عهلی خامنەیی و بەرپرسەكانی دیكەی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی بەردەوام باسی فیتنە و پشێوی و ئاڵۆزی و تێكەولێكە دەكەن و دەڵێن ئێمە وڵاتمان لەو بەڵایانە پاراستووە و ڕێگە بە هیچ كەس نادەین لە وڵاتدا پشێوی بنێتەوە.
ئەو وڵاتە ئەمن و ئەمانەی خامنەیی باسی دەكا و بە خۆڕانانەوە دەڵێ رێگە نادەین كەس تێیدا بشێوی بنێتەوە، با بزانین چ وڵاتێكە و لە چ دۆخێك دایە؟
لە وڵاتە بندەستەكەی خامنەییدا بە چركە نرخی پێداویستییەكانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵك بەرەو ژوور دەكشێ و وای لێ هاتووە خەڵكێكی زۆر تەنانەت توانای كڕینی كیلۆیەك گۆشتیان نەماوە.
نرخی خانووبەرە بەتایبەتی پاش كشانەوەی ئەمریكا لە بەرجام تا ئێستا ئەگەر بە دەستەواژەی خەڵكی شەقامی تاران پێناسەی بكەین، دەڵێن، نرخەكەی سەر لە هەوران دەسوێ و خەریكە لەوەش تێ دەپەڕێ.
وهبهرهێنهران و كارخانە بیانییەكانی دروستكردنی ترۆمبێل لە ئێران كشاونەتەوە و، «ئێران خودڕۆ»ش که برێندی نێوخۆییه ئێستا ترۆمبێلی خۆی ناخاتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی نرخەكەی زۆرتر هەڵكشێ و قازانجی زیاتر بكا.
لە شەقام و لاكۆڵانان مەئموورانی سەر بە ئیتلاعات كوڕ و كچی خەڵك ڕادەگرن و سووكایەتییان پێ دەكەن و لەبەرچاوی خەڵكی شار لێیان دەدەن. ڕۆژ نیه که ههواڵی دهستدرێژی بۆ سهر منداڵان و ژنان له ئێران بندهسهڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو نهبێتهوه.
ئاوی ژێرزەمینیی وڵات تا ئێستا 60%ی بەكار هێنراوە و خەریكە ئیتر ئاوی ژێرزەویی ئێران تەواو دەبێ. دەریاچەی ورمێ ههناسهی لێ بڕاوه و كۆمەڵێك وردە دەریاچە و ڕووباری لای كرماشان ههر وشك بوون.
ههواڵهکان باس لهوه دهکهن که خەڵكی سیستان و بەلووچستان بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی بڵاو كرانەوە، لە مانگی ڕەمەزانەدا بە زمانی بەڕۆژووەوە ناچار بوون گۆشتی پشیلە بخۆن، چونكە هیچ خواردنێكیان دەست نهدهکهوت.
ڕۆژانە لەسەر سنوورەكانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان خەڵكی هەژار و كاسبكار دەدرێنە بەر ڕێژنەی گوللەی پاسدارەكانی خامنەیی، بهڵام لهولا بەرپرسانی رێژیم سەروەت و سامانی میلیارد و سەدملیاردیی خۆیانیان لە ئێران بردووەتە دەرەوە.
خەڵكی ئێران لە نێو زبڵدانەكان بە شوێن بەرماوەی خواردندا دەگەڕێن، كەچی بینیمان ڕێژیم بۆ بەربانگ 350 هەزار فەلەستینیی نان دەدا.
ههر لە سایەی سیاسەتەكانی خامنەیی و سوپای پاسدارانەوە:
ئێستا ئێران وڵاتێكی گۆشەگیركراوی پەراوێزخراوی دنیایە و تەنیا ئەو وڵاتانەی بەدەورەوە ماون، كە دەیدۆشن. لە هەر چوار كەس له ئێران نەفەرێك باری دەروونیی شێواوە و تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە. شەش ملیۆن خەمۆك لە ئێراندا ناویان تۆمار كراوە، كە بە دڵنیاییەوە زۆر لەوە زیاترن. لە هەر چوار زەماوەند، یەكێكیان هەڵوەشاوەتەوە. لە سێ ملیۆن بێوەژن ئەركی بەخێوكردنی خێزانەكەیان لە ئەستۆیە و دوو لەسەر سێی ئەوانە بە سەگمەرگی نان و بژیوی ژیانیان دابین دەكەن. پازدە میلیۆن و دوو سەد هەزار دۆسیەی دادوەری لە دادگاكاندا هەن که هێشتا یەكلا نەكراونەوە. ساڵانە 495666 كەس تووشی زیندان دەبن. ساڵانە 17 هەزار كەس بە رووداوی هاتوچۆ دەمرن. ئاستی تەمەنی لەشفرۆشی هاتووەتە خوار یازدە ساڵ. تازه ئەو ئامارانەی باس كراون، لە ڕۆژنامە و ناوەندە میدیاییەكانی ئێران وەرگیراون و، بە دڵنیاییەوە زۆر كەمتر لەوەن كە لە راستیدا هەن.
ئەو وڵاتەی كە خامنەیی دەڵێ رێگە نادەین پشێویی تێدا بندرێتەوە كوێیە؟ ئەوانەی پشێوی دەنێنەوە كێن؟ ئەو چەند دێڕەی لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا، تەنیا ڕووكەشی نەهامەتی و ژیانی تاڵی ئەو خەڵكەیە بە دەست ئەم ڕێژیمەوە و سەرلەبەریشی بەرهەمی سیاسەتەكانی خامنەیی و ناوهنده سهربازی و ئهمنیهتییهکانی وهک سپای پاسدارانن.
ئەوەی لە ئێراندا سیاسەت دەكا و جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، خامنەی و سوپای پاسدارانی بندەستی ئەو ڕێبەرەی ڕێژیمی ئیسلامییە. باقی ئۆرگانەكانی ڕێژیم هەر كامە و لەلایەكەوە بەو دوو دەسەڵاتەوە گرێ دراونەتەوە. سوپای پاسدارانیش شادەماری ئابووریی ئەو وڵاتەی بەدەستەوەیە و لەو بوودجە زەبەلاحەی كە بۆی تەرخان دەكرێ و لە خێروبێری نەوت و بەندەرگەكان و ناوەندە گەورگەورەكانی بازرگانی و داهاتی ئەو هەمووە پرۆژە و كارخانەیەی لەبەر دەستیەتی، تاقم و گرووپە ئاژاوەگێڕ و خوێنڕێژەكانی دەرەوەی وڵاتیان پێ دابین دەكا و لە سووریه و ئێراق و یەمەن و لوبنان و ئەفغانستان شەڕی بەرژەوەندییەكان سوپا و دەسەڵاتەكەی خامنەییان پێ دەكا.
قسه ئهوهیه که چارەنووسی ئەم ڕێژیمە تەنیا ڕووخانە و خهڵکی ئێران ئهگهر به دوای ئازادیدا دهگهڕێن، دهبێ لهو ڕێژیمه تێپهڕن.
لە ژمارەی ٧٢٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)