زمان وه‌ک پردی پێوه‌ندیی نێوان مرۆڤ و دیارترین شۆڕشی ئه‌و بوونه‌وه‌ره ئاوه‌زمه‌نده له ره‌وتی مێژووی خۆیدا، به چڕی به نێو هه‌موو کایه‌کانی ژیانی مرۆڤایه‌تیدا شۆڕ بۆته‌وه. یان به واتایه‌کی دیکه هیچ دیارده‌یه‌کی فیزیکی و واتایی به‌دی ناکه‌ین که له سنووری زمان ده‌ربچێ و بوونی هه‌بێ، چونکه له راستیدا هه‌ر بیر و بیرۆکه‌یه‌ک ناچاره دواجار به تونێلی زماندا تێپه‌ڕی و له رێگه‌ی زمانه‌وه پێناسه بکرێ، هه‌ر بۆیه هه‌موو کایه‌کانی ژیانی مرۆڤ له رێگه‌ی تێپه‌ڕبوون به‌و رێڕه‌وه‌دا له ژیانی راسته‌قینه، خۆ ده‌نوێنن و دێنه بوون.
کاریگه‌ری زمان و سێحری وشه هه‌ر له سه‌ره‌تای په‌یدابوون و سه‌رهه‌ڵدان و زمان پژانی مرۆڤه‌وه گرنگی پێدراوه، له راستیدا خودی زمان جگه له هه‌موو کارکرده‌کانی دیکه له پێناو کاریگه‌ریی‌به‌خشیندا به‌رجه‌سته ده‌بێ، هه‌ر بۆیه که ده‌گه‌ڕێینه‌وه لانکه‌ی بیر و سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی زۆربه‌ی کایه رووناکبیری و زانستییه‌کانی جیهانیش واته یونان، ده‌بینین مه‌زنه بیرمه‌ندانی وه‌ک ئه‌فلاتوون و ئه‌ره‌ستوو باس له گرنگی زمان و کاریگه‌ریی پێشڤه‌وه‌چوونی کۆمه‌لگه له رێگه‌ی زمانه‌وه ده‌که‌ن.
کوردیش وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی کۆن و تێکه‌ڵاوێک له هه‌موو ئه‌و گرووپ و لقه مرۆییانه‌ی وه‌ک میتی، هیتی، هالیدی، مانایی، کاسۆیی، مادی و ……. ساسانی، خاوه‌ن پاشخان و پاشه‌که‌وتێکی فۆلکڵۆری له بڕان‌نه‌هاتوویه؛ که ریشه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ربرده و به‌سه‌رهاتی ئه‌و مرۆڤانه‌ی له‌م ناوچه کوێستانییانه ژیاون، که ئه‌مڕۆکه نه‌ته‌وه‌یه‌کی به ناوی کورد و، زمانێکی به‌رفره و ده‌وڵه‌مه‌ندی به‌ناوی کوردی به هه‌موو زار و لک و پۆیه‌کانییه‌وه لێ به‌رهه‌م هاتوه؛ له گرنگی زمان غافڵ نه‌بووه و له په‌ند و ئیدیۆم و پێکهاته‌کانی زمانی دا ئه‌و به‌هێزییه ره‌نگی داوه‌ته‌وه، وه‌ک: زمان راوه‌ستێ سه‌ر ئاسووده‌یه، به زمانی خۆش مار له کون دێته‌ده‌ر، زمان به‌ڵای سه‌ره و ……
مرۆڤ هه‌موو بوون و نه‌بوون و گشت کایه‌کانی ژیانی له رێگه‌ی زمان و وشه و که‌ره‌سه‌کانییه‌وه پۆلێن ده‌کا و باش و خراپ، ئه‌رێنی و نه‌رێنی و …….. هتد لێک هه‌ڵداوێرێ. زمانی کوردی که به گوێره‌ی زانستی زمان خاوه‌ن خاڵی به‌هێزی مۆرفۆلۆژییه؛ که نیشانده‌ری زیندوویه‌تی و ئه‌کتیڤی زمانه‌که‌ن، توانیوێ سه‌ره‌ڕای که‌ند و کۆسپی سه‌ر رێگه‌ی و هه‌وڵی تواندنه‌وه و لاوازکردنی له رێگه‌ی دوژمنانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌وه ده‌روه‌ستی هه‌موو چه‌مک و واتاکانی ژیان بێ و ئاخێورانی له ئاست هیچ دیارده‌یه‌کدا ده‌سته‌وه‌ستان نه‌کا و زاراوه و ده‌سته‌واژه‌ی پێویست بۆ هه‌موو دیارده‌کان دابهێنێ و دابڕێژێ.
زمان موڵکی گشتییه و که‌س ناتوانی خاوه‌ندارێتی خۆی به‌سه‌ر زماندا بسه‌پێنێ. که زاراوه و ده‌سته‌واژه‌کانیش داده‌ڕیژرێن و ده‌که‌ونه چواچیوه‌ی به‌کار هێنانه‌وه، ئه‌گه‌ر به روحی ئاخێوران نامۆ بن، جێ ناگرن و هه‌ر زوو ده‌خرێنه لاوه (بۆ وێنه پێنووس و لێنووس که له بری قه‌ڵه‌م و کاغه‌ز ئافرێندراون، که ره‌سه‌ن کوردین). ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر ده‌سته‌واژه و زاراوه‌یه‌ک له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌وه به‌رهه‌م هات و که‌وته نێو وشه‌کانی زمانه‌وه، هه‌تا روح و ئاستی رووناکبیری و ده‌روونی ئاخێورانی گۆڕانی به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت، به که‌سێک و دوو که‌س ناسردرێته‌وه، چونکه زمان هێز له کووچه و کۆڵان و بن دیوارانه‌وه وه‌رده‌گرێ، نه‌ک له کاغه‌ز و میدیاوه (کاژێر که تیڤی رووداو به جێ کاتژمێر (سه‌عات) به‌کاری ده‌هێنێ)، هه‌ر چه‌ند له نێو ئاخێورانیشدا که‌م نین ئه‌و که‌سانه‌ی جێ په‌نجه‌یان به سه‌ر ره‌وتی پێشڤه‌چوونی زمانه‌وه دیاره، به تایبه‌ت ئه‌دیب و شاعیر و زمانزانان.
ده‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی باس کران، زمان له ئاستی به‌کار هێناندا له نێو چین وتوێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌وه جیاوازیی خۆی هه‌یه. به‌و واتایه‌ی زمان و راوێژی چینی دوکتور و پزیشکان جیاوازه له ئاخاڤتنی جووتیاران، یان په‌یڤینی لاوان جیاوازه له پیران، دوانی ژنان جیاوازه له هی پیاوان. قسه‌ش له‌مه دا نییه که زمانی دوانی کامه‌یان به‌هێز و ره‌سه‌ن و پاک و بێگه‌رده یان تێکه‌ڵ به وشه‌ی بێگانه‌یه و هتد، به‌ڵکوو هه‌ر چینێک له به‌ڵگاندن و قسه‌کردنیدا هه‌وڵ ده‌دا بۆ تێگه‌یاندن و گه‌یاندنی واتا و روونبێژی، مه‌به‌ستی خۆی به‌و دیاردانه‌وه ببه‌ستێته‌وه که ناسیاری ده‌گه‌ڵیان زیاتره و هه‌وڵ ده‌دا به‌و دیاردانه‌ی ببه‌ستێته‌وه که لای گوێگر هه‌ستیارترن. هه‌ر له‌م ئاقاره‌دا، شیوازی دوانی کابرایه‌کی ئاسایی ده‌گه‌ڵ نووسه‌رێک، شۆڕشگێڕێک ده‌گه‌ڵ دژه شۆڕشێک، شوانێک ده‌گه‌ڵ مامۆستایه‌کی زانکۆ و سه‌رۆکێک ده‌گه‌ڵ خه‌ڵکی دیکه جیاوازه. هه‌روه‌ک وتمان زاراوه و وشه‌کان ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بۆ گه‌یاندن و ناساندنن، هه‌میشه له لایه‌ن قسه‌که‌ره‌وه هه‌وڵ ده‌درێ زیاترین کاریگه‌رییش ببه‌خشێ. هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه لکێکی زانستی له بوار زمان و ئه‌ده‌بیات سه‌ر هه‌ڵده‌دا و گه‌شه ده‌ستێنێ به ناوی شیوازناسی. ئه‌م زانسته له شیوازه جیاجیاکانی ده‌ربڕینی زمان ده‌کۆڵێته‌وه و هۆکاره‌کانی به‌دیهاتن و شیوازه جیاوازه‌کانی به‌رجه‌سته‌بوونی زمان شرۆڤه ده‌کا. له ئاکامی ئه‌م لکه زانستییه‌دا ده‌رده‌که‌وێ هه‌موو شیوازه‌کانی زمان بۆ یه‌ک ئامانج هه‌ول ده‌ده‌ن ئه‌ویش کاریگه‌ری به‌خشینه. واته گه‌مه‌کردنی به که‌ره‌سه زمانییه‌کان له پێناو شوێن‌دانان و کارتێکردنی زیاتر. ئاخێورانی هه‌موو زمانه‌کان به پێی روحی زمانه‌که‌یان هه‌میشه هه‌وڵیان داوه زیاترین و کاریگه‌رترین شێوازه‌کانی ده‌ربڕین تاقی بکه‌نه‌وه. زمانی کوردیش له‌م بواره‌دا ده‌ستێکی باڵای هه‌یه.
زاراوه و وشه‌ی «جاش» یه‌کێک له‌و وشانه‌یه که زمانی کوردی بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی به‌کار دێنێ، پشتیان له نه‌ته‌وه‌ی خۆیان کردوه و هاوته‌ریب ده‌گه‌ڵ داگیرکه‌ران هه‌وڵی سڕینه‌وه و قه‌ڵاچووی خه‌باتکاران و دڵسۆزانی گه‌ل ده‌ده‌ن و له بری خزمه‌ت له پێناو ئازادی نه‌ته‌وه‌یی و پێشخستن و گه‌شه‌پێدانی ره‌هه‌نده‌کانی ژیانی نه‌ته‌وه، خزمه‌ت به ئامانج و مه‌به‌ستی داگیرکه‌رانی گه‌ل و هۆز ده‌که‌ن. ده‌گه‌ل ئه‌وه‌ی جاش به واتا فه‌رهه‌نگییه‌که‌ی بۆ وه‌چه‌ی ئاژه‌ڵێک به‌کار دێ، به‌ڵام له میتافۆر و پراگماتیکدا گوێڕایه‌ڵی و خۆشفرۆشی ده‌گه‌یه‌نێ. هه‌ڵبژاردنی ئه‌و وشه‌یه و به‌کارهێنانی بۆ ئه‌م که‌سانه‌ی پشت له نه‌ته‌وه‌ی خۆیان ده‌که‌ن له زمانی کوردی‌دا زۆر به‌جێیه و ئاخێورانی زمانه بۆ هه‌ڵاواردنی ئه‌و توێژه که‌سه له باش و خاس، وشه‌یه‌کی فه‌رهه‌نگی ره‌سه‌ن و کاریگه‌رییان هه‌ڵبژاردوه، که ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین جگه له واتا میتافۆرییه‌که‌ی، که سه‌رله‌به‌ره خۆنان و گوێ له‌مستی و پاشکۆیه‌تی که‌سێکی غه‌یره خۆ ده‌بینێ، ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه بۆ مانا فه‌رهه‌نگییه‌که‌ی. ئه‌م زاراوه‌ی جاش و دواتر جاشایه‌تی بێ کاریگه‌ر نه‌بووه له‌سه‌ر ده‌روونیی ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌و پیشه ناماقووڵه‌یان ره‌وچاو کردوه. ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ک وتمان که‌س و لایه‌نێک ناتوانێ ده‌سکاریی باری ده‌روونی قسه‌که‌ر بکا، هه‌تا ئه‌م زاراوه‌یه له هه‌ست و نه‌ستی کۆمه‌ڵگه بسڕێته‌وه، چونکی به‌کار هێنه‌ر ده‌بێ له بواری ده‌روونناسییه‌وه وه‌گری ئه‌و وشه‌یه بێ، به‌ر له هه‌موو شتێک راحه‌ت بێ ده‌گه‌ڵ ئه‌و وشه‌یه‌ی به‌کاری ده‌هێنێ، بۆیه گۆڕێنی وشه شه‌پۆلێکی ده‌روونی گشتی کاریگه‌ریی ده‌کاته سه‌ر، هه‌تا کاریگه‌ریی تاک و گرووپێک. به‌ڵام ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌روه‌ک ئاماژه‌مان کرد، هه‌ر چین و گرووپێکیش ده‌توانی خاوه‌ن شێواز و زاری خۆی بێ. له پێناوه‌دا که‌سانی ئیلیت و دیاری کۆمه‌ڵگه که وه‌ک رێنوێنێک پێشگه‌نگن، روونکه‌ره‌وه‌ی رێگه‌ی تاریک و هه‌وراز و نشێوی پێشڤه‌چوون، به‌دڵنیاییه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن شیوازێکی ئاخاڤتنی کاریگه‌رتر به‌کار بێنن، له پێناو ئاکام و ده‌رکه‌وتی روونتر و ئاراسته‌کراو. کاتێک ئیلیتێکی دیاری کۆمه‌ڵگه خۆی له به‌کارهێنانی زاراوه‌ی جاش ده‌بوێرێ، به مانای ئه‌وه‌یه نیه له هه‌ست و نه‌ستی ئه‌ودا قه‌باحه‌ت و دزێوی ئه‌م دیارده‌یه که‌مڕه‌نگ بووه‌ته‌وه یان به چاوێکی دیکه‌وه لێی ده‌ڕوانێ، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه له ریزی بزووتنه‌وه‌شدا بێ، به‌ڵام ئه‌مه پێوه‌ندیی به به‌کارهێنان و به‌کار نه‌هێنانی وشه‌یه لای که‌سەکە بۆ ده‌رکه‌وتی باشتر، یان کاریگه‌ریی ده‌روونی کارلێهاتووتر له سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی له پره‌نسیپه‌کانی گۆمه‌ڵگه لایان داوه، ئه‌گینا که‌سێک که دیارده‌که به دژی ئه‌و و هاوسه‌نگه‌رانی خوڵقاوه و، زیاتر له هه‌موو که‌سانی کۆمه‌ڵگه زه‌بره‌که‌ی به‌ر ره‌وتی هزری و فیکری ئه‌و که‌وتووه، چۆن ده‌کرێ هه‌روا سووک و ئاسان له تاوان و کاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌کانی ببوورێ و پێشه‌نگ بێ بۆ گۆڕینی رای گشتیش له‌سه‌ر دیاره‌ده‌که. به‌ڵام به بڕوای نووسه‌ر ده‌کرێ ئه‌م چه‌شنه هه‌ڵسوکه‌وته بکرێ به قه‌بیحتر نیشاندانی دیارده‌که، ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وتارێکی نوێتر له‌م بواره‌دا بخرێته گه‌ڕ. ئه‌گینا به‌خشین و لێبووردن له کارێکی به‌م شێوه دزێو و ناحه‌ز نه کاری که‌سێکه و نه‌کاری گرووپێک، به‌ڵکوو قانوون و دامه‌زراوی ده‌وڵه‌تی و دواجاریش گه‌ل ده‌بێ بڕیاری وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه بده‌ن به هه‌ر هۆکارێک تێکه‌ڵ به‌م دیارده نگریسه بووون. دواجار پێویسته گۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و بزاڤی کوردی له‌و هه‌نووکه ساته‌دا، که هێزی مرۆیی و پوتانسیه‌لی گه‌ل له به‌رانبه‌ر دوژمنان‌دا، ده‌توانێ له تاکێکه‌وه هه‌تا کۆمه‌ڵێک؛ ده‌وری خۆی هه‌بێ، ده‌بێ هۆکار و فاکته‌کانی په‌ره‌سه‌ندن و لاوازکردنی ئه‌م دیارده بکۆڵێ و رێگه‌ی بنه‌بڕ و چاره‌سه‌ی دیاره‌ده‌که بدۆزێته‌وه، نه‌ک (طرد)ی هه‌رچی زیاتری که‌سانێکی زۆری کۆمه‌ڵگه که به هۆکاری جۆراوجۆر تێکه‌ڵ به دیارده‌که بووون. پێشینانی ئێمه له پێناو قه‌شقه نیشاندانی ئه‌م که‌سانه‌ی که پشت له کۆمه‌ڵگه و گه‌لی خۆیان ده‌که‌ن، به جۆرێکی جوان و ناسک، وشه‌یه‌کی ره‌ق و به‌بڕشتیان به سه‌ردا بڕیون، پێویسته هزری هه‌نووکه‌یی کۆمه‌ڵگه‌ش ده‌گه‌ڵ پاراستنی روانگه‌ی باب و باپیرانمان سه‌باره‌ت به‌و دیارده‌یه، له پێناو گه‌راندنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی هه‌موو پرده‌کانی پشت سه‌ر خۆیان نه‌ڕووخاندوه، به گوتار و دیسکۆرسێکی نوێ هه‌نگاو بێنێ.
لە ژماره ٦٥٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه