لە دیمایەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی وشە، کاک خالید حەسەنپوور، ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان باس لە رێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران و پێوەندییەکانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی کوردی رۆژهەڵات بە تایبەت حیزبی دێموکرات دەکا. ئەمەی خوارەوە راپۆرتێکی “وشە”یە لەو پێوەندییەدا کە دەقی وتووێژەکەی کاک خالید لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە:
رێخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران، ساڵانە لە ١٣ی حوزەیراندا كۆبوونەوەیەك بەناوی كۆبوونەوەی بەرگریی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە پاریس رێك دەخات. لە كۆبوونەوەكەی ئەمساڵیاندا كۆمەڵێك ئەندام پەرلەمانی ئەوروپی و سیناتۆری ئەمەریكی بەشداریان كرد و بەپێی ئەوەی موجاهیدین بانگەشە بۆ ئەوە دەكات كۆبوونەوەكەیان هی سەرجەم ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییە، لەناو ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵاتی كوردستاندا تەنیا سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران، كە بە حزبێكی نزیك لەو رێخراوە ناسراوە، بەشداریی دەكات.
لە كۆبوونەوەكەی پاریسدا، بابا شێخ حوسێنی سكرتێری گشتیی سازمانی خەبات، وەك نوێنەری ئەو سازمانە بەشداری كرد. بابا شێخ حوسێنی لە وتارەكەیدا ئاماژەی بە خەباتی كورد لە بەرامبەر رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران دا و داوای لە ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژاوا كرد، دانوستانەكانیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی لەسەر پرسی ناوكی بوەستێنن.
لە ٢٠/٧/١٩٨١ دوای ئەوەی كۆماری ئیسلامی دەستی كرد بە ئەشكەنجە و لەسێدارەدانی نەیارانی، مەسعوود رەجەوی كە ئەوكات لە فڕەنسا نیشتەجێ بوو، بە رێبەرایەتی رێخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران، بەرەیەكی لە سەرجەم كەسایەتی و ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەكان لەژێر ناوی “شورای ملی مقاومت” شوورای بەرگریی نیشتمانی، پێك هێنا و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران وەك نوێنەری ئۆپۆزسیۆنی كورد لەو شوورایەدا ئەندام بوو، دواتر بەهۆی ناكۆكی لەسەر بەڕێوەبردنی ئەو شوورایە، كۆمەڵێك حزب و كەسایەتی لەو شوورایە هاتنە دەرەوە و حزبی دیموكراتیش یەك لەو حزبانە بوو كە جیا بوونەوە و هاتنەدەری خۆی لەو شوورایە راگەیاند.
دوابەدوای هاتنەدەری حزبی دیموكرات، گرژی كەوتە نێوان موجاهیدینی خەڵق و حزبی دیموكرات و تا ئێستەیش هەر جیابوونەوەیەك لەناو حزبی دیموكراتدا رووی دابێت، باڵی سەرەكیی ئەو حزبە جیابیرانی بە دۆستایەتی و نزیكی لەگەڵ موجاهیدین تۆمەتبار كردووە.
زیاتر لە سێ دەیە بەسەر ئەو رووداوەدا تێپەڕ دەبێـت، ئایا تا ئێستە هیچ هەوڵێك دراوە بۆ ئاسایی كردنەوەی پێوەندی ئەو دوو ئۆپۆزسیۆنەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، وەك ئەندامێكی رێبەرایەتی حزبی دیموكراتی كوردستانیش ئاماژەی پێ دەدات، لە ماوەی ئەو سێ دەیەدا هەندێك هەوڵ دراوە بۆ ئاسایی بوونەوەی پێوەندییەكان، بەڵام هیچ ئەنجامێكی لێ نەكەوتووەتەوە.
خالید حەسەنپوور ئەندامی رێبەرایەتی حزبی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ “وشە” رای دەگەیەنێت: “هەردوای ئەوەی حزبی دیموكرات لە شوورای میللیی موقاومەتدا نەما، حزبی ئێمە بە موجاهیدینی راگەیاند ئێستە كە نەمانتوانیوە لەو چوارچێوەیەدا پێكەوە هاوخەبات بین، با وەك دوو رێكخراو پێكەوە هاوكاری بكەین. ئەوان لە وەڵامدا هێندێك مەرجی نامەنتیقییان بۆ دانابووین وەك ئەوەی وتووێژ لەگەڵ كۆماری ئیسلامی بە رەهایی رەت بكەینەوە، یان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە ئەودەم لەگەڵ موجاهیدین گرژییان لەنێواندا روو دابوو، مەحكووم بكەین كە دیارە ئێمە ئەو شتانەمان قبووڵ نەكرد. پاش بەسەریەك كەوتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دیموكرات كە هێندێك قسە و باس ئاڵوگۆڕ كرابوون، مەسعوودی رەجەوی پەیامی ناردبوو كە هەر كاتێك ئێمە واتە حزبی دیموكرات داوا بكەین، ئەوان ئامادەن بۆ دامەزراندنەوەی پێوەندیی نێوانمان دەستبەکار بن. بەڵام لەسەر ئەو بنەمایە و بەو چەشنە، نە حزب داوای كرد و نە ئەوانیش هاتنەوە پێش. لە ساڵانی دواییشدا تەنیا چەند جارێك ئەویش لە ئاستی خوارەوەدا هێندێك پێوەندی و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان ئێمە و ئەواندا هەبووە، بەڵام پێوەندییەكی رەسمی و بەدواداچوونێكی جدی و بەردەوام كە ببێتە هۆی ئاسایی كردنەوەی دۆخی سیاسیی نێوان حزبی دیموكرات و رێكخراوی موجاهدین، نە لەلایەن ئەوانەوە و نە لەلایەن ئێمەوە نەهاتووەتە كایەوە”.
حەسەنپوور كۆبوونەوەی ١٣ی حوزەیرانی پاریس بە كۆبوونەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی نازانێت و تەنیا وەك كۆبوونەوەی موجاهیدین ناوی دەبات، زیاتر روونی دەكاتەوە: “ئەو كۆبوونەوەیەی ساڵانە لە مانگی جۆزەردان لە پاریس بەڕێوە دەچێ، كۆبوونەوەی ئۆپۆزیسیونی ئێران نییە، بەڵكو كۆبوونەوەی رێكخراوی موجاهدینی خەڵكە. هۆیەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە رێكخراوی ناوبراو هەتا ئێستە كەمترین پێوەندیی دەگەڵ كەمترین هێزی ئۆپۆزیسونی ئێران بە گشتی و كورد بە تایبەتی هەیە چ بگا بەوەی كە “سەرپەرشتی ئۆپۆزیسیون” بكات. هەتا ئەو جێگەیەی من بزانم لە كۆی ئۆپۆزیسیونی ئێرانیش تەنیا رێكخراوێكی كوردی رۆژهەڵات بۆ ئەو كۆبوونەوەیە بانگهێشتن كرابوو كە وا دیارە بەشدار بوون”.
سەرجەم حزبە سەرەكییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دروشمی فیدڕالیزمیان وەك ستراتیژی بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران هەڵبژاردووە، زیاد لە ١٠ ساڵە لەو پێناوەدا كار دەكەن، لەو كۆبوونەوەیەدا مەریەم رەجەوی پلاتفۆرمێكی سیاسی لە ١٠ خاڵدا بڵاو كردەوە كە خاڵی حەوتەمیان بەپێچەوانەی ئەو ئیرادە سیاسییەیە كە لەلایەن حزبە سەرەكییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە هەوڵی بۆ دەدرێت.
مریەم رەجەوی لەبارەی مافی نەتەوەكان و كورد بەتایبەتی ئاماژە بەوە دەكات: “ئێرانی دواڕۆژ وڵاتێكی یەكسان دەبێت بۆ هەموو نەتەوەكان. ئێمە دووپات دەكەینەوە كە خودموختاری بۆ كوردستانی ئێران كە ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران گەڵاڵەی لەسەر پەسند كردووە. زمان و كلتووری هاووڵاتییانمان، لە هەر نەتەوەیەك بن، سەرمایە مرۆیی گەلی ئێرانە كە دەبێ لە ئێرانی دواڕۆژدا كار بكرێت بۆ پەرەسەندن و برەودانی”.
خالید حەسەنپوور ئەو دانپێدانانەی موجاهیدین تەنیا لە روانگەی مێژوییەوە بە گرنگ دەزانێت و دەڵێ: “رێكخراوی موجاهدینی خەڵك لە ساڵی ١٩٨٤ەوە بەرنامەیەكیان بۆ خودموختاریی كوردستانی ئێران پەسەند كردووە كە پێش ئەوەی بەرهەمی جیهانبینییەكی روونی ئەو رێكخراوە بۆ پرسی نەتەوایەتی لە داهاتووی ئێراندا بێ، بەرهەمی هەلومەرجی سیاسیی ئەو سەردەمە بەتایبەتی بارودۆخی كوردستان وەك دوایین پەناگەی دژبەرانی كۆماری ئیسلامی و هاوپێوەندیی حزبی دیموكرات و موجاهیدین لە چوارچێوەی شوورای میللی موقاوەمەتدا بوو. لەو باوەڕەدام كە ئەو بابەتە زۆرتر بایەخی مێژوویی هەیە تا بایەخی سیاسیی رۆژ”.
“ناكرێ لایەنێك بەرنامەی بۆ ئایندەی كوردستان هەبێ و پێوەندیی و هاوكاریی لەگەڵ هێزەكانی كوردیدا نەبێ یان لەو پێناوەدا حازر بە هیچ جۆرە بەخۆداچوونەوە و مایەلەخۆدانانێك نەبێ. لەڕاستیدا لە نێوان پەسندكردنی بەرنامەی خودموختاری بۆ كورد لەلایەك و بوونی پێوەندی ساردوسڕ و تەنانەت نادۆستانەی ئەو رێكخراوە لەگەڵ هێزەكانی كورد بەگشتی و حزبی دیموكرات بەتایبەتی، ناتەباییەك هەیە كە شك و گومان دەخاتە سەر ئەوەی كە وەها بەرنامەیەك بەڕاستی لەڕووی باوەڕ بە چارەسەری پرسی كورد و ئاوڕدانەوە لە خواستە سیاسییە ڕەواكانی ئەو گەلەوە بێ. بەو حاڵەیش، حزبی دیموكراتی كوردستان پەسەندكرانی بەرنامەیەكی ئەوتۆ لەلایەن ئەو رێكخراوەوە – هەرچەند زۆر ئیدئاڵیش نەبێ- بە شتێكی ئیجابی و باش دەزانێ. خۆزگە نموونەی ئاوا لە نێو باقیی هێزەكانی ئۆپۆزیسیونی سەرانسەری زۆرتر هەبوایە” خالید حەسەنپوور وای گوت.
بەڵام ئاخۆ هیچ هەوڵێك هەیە بۆ لایەنی كەم ئاسایی كردنەوەی پێوەندییەكانی دیموكرات و موجاهیدینی خەڵق، ئەو ئەندامەی رێبەرایەتی حزبی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت: “هەر چەشنە گۆڕانكارییەك لەو بوارەدا بە سیاسەت و هەڵسوكەوتی رێكخراوی موجاهدینی خەڵكەوە بەستراوەتەوە. ئێمە وەك حزبی دیموكراتی كوردستان حاشا لەوە ناكەین كە موجاهیدین ئێستەیش یەكێك لە جدیترین و رێكخراوترین هێزەكانی ئۆپۆزیسیونی ئێرانە. بەڵام گرفتی كار لەوەدایە كە موجاهدین ئۆپۆزیسیونی ئێران بە گشتی و هێزەكانی كورد و لەنێو ئەوانیشدا حزبی دیموكرات بەتایبەتی هەم بە مەزەندەی خۆیان دەپێون و هەم دەشیانەوێ ئەم هێزانە بە چاویلكەی ئەوان لە بارودۆخی سیاسیی ئێران بڕوانن. ئەوە لە حاڵێكدایە كە پاشخانی پێكهاتن و سروشتی رێباز و رەسالەتی سیاسیی رێكخراوەكانی كورد بەتایبەتی حزبی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هی موجاهدین زۆر جیاوازە”.
دووپاتی دەكاتەوە: “لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی ئەو كارەساتە ئینسانییەی لە عێراق بەسەر موجاهیدین هاتووە هاوسۆزییەكی مرۆڤدۆستانە لەنێو زۆربەی كۆڕ و كۆمەڵەكاندا بۆ موجاهیدین دروست بوو كە لەو پێوەندییەدا ئێمەش بێ دەنگ نەبووین. موجاهیدین دەیتوانی ئەو هاوسۆزییە مرۆییە بكاتە دەسمایەی دروستبوونی هاوپێوەندییەكی سیاسی و چاككردنەوەی سیمای خۆی هەم لە دەرەوە و هەم لە ناوخۆ بەتایبەتی لەلای كوردەكان. ئێستەیش هەر كاتێك رێكخراوی موجاهدین بەرەو كرانەوە بچێ، رێز لە جیاوازییەكان بگرێ و لەوەش زیاتر تایبەتمەندیی مەسەلەی كورد بسەلمێنێ و ئازادیی ئیبتكاری عەمەل بۆ بزوتنەوەی كورد قایل بێ، دەرگەی گفتوگۆ و دیالۆگ لەلایەن حزبی دیموكراتی كوردستانەوە كراوەیە”.