گەلی کورد له ئێران و به‌شه‌کانی دیکه‌ی نیشتمانی کوردستان ده‌یان ساڵه له خه‌بات و تێکۆشانی لە پێناو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییه‌کانی بەردەوامە و بۆ پاراستنی مەجوودییەتی خۆی خه‌بات ده‌کا. مێژووی خه‌باتی کورد تا بڵێی خوێناوی و پڕ قوربانیدان بووه، به‌ڵام ئه‌م کاروانه تا ئێستاش نه‌گه‌یوه‌ته سه‌ر مه‌نزڵ و کوردستان ئێستاش له سه‌نگه‌ری خه‌بات بۆ ماف و ئازادییه‌کانی دایه. ئێستاش هه‌وڵی تواندنه‌وه و نه‌هێشتنی ده‌درێ و حاشا له شوناس و پێناسی نه‌ته‌وه‌یی ده‌کرێ. ئێستاش هه‌ر جینایه‌ت و کوشتاره له شێوه‌ی جۆراوجۆر له دژی کورد ده‌کرێ و هه‌مدیسان، ئێستاش هه‌ر داستانی حه‌ماسه‌یه لاوانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه له سه‌نگه‌ری خه‌باتدا ده‌ینووسنه‌وه و هه‌ر لاپه‌ڕه‌ی شانازییه ده‌یخوڵقێنن. کوردستان له چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا سه‌نگه‌ری له‌گیرانه‌وه نه‌هاتووی خه‌بات و مافخوازی دژی کۆماری ئیسلامی بووه و نه سه‌رکوت و نه کوشتار و نه هه‌وڵی تواندنه‌وه کۆڵ‌یان به ڕوحی خه‌باتگێریی کورد نه‌داوه.
بیره‌وه‌رییه‌کان و فیداکاریی هێزی پێشمەرگە هێندە زۆرن کە نه لە ئەژمار دێن و نه له گێڕانه‌وه، بەتایبەتی ئەگەر بە ناخی ئەو ڕۆژە سەختانە‌دا شۆڕ بینەوە و بەربەرەکانی و هەڵمەت‌بردن و قارەمانەتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان له سه‌نگه‌ری به‌رگری له ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵكی کوردستان بنووسینەوە، زۆر خاڵی گرینگ بەرچاو دەکەون. ئه‌گه‌ر به وردی لاپه‌ڕه‌کانی مێژووی ده‌یان ساڵه‌ی خه‌باتی نه‌پساوه‌ی ئاشکرا و نه‌هێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستان هه‌ڵده‌ینه‌وه و، به ڕابردووی پڕ له شانازیی ڕۆڵه تێکۆشه‌ره‌کانیدا بچینه‌وه، به ڕوونی بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که تێکۆشه‌ره ئه‌رکناس و نیازپاکه‌کانی ئه‌و نه‌ته‌وه خۆڕاگره، بۆ گه‌یشتن به ئامانجی به‌رزی شه‌هیدان، چۆن ده‌ستیان له ژیانی ئاسایی خۆیان هه‌ڵگرتوه و، ته‌نانه‌ت له گیانی خۆشیان مایه‌یان داناوه.
له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی 60ی هه‌تاویدا ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی بۆ داسەپاندنی هه‌یمه‌نه‌ی خۆی لە کوردستان و بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە کورد و ئازەری بە یەکەوە لە شار و گوندەکان دەژیان، خەڵکی کوردی بە تەواوی لەژێر فشار نابوو، هەر بۆیەش هەر ڕۆژێ لە شوێنێک و جێگایەک بە مەبەستی چاوترساندنی ڕۆڵەکانی کورد خەڵکی بێ‌دیفاعی قەتڵوعام و دەربەدەر دەکردن.
کۆماری ئیسلامی تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی سه‌ره‌تای دەسەڵاتی نگریسی خۆیدا، لە دەیان گوندی کوردستانی بە شێوەیەکی بێبەزییانە و دڕندانە حەولی سڕینەوە و پاکتاوکردنی کوردی دا و، ده‌یان جینایه‌تی سامناکی خوڵقاند که ڕووداوی «حه‌ڵبێ» و «کوێکان» یه‌ک له‌وانه.
کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی 21ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٩ بە هێزێكی بێ‌ئەژمار هێرشی کردە سەر گوندەکانی «حەڵبێ» و «کۆیکان» و «یونسڵیان» لە ناوچەی سندوسی نێوان نەغەدە و شنۆ. ئامانج له‌و هێرشه چاوترسێنکردنی خه‌ڵک و کوشتوبڕیان به تاوانی مافخوازی بوو.
هێزه کۆک و پۆشته‌که‌ی کۆماری ئیسلامی بە تانک و تۆپ و چەکدارێکی زۆرەوە به‌ته‌ما بوون جنایەتێکی دی له چه‌شنی ئه‌وانه‌ی له قاڕنێ، بایزاوێ، کەرێزەی شکاکان کردیان، دووپات بکەنەوە، بەڵام پێش ئەوەی دەستیان بە خوێنی پاکی ڕۆڵەکانی کورد سوور بێ، پێشمەرگەی هەڵقوڵاوی نێو کۆمەڵانی خەڵک لە ناوچەکانی شنۆ و نەغەدە لە هێزی دوژمن ڕاسان و هەڵۆئاسا لە هێزی دوژمن ڕۆهاتن و تامی تاڵی شکستیان پێ چێشتن.
شوێنی شەڕەکە هەمووی پێدەشت و تەنیا چەند تەپۆڵکەیەک دەوری گوندەکەی گرتبوو؛ هێزی پێشمەرگەکان دوای ئاگاداربوون له پیلان و مه‌به‌ستی ڕێژیم، لە ماوەیەکی زۆر کورت‌دا خۆیان سازمان دا و ڕێگاکانی هاتوچۆی سەر جاددەی نەغەدە ــ شنۆیان کە بۆ لای ستوونی دوژمن دەچوون کۆنترۆڵ کرد و، تیمی هێرش بە فەرماندەیی محه‌ممه‌د عەلی پیرێژن هه‌ڵمه‌ته‌که‌ی ده‌ست پێ کرد. لە ماوەی کەمتر لە سێ سەعاتدا ستوونەکە بە تەواوی ته‌فروتوونا کرا. له‌و هێرشه‌ی شێره‌کوڕانی دێموکرات‌دا کێوی پیر ناسر، ملانەی مریشک قڕان، کۆتایی کێوی پادار کە دەکەوێتە نێوان گوندەکانی «دووڕبە» و «حەڵبێ» لە هێزی داگیرکەر پاکرانەوە. هێزی دوژمن بە جۆرێک کەوتە گەمارۆوە بڕستیان لێ بڕا. ئه‌وان که بۆ قەڵاچۆکردنی ئەو گوندانە هاتبوون، هه‌ر زۆر زوو تاڵەواری مەرگیان چێشت. ده‌یان که‌س له هێزه‌کانی ڕێژیم کوژران و بریندار بوون و ئەوەش که گیانی ده‌رباز کرد، ئێستاش لە ناوهێنانی ئەو شکستە ترس و خۆف دایان دەگرێ.
دوانیوه‌ڕۆی ئه‌و ڕۆژه ستوونێکی گەورەی دیکە بە هاواری هێزی شکست‌خواردووی ڕێژیم هات. کە ئەویش لەسەر جادەی نەغەدە_ شنۆ، واتە لەبەر دەرگای قاوەخانەی قەڵاتان کە کەوتە کەمینی پێشمەرگەکان. ئه‌م ستوونه‌ش له هێزه‌کانی پشتیوانی دوژمن لە ماویەکی کەمدا لێک هەڵتەکان. ئەوەی توانی به وه‌خت خۆی دەرباز بکا بە زیندوویی دەرچوو و ئەوانی دیکەش بە ده‌ردی ستوونی یەکەم چوون.
خوێن‌بایی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه مه‌زنه له پاش ١٢ سەعات شەڕی قارەمانانە سێ شه‌هید بوو. سێ تێکۆشەڕی کورد بە ناوەکانی محەممەد کوردنژاد ناسراو بە محه‌ممه‌دی عەلی پیرێژن که فەرماندەری لک و خەڵکی گوندی زمێی شنۆ بوو؛ هه‌روه‌ها حەسەن ڕەجەبی خەدەمەی بازووکا، خەڵکی گوندی شێخانی شنۆ، و خەلیل نەخشینی، پێشمەرگە و خەڵکی گوندی گەڵازی شنۆ که به خوێنی خۆیان حه‌ماسه‌یه‌کی مێژوویی و له‌بیرنه‌کراویان بۆ خۆیان و نه‌ته‌وه‌که‌یان تۆمار کرد.
( لە ژمارەی ٧٢٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)