ئه‌و وڵاتانه‌ی که داخراون و به په‌ره‌گرتوویی فه‌رهه‌نگی نه‌گه‌یشتوون، زۆر له مانا کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان لەلایان نه‌ناسراون و ئێستاش وه‌ک جنێو و ناو و ناتۆره به‌کار ده‌برێن. له باره‌ی فێمینیزمیشه‌وه هه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه هه‌یه و زۆر له پیاوان ته‌نانه‌ت ئه‌و پیاوانه‌ی که له ڕۆژئاوا ژیاون، له‌گه‌ڵ فێمینیزم ئاشنا نین، له ڕاستیدا هه‌ڵسووکه‌وتی نەرێنییان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه. ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که نازانن فێمینیزم چیه و هه‌موو لق و پۆپه‌کانی فێمینیزم تێکه‌ڵ ده‌که‌ن و لێکیان جیا ناکه‌نه‌وه. ئه‌و وڵاتانه‌ش که دێموکراسی‌یان تێدا حاکمه، له‌و وڵاتانه‌دا فێمینیزم چۆته نێو سیاسه‌ت و ئابووری و کو‌لتوور و مه‌سه‌له کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه، به شێوه‌یه‌کی گشتی قانوونی بنه‌ڕه‌تیی ئه‌و وڵاتانه، له‌گه‌ڵ میساقه‌کانی مافی مرۆڤدا جیاوازییان زۆرکه‌مه و هه‌موو هاووڵاتیان به ژن و پیاو به‌هه‌ر ڕه‌نگ و ڕه‌گه‌زه و ئایینێکه‌وه به‌رامبه‌ر به قانوون وه‌ک یه‌ک و یه‌کسانن. قانوون له‌و وڵاتانه‌دا وا له‌به‌رچاوده‌گیرێ و وا داده‌ڕێژرێ که هاونیشتمانانی ژن و پیاو یه‌کسانی و به‌رامبه‌ری له‌نێوان خۆیاندا به ته‌واوی هه‌ست پێبکه‌ن. فێمینیزم به مانای به‌رامبه‌ریی مافی ژن و پیاو و دیتنه‌وه‌ی جێگای واقیعیی ژن له کۆمه‌ڵگه‌دایه، سته‌م به ژن ڕه‌وادیتن وه‌ک پێشێلکردنی یاسا و مافه‌کانی مرۆڤ چاوی لێ ده‌کرێ.
قانوونی ئێران و زۆر له وڵاتانی ده‌ورووبه‌رمان زیاتر له سه‌ر ئه‌ساسی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی دانراوه، به‌ڵام ئایا ئه‌و مافانه‌ی که بۆ مرۆڤ له جاڕنامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤدا هاتوون، لە شه‌ریعه‌تی ئیسلامیشدا بێ زیاد و که‌م وهبهرچاوگیراوه؟
دیاره شه‌ریعه‌تی ئیسلام به گشتی باس له مساوات له نێوان مرۆڤه‌کاندا ده‌کا و باس له ته‌بایی و ته‌فاهوم و ته‌وافوق ده‌کا، به‌ڵام ژنان له سه‌ر هێندێک مەسەلە ڕه‌خنه له شه‌ریعه‌تی ئیسلام ده‌گرن، که دیاره ئه‌م ڕه‌خنانه له لایه‌ن زانا دینییه‌کانه‌وه پاساو ده‌درێنه‌وه و ده‌بینین زۆر له مافه‌کانی ژنان له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌تدا ده‌که‌ونه ناته‌بایی.
چه‌ند نموونه‌یه‌ک ئاماژه پێده‌که‌ین که سه‌دان ساڵه له وڵاتانی ئیسلامی‌دا ڕه‌چاو ده‌کرێ، وه‌ک: به‌شه میراتی نێرینه دوو ئه‌وه‌نده‌ی به‌شه میراتی مێیینه‌یه، ته‌ڵاق که لابردنی کۆتی هاوسه‌رییه به له‌قاندنی (خستنی) له لایه‌ن مێرده‌وه، خوێن‌بایی ژن نیوه‌ی خوێن‌بایی پیاوه، دوو ژن به شاهیدێک حیساب ده‌کرێن، فره‌ژنی بۆ پیاو ڕەوایە و… که ئه‌وانه له‌گه‌ڵ فێمینیزم له ناته‌بایی دان. بۆیه زاراوه‌ی فێمینیزمی ئیسلامی که له نێو ئه‌ده‌بیاتی فێمینیستیدا هاتۆته ئاراوه، ڕه‌ت ده‌کرێته‌وه. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له فێمینیزمی ئیسلامی ئه‌وه‌یه که چونکه ژنانی ئێمه موسوڵمانن، ده‌بێ جۆرێکی تایبه‌تی له فێمینیزم و به‌رامبه‌ری و یه‌کسانی بۆ خۆیان وه‌به‌رچاوبگرن، ئه‌وه بابه‌تێکی بێ سه‌مه‌ره. له‌به‌ر ئه‌وه ژنانی یه‌هوودی و بوودایی و مه‌سیحیش ده‌ڵێن ئێمه یه‌هوودی یان بوودایی و مه‌سیحین و ده‌بێ فێمینیزممان به شێوه‌ی خۆمان هه‌بێ و ده‌مانهه‌وێ به جۆرێکی دیکه بژین.
ئارمانه‌کانی فێمینیزم (فێمینیزمی ڕادیکاڵ) له‌گه‌ڵ مه‌زهه‌ب و ئیسلام له ناته‌بایی دایه، به‌ڵام «نه‌وال سه‌عداوی» فێمینیستی ناسراوی میسری له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه که ئاڵوگۆڕه چاکسازییه‌کان له مه‌راجیعی ئیسلامی‌دا ده‌توانێ له خزمه‌ت سوود گه‌یاندن به ژنان که‌ڵکی لێ وه‌ربگیرێ. سته‌می سێ قات له سه‌ر ژنانی عه‌ره‌ب هه‌یه (میللی، چینایه‌تی و جینسی) هۆی سه‌ره‌کیی بوونی ئه‌م سته‌مانه، ئیسلام نیه، به‌ڵکوو پیاوسالارییه که له ڕاده‌ی جیهانی و نه‌ته‌وه‌ییدا هه‌یه و ئه‌وانه هۆی سه‌ره‌کین. له مێژوودا ته‌فسیری جۆراوجۆر له مه‌راجیعی جۆراوجۆری ئیسلامی له‌سه‌ر ژن هاتووه. له حاڵێکدا نابێ ته‌فسیری جۆراوجۆر له ژن بکرێ، له یاسادا ژن ده‌بێ وه‌ک مرۆڤ سه‌یری بکرێ و جێگای شیاوی خۆی بۆ دابنرێ و مادده قانوونییه‌کان ده‌بێ داکۆکی له ژن بکه‌ن، ئه‌وه‌ش کاتێک ده‌کرێ که مادده قانوونییه‌کانی «یاسای بنه‌ڕه‌تی» له‌گه‌ڵ مادده‌کانی مافه‌کانی مرۆڤدا ناته‌با نه‌بن.
فێمینیزم له یاسادا
به گشتی ژنانی چالاک له بواری کێشه‌ی ژن‌دا، هه‌میشه هه‌وڵیان داوه که به حقووق و ئیمتیازاتێک بگه‌ن که پیاوانیش له بواره‌کانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و ئابوورییه‌وه لێی سوودمه‌ند ده‌بن، هه‌روه‌ها ژن ده‌بێ جیاواز نه‌بی له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌که‌ی له کۆمه‌ڵگه‌دا؛ به‌ڵام به داخه‌وه قانوون و شه‌ریعه‌ت له زۆر بواری وه‌ک میرات و ته‌ڵاق و شایه‌تیداندا پشتیوانی له پیاو ده‌کا.
ژنانی فێمینیست له وڵاتانی دواکه‌وتوو به تایبه‌تی له کوردستاندا، ژنانی ڕۆژهەڵات دوای شۆرشی 1357 هه‌موو هه‌وڵیان ئه‌وه بوو قانوون حیمایه‌تیان بکا و ئیزن نه‌درێ که‌سایه‌تیی حقووقیی ژن ژێرپێ بخرێ و بە تایبەت دوای شووکردن نه‌فی بکرێ و بچنه سه‌ر که‌سایه‌تیی پیاوه‌کانیان. ڕاسته ژن به ژیانی هاوبه‌ش پێکهێنان تێکه‌ڵ به پیاو ده‌بێ و یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن، به‌ڵام ژن نابێ له بازاڕی کاردا سه‌ربه‌ستیی خۆی له‌ده‌ست بدا و ده‌بێ لێره‌دا قانوون جێگای شیاوی خۆی بداتێ و ته‌حقیری نه‌کا و ژن بتوانێ سه‌ربه‌ست بێ بۆ کارکردن و بڕیاردان لە ماڵەوە و لە کۆمەڵگه‌دا.
قانوون دیارده‌یه‌که که قابیلی ئاڵوگۆڕه و ئاڵوگۆڕ پێکهێنان له قانوون‌دا ئاسانتره تا گۆڕانکاری له کۆمه‌ڵگه‌دا. ژنان خوازیاری چاکسازی له زۆر له بواره‌کانی یاسا دان. ئه‌وان داوا ده‌که‌ن یاسا پشتیوانی‌یان لێ‌بکا له مافی ته‌ڵاق وه‌رگرتن، قانوون حه‌قی «حضانت» بدا به ژن، نابه‌رامبه‌ری له کاردا نه‌بێ له نێوان ژن و پیاودا ژن وه‌ک جینسی دووهه‌م و زه‌عیف و ده‌سته‌وه‌ستان چاوی لێنه‌کرێ، مافی خۆهه‌ڵبژێران و هه‌ڵبژاردنی هه‌بێ.
ئه‌گه‌ر قانوون پشتی ژن بگرێ و وه‌ک ئینسانێک و له کۆمه‌ڵدا و له هه‌موو بواره‌کاندا بیسه‌پێنێ و وهبهرچاونهگرانی سزابدا، ورده‌ورده ئه‌م قانوونانه ده‌بنه عاده‌ت و خه‌ڵک به ئه‌رکی ده‌زانن وه‌به‌رچاویان ده‌گرن، دیاره ئه‌وه ده‌موده‌ست ناکرێ و زه‌مانی ده‌وێ، به‌ڵام قانوون ده‌توانێ کاریگه‌ری ته‌واوی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه دابنێ، چونکه مرۆڤ له سه‌ریه‌تی قانوون به‌ڕێوه ببا و وه‌به‌رچاوی بگرێ.
ده‌رئه‌نجام :
فێمینیزم وه‌ک دیفاع له مافه‌کانی ژن ڕاستییه‌کی حاشاههڵنهگرتووی دونیای ئه‌مڕۆیه، که نه ده‌توانین له چوارچێوه‌ی جوغرافیایی، فه‌رهه‌نگی و سیاسیی تایبه‌تیدا به‌رته‌سکی بکه‌ینه‌وه و نه ده‌شتوانین وه‌به‌رچاوی نه‌گرین و باسی لێ نه‌که‌ین.
بزووتنه‌وه‌ی فێمینیزم له سه‌رانسه‌ری جیهاندا، وه‌ک هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی به شێوه‌ی نوێ هاتۆته گۆڕێ. ئێستا زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ده‌وڵه‌تان و ڕێکخراوه چه‌په‌کان به تایبه‌ت هێندێک له حیزبه سه‌ره‌کییه‌کان بوونی فێمینیزمیان قبووڵ کردوه و ئه‌م بزووتنه‌وه‌یان وه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ که بۆ وه‌دیهێنانی مافه‌کانی ژن هه‌وڵ ده‌دا، به‌ڕه‌سمی ناسیوه و دانیان پێداناوه.
بزووتنه‌وه‌ی فێمینیزم که‌س نیه نه‌یناسێ و قسه‌ی خۆی له سه‌ر نه‌بێ. بزووتنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌یه و به ئاشکرا و ڕاشکاوی مه‌سه‌له‌کانی ژنان دێنێته گۆڕێ و هه‌موو قاڕه‌کانی جیهانی گرتۆته‌وه.
ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له نێو چه‌پدا له دایک بووه و له وڵاتانی سه‌نعه‌تی و پێشکه‌وتووی ڕۆژئاوا سه‌ری هه‌ڵداوه و ئێستا به‌شێکی زۆری وڵاتانی جیهانی سێهه‌میشی گرتۆته‌وه. به‌ڵام له کوردستاندا ئه‌گه‌ر پێشتر نه‌ناسراو بوو، ئێستا به‌و جۆره‌ی که هه‌یه، ناسراوه، به‌ڵام مخابن لێرە و لەوێ به پێچه‌وانه لێک دراوه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت بێ ئه‌وه‌ی بزانین فێمینیزم چیه، مانا و واتاکه‌ی به هه‌ڵه کوتراوه و زیاتر به واتای ژنسالاری لێک دراوه‌ته‌وه تا به‌م شێوه‌یه پیاوان هان بده‌ن پێشی پێ بگرن و له به‌رامبه‌ریدا ڕاوه‌ستن و دژکرده‌وه نیشان بده‌ن و ته‌نانه‌ت ناو و ناتۆره‌ی غه‌ڵه‌تی به‌سه‌ردا ببڕن. هه‌ڵبه‌ت له‌م باسه‌دا ئیشاره به‌وه کراوه که هه‌ر گرووپێک له فێمینیسته‌کان دیفاع له کێشه‌یه‌ک ده‌که‌ن که مرۆڤ ده‌گرێته‌وه، جا دیاره به‌شێک له‌و فێمینیستانه زۆر توندڕه‌وی ده‌که‌ن یا ئه‌و کێشه‌یه‌ی که به‌شێکیان دیفاعی لێ ده‌که‌ن، ڕه‌نگه لای ئه‌وان ڕه‌وا بێ، به‌ڵام بۆ منی شه‌رقی و به‌تایبه‌تی کورد، سه‌یر بێ. ڕادیکاڵ فیمینیستەکان دەڵێن بۆیە پیاو دەسەڵاتی بەسەر ژن‌دا هەیە چونکە ژن منداڵی دەبێ، ڕێگاچارەی ئەو مەسەلەیە لەوەدا دەدۆزنەوە کە دەوڵەتەکان دەبێ لە فکری لوولەی ئازمایشگا بکەونەوە و منداڵ لەو لولانەدا پێ بگەیەنن، هه‌ر بۆیه من دیفاع له فێمینیزمێک دهکهمەوە که دڕوویه‌ک له قالبی ژنی چه‌وساوه‌ی کورد ده‌ربێنێ، نه ئه‌وه‌ی بۆخۆی ببێته کۆسپ له به‌رده‌م کێشه‌کاندا. پێم خۆشه ئاماژه به‌وه بکه‌م که له‌م ساڵانه‌ی دواییدا هێندێک له ڕووناکبیرانی ژن و پیاو، چ له ده‌ره‌وه و چ له نێوخۆی کوردستان، زۆر هه‌نگاوی به‌که‌ڵکیان هه‌ڵ هێناوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی فێمینیزم هه‌ڵسه‌نگێنن و به‌وجۆره‌ی که هه‌یه و کار و چالاکی ده‌نوێنێ، پێناسه‌ی بکه‌ن. به‌ڵام له‌وجۆره که‌سانه‌ش هه‌بوون بێئه‌وه‌ی بچنه قووڵایی فێمینیزمه‌وه، له دژی ڕاوه‌ستاون و به شێوه‌ی جۆراوجۆر له سه‌ریان نووسیوه و ڕوومایه‌کی دزێو و نائینسانییان داوه‌ته پاڵ ئه‌م دیارده‌یه.
فێمینیزم له وڵاتانی دواکه‌توودا به‌وجۆره‌ی ویستوویانه، لێکیان داوه‌ته‌وه و ما‌نایان کردۆته‌وه، به تایبه‌ت له‌و وڵاتانه‌ی که دیکتاتۆڕی حاکمه و یان مه‌زهه‌ب قسه‌ی یه‌که‌م ده‌کا. به بڕوای من فێمینیزم دیارده‌یه‌کی ترسناک نییه که خه‌ڵکی پێ بترسێنن، یا دیارده‌یه‌کی سه‌یر و دزێویش نیه که کۆمه‌ڵ نه‌توانێ ته‌حه‌مولی بکا. ئێمه ئه‌و لایه‌نانه وه‌به‌رچاو ده‌گرین و په‌ره‌ی پێده‌ده‌ین که خزمه‌ت به ژن و به کێشه‌ی ژن بکا یا له خزمه‌ت سه‌رجه‌م مرۆڤدا بێ و بۆ ئاسایش و ته‌بایی و مساوات له کۆمه‌ڵگە و بنه‌ماڵه‌دا هه‌وڵ بدا.
لە ژمارەی ٧٣٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)