ئه‌و ڕۆژانه مه‌سه‌له‌ی سكاڵای ئێران له ئه‌مریكا له دادگای لاهه له سه‌ر ئابڵۆقه ئابووریه‌كانی ئه‌مریكا دژی ئێران بۆته پرسێكی گرینگ و جێگای سه‌رنج و هه‌ر دوو لایه‌ن چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی ئه‌و دادگایه‌ن.
ئایا حوكمی دادگای لاهه بۆ لایه‌نه‌كان ئیلزامیه و ده‌بێ ملكه‌چی حوكمه‌كانی بن؟ ئه‌و مه‌رجانه چین كه پێویسته له‌و سكاڵایانه‌دا هه‌بن بۆ ئه‌وه‌ی دادگا بتوانێ به‌دواداچوونیان بۆ بكا و بڕیار بدا؟ ده‌ركه‌وته‌كانی حوكمی دادگا له سه‌ر لایه‌نه‌كانی كێشه‌که چین؟ پێگه‌ی حقووقیی حوكمه‌كانی دادگای لاهه له قانونی نێوده‌وڵه‌تیدا له چ ئاستێك دایه؟
بۆ وڵامدانه‌وه به‌و پرسیارانه و كۆمه‌ڵێك پرسیاری دیكه پێویسته ئاوڕێك له‌و كه‌یسانه بدرێته‌وه كه له ئه‌نجامی سكاڵای یه‌كێك له لایه‌نه‌كان چۆته به‌رده‌م ئه‌و دادگایه و هه‌ڵوێستی دادگا سه‌باره‌ت به‌و كه‌یسانه.
له مێژووی دوباره بنیاتنانه‌وه‌ی دادگای نێوده‌وڵه‌تی لاهه وه‌ك ئۆرگانی قه‌زایی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا چه‌ندین جار ئێران بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی چۆته به‌رده‌م دادگای لاهه یان په‌لكێشی ئه‌و دادگایه كراوه كه هه‌موو ئه‌و كه‌یسانه په‌یوه‌ندیی به ئه‌مریكاوه هه‌بووه و ته‌نیا یه‌كێكیان په‌یوه‌ندی به بریتانیاوه هه‌بووه. به كورتی باسێك له‌و كه‌یسانه ده‌كه‌ین كه ده‌توانێ به‌رچاوڕوونیمان بداتێ له‌سه‌ر سه‌ڵاحییه‌تی دادگا و چۆنیه‌تیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و هه‌روه‌ها چاره‌نووسی دوایین سكاڵای ئێران له‌و دادگایه.
كه‌یسی خۆماڵیكردنی پیشه‌سازیی نه‌وت له 1329ی هه‌تاوی
دوای ئه‌وه‌ی دوكتور موسه‌دیق له مه‌جلیسی شازده‌هه‌م وه‌ك ئه‌ندامی مه‌جلیسی شووڕای میللی هه‌ڵبژێردرا و بوو به سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی نه‌وت له‌و مه‌جلیسه‌دا، هه‌نگاوه‌كانی بۆ كۆتاییهێنان به سیاسه‌تی كۆلۆنیالیستی ئینگلیس له ئێران و له سه‌روو هه‌موانه‌وه كورتكردنه‌وه‌ی ده‌ستی ئینگلیسیه‌كان له نه‌وتی ئێران ده‌ست پێ كرد. له ئه‌نجامی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی پاشایه‌تیی ئێران‌دا ئینگلیسیه‌كان ده‌ستیان به سه‌ر هه‌موو جومگه‌كانی ژیانی سیاسی و ئابووریی ئێران‌دا گرتبوو و خێر و بێری نه‌وتی ئێرانیان وه‌ك سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی ئابووری به‌ده‌سته‌وه گرتبوو. دوكتور موسه‌دیق سه‌ره‌تا به دامه‌زراندنی به‌ره‌ی میللی و ڕه‌وشه‌نگه‌ری له نێو خه‌ڵکدا شه‌پۆلێكی فراوانی له پشتگیریی خه‌ڵک بۆ خۆماڵیكردنی پیشه‌سازیی نه‌وتی ئێران وه‌ڕێ خست و له ئه‌نجامدا سه‌ره‌ڕای دژایه‌تیی شا و حكومه‌تی ئه‌وكات پڕۆژه‌كه‌ی به په‌سندی مه‌جلیس گه‌یاند.
ده‌وڵه‌تی ئینگلیس كه به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی له ئێران له مه‌ترسیدا ده‌دی، هه‌ر زوو دژی وه‌ستا. یه‌كه‌م هه‌نگاوی ده‌وڵه‌تی ئینگلیس دوای بێهیوا بوون له هه‌وڵه‌كانی له نێوخۆی ئێران، په‌نابردن بوو بۆ شووڕای ئه‌منیه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان. به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ده‌وڵه‌تی ئینگلیس به به‌رگریی ئازایانه‌ی موسه‌دیق وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیرانی ئێران شكستی هێنا و سه‌ره‌نجام له سه‌ر پێشنیاری نوێنه‌ری فه‌ڕانسه ئه‌و كه‌یسه ڕاگیرا تا چاره‌نووسی له دادگای لاهه‌دا یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه. دوای سكاڵای ئینگلیسییه‌كان له دادگای لاهه موسه‌دیق كه خۆی له‌و دادگایه ئاماده بوو، توانی دادگا به‌و قه‌ناعه‌ته بگه‌یه‌نێ كه پرسی خۆماڵیكردنی نه‌وت پرسێك نییه له نێوان دوو ده‌وڵه‌تی ئێران و ئینگلیس، به‌ڵكوو په‌یوه‌ندیی هه‌یه به ئێران له‌لایه‌ك و كۆمپانیای نه‌وتی ئینگلیس له لایه‌كی تره‌وه و هه‌ر به‌و هۆكاره‌ش دادگا سه‌ڵاحییه‌تی به‌دواداچوونی ئه‌و كه‌یسه‌ی نییه. به‌و شێوه‌یه بڕیاری دادگا وه‌ك سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره بۆ موسه‌دیق و ده‌وڵه‌تی ئێران تۆمار كرا.
به بارمته‌گرتنی دیپلۆماته ئه‌مریكاییه‌كان له‌لایه‌ن خوێندكارانی لایه‌نگری خومه‌ینی
پاش سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران و په‌ره‌دان به هه‌ستی دژه ئه‌مریكایی له لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو، ڕۆژی 13ی خه‌زه‌ڵوه‌ری 1358 ژماره‌یه‌ك له خوێندكاران كه خۆیان به خوێندكارانی خه‌تی ئیمام پێناسه ده‌كرد هێرشیان كرده سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا له تاران و كارمه‌ندانی باڵوێزخانه‌كه‌یان به بارمته گرت.
ڕۆژی 8ی سه‌رماوه‌زی هه‌مان ساڵ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا سكاڵایه‌كی دژی ئێران برده به‌رده‌م دادگای دادی نێوده‌وڵه‌تی كه ئه‌م داواكاریانه‌ی له‌خۆ گرتبوو:
ا. بڕیاردان به كۆتاییهێنان به پێشێلكارییه‌كانی ئێران به پابه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به مه‌به‌ستی ڕێگه‌گرتن له هه‌ر چه‌شنه ده‌ستدرێژییه‌ك بۆسه‌ر كارمه‌ندانی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا كه به‌پێی ڕێككه‌وتننامه‌ی ڤییه‌ن بۆ په‌یوه‌ندیی دیپلۆماسی و ڕێككه‌وتننامه‌ی دۆستی و په‌یوه‌ندیی ئابووری و مافی كونسولی كه ساڵی 1955 له نێوان ئێران و ئه‌مریكا ئیمزا كراوه و هه‌روه‌ها پێڕه‌وی نێوخۆی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پارێزراون.
ب. ئازادكردنی به‌په‌له‌ی بارمته‌كان و گه‌ره‌نتیی ژیانی هاووڵاتیانی ئه‌مریكا له ئێران
ج. ئه‌مریكا له لایه‌ن ئێرانه‌وه قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه له ئه‌نجامی ئه‌و پێشێلكارییانه.
د. ده‌وڵه‌تی ئێران به‌رپرسیارانی هێرش بۆ سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا دادگایی بكا.
سه‌ره‌نجام دادگا له ڕۆژی 30 ڕه‌شه‌ممه‌ی 1358 حوكمی كۆتایی خۆی ده‌ركرد و ده‌وڵه‌تی ئێرانی مه‌حكوم كرد به پێشێلكردنی عوڕفی نێوده‌وڵه‌تی له پارێزراوی دیپلۆماسی به‌و شێوه‌یه‌ی خواره‌وه:
ا. ئێران پێشێلی ڕێساكانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و رێككه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی كردووه.
ب. ده‌بێ بارمته‌كان ئازاد بكا.
ج. ده‌بێ قه‌ره‌بووی بارمته‌كان بكاته‌وه.
پێكانی فڕۆكه‌ی مه‌ده‌نیی ئێرانی له‌لایه‌ن ئه‌مریكا
ڕۆژی 12ی پووشپه‌ڕی 1367 فڕۆكه‌ی مه‌ده‌نیی ئێرباسی ئێرانی له لایه‌ن هێزی ده‌ریایی ئامریكاوه پێكرا و كه‌وته خواره‌وه و 290 موسافیری فڕۆكه‌كه گیانیان له ده‌ست دا. به دوای ئه‌و ڕووداوه‌دا ئێران داوای له شووڕای ئه‌منییه‌ت كرد ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌و كاره‌ی مه‌حكووم بكا و ڕووداوه‌كه وه‌ك جینایه‌تی گه‌وره له قه‌ڵه‌م بدا. شووڕای ئه‌منییه‌ت له توێی بڕیاری 616 نیگه‌رانیی قووڵی خۆی له‌و ڕووداوه ده‌ربڕی و پشتیوانیی له هه‌نگاوه‌كانی رێكخراوی فڕۆكه‌وانیی نێوده‌وڵه‌تی كرد بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و ڕووداوه. پاشان ده‌وڵه‌تی ئێران كێشه‌كه‌ی برده به‌رده‌م دادگای لاهه و دادگا ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا مه‌حكوم كرد و بڕیاری دا به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیانی ئه‌و ڕووداوه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و په‌روه‌ندانه‌ی ئاماژه‌م پێ كرد له چه‌ند پرسێكی دیكه‌شدا كێشه‌ی ئێران و ئه‌مریكا چۆته به‌رده‌م دادگای لاهه، وه‌ك هێرشی ئه‌مریكا بۆ بیره نه‌وتیه‌كانی ئێران له سه‌رده‌می شه‌ڕی ئێران و عێڕاقدا و هه‌روه‌ها پرسی بلۆكه‌كردنی داراییه‌كانی ئێران له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكاوه.
دوایین كه‌یسی په‌یوه‌ندیدار به ئێران كه بردراوه‌ته به‌رده‌م دادگای دادی نێوده‌وڵه‌تی، مه‌سه‌له‌ی ئابڵۆقه ئابوورییه‌كانی ئامریكایه دژی ئێران. كۆماری ئیسلامی هه‌وڵێكی زۆری دا بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی ئابڵۆقه ئابوورییه‌كانی ئه‌مریكا به لانیكهمی خۆی بگه‌یه‌نی و یه‌كیه‌تیی ئورووپا هان بدا بۆ پشتیوانی له ئابووریی ئێران، بۆ پێش‌گرتن له داڕمانی ئابووری. له كاتێكدا كاربه‌ده‌ستانی ئێران بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه ئورووپا ناتوانێ جێگه‌ی ئه‌مریكا بگرێته‌وه و كۆمپانیاكانیان ئاماده نین مه‌ترسیی سه‌پاندنی سزاكانی ئه‌مریكا بخه‌نه سه‌ر خۆیان. هه‌ر بۆیه ده‌بینین ڕۆژانه شاهیدی داته‌پینی ئابووریی ئێران و دژوارتربوونی ژیانی خه‌ڵكین.
په‌نابردنه به‌ر دادگای لاهه له‌و پرسه‌دا و تۆمه‌تباركردنی ئه‌مریكا به پێشێلكردنی ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ك كه زیاتر له 60 ساڵ له‌وه پێش له نێوان ئه‌مریكا و ئێران‌دا ئیمزا كراوه، ڕوویه‌كی تڕاژیك و ڕوویه‌كی كۆمیكی هه‌یه. ناچاربوونی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ داواكردنی لێ‌خۆش بوون له ته‌حریم له وڵاتێك كه 40 ساڵه دروشمی نه‌مانی ده‌دا ئه‌ویش به پشتبه‌ستن به ڕێككه‌وتننامه‌یه‌كی سه‌رده‌می پاشایه‌تی، هه‌ر دوو ڕووی تراژیك و كۆمیكی مه‌سه‌له‌كه‌ی تێدا جێ ده‌بێته‌وه.
دادگای دادی نێوده‌وڵه‌تی دوو سه‌لاحیه‌تی هه‌یه، ده‌ركردنی حوكمی ئیلزامی به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ریی كێشه‌ی نێوان دوو ده‌وڵه‌ت و هه‌روه‌ها نه‌زه‌ر و ڕای مهشهوهرهتی كه له سه‌ر داوای خۆیان پێشكه‌ش به ئۆرگانه‌كانی سه‌ر به ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌كرێ. ئه‌وه‌ی شایانی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بڕیار و حوكمه‌كانی ئه‌و دادگایه ئیلزامین، به‌ڵام دادگا هیچ سازوكارێكی له به‌رده‌ستدا نییه تا لایه‌نه‌كانی كێشه ناچار به پابه‌ندبوون به بڕیاره‌كانی بكا. واته هه‌ر كام له لایه‌نه‌كان ده‌توانێ بڕیاره‌كان جێبه‌جێ نه‌كا و له‌و حاڵه‌ته‌شدا به شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی مه‌سه‌له‌ی ڕه‌واییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی سه‌رهه‌ڵ ده‌دا كه پاشخانی مێژوویی بڕیاره‌كانی دادگا ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ كه سه‌رپێچیكارانی بڕیاره‌كانی له باشترین حاڵه‌تدا ته‌نیا تووشی لۆمهیهكی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بنه‌وه كه كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆ ناكاته سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی.
له لایه‌كی تره‌وه دادگا كاتێك ده‌توانێ بڕیار بدا له‌سه‌ر كێشه‌ی نێوان دوو ده‌وڵه‌ت كه هه‌ر دوو لایه‌ن ڕازی بووبن كه كێشه‌كه‌یان له‌و دادگایه‌دا چاره‌سه‌ر بكرێ. هه‌ر بۆیه له زۆر مه‌وریددا لایه‌نێكی كێشه هه‌وڵ ده‌دا بیسه‌لمێنێ كه دادگا سه‌ڵاحییه‌تی به‌دواداچوون و بڕیاردانی له سه‌ر بابه‌ته‌كه نییه. له پرسی سكاڵای ئێرانیش، ده‌بینین ئه‌مریكا له هه‌وڵی ئه‌وه دایه سه‌ڵاحیه‌تی دادگا بۆ ئه‌و پرسه بخاته ژێر پرسیاره‌وه.
ئه‌گه‌ر به وردی خواسته‌كانی ئێران بخوێنینه‌وه كه له ده‌قی سكاڵاكه‌ی پێشكه‌شی دادگای كردوه له‌و ڕاستییه تێ ده‌گه‌ین كه چاوهروانییهكانی لایه‌نی ئێرانی ناواقعی و ساویلكانه‌یه. سكاڵای ئێران بۆ دادگا 5 خاڵی له‌خۆ گرتووه:
ــ ڕاگه‌یه‌ندراوی 8ی مانگی مه‌ی كه له لایه‌ن وڵاتی ئه‌مریكاوه ده‌رچووه سه‌باره‌ت به ئابڵۆقه ئابوورییه‌كانی سه‌ر ئێران، پێشێلكاریی ڕێككه‌وتننامه‌ی «دۆستی»یه كه ساڵی 1955 لە نێوان دوو وڵات‌دا به‌ستراوه.
ـ ده‌بێ ئه‌مریكا به بێ كات به‌فیڕۆدان كۆتایی به‌و هه‌نگاوانه بێنێ كه له 8ی مانگه مه‌ی ده‌ستی پێكردوه.
ـ ده‌بێ ئه‌مریكا به‌په‌له ده‌ست هه‌ڵگرێ له هه‌ڕه‌شه‌ی سەپاندنی ئابڵۆقه‌ی نوێ له سه‌ر ئێران.
ـ ده‌بێ ئه‌مریكا گه‌ره‌نتیی ئه‌وه بدا هیچ هه‌نگاوێك هه‌ڵناگرێ بۆ خۆدزینه‌وه له بڕیاری دادگا سه‌باره‌ت به‌و په‌روه‌نده‌یه.
ـ ده‌بێ ئه‌مریكا قه‌ره‌بووی ته‌واوی ئه‌و زیانانه بكاته‌وه كه له ئه‌نجامی دانانی ئابڵۆقه به‌ر كۆمپانیا ئێرانییه‌كان كه‌وتووه.
هه‌ر چه‌ند دووره دیمه‌نی ده‌ره‌نجامه‌كانی سكاڵای ئێران دژی ئه‌مریكا ناڕوونه و ته‌نیا به تێپه‌ڕبوونی كات و ده‌رچوونی بڕیاری كۆتایی دادگا و له كۆتاییدا پابه‌ندبوونی لایه‌نه‌كان ده‌رده‌كه‌وێ، به‌ڵام پێده‌چێ ئێران ده‌سكه‌وتێكی ئه‌وتۆی له‌و هه‌نگاوه‌ی ده‌ست نه‌كه‌وێ و ئابووریی ئێران و ژیانی خه‌ڵكی ئێران ڕۆژ له دوای ڕۆژ زیاتر ببێته قوربانیی سیاسه‌تی زێده‌خوازی و نابه‌رپرسانه‌ی كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی.
لە ژمارەی ٧٣٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)