له‌وه‌تی کۆماری ئیسلامیی ئێران جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی ئێرانی بهدسته، قه‌ت ئه‌ونده‌ی ئێستا چییه‌تی و چۆنیه‌تیی ئه‌م نیزامە سیاسییه و هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵگه‌ی وڵات جێی سه‌رنج و وردبوونه‌وه نه‌بووه.
ئه‌وه‌نده‌ی بۆ خەڵک و کۆمه‌ڵگه ده‌گه‌ڕێته‌وه، ده‌بینین که بێ‌کاری، هه‌ژاری، بێهیوایی، قه‌یرانی ئابووری، قه‌یرانی ئاو و ژینگه و ده‌یان قه‌یرانی دیکه که هه‌مووی ده‌ره‌نجامی شێوه‌ی ڕوانین و ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامین؛ بینه‌قاقای ئه‌م وڵاته‌یان گرتووه و کۆمه‌ڵگه‌ی خستووه‌ته به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنێکی سه‌خت، به‌ڵام یه‌کلاکه‌ره‌وه. بێتوانایی دەوڵەت و حکومەتیش لە چارەسەری کێشەکانی خەڵک، یان لە بنەڕەتدا بێبایەخبوونی ئەو کێشە و ئارێشەیانە لای کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئیدی هیچ هیوایەکی بۆ خەڵک، جیا لە هیواداربوون بە تێپەڕین لە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامی نەهێشتۆتەوە. ڕاپرسییە جۆراوجۆرەکان کە لەلایەن ناوەندە جۆربەجۆرەکانەوە دەکرێن لە یەک دەراوێشتەدا پێک دەگەن، ئەویش ئەوەی زیاتر لە سەتا 80ی خەڵکی ئێران دەخوازن ئەم ڕێژیمە نەمێنی.
له‌ولاش کۆماری ئیسلامییه که له‌لایه‌ک به سیاسه‌تی قه‌یرانخوڵقێنیی له‌ناوچه و جیهاندا ئێرانی خستووه‌ته به‌رده‌م تیغی قورسترین سزا و گه‌مارۆ ئابوورییه‌کانی زلهێزێکی وه‌ک ئه‌مریکا؛ له‌نێوخۆی وڵاتیش به گه‌نده‌ڵێی هه‌وسارپچراو و له شووشهکردنی خوێنی خه‌ڵک و تهمابڕاوکردنیان لهئیسلاح و چابوون، هینده‌ی دیکه لە چاوی خەڵک لە نێوخۆ و لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا ته‌ره بوون. ئه‌م بارودۆخه و ئه‌م که‌لێن و لهبهریهکوهستانه کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تی و ده‌سه‌ڵاتیش به‌ره‌و ڕووخانی زووتر پاڵ پێوه‌ده‌نێ، به‌ڵام ئه‌م گۆڕانکارییانه چی ده‌بن و تێپه‌ڕین له کۆماری ئیسلامی و ئاوابوونی خۆری ئه‌م ڕێژیمه چۆن ده‌بێ؟
ئێستاش له‌وانه‌یه ئه‌م بۆچوونه تین و گیانی له‌به‌ردا مابێ که ده‌کرێ له‌ڕێگه‌ی هێزه ئیسلاحخوازهکانهوه قه‌یرانی گۆڕانکارییه‌کان له ئێران‌دا مودیرییه‌ت بکرێن، به‌تایبه‌ت که له‌لایه‌ک ئێستاش بۆچوون و خوێندنه‌وه‌ی زۆر لە وڵاتانی ئورووپا له‌و خانه‌یه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه که له‌نه‌بوونی هێزێکی به‌هێزی جێگره‌وه‌ی تۆکمه و ڕێکخراو لەجێی کۆماری ئیسلامی، تاکه‌هێز که هه‌م توانای ڕێکخستنی خه‌ڵک و هه‌م ئه‌زموونی ئیداره‌کردنی وڵاتیان هه‌بێ هه‌ر ئیسلاحتهڵهبهکانن. ئه‌وان ته‌نانه‌ت ئێستاش به‌و خۆشباوه‌ڕییه‌وه چاوی خۆیان له‌و ڕاستییه ده‌نووقێنن کهئیسلاحتهڵهبهکان و بناژۆخوازه‌کان له حوکمه‌تی کۆماری ئیسلامی‌دا له‌سه‌ر بنه‌ما فیکری و ئیدۆلۆژییه‌کانی سیستم که‌مترین ناکۆکییان له‌گه‌ڵ یه‌کتر هه‌یه. ڕوونە کە ئیسلاحتەڵەبەکان و بناژۆخوازەکان هه‌تا ئێستاش له‌هه‌موو شتێکی جه‌وهه‌ریدا _سیاسه‌تی هێژمۆنیخوازیی ئێران له ناوچه، سیاسه‌ت له به‌رامبه‌ر ئه‌مریکا، به‌رنامه‌ی ئه‌تومی و مووشه‌کی، کێشه‌ی ئیسرائیل و فه‌له‌ستین، پرسی نه‌ته‌وه و جۆراوجۆرییه‌کانی دیکه له‌نێوخۆی وڵات_ ئه‌و دوو قۆڵه‌ی نیزام هینده لێک نیزیکن ئاو نادهڵینن، ئه‌وه‌ی دیکه ده‌مێنێته‌وه سه‌ر شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و شێوه‌ی ڕاییکردن و به‌ڕێوه‌به‌ریی وڵاته؛ ئه‌گینا له هیچ کام له جینایه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی کە دەرحەق بە خەڵکی ئێران کراون و لە هیچ کام لەو قەیرانگەلەی له‌چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا تووشی ئەو وڵاتە کراوە، ئیسلاحته‌ڵه‌به‌کان نه‌ده‌توانن خۆیانی لێ دهراوێن و بێبه‌ری بن؛ نه تا ئێستاش گۆڕانێکیان له‌بابه‌ته مهبدهئییهکاندا تێدا پێک هاتووه. ئەوەی پڕدیارە ئەوەیە کە هه‌ردوولا هه‌موو شتێک ده‌که‌ن له پێناو مانه‌وه‌ی ڕێژیمهکهیاندا و هەموویان دانیشتووی کەشتییەکن کە ئێستا ئیدی بە تەواوی لەقوڕ چەقیوە.
ئێستا ئیدی هەموو دەرهاویشتەکان پێمان دەڵێن کە ئه‌م ڕێژیمهقابلییهتی گۆڕان و چابوونی نییه و ناشیهه‌وێ تۆخ فڕێ بدا، ئه‌و په‌یامه‌ش به زمانێکی ڕوون و ئاشکرا ده‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئێستا یارمه‌تیی مانه‌وه‌ی ڕێژیمی داوه وه‌رنه‌گرتنی ئه‌و په‌یامه‌یه به چه‌ند هۆ. یه‌که‌م؛ له نێو ئه‌وانه که ده‌توانن ده‌وری کاریگه‌ریان هه‌بێ که‌م نین ئه‌وانه‌ی دژبەری سەرەکیی ڕێژیمیشن، بەڵام بهرژوهندییە جەوهەرییەکانیان له مانه‌وه‌ی ڕێژیم دایه. دووهه‌م؛ ئه‌وه‌ی که‌سان و گرووپگه‌لێک هەن که پێیان وایهکێشهی ئێران قووڵتر له کۆماری ئیسلامییه و له ئه‌گه‌ری ڕووخانی ئه‌م ڕێژیمه‌دا بگره ئێرانیش له‌به‌ر یه‌ک هه‌ڵوه‌شێ، یان نیزامێکی سیاسیی به‌ستراوه بێته سه‌رکار و له‌و سۆنگه‌یه‌وه مانه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی‌یان پێ باشتر بووه. هه‌شن ئه‌وانه‌ی تا سه‌ر ئێسقان دژی ئه‌م ڕێژیمه‌ن، به‌ڵام زراویان له شه‌ڕ و شۆڕش و هه‌روه‌ها ئیستیعدادهکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌رکوتی خه‌ڵکی ناڕازی و ڕاپه‌ڕیو چووه؛ هه‌روه‌ها ئه‌و ترسه‌ش کهڕێژیم زیره‌کانه و به‌به‌رنامه له بهسووریه و به‌یه‌مه‌ن و بهعێڕاقبوونی وڵات له ئه‌گه‌ری نه‌مانی کۆماری ئیسلامی‌دا بڵاوی ده‌کاته‌وه، له‌و ئاکامگیرییهدا بێ هۆ نییه. به‌شی زۆری کۆمه‌ڵگه‌ش که ئامارهڕهسمییهکان خۆیان ده‌ڵێن سه‌روو سه‌تا80ی کۆمه‌ڵگه ڕێژیمی ناوێ، به‌پارێزن و چاویان ئاڵتێرناتیڤیکی به‌هێز نابینێ که بچنه پشتی.
له‌و گۆشه‌نیگایه‌شه‌وه که بڕوانین ده‌بینین خاڵی به‌هێزی مانه‌وه‌ی تا ئێستای ڕێژیم، له بێهێزییه‌که‌ی تا ئێستای ئۆپۆزیسیۆندا بووه که له‌ئیستادا خه‌ریکه تۆخ فڕێ ده‌دا و خۆی ڕێک ده‌خاته‌وه. ئه‌وه‌ی له‌و نێوه‌دا گرینگه متمانه‌یه‌کی کاڵوهبووهی خه‌ڵکه به ئۆپۆزیسیونی ده‌ره‌وه‌ی وڵات که به‌رهه‌می چوار ده‌یه کاری به‌به‌رنامه‌ی ژووره فیکری و عه‌مه‌لیاتییه‌کانی ڕێژیمه و؛ ئەم متمانەیە ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه جێی خۆی. ئەوەی ئۆپۆزیسیونی لێبڕاوی ڕێژیم لە ئێستادا دەبێ هەیبێ و بیگرێتە بەر ئەوەیە: گوتاری ڕوون و شه‌ففاف له‌سه‌ر بنه‌مای هزر و ئه‌ندێشه‌ی دێموکرات و ئه‌مرۆیی و، به مهرزبهندییهکی ته‌واو ڕوون له‌گه‌ڵ هه‌موو بنه‌ما فیکرییه‌کانی کۆماری ئیسلامی. له قۆناغی دواتردا یه‌کیه‌تیی به‌کرده‌وه‌ی هه‌موو هێزه شوێندانه‌ره‌کان و یه‌کخستنی وزه‌ی خه‌باتگێری و گۆڕانخوازیی کۆمه‌ڵگه.
له بارودۆخی ئێستادا که هه‌م ناڕه‌زایه‌تییه‌کان و خه‌باتی مه‌ده‌نی له‌نێوخۆی وڵات له په‌ره‌سه‌ندن دان و هه‌م کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاری له‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا و چه‌ند وڵاتێکی ئورووپایی له‌هه‌مبه‌ر ئێران‌دا به‌رچاو ده‌که‌وێ، لایه‌نه سه‌ره‌کییه‌کانی ئۆپۆزیسیونی گۆڕانخواز و ڕاسته‌قینه پێویسته هه‌م ده‌ست ببزێون، هه‌م ده‌ست له کۆمه‌ڵێک بیرکردنه‌وه و سیاسه‌تی پێشوویان هه‌ڵگرن. ئه‌وه‌ی له ئێستادا به‌ری هه‌موو شتێکه، ساغبوونه‌وه له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شه، به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شیش به‌ر له ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی؛ ساغبوونه‌وه له‌سه‌ر مافی وه‌ک یه‌ک و به‌رامبه‌ری هه‌موو پێکهاته نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی و فره‌ییه‌کانی دیکه‌یه له‌گه‌ڵ یه‌کتر، هه‌تا له داهاتوودا سووڕی ههڵهسهرلهنوێ ده‌ست پێ نه‌کاته‌وه.
لە ژمارەی ٧٣٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)