*گەرێت نادا
و لە ئینگلیزییەوە: نەوید قادری
پاش ڕووخانی ڕێژیمی سەددام حوسێن بەدەست هاوپەیمانییەتی بە ڕێبەریی ئەمریکا لە ساڵی 2003، ئیران وەک کاریگەرترین ئەکتەری دەرەکی له عێراقدا دەرکەوت. زۆربەی دانیشتووانی ئێران و عێراق شیعەن و پەیوەندیی هاوبەشی کولتوری و ئایینی لە ماوەی چەند سەدەدا، هەروەها سنورێکی هاوبەشیان بە درێژایی نۆسەد «مایل» ئەو دوو وڵاتەی لێک گرێ داوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لەڕووی سیاسی، ئهمنییهت و ئابوورییەوە، لە بەرژەوەندی خۆیدا کەڵکی لەو پەیوەندییە هاوبەشانە وەرگرتووە. ئێران به مهبهستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لهگەڵ عێراق، لهسهر سێ هێڵی سهرهکی ڕۆیشتووه:
سهرهتا، داگیرکردنی عێراق له ساڵی ٢٠٠٣ لهلایهن ئەمریکاوە، که به پێی باوهڕی مایکل ئایزنشتات؛ ئهمه دهرفهتێکی مێژوویی له پێش ئێران دانا تا وێرای دزهکردنه نێو عێراق، ئهو وڵاته له دوژمنێکهوه بکاته هاوبهش و ههروهها هاوپهیمانێک بۆ خۆی. ئێران و عێراق لهنێوان ساڵهکانی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨ شهڕێکی خوێناوییان لەگەڵ یەکتر بوو که زیاتر له یهک میلیۆن قوربانیی لێ کهوتهوه. تاران به پهندوهرگرتن لهم ئهزموونه، ههوڵی داوه که بهغدا ئیتر هیچ کات نەبێتەوە مهترسی بۆ سەر ئێران.
هێڵی دووهەم؛ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 1201 لە عێراق بوو. نوری ئهلمالیکی، سەرۆک وەزیرانی_ ئەوکاتی_ عێراق کە هاوکات لەلایەن ئێران و هەروەها ئەمریکاشەوە پشتیوانیی لێ دەکرا، لە بۆشایی ئهمنیهتیی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە مەبەستی هێرشکردن بۆ سەر ڕێبەرانی سووننە مەزەب کەڵکی وەرگرت و سووننەکان لە دەسەڵاتی سیاسی و ناوچهکهشیان له پهرهسهندن بێبەش کران و پەراوێز خران. قووڵبوونەوەی ئەو دوورکەتنەوەیە سازبوونی شەپۆلێکی نوێ لە توونداژۆیی لێ کەوتەوە.
هێڵی سێیەم؛ سەرهەڵدانی داعش لە ساڵی 2014 بوو. تاران _لەوکاتەدا_ بە پیل بەغداوە هات و هەوڵی دا لەڕێگەی ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنی میلیشیا شیعە کۆن و نوێیەکان، هێزێکی سەربازی تۆکمە ساز بکا.
وشیار زێباری، وەزیری دەرەوە و هەروەها دارایی عێراق کە لە ساڵی 2016 لە پۆستەکەی دوور خرایەوە، پێی وایە: «کاریگەریی ئێران هەروا بەردەوامە». زێباری لە ساڵی 2017 و لە چاوپێکەوتن لە گەڵ نیۆیۆڕکتایمز ئاماژەی بەوە کردبوو کە تەنیا هۆکاری دوورخستنەوەی ئەو لە پۆستەکەی، گومانی ئێران لە پەیوەندیی ئەو لەگەڵ ئەمریکا بوو.
لە ساڵی 2014 بەملاوە، کاربەدەستانی ئێرانی کۆمەڵێک بانگەشەی هاندەرانەیان سەبارەت بە کاریگەرییان لەسەر دراوسێ ڕۆژئاواییەکەیان وروژاندووە. عەلیڕەزا زاکانی (لە نوێنەرانی پاوانخوازی پێشووی پەرلەمانی ئێران) گوتبووی کە پێتەختی چوار وڵاتی عەڕەبی -بەغدا، بەیڕووت، دەمشق، و سەنعا_ لە ژێر دەسەڵاتدارهتیی ئێران دان. عەلی یونسی، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری ئێران و هەروەها وەزیری ئیتلاعاتی پێشوو _لە کابینەی دەوڵەتی خاتەمی_ لەسەر ئەو باوەڕەیە «دهستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراقدا تەنیا بهند نییه به کەرتی کولتوری». لە وتارێکدا لە ساڵی 2015، ناوبراو چەمکی «ئێرانی گەوەرە»ی وروژاند و عێراقی وەک «ناوەندی قورسایی میرات، کولتور و شۆناسی ئێرانی» ناو برد. دیاره بۆچوونهکانی یۆنسی هاوکات لەلایەن سیاسهتمهداره عێراقی و ئێرانییهکان کهوته بهر پهلاماری ڕەخنە؛ هەڵبەت، زۆربەی ڕەخنەگرانی ئێرانی، ئەو ڕوانینەیان به بهڵگهیهک و وەک شایەتیدانێک لەسەر ئاشکرابوونی ئامانجی فرەخوازانەی ئێران ناو دهبرد و پێیان باش نهبوو قسهی لێ بکرێ.
بازرگانی و ئابووری
محەمەد ڕەزازادە، نێردراوی بازرگانیی ئێران بۆ عێراق لە دێسامبەری 2017 ئاماژەی بەوە کردبوو کە «هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە ماوهی یەک دەیەی ڕابردوودا 34 هێندە زیادی کردووە». وەحید گەچی، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی سوماریش لە 2017دا ڕایگەیاندبوو: «عێراق جیا لە نەوت، بۆ هەموو شتێک چاولەدەستی ئێرانە». زۆرترین هەناردەی ئێران بۆ عێڕاق بریتین له: خواردەمەنی، سوتەمەنیی ئاوەکی، پێترۆشیمی، کەرەستەی بیناسازی، کەلوپەلی نێوماڵ، و ئۆتۆمبێل.
لە چوار ساڵی ڕابردوو (2014-2018)، ئێران، چین و تورکیه نیزیکترین شەریکەکانی بازرگانی عێراق بوون، هەڵبەت پێگەی هەر یەکەیان بگۆڕ و جیاواز بووە. بۆ نموونە، لە ساڵی 2016 دا، تورکیه 22 لەسەدی بازرگانی دەرەکیی عێراقی بۆ خۆی تەرخان کردبوو، لە کاتێکدا کە چین بە 20 لەسەد و ئێران 16 لەسەد، دوابەدوای ئەم وڵاتە ڕاوەستابوون. ئێران دوای چین، دووهەمین ههناردهکهری کاڵای غهیره نهوتی بۆ عێڕاقه. ناسر بێهزاد، نێردراوی بازرگانیی ئێران، لە مارسی 2018دا گوتبووی کە «ڕێژەی بازرگانی ساڵانەی نێوان عێراق و ئێران شتێک لە نیوان 5/6 بۆ 7 میلیارد دۆلارە، کە ئەگەر بەشەکانی تری وەک نەوت، گاز، گەشتوگوزاری ئایینی، و خزمەتگوزاریی ئەندازیاریشی پیوە زیاد بکەین، ئەو ڕێژەیە لە 12 میلیارد دۆلار تێ دهپهڕێ.
سیاسەت
ئێران پەیوەندیی زۆر نزیکی لەگەڵ زۆربەی سیاسەتمەدارە شیعەکانی عێراق _کە بەشی زۆریان لە سەرەتاکانی دەیەی 1980 و لەماوەی شەڕی ئێران و عێراق پەنایان بۆ ئێران بردبوو_ هەیە. ئەوان، ئەودەم بە هیوای وەدەستهێنانی پشتگیری بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێژیمی _حوکمهتی سوننهی_ سەددام حوسێن بوون. ئەوان بریتی بوون لە:
ــ مەجلیسی باڵای ئیسلامیی عێراق که حیزبێکی سیاسییە و لە ساڵی 1982 و لهسهر دەستی کەسانێکی دوورخراوە دامەزرابوو. بنکەی ئەو حیزبە دوای ڕووخانی سەددام لە 2003 گوازرایەوە بۆ عێراق و لهو کاتهوه ژمارهیهکی بهرچاو له کورسییهکانی پاڕلمان لهبهر دهستی ئهم حیزبه دایه
ــ رێکخراوی بەدر، کە لە لقی سەربازیی مهجلیسی باڵای ئیسلامی بوون و ساڵی 2012 لە ڕێکخراوە سەرەکییەکەیان دابڕان. ئەو ڕێکخراوە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ تاران هەیە. دوای ههڵبژاردنهکانی ساڵی 2014 سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر بوو بە وەزیری گواستنەوە و یەکێکی دی لە ئەندامانی ڕێکخراوەکەیان دواتر بوو بە وەزیری نێوخۆ.
ــ حیزبی «الدعوة» کە لە دەیەی 1980 بۆ ئێران دورخرابووەوە. ئەو حیزبە ساڵی 2003 گەڕایەوە پانتایی سیاسەت. دوو سەرۆک وەزیر، نوری ئهلمالیکی و حەیدەر ئهلعەبادی لە ئەندامانی ئەم حیزبەن.
ــ موقتەدا سەدر، کەسایەتیی ئایینی ناسراوی شیعە، پەیوەندییەکی پڕ لە هەوراز و نشێو (جار دۆستانە و جار پڕکێشە)ی لەگەڵ تاران هەبووە. میلیشیاکانی سەدر – سپای بەدناوی مەهدی- لە دەیەی 2000 و بە پشتیوانیی ئێران، هاوکات لە دژی هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزە ئێراقییەکانیش شەڕیان دەکرد. موقتەدا سەدر لە ساڵی 2007 ڕای کرده ئێران و دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق خۆی لە ئێران بە دور گرت و ئهمجارهیان وەک ناسیۆنالیستێک دهرکهوت. بە گشتی (سەدر) پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئێران نەپچڕاندوه.
بەگشتی، ئێران لە ڕێگای دزهکردنه نێو ئهم گرووپانە و لایەنە دەسەڵاتدارەکان هەڵوێستی دۆستانەی بەغدای بە نیسبەت خۆی مسۆگەر کردووە. قاسم سولەیمانی، فەرماندەی لقی قودسی سوپای پاسداران، لە دانووستاندنە سیاسییەکانیشدا هەروەک ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕۆڵێکی چارەنووسسازی گێڕاوە. هەڵبەت سەرجەم شیعەکانی عێراقیش لەگەڵ ئێران هاودەنگ نین. بریکاری سەرۆککۆماری عێراق، ئەیاد عەلاوی، یەکێک لە ناسراوترین دژبەرانی دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری عێراقدا بووە. عەلاوی لە ساڵی 2017 بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی گوتبوو: ئێران تەنانەت دەستێوەردان لە پرۆسەی بڕیاردانی خەڵکی عێراقیشدا دەکا… ئیمە دژی هەڵبژاردنێکین کە بنگەیەکی تایفیی هەبێ.. «ئیمە خوازیاری پڕۆسەیەکی سیاسیی گشتگیرین… ئیمە هیوادارین عێراقییەکان بۆخۆیان و بەبێ دەستێوەردانی هیچ هێزێکی دەرەکی هەڵبژێرن».
لە دەیەی 2000دا ئێران پاڵپشتی لە کۆمهڵێک میلیشیای وەک: سوپای مەهدی و لقوپۆپەکانی، و ڕێکخراوی بەدر کە هێزەکانی ئەمریکی و هاوپەیمانییان دەکردە ئامانج، دەکرد. ئەم سیناریۆیە، دووپاتکردنەوەی مۆدێلی حیزبوڵڵا (ڕاهێنان، پڕچەککردن، و پاڵپشتی دارایی میلیشیاکانی لۆکاڵی سەر بە ئێران) لە عێراق بوو. هەر لە نێو ئەم گروپانەدا، عەسایب ئەهلی حەق، لە ساڵی 2006 و بە پاڵپشتیی سوپای پاسداران دامەزرا. ئەم گرووپە، بوو بە یەکێک لە بەهێزترین میلیشیاکان و لە ساڵی 2011 ڕا لە پانتایی سیاسەتیشدا دەستی بە چالاکی کرد. هەنووکە، عەسایب ژمارەیەک نووسینگەی سیاسی، کلینیکی دەرمانی و قوتابخانەی ئایینی لە عێراق بەڕێوە دەبەن.
لە ساڵی 2014، کۆمەڵێک لە میلیشیا کۆن و نوێیەکان لە ژێر ناوی حەشدی شەعبی لە دەوری یەکتر کۆ بوونەوە. لە سەرەتاکانی 2018، ژمارهی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە نێوان 100000 تا150000 چهکداری سەر بە زێدەتر لە 60 تیپ مەزەندە دەکرا. لەم بەینەدا، ئەگەرچی حەشدی شەعبی چووە ژێر فەرمانی نووسینگەی سەرۆکوەزیرەوە، بەڵام زۆربەی میلیشیا شیعەکان بە دوای بەرژەوەندیی خۆیاندا بوون و لە هاوکاریی نزیک لەگەڵ سوپای پاسداران بەردەوام بوون. هەروەها بەشێک لەو گرووپانە وەفاداری خۆیان بۆ ڕێبەری ئێران، ئایەتوڵڵا خامەنەیی دەربڕیوه.
بە گشتی، پێواژۆیەکان باس لە هەڵکشانی نیگەرانیی سوننەکان لە نێوەرۆکی فیرقەیی میلیشیا (شیعەکان) و وەفاداریی ئەوان بۆ تاران دەکەن. لە 2016، ڕەعد دەهلەکیی، پەرلەمانتاری سوننە، لە مەڕ ئەوەی کە حەشدی شەعبی ئەو پۆتانسیێلەی هەیە کە ببێتە هێزێکی وەک سوپای پاسدارانی ئێران، هۆشداری دابوو. سەرەڕای ئەمە، ئەم میلیشیایانەی کە ئێران پشتیوانیان دەکا لە پانتایی سیاسیشدا رۆڵ دەگێڕن.
گرێدراوییە ئایینییەکان
ساڵانە، سەدان هەزار زیارەتکهری ئێرانیی ڕوو لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعەکان لە نەجەف، کەربەلا، و سامەڕا دەکەن لە پاییزی 2017دا زیاتر لە دوو میلیۆن ئێرانی بۆ ئەڕبەعین ڕوویان لە عێراق کرد. (بۆنهیهکی ئایینی بۆ وەبیرهێنانەوەی تێپەڕبوونی چل ڕۆژ لە ماتەمینی بۆ شەهیدبوونی ئیمام حوسێن- لە شەڕی کەربەلا لە ساڵی _680). هەروەها، ئێران، وەبەرهێنانێکی زۆری لەڕووی دابینکردنی ئیمکاناتی گەشتوگوزار و ژێرخان بۆ زیارەتکهران کردووە. دەگوترێ کە لە ساڵی 2014دا قاسم سولەیمانی فەرمانی لێدانی ڕێگایهکی لە پارێزگای دیالە دا، کە ڕێگای بۆ ئەو زیارەتکارانە کە دەیانویست بەرەو مزگەوتی گومبەزی زێڕین (مەرقەدی دوو ئیمامی شیعەکان) بڕۆن نزیکتر دەکردەوە.
هەڵبەت، کاریگەریی ئێران لەڕووی ئایینیەوە لە عێراق لەلایان مەکتەبە هزرییە ڕکابەرەکانەوە (شیعە) توشی ئاستەنگ بووە. هێدیترین مامۆستا ئایینیەکانی شاری پیرۆزی نەجەف بە گشتی خۆیان لە سیاسەتی پارتیزانی بە دوور گرتووە. دیارترینی ئەوان ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی (هەشتا ساڵە) بە میلێونان پەیڕەو لە سەراسەری جیهان، لە لایەنگرانی دێموکراسییه لە عێراقدا. بە گشتی، ئێران لە پەرەپێدانی مۆدێلی خۆی کە حکومەتی مەلاکانە، لە عێراق، سەرکەوتوو نەبووە و زۆربەی لایەنگرانی مۆدێلی ئێران، میلیشیاکانن. ڕێبەری حرکةالحزب اللە النجباء، شێخ ئەکرەم ئەلکەعبی، گوتوویەتی: ئەگەر ڕێبەری باڵا عەلی خامنەیی رووخانی حکومەتی عێراق بە ئەرکێکی شەرعی بزانێ، لە ڕووخاندنی سڵ ناکەمەوە.
کولتور و میدیا
لە ساڵی 2003دا ئێران، کەناڵی «ئەلعالەم»_کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی 24 کاتژمێری بە زمانی عەرەبی کە هەواڵەکانی هەڵگری ڕوانگەی ئێرانە_ی بە مەبەستی گۆڕینی ڕوانگەی سیاسی (عێراقییەکان) دامەزراند. بۆ ئەو مەبەستە، ئێران وهشاندەرێکی وشکانیی لە نیزیک سنوور دانا بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن بەبێ سێڵەی سەتەلایت کەڵکی لێ وەربگرن. بەو پێیە، ئەو کەناڵە یەکێک لە یەکەمین کەناڵەکان بوو کە پاش ڕووخانی رێژێمی سەددام عێراقیەکان لێی بەهرەمەند بوون. ئەنستیتۆی میدیایی دەوڵەتی ئێران (دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی)، ئەو وێستگەی بۆ دڵنیابوون لە گونجاوبوونی ناوەرۆکی ئەو (پرۆگرامانە) لەگەڵ ڕوانگەی ڕێژیم بە نیسبەت بە گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکان بەڕێوە دەبا. دەگوترێ کە وێستگەی تەلەفیزیۆنی دیکهش بە پارەی ئێران و بە ئامانجی پێشاندانی ئێران وەک پشتیوانیی عێراق دامەزراون.
***
* گەرێت نادا بەڕێوەبەڕی ماڵپەڕی «ئێرانی کەون» و ئیسلامگەرایەکان لە ئەنستیتۆی ئاشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانە
لە ژمارەی ٧٣٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)