کرماشان یه‌ک له چوار پارێزگاکه‌ی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە له ئێران کە سەرەڕای ئەوەی دانیشتووانەکەی بەشی زۆری شیعەن، بەو حاڵەش ناوچەیەکی پەراوێزخراو و نوقمی دواکەوتوویی ئابوورییه.
دۆخی نالەباری ئابووری و پەرەنهسەندن لە کرماشان دەربڕی ئەو ڕاستییەیە کە پێچەوانەی زۆر بانگەشە، شەڕی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کوردی سووننە نییە و، کۆماری ئیسلامی بە یەک چاو سەیری کورد دەکا، بە شیعە و سوننی یان هه‌ر ئایین و ئاییزایهکی دی. ئەو پێوەرانەش که پەرەسەندن و گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی ناوچەیەک دەردەخەن، هەموو دەیسەلمێنن کە کرماشان بەشێوەی سیستماتیک لە پاشکۆیەتی و پاشکەوتندا ڕاگیراوە.
ناوه‌ندی ئاماری كۆماری ئیسلامیی ئێران له ئاكامی گه‌ڵاڵه‌یه‌كی ئامارگرتنی هێزی كار له زستانی ساڵی 94دا ڕایگه‌یاند كه پارێزگای كرماشان به سه‌دی 24ی نرخی بێ‌کاری، بێكارترین پارێزگا له ئاستی پارێزگاكانی ئێران دایه. کارناسانی سه‌ربه‌خۆی ئابووریش ده‌ڵێن نرخی بێکاریی ڕاسته‌قینه بەتایبەت لە ئێستادا زیاتر له دوو هینده‌ی ئاماره ڕه‌سمییه‌کانه.
کارناسانی ئابووری دەڵێن هۆی تێكڕمانی ژێرخانه‌كانی ئه‌م پارێزگایه بۆ زیانی زۆر و قورسی شه‌ڕی 8 ساڵه‌ی نێوان ئێران و عێراق، سهرمایەدانەنان لە سەردەمی پاش شەڕ، درێژبوونه‌وه‌ی گه‌ڵاڵه‌كانی وه‌ك ئاسنه‌ڕێی كرماشان، خه‌مساردیی ده‌وڵه‌ت لە پێوەندی لەگەڵ گه‌شه‌ی ئه‌م پارێزگایه و زۆریی به‌ڕێوه‌به‌ران و به‌رپرسانی ناخۆجێیی ده‌گه‌ڕێته‌وه و هه‌موو ئه‌نجامه‌كه‌شی ئه‌م بێكاریهیه كه ئێستا له‌م پارێزگایه‌دا خه‌ڵك به ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن.
هۆکارێکی دیکەی ئەو بێکارییە، نیوەچڵ مانەوەی پڕۆژە ئابوورییەکان و پەرەسەندن لەو ناوچەیەی کوردستانە کە لەسەر کاغەز پەسند کراون، بەڵام جێبەجێکردنەکەیان پشتگوێ دەخرێ. تەهمورس ئەلیاسی، سەرۆكی ڕێكخراوی مودیرییەت و پلاندانانی پارێزگای كرماشان وێڕای ئاماژە بە لهسهردهستدا مانه‌وه‌ی 1800 پڕۆژەی نیوەچڵ لەم پارێزگایەدا ده‌ڵێ بۆ تەواوكرانی هەموو ئەم پڕۆژە نیوەچڵانە بڕی 20 میلیارد تمەن بوودجە پێویستە.
چاوەدێرانی سیاسی دەڵێن هەندێ لەو پڕۆژە نیوەچڵانەی پارێزگای کرماشان زیاتر لە 10 سالە دەستیان پێکراوە، بەڵام بەهۆی تەرخاننەکردنی بودجە و پشتگوێخرانیان سەرەڕای تەواوبوونی وادەی پێشوویان تەواو نەکراون.
ڕێگای ئاسنی ڕۆژاوا یەک لەو پڕۆژە نیوەچڵانەی کرماشانە کە زیاتر لە 15 ساڵە دەستی بە کار کردوە، بەڵام ئێستاش سەدا 30 ی کارەکانی نەکراوە و کاربەدەستان دەڵێن بۆ تەواوکردنی بەشی یەکەمی 50 میلیۆن دۆلاری پێویستە.
پاڵاوگەی ئاناهیتا پڕۆژەیەکی دیکەی پارێزگای کرماشانە کە نیزیک بە 17 ساڵە بڕیاری دروستکردنی دراوە، لێدانی ئەو پڕۆژەیە ساڵی 85 لە ئەنجومەنی وەزیراندا پەسند کرا، بەڵام ساڵی دواتر ڕاگیرا. ئەو پڕۆژەیە ساڵی 89 جارێکی دیکەش دەستبەکار بۆوە، بەڵام بۆ جارێکی دیکەش بە هۆکاری ناڕوون ڕاگیراوە و دەستی لێ هەڵگیراوە.
پڕۆژەی «تێلەکابین»ی کرماشانیش یەکێکی دیکە لەو پڕۆژانە بوو کە بە مەبەستی بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری لەو ناوچەیە بڕیاری دروستکردنی درا، بەڵام دوای 15 ساڵ کەس خۆی لێ بە سێحەب ناکا. قاسم جاسمی، نوێنەری كرماشان لە مەجلیسیش دەڵێ سەدی 85ی كۆمەڵە پیشەسازی و بازرگانییەكانی پارێزگای كرماشان وه‌رشکسته بوون و داخراون. جاسمی دەڵی تەنیا سەدی 10 تا سەدی 15ی كۆمەڵە پیشەسازی و بازرگانییەكانی پارێزگای كرماشان خەریكی چالاکین و ئەم یەكە چالاكانەش به زه‌رفییه‌تی سەدی 40 تا سەدا 45ی سەرەكیی خۆیان كار دەكەن.
له مانگی ڕه‌زبه‌ری سالی 90 له کاتی سه‌فه‌ری خامنه‌یی بۆ کرماشان بوودجه‌یه‌کی تایبه‌ت که زیاتر له 800 میلیارد تمه‌ن بوو، بۆ به‌شه جۆراوجۆره‌کاندا بۆ ئه‌م پارێزگایه پەسەند کرا، به‌ڵام ئەوە تەنیا هەر لە چوارچیوەی قسەدا مایەوە و پاش تیپه‌ڕینی 7 ساڵ تا ئێستا ته‌نیا 340 میلیارد تمه‌ن له‌م بوودجه‌یه دابین کراوه و نزیکه‌ی 500 میلیارد تمه‌نی دیکه له‌م ئیعتبارانه‌ی سه‌فه‌ری خامنه‌یی که ده‌وڵه‌ت دابینکردنەکەی لە ئەستۆ گرتبوو، هه‌روا پشتگوێ خراوه و پرۆژه‌کان به نیوه‌چڵی ماونه‌ته‌وه.
جیا لەوە و بەپێی ئامارەكان له ئێستادا و لە ئاستی پارێزگای كرماشان‌دا ٣٠٠ هەزار كەسی نەخوێندەوارن. محەممەدڕەزا بەسامی، جێگری «سەوادئاموزی»ی ئیدارەی فێركردن و پەروەردەی پارێزگای كرماشان ده‌ڵێ بە پێی نوێترین ئامار له ئێستادا پتر له ٣٠٠ هەزار كەس له شار و ناوچه‌کانی ئه‌و پارێزگایه‌دا نەخوێندەوارن كە زیاتر لە ٨٢ هەزار كەسیان لە ئاستی تەمەنیی ١٠ تا ٤٩ ساڵ دان. گرووپی تەمەنیی ١٠ تا ٤٩ ساڵ حەشیمەتی چالاكی كۆمەڵگەن كە بە هۆی نەخوێندەواری ناتوانن ڕۆڵ و کاریگه‌رییان لە سه‌ر ئابووری و گه‌شه‌ی وڵات هەبێ.
لەلایەکی دیکەوە فەزڵوڵڵا ڕەنجبەر، فەرمانداری کرماشان دەڵێ لە ئێستادا ٣٣٠ هەزار کەس لە ناوچە پەراوێزنشینەکانی ئەم گەورەشارەدا دەژین. «کۆچ کردن بۆ شارە گەورەکان» و «بێتوانایی لە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون» لەم شارانەدا، بە هۆکارگەلی پەراوێزنشینی هەژمار دەکرێن. لەو پێوەندییەدا موجتەبا نیک کردار، جێگری پارێزگاری کرماشان دەڵێ لەو پارێزگایەدا سێ هەزار و 152 گوند هەیە، کە تا ئێستا 530 گوندیان چۆڵ کراون.
نموونەیەکی بچووک و قانوونی و سیستماتیک لە پەراوێزخستنی کرماشان و سیاسەتی هەڵاواردنی لەچاو ناوچە غەیرە کوردنشینەکانی ئێران: له حاڵێکدا به‌پێی بڕیاری پێشوو بڕیار بوو ١٦٨ میلیارد تمه‌ن بۆ کارکردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی ڕێگای ئاسنی کرماشان ته‌رخان بکرێ، به‌ڵام ئه‌و پڕۆژه ئابوورییه‌ی کوردستان له‌م دووساڵه‌دا تاق قرانێکی نه‌دراوه‌تێ.
موجته‌با نیککهردار، بریکاری کاروباری ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی پارێزگاری کرماشان له‌گه‌ڵ پشتڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه ده‌ڵێ: بێبه‌شکردنی رێگای ئاسنی کرماشان له بودجه له‌مساڵدا له حاڵێک دایه که 170 میلیارد تمه‌ن بۆ پڕۆژه‌ی ڕێگای ئاسنی قه‌زوین بۆ ڕه‌شت ته‌رخان کراوه و پێیان دراوه.
ئه‌و گوتی بودجه‌ی په‌سندکراو بۆ ڕێگای ئاسنی قه‌زوین_ ره‌شت ٢٤٠ میلیارد تمه‌نه که ئه‌مساڵ ١٧٠ میلیارد تمه‌نی تێکراوه، به‌ڵام تاق یه‌ک قڕان له‌و ١٧٠ میلیارد تمه‌نه‌ی بۆ ڕێگای ئاسنی کرماشان_ مه‌لایر ته‌رخان کراوه، به‌و پارێزگایه نه‌دراوه.
لە ژمارەی ٧٢٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)