وه‌ک له دوو به‌شی پێشووی ئه‌و زنجیره‌باسه‌دا هاتوه، په‌ره‌نه‌سه‌ندنی کوردستان له جوغرافیای سیاسیی ئێران‌دا به‌رهه‌می سیاسه‌تی هه‌ڵاواردن و ڕوانینی ئه‌منیه‌تی بۆ کوردستانه. له‌و نێوه‌دا فه‌ڕق ناکا پێکهاته‌ی پارێزگاکانی کوردستان له ئێران، واته ئیلام، سنه کرماشان و ورمێ چین و شیعه‌ن یان سووننه‌ن؛ به‌ڵکوو کوردستان و کوردبوون به‌گشتی هۆکاری سه‌ره‌کیی ئه‌و په‌راوێزخرانه‌یه که ئامار و داتا ڕه‌سمی و حکومه‌تییه‌کان به باشی ده‌یسه‌لمێنن.
پارێزگای ئیلام که سه‌دی ١١ی هه‌موو پاشکه‌وتی نه‌وت و گازی ئێرانی هه‌یه، له بێبه‌شترین و په‌راوێزخراوترین ناوچه‌کانی ئێرانه. بێ‌کاری و بێده‌ره‌تانیی ژیان له‌و پارێزگا ده‌وڵه‌مه‌نده وای کردوه که لاوانی به‌رده‌وام به‌ره‌و شار و ناوچه سه‌نعه‌تییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان کۆچ بکه‌ن و ده‌یان کێشه و خه‌ساری کۆمه‌ڵایه‌تیی دیکه وه‌ک خۆکوژی، ساڵانێکی زۆره به‌رۆکی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستانی گرتووه.
عه‌لیڕه‌زا ڕه‌مه‌زانی، کارناسی ئابووری له ئیلام ده‌ڵێ تا ئێستا پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی ئابووری له ئیلام وه‌ڕێ نه‌خراوه و چه‌ند کارخانه‌یه‌کی بچووکی وه‌ک پێترۆشیمیی ئیلام، پاڵاوگه‌ی گاز و کارخانه‌ی سیمانی دێهلۆران ناتوانێ وه‌ڵامده‌ری ڕێژه‌ی زۆری بێ‌کاری له‌و پارێزگایه نییه. ئه‌و ده‌ڵێ زیاتر له نیوه‌ی پڕۆژه‌کانی به‌رهه‌مهێن له پارێزگای ئیلام به‌هۆی که‌میی بودجه و نه‌بوونی سه‌رمایه ڕاوه‌ستاون و نه ده‌وڵه‌ت و نه بانکه‌کان که‌س ئاوڕیان لێ ناداته‌وه.
لەهەموو جیهاندا بەندەرەکان و دەروازە سنوورییەکان و ئەو شوێنانەی ترانزیتی گەشتیاری ئایینی دەکەن، پڕداهاتترین و دەوڵەمەندترین شوێنەکانن، لەکاتێکدا بۆ پارێزگای ئیلام ئەوە ڕێک بە پێچەوانەیە. ئیلام هەموو تایبەتمەندییەکی توریستیی تێدایە، ناوچه‌یه‌کی سنوورییه و دوو وڵات کە دەسەڵاتی شیعەیان هەیە و لەیەکتر زۆر نزیکن، لەیەکتر گرێ دەدا. ساڵانە بە میلیۆنان کەس بۆ سەفەری زیارەتی بۆ عێراق بەئیلامدا تێپەر دەبن، بەڵام ئیلام لەڕووی هەژاری و ڕێژەی بێ‌کاری و ئیعتیادی لاوانیدا لە ڕیزەکانی یەکەم دایە.
جگە لەوەش پارێزگای ئیلام و بەدیاریکراوی «مێهران» لەشەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا ببووە قەڵغانی شەڕ، زۆرترین خەڵکی مەدەنی لە ئیلام کوژران و هەتا ئێستاش ئاسەواری شیمیایی و مین و پاشماوەی شەڕ بە شەقام و کۆلان و گوندەکانی پارێزگای ئیلامەوە دیارە، بەڵام هەرگیز لەلایەن بەرپرسانی ئێران ئەو تایبەتمەندییەی لەبەرچاو نەگیراوە و لە ڕیزی بودجەی ساڵانەشدا تەنانەت کەمتر لەمافی خۆی بە بەراورد بەپارێزگاکانی دیکەی بۆ تەرخان دەکرێ. زۆرترین پرۆژەی نیوەچڵ لە ئیلام‌دا هەن، زۆرترین بێکار و گیرۆدەی مادەی هۆشبەر لە ئیلامدان، کەمترین کار بۆ وشیاریی کۆمەڵایەتی و گرنگیدان بە کولتووری کوردی ئەو پارێزگایە دراوە.
ئەحمەد شەوهانی، نوێنەری ئیلام لە مەجلیس ده‌ڵێ ئەم پارێزگایە بە 550 هەزار حەشیمەتەوە زیاتر لە 100 هەزار بێ‌کاری هەیە. بە واتایه‌کی دیکە لە هەر پێنج کەس یەکیان بێکارە. ئه‌و نایشارێته‌وه که سه‌دی 90ی کارگه و یه‌که‌کانی بەرهەمهێنان لە ئیلام له کار وه‌ستاون و تەنیا سه‌دی 10ی ئه‌وان، ئه‌ویش بە کەمترین توانایانەوە کار دەکەن.
محەممەدڕەزا مروارید، پارێزگاری ئیلام ده‌ڵێ که هیچ هەوڵێك بۆ پەرەپێدانی ژێرخانە گەشتیارییەكانی ئەم پارێزگایە نەدراوە و هیچ چەشنە ئیمكاناتێك لە بواری گەشتیاریی له‌م پارێزگایەدا بەدی ناكرێ، بەڵام هیچ كەس و لایەنێكیش لە بەرامبەر ئەم گرفتەدا خۆی بە وڵامدەر نازانێ. قسه‌کانی پارێزگاری ئیلام و گله‌ییه‌کانی له حاڵێک دایه که بۆ خۆی پایه‌به‌رزترین کاربه‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ته له‌و پارێزگایه‌دا.
به‌پێی ئاماره ڕه‌سمییه‌کان له پارێزگای بچووکی ئیلام‌دا زیاتر لە ٣٠ هه‌زار که‌س به ته‌واوی نه‌خوێنده‌وارن.
عه‌لی به‌یرانوه‌ند، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی په‌روه‌رده و بارهێنانی پارێزگای ئیلام ده‌ڵێ ئه‌م پارێزگایه له‌گه‌ڵ که‌میی له ڕاده‌به‌ده‌ری قوتابخانه و پۆله‌کانی خوێندن بۆ خوێندنی ١٠٠ هه‌زار قوتابی به‌ره‌وڕوویه. ناوبراو ده‌ڵێ ستانداردی به‌شدارانی پۆلێکی خوێندن له قۆناغی سه‌ره‌تاییدا ٢٠ که‌س و بۆ قۆناغی ناوه‌ندیش ٢٥ که‌سه، به‌ڵام هه‌موو کلاسه‌کانی خوێندن له ئیلام له قۆناغی سه‌ره‌تایی زیاتر له ٣٠ که‌سیان تێدا جێ کردوونه‌ته‌وه و بۆ قۆناغی ناوه‌ندییش ٣٠ تا ٣٥ که‌س.
چه‌ند وردە ئاماری دیکه باشتر دۆخی په‌ره‌نه‌سه‌ند و په‌راوێزخرانی ئه‌و پارێزگایه‌مان بۆ ده‌رده‌خا:
كارخانەی سمیتی دێهلۆران به یەكێك لە گرینگ‌ترین پرۆژە ئابوورییەكانی پارێزگای ئیلام داده‌نرێ، به‌ڵام نیوه‌چله و به‌هۆی که‌میی بودجه‌وه ته‌واو نه‌کراوه. کاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن بڕی 60 میلیارد تمەن بۆ تەواوكرانی پێویستە که نایدرێتێ.
پڕۆژەی ئاسنەڕێی پارێزگای ئیلام كە چەندین ساڵە قەرارە جێبەجێ بكرێ و هەموو ساڵی بە بیانووی جۆراوجۆر ئەم پڕۆژەیە دوا خراوه، ئێستا ماوه‌یه‌که به ته‌واوی کاره‌کانی ڕاگیراوه.
عەسگەری، جێگری كاروباری ئابووریی پارێزگای ئیلام‌یش لە پێوەندی لەگەڵ ڕێگە و بانەوەكانەوە دەڵێ بوودجەی پێویست بۆ جێبەجێكردنی ئاسنەڕێی شائاباد بۆ ئیلام بڕی 200 تا 300 میلیۆن یۆرۆ هەڵدەگرێ و بۆ ئاسانكارییەكانی دیكەی ته‌واوکردنی ئەم پڕۆژەیە 400 تا 500 میلیارد تمەنی دیكەش پێویستە.
پیترۆشیمیی دێهلۆڕان وه‌ك گرینگ‌ترین پڕۆژه‌ی بواری وزه له ئێران و پارێزگای ئیلام له دوو ده‌وڵه‌تی ڕۆحانیشدا هێشتا چاره‌نووسی ناڕوونه. قه‌راربوو ئه‌م پڕۆژه‌یه 7 ساڵ له‌وه‌پێش ده‌ست پێ‌بكا، به‌ڵام ئێستا پاش ئه‌و هه‌مووه ساڵه هێشتا هه‌ر له‌سه‌ر كاغه‌ز ماوه‌ته‌وه و هیچی بۆ نه‌كراوه.
یاروڵڵا نه‌سیری، سه‌رۆکی رێکخراوی سه‌نعه‌ت، مه‌عده‌ن و بازرگانیی پارێزگای ئیلام ده‌ڵێ له ١٨٣ کارگه و یه‌که‌ی پیشه‌سازیی داخراوی ئه‌و پارێزگایه ته‌نیا ١١٦ یه‌که‌یان ئیمکانی بوژاندنه‌وه‌و وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌یان هه‌یه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌ر نه‌بێ چه‌ند سه‌ت میلیارد تمه‌ن بودجه پێویسته.
کارناسانی بازاڕی کار ده‌ڵێن له ئاستیی گشتیشدا نرخی بێ‌کاری لاوان له پارێزگای ئیلام سه‌روو سه‌دی ٤٤ و له کرماشان له سه‌دی ٤٥ زیاتره.
لە ژمارەی ٧٣٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)