لە درێژەی خولی نوێی دانوسانە ئەتۆمییەکەی ئێران و رۆژئاوادا و دوای رێککەوتنە سەرەتاییەکەی لۆزان لە ١٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٤دا، دوو لایەن لەسەر چوارچێوەیەکی گشتی رێککەوتن و رێکەوتی ٣٠ی ژوئەن واتە ١١ی پووشپەڕیان وەک دوادەرفەت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی و ئیمزاکردنی رێککەوتنی ئێران و گرووپی ١+٥ دیاری کرد.
لە ماوی ئەم سێ مانگەدا کە تا سێ رۆژی دیکە کۆتایی پێدێ، دوو لایەن بەردەوام لە کۆبوونەوە و دانوساندا بوونە و هەوڵیانداوە هەرکام لە رەوتی دانوسان و فشارە دیپلۆماتیکەکاندا زیاترین رێژە لە خواست و بەرژەوەندییەکانیان بە پێی روانگەی خۆیان بخەنە نێو دێڕەکانی دەقی کۆتایی رێککەوتننامەکە.
ئێستا لە کاتێکدا کە تەنیا ٣ رۆژ ماوە بۆ تەواوبوونی دەرفەتی دیاریکراو بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، بە گوێرەی هەواڵەکان کێشە سەرەکییەکانی نێوان دوو لایەن هەر ماون. بەشێک لەم کێشە سەرەکییانە لەسەر شێوازو کاتی لابردنی گەمارۆکانی سەر ئێران و هەروەها دەستڕاگەیشتنی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بە بنکە و ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێرانە. روون کردنەوەی لایەنە شاراوەکانی بواری نیزامیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و شێوەی لابردنی گەمارۆکان لەو خاڵانەیە کە دوو لایەن ناکۆکی و جیاوازیی بۆچوونی جیددییان لەسەر هەیە و ئەم ناکۆکییانە هەتا ئێستاش هەر لە جێی خۆیانن.
عەبباس عەراقچی، ئەندامی بەرزی تیمی دانوسانکاری ئێران، لەسەر نووسینی بەشەکانی کۆتایی رێککەوتننامەی ئەتۆمی دەڵێ کارەکە بە زەحمەت دەچێتە پێش و ناکۆکیی جیددی هەر ماوە.
دیارە سەرەڕای ئەوانە، هەتا ئێستاش دیپلۆماتە ئێرانی و رۆژئاواییەکان هەوڵ دەدەن وا نیشان بدەن کە هیوا بە گەیشتن بە رێککەوتن زیاترە لە ئەگەری شکستی دانوسانەکان.
بەڵام قسەکانی بەرپرسانی باڵای دوو لایەن و قەبارەی زۆری ئەو ناکۆکییانەی ماون، دوو لایەنی ناچارکردوە بە جۆرێک باس لە ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەی وتووێژەکان بۆ چەند رۆژی دیکە بکەن.
وتەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە رۆژی سێ شەممە ٢ی پووشپەڕ لە کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی بەرزی رێژیمدا قسەی کرد و باسی لە هێڵە سوورەکانی ئێران لە دانوسانە ئەتۆمییەکاندا کرد کاری تیمی دانوسانکاری ئێرانی کەمێک سەختتر کرد و نیگەرانییەکان لە نەگەیشتن بە رێکەوتن لە کاتی دیاریکراوی زیاتر کرد.
خامنەیی لەم کۆبوونەویەدا گوتی نابێ بەجێگەیاندنی ئەرک و بەڵێنەکانی ئێران لە رێککەوتنە سەرەتاییەکەی لۆزاندا ببێتە پێش مەرجی لابردنی گەمارۆکانی سەر ئێران. ناوبراو پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە کە هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران، چ ئەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان پەسندی کردون و چ ئەوانەی ئەمریکا یەک لایەنە بەسەر ئێرانیدا سەپاندون، دەبێ دوای واژۆکردنی رێککەوتننامەکە لاببرێن. ناوبراو هەرورها گوتی بەر بەستە ١٠ ساڵە و ١٢ ساڵەکانی ئەمریکا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران قەبووڵ ناکەن.
دوابەدوای ئەم قسانەی خامنەیی، جان کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە ئەم قسانەی خامنەیی تەنیا بۆ مەسرەفی نێوخۆییە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەمریکا نابێ. ناوبراو پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە کە ئەگەر ئێران پابەندی بەڵێنەکانی لە رێککەوتنی لۆزان نەبێ هیچ رێککەوتنێک لە گۆڕێدا نابێ.
کۆی ئەم لێدوانە دژ بە یەکانە و گوشاری لایەنەکانی دژی رێککەوتن چ لە ئێران و چ لە ئەمریکا و، هەروەها مانۆڕە سیاسی و دیپلۆماتیکەکانی دوو لایەن بۆ وەرگرتنی ئیمتیازی زیاتر و پاشەکشە بە لایەنی بەرامبەر، کەشوهەوایەکی ئاڵۆزی بەسەر دانوسانەکاندا زاڵ کردوە. بەڵام لەوبەری مانۆڕە سیاسی و دیپلۆماتیکەکان، راستییەک لە ئارادایە ئەویش ئەوەیە کە دەگەڵ ئەوەیکە دوو لایەنی دانوسانکاری ئێرانی و ئەمریکایی، هەرکام بە هۆکاری تایبەتی خۆیان هەوڵی جیددییان داوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن وکۆتایی هێنان بە کێشەی ئەتۆمیی ئێران، بەڵام دیوارێکی بڵیندی بێ متمانەیی لە نێوانیاندا هەیە کە رێگەی گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەری کێشەکان دژوارتر دەکا و، هەر ئەوەیکە لە دوایین رۆژەکانی وتووێژەکاندا هێشتا بەشی زۆری ناکۆکییەکان هەر ماون، نیشانەی بەرچاوی ئەم راستییەیە. هەر بۆیە شانسی گەیشتن بە رێککەوتن لەو سێ رۆژەدا زۆر کەمە و لەوانەیە دانوسانەکان بۆ ماوەیەکی دیکەش درێژ بکرێنەوە.