرات تا ئێستایش سەرەڕای تەواوی ئەو کەموکوڕییانەی کە بەداخەوە ئەمڕۆژانە هەموومان بەتایبەت لە رووی لێکدابڕانی تەشکیلاتییەوە لێی ئاگادارین و دەیزانین، بەخۆشییەوە دیسانیش متمانەپێکراوترین جەریانی سیاسییە کە بە پاشخانێکی دەوڵەمەندی مێژوویی پڕە لە شانازی و گیانبازییەوە بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی و دێموکراتیکی رۆژهەڵاتی کوردستان هەر رێبەر و رێنیشاندەرە. دووهەم ئەوەیکە هەر ئەم جێگەو پێگەیەی حیزب لە نێو بیروباوەڕی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە کە بەتەواوەتی دەسەڵاتی سیاسیی تارانی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردوە.
رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە رەفتاری سیاسی و مەدەنیی رۆژانەی خەڵکی کوردستاندا هەست بە ڕەنگدانەوەی گوتار و سیاسەتی شوناسخوازانەی نەتەوەیی و نیشتمانیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکات و بۆی دەرکەوتووە ناتوانێ ئیرادەی ئەم میللەتە بە چۆکدا بهێنێت، بۆیە ترسەنۆکانە و زەبوونانە وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی، ئەم حیزبە و رێبەرایەتییەکەی دەکاتە ئامانج و بە خەیاڵی خاوی خۆی پێی وایە دەتوانێ لەم رێگایەوە هاوتای ترسەنۆک بۆ خۆی پەیدا بکات.
حیزبی دێموکرات تا خاوەنی پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێ و بتوانێ وەک تا ئێستا کردوویەتی سیاسەتێکی گونجاوی واقعبینانەی بگرێتە بەر و خاوەنی باشترین و وەفادارترین رٶڵەکانی ئەم میللەتە وەک کادر و پێشمەرگە بێت، بە دڵنیاییەوە کردەوە ترسەنۆکاوییەکانی تاران نایترسێنێ.