ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی جۆزەردان پەرلەمانی کەنەدا پڕۆژەبڕیاری ڕاگرتنی هەموو چەشنە وتووێژێک بۆ گرێدانەوەی پێوەندیی دیپلۆماسیی نێوان کەنەدا و ڕێژیمی ئیسلامیی تارانی پەسند کرد. هەر بە گوێرەی ئەو پڕۆژەبڕیارە سپای پاسدارانی ڕێژیمی تاران خرایە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی دنیاوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان، سەرباری ئەوەی کە ئەو پڕۆژەبڕیارە لە لایەن گارنێت جێنێس، نوێنەری پارێزکاری پەرلەمانی کەنەداوە پێشنیار کرابوو، بەڵام لە لایەن ئەندامانی لیبراڵیشەوە پەسند کرا و دەنگی پێ درا، لەوانە جاستین ترۆدۆ، کە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، ئەوکاتەی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بوو، پاش ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران و وڵاتانی ١+٥ لە ساڵی ١٣٩٤دا، کە ئەم دواییانە سەرکۆماری ئەمریکا لێی هاتەدەرێ، بەڵێنی دابوو پێوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان کەنەدا و ئێران، کە لە ساڵی ١٣٩١ەوە پچڕابوون، ڕێک بخاتەوە.
مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، دەوڵەتی کەنەدا ڕێژیمی ئێرانی بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی دنیا وەسف کرد و باڵیۆزخانەکەی لە تاران داخست. وەزیری کاروباری دەرەوەی کەنەدا ئەوکاتە ڕایگەیاند کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ناڕوونە، هەوەرها ئێران بە ناردنی چەک بۆ سووریە هەڕەشە لە ئەمنیەتی دنیا دەکا و «ڕێژیمی ئێران گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی لە دنیادا».
گارنێت جێنێس بۆ ڕوونکردنەوەی پێشنیارەکەی، لیستێکی دوورودرێژی لەو هۆکارانە خستووەتە ڕوو، کە بە پێی ئەو هۆکارانە پیویستە ڕێژیمی ئێران بە «ئەکتەرێکی ناپەسند»ی پێوەندییە دیپلۆماسییەکان لەقەڵەم بدرێ و دەوڵەتی کەنەدا نەک هەر پێوەندییەکانی لەگەڵ تاران بپچڕێنێ، بگرە هیچ چەشنە وتووێژێکیش لەگەڵ ئەو ڕێژیمەدا نەکا.
گارنێت جێنێس گوتوویەتی: «٨٠ میلیۆن ئێرانی لە نەبوونی ئازادی، دێموکراسی، مافی مرۆڤ و دەسەڵاتی یاسادا ئازار دەچێژن و ئێمە پێویستە لەسەر ئەو بابەتانە بۆ خەڵکی ئێران پێداگری بکەین.»
ڕۆژی هەینی ٢٥ی جۆزەردان مایک پۆمپیو، وەزیری کاروباری دەرەوەی دەوڵەتی ئەمریکا لە تویتێکدا پێشوازیی لەو بڕیارەی پەرلەمانی کەنەدا کردووە کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی تارانی خستووەتە لیستی تیرۆرە.
پۆمپیو لە تویتەکەیدا نووسیویەتی: «ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشوازی لە بڕیارەکەی کەنەدا دەکا، کە بەتوندی ئێرانی مەحکووم کردووە و سپای پاسدارانی خستووەتە لیستی تیرۆریزمەوە، بە هۆی ئەوەی کە ڕێژیمی تاران بەردەوامە لە پشتیوانیکردن لە تیرۆریزم.»
پۆمپیو نووسیویەتی: «گەلانی ئێران لە بەرانبەر ئەو هەنگاوانەی ئەو ڕێژیمە گەندەڵەدا ڕاپەڕیون و ئێمەش پشتیوانییان لێ دەکەین و لە هەموو وڵاتانیش دەخوازین کاربەدەستانی ئێران ناچار بکەن مل بۆ وەڵامدانەوە کەچ بکەن.»
لە بەرانبەر ئەو هەنگاوەی پەرلەمانی کەنەدادا پاسدار ئەبوولفەزل شکارچی، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی تاران بڕیارەکەی پەرلەمانی کەنەدای بە «دنەدەر» وەسف کردووە. وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمیش بۆ ئەو هەنگاوەی کەنەدا پێناخۆشبوونی خۆی دەربڕیوە و گوتویەتی: «ئەوە بە تەواوی بە زیانی کەنەدا دەشکێتەوە.» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمیش داوای لە دەوڵەتی کەنەدا کردووە، نەهێڵن ئەو پڕۆژەبڕیارە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و «بە هەڵەی ستراتیژی» ناوی بردوە، کە «دەرهاویشتەی وێرانکەر»ی لێ دەکەوێتەوە.
ڕێژیمی تاران نەک هەر بە لای گەلانی ئێرانەوە هەموو شەرعییەتی خۆی لەدەست داوە، کە لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێران لە دژی ئەو ڕێژیمە ڕاپەڕین و هەتا ئێستاش ڕۆژانە خۆپێشاندانی ناڕەزایەتیی گرووپە پیشەییەکان و ماڵخوراوان لە لایەن بانکەکانی ڕێژیمەوە و ستەملێکراوانی ئایینی و نەتەوەیی بەردەوامە، خەریکە بەرەبەرە فێڵ و تەڵەکە نیودەوڵەتییەکانیشی دەدۆڕێنێ. جودا لە دەوڵەتی کەنەدا زۆربەی کۆمپانیا گەورەکانی بواری ئابووری و سەرمایەگوزاری و تەنانەت بانکە نێودەوڵەتییەکان و تۆڕی بانکیی نێودەوڵەتیی سویفت و کۆمپانیاکانی فڕۆکەسازی و پاپۆڕەوانیش لە مانگی ڕابردوودا ڕایگەیاندووە، کە هاوکارییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی تاران ڕادەگرن. ئەوەش وای کردووە، کە بە وتەی وەحید شقاقی، پسپۆڕ و مامۆستای ئابووری لە زانستگەی خوارەزمی، کە بۆ هەواڵدەریی «ئیسنا» قسەی کردووە، «لە ٨ مانگی ڕابردوودا، بە هۆی گرانبوونی نرخی دۆلار لە بەرانبەر ڕیاڵی ئێراندا لەسەدا ٨٠ی توانایی دابینکردن و کڕینی پێداویستییەکانی ژیان لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە دابەزیوە.»
ئەو ئابووریزانەی زانستگەی خوارەزمی دابەزینی نرخی پارەی نیشتمانیی ئێرانی بە «شەپڵەی ئابووری» لەقەڵەم داوە و گوتوویەتی: «هەتا ئێستا نیشانە گورچووبڕەکانی لە ئابووریی ئێراندا وەدیار نەکەوتوون» و پێشبینی کردووە: «تا کۆتایی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی نرخی هەڵاوسانی ئابووری لە ئێران ڕێژی لەسەدا ٣٠ تێپەڕ بکا.»
لە ژمارەی ٧٢٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)