ده‌وری نوێی گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران له‌مڕۆڕا ده‌ست پێ ده‌كا. وه‌ك ڕاگه‌یاندراوه گه‌مارۆکان له‌پێشدا که‌رتی ئۆتۆمۆبیل و کانزا، دواتر که‌رتی وزه و مامه‌ڵه بانکییه‌کان ده‌گرێته‌وه تا ئه‌وه که کۆماری ئیسلامی ده‌ره‌تانی ئاسایی مامه‌ڵه‌ی بازرگانی و هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی به ته‌واوی لێ بستێندرێ. به‌و پێیه ئابووریی هه‌رئێستا داڕماوی ئێران له مانگه‌کانی داهاتوودا هێنده‌ی دیکه‌ش خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته له دابینکردنی سه‌ره‌تاییترین پێداویستییه‌کانی ژیانیان ده‌سته‌وه‌ستان ده‌کا. هه‌ر که‌س له خه‌می ژیان و ئاسووده‌یی خه‌ڵکی وڵاته‌که‌یدا بێ، هه‌رگیز ئاره‌زووی دۆخێکی ئاوا ناکا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بێ سه‌باره‌ت به‌م دۆخه لۆمه بکرێ و جه‌زاکه‌ی بدا، ته‌نیا و ته‌نیا کۆماری ئیسلامییه.
ئه‌گه‌ر تا ئێستا وا باو بووه که فشاره نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بۆ سه‌ر کۆماری ئیسلامی وه‌ك کاریگه‌رترین فاکته‌ری دیاریکردنی چاره‌نووسی ئه‌و ڕێژیمه چاو لێ کراوه، ماوه‌یه‌که ئه‌كته‌رێکی دیکه هاتۆته‌وه نێو سه‌حنه‌ی گۆڕانکارییه‌کانی پێوه‌ندیدار به ئێران، ئه‌كته‌رێک که هه‌تا دێ زیاتر باڵا ده‌کا و به‌هێز ده‌بێ، ئه‌کته‌رێک که ئه‌گه‌ر دروست عه‌مه‌ل بکا، قابلییه‌تی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی مشت‌ومڕ و ململانێیی پێوه‌ندیدار به ئاینده‌ی ئه‌و وڵاته‌ی هه‌یه. ئه‌و ئه‌کته‌ره‌ش خه‌ڵکه. نیزیکبوونه‌وه‌ی واده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی گه‌مارۆکان چه‌ند ڕۆژه خه‌ڵکی تاران و زۆر له شاره گه‌وره و گرینگه‌کانی ئێرانی هێناوه‌ته‌وه سه‌ر شه‌قامه‌کان. ئه‌م شه‌پۆله نوێیه له ناڕه‌زایه‌تییه‌کان درێژه‌ی هه‌مان ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌یه که له به‌فرانباری ڕابردوودا به‌دژی حاکمانی گه‌نده‌ڵ و ناکارامه و دژه‌ئازادیی ئێران وه‌ڕێ که‌وتن. ئه‌مجاره‌ش پاڵنه‌ری سه‌ره‌کیی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه، به‌ڵام ڕه‌هه‌ندی سیاسیی تێدا به‌رجه‌سته‌یه. ئه‌مجاره‌ش حه‌ره‌که‌ته‌که، حه‌ره‌که‌تی خه‌ڵکه به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێک بتوانێ ئیدیعای سه‌رکردایه‌تیکردنی بکا. ئه‌مجاره‌ش هێندێک ته‌یفی نێو ڕێژیم ده‌یانه‌وێ ده‌ست بخه‌نه نێوی و بۆ قازانجه جیناحییه‌كانی خۆیان و له نیهایه‌تدا بۆ په‌ڕاندنه‌وه‌ی که‌شتیی نیزام له‌و ئاوه نائارامانه که‌ڵکی لێ وه‌ربگرن، به‌ڵام خه‌ڵک له‌وه وشیارترن که ڕێگه به وه‌ها به‌لاڕێدا بردنێک بده‌ن و به دروستی کۆی ڕێژیمیان به ئامانج گرتووه. ئه‌گه‌رچی بزوتنه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ش به‌شێک له که‌موکوڕییه‌كانی بزوتنه‌وه‌کانی پێشووی تێدایه به‌تایبه‌تی نه‌بوونی نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی ڕوون و سازوکارێکی یه‌كگرتوو بۆ ئاقاربه‌خشین و به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی هه‌ستانی خه‌ڵک، به‌ڵام حه‌ره‌که‌تی ئه‌مجاره له زۆر ڕووه‌وه له حه‌ره‌كه‌ته‌كانی دیکه له پێشتره: بنه‌مای جه‌ماوه‌ریی حه‌ڕه‌كه‌ته‌که فراوانتره و چین و توێژی نوێی کۆمه‌ڵگه‌به‌تایبه‌تی له‌نێو کارمه‌ندان و ژنان و نه‌ته‌وه‌بنده‌سته‌کان به‌شێوه‌یه‌کی دیارتر له پێشوو په‌یوه‌ستی بوون؛ دروشمه‌کان له‌ڕووی سیاسییه‌وه له جاری پێشوو ڕاشکاوترن؛ دیواری ترسی خه‌ڵک زیاتریش شکاوه؛ هێزه‌دژه‌گه‌لییه‌کان له جاری پێشووش زیاتر له سه‌رکوتی به‌ربڵاوی خه‌ڵک دوودڵن؛ سه‌ره‌نجام ئه‌زموون و پێگه‌یشتووییه‌کی زیاتر به شێوازی خۆپێشاندان و خۆپاراستنی خه‌ڵکی ناڕازییه‌وه دیاره و پرده‌کانی پێوه‌ندی له‌نێوان بژارده‌کانی نێوخۆ و ده‌ره‌وه له جاران پته‌وتر و کاراتر دێنه به‌رچاو.
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وە سه‌ر ڕێژیم، ڕاڕایی و دۆشدامان و سه‌رلێشێواوییه‌كی ئاشکرا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه به کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامییه‌وه دیاره. ئه‌وان به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش وه‌ك جاری پێشوو له دوو شت‌دا یه‌كده‌ست و یه‌كگرتوون: بێ کیفایه‌تی له چاره‌سه‌ری کێشه‌كانی وڵات، بێ ئیراده‌یی بۆ بیستنی په‌یامی خه‌ڵک.
ئه‌گه‌ر زۆر له نیشانه‌کانی دۆخی ئێستای ئێران وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی ئاخرین مانگه‌کانی ڕێژیمی شا و دوایین ساڵه‌کانی یه‌کیه‌تیی سۆڤییه‌تن، به‌ڵام هێشتا ڕوون نییه که جووڵه‌ی ئه‌مجاره‌ی خه‌ڵک سه‌رده‌که‌وێ یا نا؟ له‌لایه‌ک درزه‌کان، مه‌وداکان و هۆکاره‌کانی دابه‌شبوون و نایه‌كگرتوویی کۆمه‌ڵگەی سیاسیی ئێران هه‌روا به‌رده‌وامن. له‌لایه‌کی دیکه‌ش، زه‌رفیه‌ت و تواناکانی ڕێژیم چ بۆ سه‌رکوتی خه‌ڵک و یه‌کده‌ستکردنه‌وه‌ی زیاتری ده‌سه‌ڵات له نێوخۆ و چ بۆ سات و سه‌ودا و سازان له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه ئه‌گه‌ر له که‌میشیان دابێ، له‌نێو نه‌چوون. جێگای خۆشحاڵییه که ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی ئێران ئێستا ئیدی بۆته ته‌وه‌رێکی بنه‌ڕه‌تیی گوتاری دیپڵۆماسیی ئه‌مریکا و هێندێک ده‌وڵه‌تی گرینگی ڕۆژئاوایی. به‌ڵام هه‌روه‌ك ڕاگه‌یاندراوه، ئه‌وله‌وییه‌ت و ستراتژیی نێوده‌وڵه‌تی ئێستاش گۆڕینی ڕێژیم نییه و له‌حاڵه‌تێکدا که کۆماری ئیسلامی به‌پێچه‌وانه‌ی مه‌یل و ماهییه‌تی خۆی بۆ ماوه‌یه‌ك و به‌ڕواڵه‌ت مل بۆ گۆڕینی ڕه‌فتاری خۆی ڕابکێشێ، نابێ به‌دووری بزانین که حاڵه‌تێک بێته پێش که ئاجێندای ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵکانی ئێران بۆ چه‌ند ساڵی دیکه‌ش شل بێته‌وه.
بۆ پێشگیری له ڕوودانی وه‌ها سیناریۆیه‌ک، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت ڕێژیمیش نه‌ڕووخێ پاشه‌کشه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ڕێژیم پاشه‌كشه‌ی نێوخۆییشی به‌دوادابێ، پێویسته هه‌موو تاکه‌کان، هه‌موو لایه‌نه‌کان، هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران له نێوخۆ و له ده‌ره‌وه یارمه‌تی به‌وه بکه‌ن که ئه‌و دینامیزمه ئینقلابییه که له‌نێوخۆی ئێران‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه جارێکی دیکه‌دانه‌مرکێته‌وه. ئه‌وه له ئاستی ئێران‌دا موسته‌لزه‌ماتی خۆی هه‌یه که زۆری له‌سه‌ر گوتراوه و ده‌کرێ له شوێنی خۆیدا ئێمه‌ش قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین.
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر خۆمان وه‌ک کوردی ڕۆژهه‌ڵات، کوردستان به‌و ڕابردووه درێژه له پێشه‌نگایه‌تیی خه‌بات به دژی دیکتاتۆڕی له ئێران و به‌و پله‌به‌رزه له ڕێکخستن و وشیاریی سیاسی و مه‌ده‌نی، که‌س له ئێران نابێ ده‌رسی خه‌بات و خۆڕاگریی فێر بکا. به‌و حاڵه‌ش، ئه‌گه‌ر هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌سه‌ریه‌که‌وه چاو لێ بکه‌ین، ده‌بینین که ئه‌م ڕۆژانه چ له به‌ستێنی حیزبه‌کان و چ له به‌ستێنی کۆمه‌ڵگه‌دا بێده‌نگی و بێهه‌ستییه‌ک به‌دی ده‌کرێ که له ئاستی دۆخی سه‌راسه‌ریی ئێران و سێناریۆ و پێشهاته نادیاره‌کانیدا نییه. به‌له‌به‌رچاوگرتنی له‌رز و تای ئه‌م ڕۆژانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران و به هه‌موو ئه‌و هه‌ڕه‌شه و چالێنجانه‌وه که ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له داهاتوودا له زۆر لاوه به‌ره‌وڕووی ده‌بێته‌وه، کاری جیددی و مشووری خێرا بۆ یه‌کخستنی نێوماڵی کورد له ڕۆژهه‌ڵات، بۆ لێدانی جێپه‌نجه‌ی کوردی له‌سه‌ر ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان، بۆ له‌مه‌یداندابوونی ورد و درشتی تاکه‌کانی خه‌ڵک و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کان له هه‌موو به‌ستێنه‌کاندا، سه‌ره‌نجام بۆ ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی هاوبه‌ش و یه‌كگرتووانه‌ی ئاسته‌نگ و ئاله‌نگه‌ره‌کان زه‌رووره‌تێکی وه‌ک ڕۆژ ڕوونه. ده‌زانین که به‌داخه‌وه یه‌كنه‌بوون نه‌خۆشییه‌کی کۆنی کورده، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی هه‌موو لایه‌ک به ئیراده و ته‌وازوعه‌وه چاو له ئه‌رک و ڕیساله‌تی خۆیان بکه‌ن، کاره‌که هێنده‌ش دژوار نییه.
کۆمه‌ڵگه‌ی سیاسیی ئێمه بێگومان ده‌بێ زۆر کار له‌سه‌ر خۆی بکا بۆ ئه‌وه‌ی مێژوو و ناسنامه‌ی خۆی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بێژینگ بدا، بۆ ئه‌وه‌ی درزه‌کانی ده‌روونی خۆی پڕ بکاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ستیاری و ڕوانگه و شێوازه نالێکه‌كان پێکه‌وه ئاشت بکاته‌وه. هاوکات ده‌بێ چ ڕوو به ناوچه و جیهانی ده‌ره‌وه و چ به‌تایبه‌تی ڕوو به ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگەی سیاسیی سه‌رجه‌م ئێران یه‌کده‌ست و یه‌كگرتوو قورسایی هێزی مه‌یدانیی خۆی و تۆکمه‌یی جه‌هانبینیی پێشکه‌وتنخوازانه و شوناسخوازانه‌ی نیشان بدا. به ئه‌زموونێكی تاڵ و هێشتا نادڵخواز که له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و ته‌یفه سیاسییه‌كانی ئێران هه‌مانه، بێگومان کوردستان له‌پێشدا ده‌بێ له فکری خۆی و ئاینده‌ی خۆیدا بێ.
ئێمه پێویسته له‌سه‌ر به‌ستێنی ڕه‌سه‌ن و مێژوویی پرسی کورد که پرسی نه‌ته‌وه‌یه‌کی چل میلیۆنیی دابه‌شکراوه، به گوتارێکی سه‌روه‌ریخوازانه که ڕوو به ده‌ره‌وه‌ی خۆمان متمانه‌به‌خۆ و له ده‌روونی خۆماندا هه‌مه‌لاگیر بێ، به که‌ره‌سه‌ی نوێ و به ڕێکاری سه‌رده‌مییانه، له هه‌موو به‌ستێن و ڕه‌هه‌نده‌کانه‌وه به هه‌نگاوی بچووک و گه‌وره کار بۆ جێخستنی بێگه‌ڕانه‌وه‌ی دیفاکتۆیه‌كی کوردی له ئاینده‌ی ئێران‌دا بکه‌ین. به‌ڵام ئه‌و ده‌ستئاوه‌ڵایی و ئه‌وله‌وییه‌ته که کورد بۆ ئاینده‌ی خۆی له ئێران‌دا ده‌بێ بیکاته پره‌نسیپی کار، نابێ به مانای که‌مته‌رخه‌می و غافڵبوون له حاند ڕووداوه‌کانی سه‌رتاسه‌ری ئێران‌دا بێ. ئه‌وه‌نده‌ی کوردی ڕۆژهه‌ڵات ده‌بێ بۆ ئازادیی خۆی کار بکا، ئه‌وه‌نده‌ش ده‌بێ پشتیوانی له هه‌موو هه‌ناسه‌یه‌کی ئازادیخوازانه له سه‌رتاسه‌ری ئێران‌دا بکا. ڕاسته کاری سیاسی و خه‌باتگێڕی بۆ کورد له ئێران هه‌میشه تێچووی له‌سه‌رتر بووه، ڕاسته کورد نابێ پاشکۆی هیچ ڕه‌وتێکی به‌ناو سه‌رتاسه‌ری له ئێران بێ (به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕه‌وتانه هیچ ئاسۆیه‌کی ڕوون به گه‌لی ئێمه نیشان نه‌ده‌ن)، به‌ڵام پێویسته به ڕێکاری ژیرانه و گونجاو هه‌م پۆتانسیه‌لی جه‌ماوه‌ریی خه‌ڵک له کوردستان زیاتر خۆی بنوێنێ، هه‌م به شێوازی خۆمان تێ بکۆشین ته‌قویه‌تی ئه‌و دینامیزمه ئینقلابی و گۆڕانخوازه بکه‌ین که هه‌رچه‌ند به‌شێوه‌ی په‌رش و بڵاو و ناهاوسان به‌ڵام سه‌رتاسه‌ری ئێرانی گرتۆته‌وه. ئه‌وه به قازانجی کوردستانیشه. که‌وابوو به‌ڵێ بۆ هاوپێوه‌ندی و پشتیوانیی کورد به ڕه‌نگ و روانینی تایبه‌ت به خۆیه‌وه له بزاڤی گۆڕانخوازانه‌ی نێو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران، براڤێک که چیدیکه نابێ خۆی به به‌کارهێنانی زه‌رفیه‌ته‌کانی ژێر حاکمییه‌تی کۆماری ئیسلامییه‌وه خه‌ریک بکا، به‌ڵکوو ده‌بێ کار بۆ کۆتاییهێنان به‌و حاکمییه‌ته بکا.
لە ژمارەی ٧٣١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)