ئاماژەکان پێمان ده‌ڵێن ئێران بەرەو گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی دەچێ، بناغەکانی سەقامگیریی کۆماری ئیسلامی تەواو لەرزۆک بوون، سیستمی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی تووشی قەیران بوون، گەندەڵی بڕستی لە هەموو داموده‌زگاكانی ئێران بڕیوه و سامانی ئەو وڵاتە لەلایەن گروپێکی بەرژەوەندیخوازی دەسەڵاتدار بە تاڵان دەبرێ، کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی هێزی مانۆڕی له فراوانخوازییه‌كانی ڕێژیم بڕیوه و… کۆمەڵێک ئاماژەی دیکە سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن ئەو سیستەمە چیتر توانای مانەوەی نییە بەم شێوەیە.ئه‌وه شڕۆڤه و بۆچوونی به‌شێكی زۆر له چاودێرانی سیاسییه له‌سه‌ر بارودۆخی ئه‌و ڕۆژانه‌ی ئێران.
ئه‌گه‌ر ئه‌و خوێندنه‌وانه ڕاست بن، چاره‌نووسی سیسته‌م له دوو حاڵه‌ت به‌ده‌ر نییه: یان ده‌بێ بڕوا یان ده‌بێ گۆڕانكاریی جه‌وهه‌ری له خۆیدا پێك بێنێ.
ئەوەی لێره‌دا مەبەستمە بپڕژێمە سەری، وڵامی ئەو پرسیارەیە کە ئایا لە ئەگەری گۆڕانکاری لە ئێران‌دا کورد دەکەوێتە کوێی هاوکێشەکانەوە؟ دیسان لە سیکلی (شۆڕش_گەشە_نشوست)دا گیر دەخواتەوە، دیسان تەنیا براوەی دەورەی تێپەڕە و دوای سەقامگیربوونی دەسەڵاتی نوێ دەخرێتە پەڕاوێزەوە؟ دیسان له دانوستاندا كورتی ده‌هێنێ و ناتوانێ وه‌ك فاكته‌رێكی كاریگه‌ر له داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی سیاسیی داهاتوودا ده‌ور ببینێ؟ به ده‌ربڕینێكی دیكه دیسان مێژوو بۆ كورد دووباره ده‌بێته‌وه؟
یان به دیوێكی دیكه‌دا چیتر وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك په‌ڕاوێز ناخرێ و ئه‌زموونه‌كانی ڕابردوو، ته‌كوزیی نوێی جیهانی، گرینگیی ژێئۆپۆلیتیكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان وه‌ك هێزێك به‌رامبه‌ر توندئاژۆیی و له ڕاستای ڕه‌وتی هارمۆنیكی تۆلێڕانس و پێكه‌وه‌ژیان و له ئاكامدا زاڵبوونی دیسكۆرسی نه‌ته‌وه‌یی له نێوان هێزه سیاسییه‌كان سه‌ره‌ڕای كۆمه‌ڵێك جیاوازی، ده‌بنه هۆی كۆتاییهێنان به سته‌می نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه؟ كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاواز له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئیعتڕافی پێ ده‌كرێ و مافه‌كانی به یاسا ده‌پارێزرێن؟
ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌و پێش فه‌ڕزه قه‌بووڵ بكه‌ین كه گۆڕانكاری له ئێران‌دا ڕوو ده‌دا و هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر قه‌باره‌ی ئیراده‌ی نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی دژی ئه‌و سیسته‌مه و ئاكار و كرده‌وه‌كانی به هێند وه‌رگرین، ئه‌وا پێویسته گریمانه‌كان به‌و شێوه‌یه بخه‌ینه به‌ر دیدمان:
یه‌كه‌م؛ گۆڕانكاری له ئێران له ڕێگای گوشاری ده‌ره‌وه و ناچاركردنی ڕێبه‌رانی كۆماری ئیسلامی به وازهێنان له سیاسه‌ته ده‌ستێوه‌ردانه‌كانیان له وڵاتانی ناوچه و هه‌روه‌ها تا ڕاده‌یه‌ك كرانه‌وه‌ی فه‌زای سیاسی له ئه‌نجامی گه‌شه‌ی خه‌باتی مه‌ده‌نی پشت ئه‌ستوور به پاشه‌كشه‌ی ده‌سه‌ڵات له ده‌ره‌وه. له‌و سیناریۆیه‌دا سیستمی سیاسی له ئێران‌دا ده‌پارێزرێ، به‌ڵام به په‌ڕ و باڵ شكاوی، و توانای ڕه‌فتاری دیكتاتۆڕییانه و سه‌ره‌ڕۆیه‌كانی به ته‌واوی داده‌به‌زێ. ئه‌وه‌ش ڕاسته‌وخۆ قیت بوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و مافخوازیی توێژه جۆراوجۆره‌كانی كۆمه‌ڵگه گه‌شه ده‌كا. به جۆرێك كه به‌چالشكێشانی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه به‌هێز ده‌كا.
ئه‌گه‌ر سه‌قفی داواكارییه‌كانی خه‌ڵك له ناوه‌ندی ئێران داواكاریی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی بێ، ئه‌وا له كوردستان به پێشینه‌ی خه‌باتگێڕانه‌ی ده‌یان ساڵه و بوونی بزووتنه‌وه‌یه‌كی گشتگیری شوناسخوازانه، ئه‌و ویستخوازییه هه‌نگاوێك له‌وه پێشتر ده‌ڕوا و داوا سیاسییه‌كان ده‌بنه ماكی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سته‌م و چه‌وسانه‌وه. واته خواستی مه‌ده‌نیی خه‌ڵك له كوردستان به شێوه‌ی ئوتوماتیك به‌ره‌و خواستی سیاسی ده‌ڕوا و لێك جیا ناكرێنه‌وه. پوتانسیه‌لی به‌ره‌نگاری له كوردستان چ له شێوه نه‌رمئامێری و چ له شێوه ڕه‌قئامێرییه‌كه‌یدا له قۆناغگه‌لی جیاوازدا و له فۆڕمی جیاوازدا به‌رده‌وام بوونی هه‌بووه و هه‌یه كه ده‌توانێ ببێته ده‌ستمایه‌ی ئیراده‌یه‌كی به‌هێزی مافخوازانه له چوارچێوه‌ی سیسته‌مێكدا كه له‌ژێر فشاری ده‌ره‌كیدا واز له به‌شێك له فراوانخوازییه‌كانی بێنێ.
دووهه‌م؛ گۆڕانكاری له ڕێگه‌ی گۆڕینی ڕژێم و شۆڕشی جه‌ماوه‌ریدا ده‌رفه‌تێكی گونجاو بۆ دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی ئێران و گه‌شه‌ی هزری ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆماڵی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌خوڵقێنێ. له ئه‌گه‌ری ڕوودانی ئه‌و سیناریۆیه‌دا، كورد ده‌توانێ سنووره‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر تۆختر بكاته‌وه و وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی جیاواز خۆی بسه‌پێنێ. بێگومان له وه‌ها دۆخێك‌دا هزری نه‌ته‌وه‌خوازی گه‌شه ده‌كا و هێز و تواناكان به‌ره‌و دامه‌زراندنی كیانێكی كوردی ده‌كه‌وێته گه‌ڕ. دیاره كۆمه‌ڵێك هۆكار له قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌دا ده‌وری كاریگه‌ر ده‌بینن وه‌ك یه‌كگرتوویی هێزه سیاسیه‌كان، مودیریه‌تی ڕووداوه‌كان و ڕێكخستنی جه‌ماوه‌ری له په‌نا دیپلۆماسیه‌كی به‌هێز بۆ ڕه‌واییه‌تدان به مافه‌كانی گه‌لی كورد له كۆڕ و كۆمه‌ڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
له هه‌ر دوو گریمانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا كه ئاماژه‌یان پێكرا، ده‌رفه‌ت و هه‌ڕه‌شه بۆ كورد له په‌نا یه‌كدا بوونیان هه‌یه. واته ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزه‌كاندا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی بكا و به‌رامبه‌ر وازهێنانی ئێران له وڵاتانی ناوچه‌دا، چاو له پرسی مافی مرۆڤ و مافی كه‌مینه‌كان بنووقێنێ، ئه‌وا گریمانه‌ی یه‌كه‌م له ده‌رفه‌ته‌وه ده‌بێته هه‌ڕه‌شه. ئه‌گه‌ریش پرسی فراوانخوازییه‌كانی ڕێژیم و پرسی مافی مرۆڤ وه‌ك پاكێجێك له سه‌ر مێزی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریكا و ئورووپا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێ ئه‌وا ده‌كرێ ببێته ده‌رفه‌تێكی باش بۆ ئه‌وه‌ی كورد له هه‌ناوی گۆڕانكارییه‌كاندا به به‌شێك له مافه‌كانی بگا.
له لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌گه‌ر له ئه‌نجامی شۆڕشێكی جه‌ماوه‌ریدا كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی بێ، ئه‌وا دیسان هه‌م ده‌توانێ ده‌رفه‌ت بێ بۆ كورد و هه‌م ده‌توانێ هه‌ڕشه بێ. جیاوازی له پێناسه‌كردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان له لایه‌ن هێزه سیاسییه‌كانه‌وه، سه‌رهه‌ڵدانی حیزبی سیاسیی كارتۆنیی به‌ستراوه به نه‌یارانی كورد و هه‌روه‌ها سه‌رهه‌ڵدانی فه‌نده‌مێنتالیزمی ئیسلامی و ئیدئۆلۆژیك و نه‌بوونی پڕۆژه‌یه‌كی یه‌كگرتووی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، به‌شێكن له‌و فاكته‌رانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی جیددی دروست ده‌كه‌ن له به‌رده‌م ده‌رفه‌ته گریمانه‌ییه‌كان.
لە ژمارەی ٧٣١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)