ماوەی چەند رۆژێکە بەشێک لە میدیاکانی نێوخۆی بەستراوە بە جەناحەکانی ڕێژیم بە رێکەوت یان بە هۆی ڕاسپاردە، کۆمەڵێک باسیان سەبارەت بە “اقوام ایرانی” ورووژاندوە و مەسەلەن باس لە چۆنیەتیی چارەسەرکردنی ناکۆکییە “قەومی” و مەزهەبییەکان و هەڕەشە و دەرفەتەکانی پێوەندیدا بە فرەجۆری لە پێکهاتەی ئێراندا دەکەن. بە سەرنجدان بە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم بابەتانە و وهەروەها وردبوونەوە لە نێوەرۆکیان کە بنەمای تێفکرین و تێڕوانینیان تایبەت بە یەک سەرچاوی “چۆنیەتیی مودیریەتی کێشە قەومییەکان”ی ژوورە ئەمنیەتییەکانی دەسەڵاتی سیاسی لە تارانە، دەکرێ ئەم نووسینانە تەحلیل بکەین.
قسەکردن لە “هەمگەرایی میللی و هەوڵدان بۆ کۆتایی پێهێنان بە ناکۆکییە قەومییەکان” لە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێراندا تایبەتە بەو کاتانەی کە ژوورە ئەمنیەتییەکانی ئەم رێژیمە هەستیان بەوە کردبێ کە بە نیسبەت ئەو هەڕەشە و فشارە دەرەکیانەی لە سەر مانەوەی رێژیمەکەیە، فرەیی و جۆراوجۆری نەتەوەیی و مەزهەبی دەتوانێ “پاشنە ئاشیل”ی “تەواویەتی ئەرزیی خاکی ئێران” بێ. واتە پرسی تەنەوعاتی نەتەوەیی و مەزهەبی لە ئێران لە خوێندنەوەیەکی بەڕابردووی ئەمنیەتیدا بە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر یەکپارچەیی خاكی ئێران دەزانن و ڕاست هەر لەم ڕوانگە ئەمنیەتییەوە قسە لە “هەمگەرایی نەتەوەیی” دەکەن کە گوایا بە لەنێوبردنی ناکۆکییەکان دەیانهەوێ هەڕەشەکان بگۆڕن بۆ زەرفیەتێکی گەورەی بەرەوپێشچوونی وڵات و پووچەڵکردنەوەی نیەت و پیلانی دوژمنانی دەرەکی!
گوتاری ئەم بابەت و نوسینانە هەر لەو تەعبیر و دەستەواژە گشتی و ناڕوونانەوە سەرچاوە دەگرێ کە باڵی چەپی رێژیم بە “ئێران بۆ هەموو ئێرانییەکان” و ئەویتریان بە “گەڕانەوە بۆ یاسای بنەڕيتی رێژیم” کە گوایا تەنیا بەڵگە و سەنەدی هاوبەشی! نووسراوەی هەموو! ئێرانییەکانە، قسەی لە سەر دەکەن. ئەوە لە حاڵێک دایە کە نەتەنیا نەتەوەکانی غەیری نەتەوەی باڵا دەست، بەڵکوو بۆ گشت ئێرانییەکان ئەم وڵاتە بۆتە زیندانێکی گەورە و جیا لە هێندێک لە ئێرانیان نەبێ، “ئێران” بۆ زۆربەی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتە نیە. ئەوانەیشی کە پێیان وایە یاسای بنەڕەتیی ئەم رێژیمە “گرینگترین خاڵی هاوبەشی وڵاتێکی فرەپێکهاتەی وەک ئێران”ە، دەبێ ئەوە زۆر باش بزانن کە ئەوەی هەڕەشە لە یەکپارچەیی و کەوتنە مەترسیی چوارچێوەی ئەرزی خاکی ئێران دەکات، ڕاست هەر ئەم یاسا بنەڕەتیەیە کە جیا لەوەیکە دەنگی زۆربەی پێکهاتەکانی ئێرانی لەگەڵ نەبووە، بەڵکوو لەمێژە کاتی گۆڕین و دەسکاریی ئەساسیی هاتووە.
بۆیە دەسەڵاتی سیاسی لە تاران _ هەر نیزام و سیستەمێکی حوکمڕانی بێ _ کە پێی وایە فرەنەتەوەیی و فرەمەزهەبی لە کۆمەڵگای ئێران پاشنە ئاشیلی “تەواویەتی ئەرزیی خاکی ئێران” و “یەکپارچەیی ئەم وڵاتە”یە و بۆی گرینگە، لە مەرحەلەی یەکەمدا دەبێ کار لەسەر ئەوە بکا کە ئەو تەنەوعاتە نەتەوەیی و مەزهەبییە وەک دیاردە و پرسگەلێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینی قبووڵ بکرێ و ببیندرێن، پاشان چارەسەرکردنیان لە ژوورە ئەمنیەتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسدارانەوە بگوازرێتەوە بۆ ئۆڕگان و نەهادە یاساییەکان بۆ ئەوەی چیدیکە سێبەری ڕوانینی ئەمنیەتی و رێگاچارەی ئەمنیەتی و سەربازییان لە سەر نەمێنێ.
دوا وتە:
لە هەلومەرجی ئێستادا هێنانە بەرباسی ئەم بابەتانە لە لایەن میدیاکانی رێژیمەوە لە لایەک بۆ ورووژاندنی هەستی کۆمەڵێک لایەنی [پان] نەتەوەیی ئێرانی و توندڕەوی مەزهەبیی شیعەو لەهەمانکاتدا بەخەیاڵی خۆیان فریودانی کۆمەڵێک کەسی سەر بە نەتەوەکان و بەلاڕێدابردن و بچووککردنەوەی پرسی سیاسی و نەتەوەیی نەتەوەکانی ئێرانە. دوای دەرچوونی ئامریکا لە بەرجام و خەستبوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر رێژیم، پێیان وایە کە ئامریکا و دەوڵەتانی دیکەی رێژیم هەوڵی بەرینکردنەوەی ئەم درزە “قەومی” و مەزهەبیانە دەدەن و بە سەرنجدان بە بزووتنەوە شوناسخوازە نەتەوەییەکانی ناوخۆی وڵاتیش، یەکپارچەیی ئێران لە مەترسیدا دەبینن. دەنا لە ئەساسدا ئەم رێژیمە هیچ باوەڕ و رێگاچارەیەکی درووستی بۆ پرسی نەتەوەکان لە ئێراندا نیە و بە پێچەوانەی ئیدیعاکانیان تەنەوعاتی نەتەوەیی و مەزهەبی نەک بە دەرفەت، بەڵکوو بە هەڕەشە دەخوێننەوە.